کۆتایی جەلالیی !

04/04/2019

کاوە شێخ عەبدوڵڵا

بەهاری ساڵی ١٩٦١ رێک سێ مانگ پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول، مەلا مستەفا بارزانی لە شاری بەغداوە ناهیدەی شێخ سەلام بە نهێنیی دەنێرێتەوە بۆ شاری سلێمانی. ناهیدە ئەو کاتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتییەو مەکتەبی سیاسی و تەنانەت سکرتێری حزب کە ئیبراهیم ئەحمەدە ئاگاداری ئەو سەردانە نابن.

دوای دوو حەفتە مانەوە، ناهیدە دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و حزب دەکەونە خۆ بۆ ئیجرائاتی حزبیی لەگەڵیدا. هەندێک لەگەڵ تەجمیدکردنیدان هەندێکی دیکە لەگەڵ دەرکردنی یەکجاریدان لە حزب. یەکێک لەوانەی لەگەڵ دەرکردنیدایە نوری شاوەیسی مێردی خۆیەتی.

مەلا مستەفا کە دەبیستێ ناهیدە لەژێر پاڵەپەستۆدایە، بۆ خۆی دەچێتە ناو باسەکەوەو دەرکردنی ناهیدە دەخاتە دەنگدانەوە. دەرکردن دەنگێکی زۆری بۆ دەچێ و لێبوردنیش چەند دەنگێک، مەلا مستەفا بە گاڵتەوە دەڵێ منیش وەکو سەرۆک دەنگ بە لێبوردن دەدەم. هەر لەوێدا ئەو پارچە کاغەزانەی دەنگەکانی تێدا دراوە دەدڕێنێ و دەیانخاتە تەنەکەی خۆڵەوە، بێ ماڵئاوایی بارەگای حزب بە جێدەهێڵێ.

ئەم رووداوە نموونەیەکی کەم نییە بۆ دەرخستنی ناکۆکییەکانی مەکتەبی سیاسی و بارزانی. بۆ تەماشاکردنی حزبایەتی لە دیدی دوو دنیای جیاوازی ناو قاوغێک.
مەکتەبی سیاسی دەیانەوێ حزب و حزبایەتی بە دیسپلین بکرێ و هەمووان پابەندی پەیڕەوەکەی بن. باڵی مەکتەبی سیاسی سیاسەت و کۆمەڵگە لە چوارچێوەی کتێبەکانەوە دەخوێننەوە، بەڵام مەلا مستەفا سیاسەت و حزبایەتی لەناو بازنەی فراوانی کۆمەڵگەدا دەدۆزێتەوە بێ ئەوەی جیای بکاتەوە کێ دەرەبەگە و کێش پڕۆلیتاریا.

جەلالیی وەکو رەوتێکی سیاسی کە روئیا و پڕۆژەی هەبوو لەناو بزووتنەوەی سیاسی و چەکداری کورد لە کوردستانی عێراق، دەکرێ پێی بوترێ مەدرەسەی سیاسی. لانیکەم بەپێوەری کورد خۆی پێی بوترێ مەدرەسە.

ئەم مەدرەسەیە بە ئیبراهیم ئەحمەد دەستپێدەکا و بە نەوشیروان مستەفا کۆتایی دێت. لە هەموو سەردەم و قۆناغەکاندا ئەگەر هەلومەرجەکانیان جیاواز بووبێ و سەرکردایەتییەکەیشی جیاوازبووبێ، بەڵام لەوەدا یەک دەگرنەوە کە حزب و دەوڵەتداریی بخرێتە چوارچێوەیەکی دیاریکراوەوە. 

جەلالیی دەخوازێ حزب هەمووان ناچار بکات بەگوێرەی دێڕی ناو نووسراوەکان و بڕیارەکانی کۆنگرە هەڵسوکەوت بکەن. جەلالیی وەها عەوداڵی حزبایەتییە دەگاتە جۆرێک لە رۆمانسییەت.

کە ناکۆکییەکان لەگەڵ بارزانی دا دەگەنە لوتکە، هەندێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی نایانەوێ پشت بکەنە مەلا مستەفا، بەڵام دیسپلینی حزبیی زاڵ دەبێ بەسەریاندا و بارزانی بە جێدەهێڵن... نموونەی بەرچاو خودی مام جەلال خۆیەتی کە مەلا مستەفا رازییە ئەو ببێ بە سکرتێری حزب لە بری ئیبراهیم ئەحمەد. بەڵام مام جەلال ناتوانێ دەستووری حزب بشکێنێ!

ئەوە راست نییە کە دەوترێ مەکتەبی سیاسی... دواتر جەلالیی... دژی ئەوەبوون بارزانی سەرۆکبێ، تا کۆنگرەی پێنجی پارتی لە ساڵی ١٩٦٠، مەلا مستەفا بێ رکابەر سەرۆک بووە. لە چوار کۆنگرەی پێشوودا هەر بۆ خۆشی لە عێراقدا نەبووە کە کراوەتەوە بە سەرۆک. بەڵام مەکتەبی سیاسی لەناو دنیای رۆمانسیەتی خۆیدا و بارزانیش لەناو دنیای رابردووی خۆیدا ئەوەی لێدەرچوو کە لە ١٩٦٤ لە دایک بوو.


جەلالیی، ئیبراهیم ئەحمەد بناغەکەی داڕشت، نەوشیروان مستەفا پەردەی کۆتایی دادایەوە، ئیبراهیم ئەحمەد بۆ حزب و حزبایەتی داوای دیسپلینی دەکرد. نەوشیروان مستەفا داوای سیستم و دامەزارەوەی دەکرد لە حوکمڕانی خۆماڵی کوردی دا.

جەلالیی لە هەردوو قۆناغەکەدا پڕۆژەی پێ بوو، فیکر و دنیابینی هەبوو. لە هەردووکیاندا داوای تێکەڵبوونیان دەکرد بە رەوتی هاوچەرخ جا ئیتر حزبە یان دەوڵەتداریی. لە هەردووکیاندا لێبڕاوانە بەشدارییان کرد و خەباتیان بۆ کرد.

ئەو قۆناغانەی جەلالیی پیا تێپەڕی، بێبەریی نییە لە هەڵە و پەڵە. بێبەری نییە لە پەلە پەل و نەخوێندنەوەی واقیع. لە هەموو قۆناغەکاندا کە سەرنەکەوتووە پەیوەندی بەوەوە هەیە، بەرامبەرەکانیان دەسەڵاتخوازبوو، بۆ ئەمەش پەنایان بۆ هەموو شتێ بردووە. بەلام ئەمان هەمیشە لە دامێنی دەسەڵاتدا داوای چاککردن.. رێکخستن و باشبوونیان کردووە.

ئێستا ئیتر جەلالیی کۆتایی هاتووە، نەک بەوەی شەخسەکانی وەکو ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال و نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا نەماون، بەڵکو ئێستا ژینگە و هەلومەرجێک رەخساوە کە دەبێ گشت لایەک چاویان لەوەبێ چۆن جێیان دەکرێتەوە لەناو حوکمڕانییەکی یەکڕەنگدا.

ئیتر جەلالیی وەکو دیوارە بڵندەکە کۆتایی هات کە بەر بە شەپۆلی دنیا کۆنەکە بگرێ.  ئەگەر رەوتێکی دروستبێ نابێ بەو پلیکانانەدا سەرکەوێ کە جەلالییەکانی پیشووی پیادا سەرکەوتن.