چاوەڕێی یاداشتەکانی مەکگۆرک بکەن

25/12/2018

کاوە شێخ عەبدوڵڵا

برێت مەکگۆرک دەستی لەکارکیشایەوە، ئەمە هەواڵێکی گرنگە بۆ هەموو ئەوانەی تامەزرۆبوون تا بزانن چیرۆکی پشت شاشەی تەلەڤزیۆنەکان و دیوە چاپنەکراوەکەی رۆژنامە و ماڵپەڕە شاردراوەکان چۆن دەنووسرانەوە و کێ دەیگێڕانەوە.
مەکگۆرک لە ٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لەسەر راسپاردەی سەرۆک ئۆباما، بوو بە نوێنەری تایبەتی کۆشکی سپی لە هاوپەیمانێتی دژ بە داعشدا. داعش تەنیا گروپێکی چەکداری تەکفیری نییە وەکو لە هەواڵەکاندا باس دەکرا، بەڵکو ئەفسانەیەکی سیاسی سەرەتای سەدەی بیست و یەک بوو کە تا چەند ساڵی دیکە ئاسان نییە نهێنییەکانی پشتی ئەم ئەفسانەیە هەڵبماڵرێن.

کاتێ مەکگۆرک دەبێتە کەسی یەکەمی ئەمریکییەکان لە شەڕی دژ بە داعشدا، هەرێمی کوردستان لە پێشەوە سەنگەری لێداوە بۆ داعش

مەکگۆرک کاتێ راستەوخۆ دەست بە کارەکەی دەکات، ساڵێک و دوو مانگە داعش بەوپەڕی دڵڕەقی و بێباکییەوە حوکمڕانی بەشێکی خاکی سوریا و عێراقە. ئەم گروپە دەسکاریی ئەو نەخشەیەی کردووە کە سەد ساڵێک لەمەوبەر ئینگلیزەکانی ئامۆزای مەکگۆرک کێشایان.
گرنگییەکەی مەکگۆرک بۆ سوریایی و عێراقییەکان لەمەدا کۆتایی دێت، بەڵام کە دێتە سەر رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان، گرنگی مەکگۆرک چەند قات دەبێتەوە، چونکە مەکگۆرک دەبێتە خدری زیندە و لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی کوردیدا دەبێ لەوێ بێ، ئەگەر لەوێش نەبێ ئەوا بەشی ئەو پیاوە چاوشینە پێویستە خرابێتە سەرووی دانیشتنەکانەوە. 
تۆکمەکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان و نزیکبوونەوەی ئەمریکا لەم بەشەی کوردستان. هەورازونشێوی نێوان رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان کە چەندجارێک داخستنی سنوور و بەیاننامەی توندی لێ دەکەوتەوە. بەڵێنەکانی ئەمریکا و روسیا بە سەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان، هەموو ئەمانە لەناو جانتاکەی مەکگۆرکدا هەڵگیراون، چونکە خۆی ئەندازیاری بەشی زۆریانە و لەوانەیشیدا دەستی نەبووە ئاگادارە.
کاتێ مەکگۆرک دەبێتە کەسی یەکەمی ئەمریکییەکان لە شەڕی دژ بە داعشدا، هەرێمی کوردستان لە پێشەوە سەنگەری لێداوە بۆ داعش، کەچی لە پشتەوەی سەنگەرەکان ململانێ سیاسییەکان هێندە توندبوونەتەوە خەریکە دەست بۆ چەک دەبرێتەوە. دەرگای پەرلەمان لە سەرۆکە گەنجەکەی دادەخرێ و رێی پێنادەن پێ بخاتەوە هەولێری پایتەخت نەک بینای پەرلەمان.

لە ئێستاوە تامەزرۆی یاداشتەکانی برێت مەکگۆرکم. چونکە لەو کاتەوە ئەو پیاوە هاتووەتە ناو گۆڕەپانی سیاسی عێراق و کوردستانەوە، بەشی نیو سەدە گۆڕانکاریی خێرا روویانداوە

هەموو ململانێ توندەکان لەسەر کورسییەکەی سەرۆکی هەرێمە کە مەسعود بارزانی دوو ساڵی درێژکراوەی تەواو کردووەو داوای دووی تری دەکرد. حزبەکان هەندێکیان بە ئاشکرا و هەندێکی تر بە ناڕاستەوخۆ نایانەوێ ئەو دوو ساڵە بارزانی لەسەر کورسییەکەی دابنیشێتەوە. ئیتر هەموو هۆش و جۆشی سیاسی کورد لە عێراق بەم مەسەلەیەوە خەرج دەکرێ.
پاشان ریفراندۆمی سەربەخۆیی و دواتر ئاکامە شکستخواردووەکەی، دوای ئەویش بەڵا و ئابڕووچوونی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە کورد بە زەبری چەکی عێراقییەکان لە قاڵب دەدرێتەوە. ئەمجا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پرسی کوردێک بۆ سەرکۆماری عێراق و هەڵبژاردنی خولێکی نوێی پەرلەمانی کوردستان.
هەموو ئەو چیرۆکانەی نەدەهێنرانە سەر شاشەکان لەو مملانێ توند و سەختانەی کورد – کوردا، هەموو ئەو بێنەوبەردەیەی لەسەر مێزی سیاسییەکان هەرگیز رۆژنامەنووسی کورد ناتوانێ بیانبیستێ و بۆی ناگێڕنەوە، بە دڵنیاییەوە لەناو لاپتۆپ و دەفتەری تێبینییەکانی مەکگۆرکدا بە خەتێکی درشت نووسراونەتەوە. خۆشبەختانە مەکگۆرک سەر بەو قوتابخانەی سیاسییەکانە کە هەرزوو دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان، بیرەوەریی و یاداشتەکانیان لەسەر پەڕەت کتێبەکان دەنووسنەوە و ئەوەی لە بەڕەوە بووە، دەیهێننە سەر بەڕە. ئیتر ئێمەومانانیش دەتوانین دانوستانی سیاسییەکانمان، ئامانج و خواستە شەخسیی و سیاسییەکانیان لەگەڵ بێگانەکان یان لەناو خۆیاندا ببیستین کە ئەگەر سیاسییە بێگانەکان نەبێ هەرگیز لە خۆیان نەبیستین.
من لە ئێستاوە تامەزرۆی یاداشتەکانی برێت مەکگۆرکم. چونکە لەو کاتەوە ئەو پیاوە هاتووەتە ناو گۆڕەپانی سیاسی عێراق و کوردستانەوە، بەشی نیو سەدە گۆڕانکاریی خێرا روویانداوە کە تائێستاش من خۆم سەر لە زۆریان دەرناکەم نەک لەبەر ئەوەی ناتوانم، بەڵکو لەبەر ئەوەی سەرکردە و سیاسییەکانی کورد لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکان هەرگیز ئەو قسانە ناکەن بوونەتە هۆی دەسکەوت یان ماڵوێرانییەکان، بەڵام دواتر لە کتێب و یاداشتی سیاسییەکانی بێگانەدا بەشی زۆری نهێنییەکان دەخوێنینەوە. ئەمەش کاتێکە ئیتر هەموو شتێ بۆ ئێمەی دوورە دەست کۆتایی هاتووە.