لە ئەستەنبول دەنگی کورد کۆتری ناو جانتا نیە

11/05/2019

نورەدین دەمیرتاش

لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازار دا لە سایەی سەری ستراتیژی هەدەپەدا جەهەپە لە ئەستەنبول سەرکەوت. ئاکەپە ئەمەی پێ قبۆڵ نەکرا و بە فشاری ئاکەپە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڕیاریدا هەڵبژاردن لەو شارە دووبارە بکرێتەوە. جەهەپە دەتوانێت دیسان لە ئەستەنبۆل سەرکەوێت، بەڵام بێ پشتگیری کورد سەرناکەوێت.

بۆ ئەم قۆناغە، ستراتیژی پێشووی هەدەپە، لە بەرژەوەندی جەهەپەدایە، بەڵام هەڵوێستی جەهەپە دوای هەڵبژاردنەکان بە تایبەتی لە بەرامبەر، گۆشەگیری سەر ئۆجەلان، مانگرتنەکان و کیشەی کورد بە گشتی جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە. هەروەها جەهەپە لە بەرامبەر دەستبەرداگرتنی ژمارەیەک شارەوانی کە هەدەپە لە هەڵبژاردنەکان بە دەستی هێنابوون، بێدەنگ بوو. ئایا دەکرێت لە بەرامبەر ئەم بێهەڵوێستیانەی جەهەپەدا بێدەنگ بین؟

ئاکەپە – مەهەپە چەندە زمانێکی نەتەوەپەرستیانە و توندوتیژنە بەکاردەهێنن، ئەوا بەرپرسانی جەهەپەش بە هەمان شێوە زمانێکی توند و رادیکال بە کاردەهێنن و پێشبڕکێی نەتەوەپەرستیان لەگەڵ دەکات.  لە گۆڕەپانەکەدا کێشەیەکی گەورەی مێژوویی هەیە و سەرەڕای ئەوەش، هەموو ڕۆژێک خوێن دەڕژێت، بەڵام باس لە ئیدارەدانی پارێزگایەک دەکرێت و ئەمەش هەڵوێستێکی زۆر بێنرخ و نا بەرپرسیارانەیە. جەهەپە لە بەرامبەر ئەشکەنجەدانی دایکانی کورد و ڕاکێشانیان لە سەر جادە بێهەڵوێستە. لە پرۆسەی "خابور" دا و چاوپێکەوتنەکانی ئیمڕالی دا، جەهەپە بە شێوەیەکی نێگەتیڤ خەریکی دژایەتیکردن بوو. لەم حاڵەتەدا ئەگەر هەدەپە کە نوێنەرایەتی زۆرینەی کورد دەکات، لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبۆڵ دا پشتگیری لە جەهەپە نەکات، کێ دەتوانێت رەخنەی لێبگرێ؟ هەتا ڕادەیەک ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ بە شێوەیەکی نەرم هەڵسووکەوتی کرد و دوور نییە پشتگیری کوردەکانی ئەستەنبول بۆ ئیمامئۆغلۆ بەردەوام بێت، بەڵام پێویستە جەهەپە ئەوە باش بزانێت کە چ لایەنەک هەنگاوی ئەرێنێ بەرەو چارەسەری کێشەی کورد بهاوێژێ، گەلی کوردیش راستەوخۆ پشتگیری لەو لایەنە دەکات!

هەر چەندە ئاکەپە هیچ هەنگاوێکی ئاشکرای بۆ چارەسەری نەناوە. بەڵام ئەگەر سیاسەتەکەی گۆڕی و نزیکی چارەسەری بووەوە؟ ئەگەر  هەنگاوی نا بەرەو دیموکراسی؟ جەهەپە ئەو کاتە دەست بە پێشبڕکێی "دیموکراسی و چارەسەری دەکات؟ ئایا هەڵویستی ڕاست ئەمەیە؟ بۆچی ئێستا جەهەپە دەستێپێشخەری بۆ چارەسەری پرسی کورد ناکات؟  پێموایە ئاکەپە توخنی چارەسەری ناکەوێت، بەڵام بەرپرسانی ئاکەپە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو ئەوە دەچن کە بە شەڕ و سیاسەتی هەڵە، ئەنجامێک بە دەست ناهێنن و زۆرێک لە بەرپرسانی ئاکەپە لە ناو ئەو هەوڵدانانەدان، هەربۆیە لە ئەنجامدا ئەگەر ئاکەپە هەڵویستەکەی بگۆڕێت، گەلی کورد بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی دەداتەوە.

