لەبارەی مردنی ئەردۆغانەوە.. هەر خۆی مردووە

28/07/2019

نورەدین دەمیرتاش

سەرچاوەی هەواڵەکە گرنگ نەبوو، بەڵام خودى هەواڵەکە خۆی زۆر گرنگ بوو. ژمارەیەک خەڵکی باشووری کوردستان ئەو هەواڵەیان بە گەریلا ژنەکان ڕاگەیاند و پیرۆزباییان کرد. وتیان: "چاوتان ڕوون، ئەردۆغان مردووە، تێکۆشانتان لە مەیدانی سیاسەتدا، کۆتایی بە دیکتاتۆرێکی تری وەک سەدام حسێن هێنا و مرد و ڕۆیی. پیرۆزبایی لەهەمووتان دەکەین".

 
هەندێک کەسیش کە چاودێری بارودۆخەکەیان دەکرد هەواڵەکەیان وەک یارییەکی ئەردۆغان خۆی لەقەڵەمدا. بەڵام گەلێک هەیە کە بەو رادەیە بە مردنی ئەردۆغان خۆشحاڵ دەبێت. درەنگ یان زوو ئەویش دەمرێت.

پێویستە ئەو ڕاستییە لەبیرنەکرێت، کە دوای مردنی، بە ملیۆنان کەس "کەسە فاشیییەکان" دەست بە گریان دەکەن. دەڵێن رەحمەتی، کەسێکی بەنیادنەر و سەرکەوتوو بوو! نابێ بڵێین کەس بۆی ناگری. هەرچەندە کاتێک کەسێک دەمرێت، هەستێکی بەو شێوەیە لەلایەن کەسانی دەوروبەریەوە دروست دەبێت، بەڵام کاتێک لە ڕووی سیاسییەوە کەسێک مرد و ڕاستییەکانی پشت ئەو کەسە ئاشكرابوون، کەس دڵۆپێک فرمێسکی بۆ ناڕێژێت، پێویستە بەم شێوەیە ببینرێت.

چاوەڕوانی مردنی فیزیکی ئەردۆغان مەکەن، چێژ لە جوانی ژیان وەربگرن. ئەو لە گۆڕەپانی سیاسەتدا مردووە. سیاسییەکی مردوو لەسەر دەسەڵاتە. لەبەرئەوەی پەلاماری هەموو شتێک دەدات. بێجگە لە مردن هیچ ڕێگایەکی دیکەی نییە.

کاتێک مرۆڤ بیر لە وڵاتێکی بێ ئەردۆغان دەکاتەوە، تابلۆی چیرۆکی وڵاتێکی پر لە دڵخۆشی منداڵانمان دێتە بەرچاو.

" دوای باران بارین، خۆر دەرکەوتووە، قارچکەکان سەریان دەرهێناوە، هەموو جێگایەک بوژاوەتەوە. لە کەشوهەوایەک دەچێت کە لە دوای بارانبارین دروست دەبێت. واتە بەو ڕادەیە جوان دەبێت. گەلان، ئیماندارەکان، کەلتورەکان، ژنان، گەنجان، کرێکارەکان و رۆشنبیرەکان لە ژێر هزری فاشییەکان ڕزگاریان دەبێت"
زیندووبوونەوەیەکی بێهاوتا، وزەیەکی زۆر و جووڵەیەکی زۆر... ئازادی بەم شێوەیەیە.

بەڵام نابێت هیواکانمان لە سەر مردنی ئەردۆغان بنیاتبنێین. ڕوحێکی ئازاد هیچ کاتێک لەناو قەفەسدا بەند نابێت. چاوەڕوان ناکات چارەسەر لە دەرەوە بێت. چارەسەر پەیوەستە بە ئازادییەوە. پەیوەستبوون بە ئازادی وایکردووە ئەو ٣٣ کەسە ئازادەی کە لە سوروچ شەهیدبوون، ببن بە مرۆڤی نەمر.

ئەو پەیوەستبوونە، وادەکات ئەوانەی رێگای ٣٣ کەسەکەیان بەرنەداوە، بتوانن، گوێ بە بەربەستی پۆلیسەکانی ئیستانبوڵ نەدەن و دروشمی "دەوڵەت بکوژە" بەرزبکەنەوە. ئەو پەیوەستبوونە، بووەتە هۆی ئەوەی شاخەکانی کوردستان ببن بە گۆڕستانی داگیرکەران.

ئەو پەیوەستبوونە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسێک ٢٠٠ ڕۆژ لە مانگرتن بەردەوام بێت و هاوشێوەی غاندی پێشەنگایەتی بزوتنەوەیەک بکات. بەڵێ ئێمە بڕوامان بە روحێکی تێکۆشەرانەی بەم جۆرە هەیە.

لە گۆڕەپانی سیاسەتدا مردووە و ئێستا سەرەتای لەناوچوونی ئەو دەسەڵاتە فاشییەیە کە وەک مۆتەکە بەربووەتە گیانی خەڵکی. ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستانیش نیشانەی بەهێزبوونی ئەوان نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە خۆیان لەسەر پێ بگرن و لەناونەچن.

بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەیان کۆتایی پێنەیەت، پەلاماری دەستکەوتی هەموو گەلان دەدەن، هەوڵی لەناوبردنی هەموو بەهاکان دەدەن. داهاتووی منداڵەکان ڕەش دەکەن. ڕێگا لە هاتنەدەرەوەی ژنان لە ماڵەوە دەگرن. بۆ ئەوەی لەسەر دەسەڵات بمێننەوە، دەست بە سەر پارەی کرێکارەکاندا دەگرن کە بە عارەقی ناوچەوانیان بەدەستیانهێناوە.
بۆ ئەوەی ئەم مۆتەکەیە کۆتایی پێبێت، نابێت چاوەڕوانی مردنی ئەردۆغان بکەین. ڕووخاندنی فاشیزم، پێویستی بە بزوتنەوەیەکی ئازادیخواز و ڕوحێکی هاوشێوەی غاندی هەیە. کاتێک باس لە غاندی دەکرێت واتە بزوتنەوەیەکی جەماوەری. پێویستە گەل بەهێزبێت. ئەمە بە واتای شۆڕش دێت. پێناسەیەکی دیکەی شۆڕش و شۆڕشگێڕی بوونی نییە. پێویستە لە هەموو شار و شارۆچکە و گوندێک، بە پلان و ئامانج هەموو وزەکان تێکەڵ بە یەکتر بکرێن. نابێت وەک دەریاچە بچووکە بەربڵاوەکان خۆمان جیاواز نیشان بدەین. پێویستە وەک دەریاکان بە یەکەوە شەپۆل بدەین.

ڕوحی لەناوبردنی فاشیزم لەئارادایە. پێویستە ئەو ڕوحە زیادتر بەهێز بکرێت، بەو شێوەیە ئەنجامێکی باش بەدەستدێت.

پێویستە هەموو کەسێک بزانێت، ئەو ئەردۆغانەی کە هەموو کەسێک وەک قازێکی شەل دەبینێت، خاوەنی سیاسەتێکی ئیفلیجە، سیاسییەکی مردووە. بێجگە لە مردن هیچ ڕێگایەکی دیکەی نییە. وەرن بە تێکۆشانێکی هاوشێوەی غاندی ئامادەکاری بۆ ڕۆیشتنى بکەین.
ئەو مژدە خۆشە بە دەستی خۆمان بەدیبهێنین!