لەم حاڵەتەدا ئایا باشتر نیە بەرپرسانی جەهەپە چاوێک بە سیاسەتەکانی خۆیاندا بخشێننەوە؟ با جەهەپە بزانێت، خۆ بێدەنگ کردن لە بەرامبەر گۆشەگیری و ڕێگریکردن لە بەرامبەر چارەسەری کێشەی کورد بە شێوەیەکی ئاشتیانە، دەتوانێت وا لە کورد بکات کە بە هیچ شێوەیەک پشتگیری لە جەهەپە نەکەن، بەڵام کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری و هەنگاونان بەرەو ئاشتی لە لایەن ئاکەپەوە، دەتوانێت هەموو شتێک بگۆڕێت.

نابێت جەهەپە دەنگی کوردەکان وەکو کۆترێک لە ناو جانتایەک دا ببینێت. لە گەل ئاکەپەدا پرۆسەی ئاشتی دەست پێ دەکات یان نابێت ئەوە بابەتێکی دیکەیە، ئێمە لێرە باسی ئەوە دەکەین کە جەهەپە دەبێت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. ئەگەر جەهەپە ئەو بارە نەگرێتە سەر شانی خۆی، ئەوا با ئەمجارەیان چاوەڕوانی پشتگیری گەلی کورد نەبێت.

ئاکەپەش ئەگەر لەم حاڵەتەدا هەوڵ بدات لە ئەستەنبول سەرکەوێت و ئەم پێشهاتەش وەک دەرفەتێک بۆ چارەسەری دیمۆکراتیانەی کێشەی کورد بەکاربێنێت و کۆتایی بە گۆشەگیری بێنێت، هیچ دوور نییە کوردیش هەڵوێستی خۆی نەگۆرێت.

لە بەرامبەردا گەلێک کە لە پێناو چارەسەری باجێکی زۆری داوە و هەتا ئێستاش لەم خەباتە بەردەوامە، هەموو کەسێک دەبێی خاوەن ڕێز و ڕاستگۆ بێت. ئەگەر بە تەنیا چاویان لە دەنگیان بێت، بێجگە لە زیادکردنی نەفرەت لە بەرامبەر خۆیان هیچیان دەست ناکەوێت.

لە بەرامبەر گۆشەگیری سەر ئۆجالان کە گومان لەسەر تەندروستی و ژیانی دکرێت، دەست بە مانگرتنی سەرتاسەری کراوە و هەر حزبێک و لایەنێک کە ئەم چالاکیە مێژوویی و گەورەیە نەبینێت ناتوانێت سیاسەت بکات. لە بەرامبەر ئەو مانگرتنەی کە ٦ مانگە بەردەوامە، هەر حزبێک هەنگاوێکی ئەرێنێ بهاوێژێ و خزمەتی پرۆسەی چارەسەری بکات، پشتگیریکردن لەو لایەنە، کارێکی ئەخلاقییە. بەڵام ئەگەر ئیرادەیەکی بەو شێوەیە لە لایەن هیچ حزبێکەوە نەبینرا، گەلی کورد هەتا دەگاتە ئەنجام لە خەباتی خۆی بەردەوام دەبێت.  گەلی کورد نەک چارەنووسی شارێکی وەک ئەستەنبول بەڵکو چارەنووسی تورکیا و هەموو گەلانی تورکیا یەکلایی دەکاتەوە.

ئەم بابەتە، بۆ ئەوە نیە کە گەلی کورد چاوەرێی شتێک بکات، بەڵکو تەنیا ڕاستییەک بوو کە پێویست بوو باسی بکرێت. گەلی کورد بێ ئەوەی هیوای لەسەر لایەنێکی دیکە هەڵچنێت، بەردەوام دەبێت لە خەباتی خۆی و باجەکەشی چی بێت دەیدات.
لە بارەی هەلبژاردنی ئەستەنبولیشەوە: هەدەپە دەتوانێت جارێکی دیکە چاو بە هەڵوێستی خۆیدا بخشێنێتەوە، بۆ ئەوەی گەلی ئێمە بڕیاری خۆی بدات، هەتا ٢٣ی حوزەیران کاتێکی زۆری لە بەردەستە، بەڵام لە بەرامبەر کەسانێک کە دژی چارەسەری پرسی کوردن، مسقاڵە زەڕەیەک سەبری نییە.