مووچە لە بژێوییەوە بۆ گەمەی سیاسی

29/05/2019

ئامانج هەرتەلیی


مووچەی فەرمانبەران ئەوەندەی گەمەیێکی سیاسیە، هێندە قەیرانێک نیە پێی بووترێت قەیرانی دارایی، قەیرانی دارایی کاتێک ڕوودەدات کە کاریگەری نەرێنی لە سەر تەواوی کۆمەڵگا هەبێت، بەکەسی یەکەمی وڵاتیشەوە، بەڵام قەیرانی دارایی چینی باڵای نەگرتەوە، بەڵکو ئەگەر تەماشای ئەم قۆناغەبکەین، بەرپرسانی باڵای ئەم هەرێمە باسی قەیرانی دارای تێدادەکەن، خۆیان لە نازو نیعمەتەکان نەکەوتن بەڵکو زیاتر پێدرێژیان لە خۆشیاکەندا کردوە و لەجاران خۆشتر ژیاون، لەسایەی قەیرانی داراییدا، ڕەنگە ئێستا خەڵکانی تایبەت بەم دۆسیانەی پەیوەستن بە سامانی ئەم وڵاتەوە کەمترین زانیاریان لەبەر دەسبێت، چ جای بگات بەخەڵکی گشتی. بەڵام کارەسات کاتێک ڕوودەدات کە ئەم جۆرە ڕژێمانە دەکەون ئەوکات خەڵک سەری لە ئەم هەموو پارەیە سووڕدەمێنێ بەقەولی خۆیان کە ئاخنراوەتە ژێر زەمینەکان، لەکاتێکدا خەڵکیش دوودڵ نیە لەوەی کە داهاتی ئەم ووڵاتە تاڵان دەکرێت و لە تازەترین لێدوانیشدا پارەیەکی خەیاڵی گەیشتۆتە کوردستان و لەکاتێکدا تەنها دوو مووچە دراوەتە فەرمانبەران وەزیری دارای دەڵێت:  پێنج مووچە لەبەغداد هاتوە ئەوە لەلایەک، لەلایەکیتر کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێمیش دیارنیە و باسی ناکەن.

لێرە دەردەکەوێت دوای ئەوەی ئەم دەستەڵاتە گەیشتە ئەوڕاستیەی کەتاکە کارتێک بۆ یاری کردن لەگەمەی سیاسیدا لەدژی خەڵکی ئەم هەرێمە بەکاری بهێنێت بۆ مانەوەی خۆی لە دەستەڵات مووچەی فەرمانبەرانە، لەڕێگای دەست بەسەر داگرتن و نەدانەوە گوشار بخەنە سەر خەڵک تا بەمانەوەی ئەم دەستەڵاتە ڕازی ببن و درێژە بە سیاسەت و پاوان خوازی دەستەڵاتی خۆیان بدەن.

ئەوان بەقسەی خۆیان و بەو بەڵگانەی لە دژی یەک قسەی لەسەر دەکەن لە ناوە خۆدی خۆیاندا، ئەگەر بەس ئەوەندە وەربگرین، بە نمونە بەسە بۆ ئەوەی بگەینە ئەوڕاستیەی کە بەدرێژای حوکمڕانیان خزمەتێکی ئەو تۆیان بەخەڵک نەکردوە، لەپێناو مانەوەش لە دەستەڵات دواکارتی دەستیان دەست بردن بوو بۆ مووچەو بژێوی خەڵک. لەکاتێکدا لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە نەبوە و نیە، سیاسیەکان لە پێناوی بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی دەست بۆ بژێوی ژیانی خەڵکەکەی بەرن لەم هەرێمەدانەبێت.

دەست بردنی پیاوانی حوکمڕان بۆ مووچەی خەڵک دوای ئەوەهات کە لە ساڵی ۲۰۰۹ و ۲۰۱۳ خەڵکی ئەم هەرێمە بەڕوونی لەدەستەڵاتی شۆڕشگێری بێ هیوابوو، ئەمەش وایکرد ڕووبکەنە هێزێکی نوێ و جێگرەوە بۆ ئەم دەستەڵاتە، بۆیە بەر لە پێکهێنانی کابینە حکومەت لە ساڵی ۲۰۱٤ وەک ئامادەسازیەک بۆ بێ هیواکردنی خەڵک، کەوتنەبڕینی مووچە لە بەغداد، ئەمە وایکرد خەڵکی بێهیوای زیاتربن.

ئەم دەستبردنە بۆ مووچەی خەڵک لەکارتی سیاسی زیاتر هیچ شتێکی تر نیە، ئەم یاریە بۆ گەمارۆدانی رۆحی خەڵکە، بۆ بێهیواکردنی خەڵکە لەپرۆسەی سیاسی دوای ئەوەی ئەم دەستەڵاتدارانە متمانەی خۆیان دۆڕاند لەبەرامبەر خەڵک دەشیانەوێ متمانەی سیاسی و پرۆسەی سیاسیش بەخەڵک بدۆڕێنن تاوەکو درێژە بەم کاروانە بدەن.

بەڵام لە ئێستادا دوای ئەوەی مووچەی فەرمابەرانی هەرێم لەئاشی دەستەڵاتدارانی هەرێم خەریکە کۆتای دێت، بەوەی هەرخۆیان لەکۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیدا یەکتری بەدرۆدەخەنەوە، بەوەشی سیستەمی دەورانی درۆیان کۆتای دێت، بەغدادیش بەگوشارەکانیان پارەی ژێردەستیان دەردێنێت، ئیدی قۆناغی پاوانی سیاسی بە درۆ و دراو ڕووی لە کۆتاییە.

ئەگەر ووردبینەوە لە درۆی ئەم بەرپرسانە لەسەر مووچەی فەرمانبەران، ئەوەندەی دەستی دەستی بەدرۆ بەفەرمانبەران کراوە، لەم سەر قسەیەک دەکەن و لەوسەر خۆیان درۆزن دەردێنەوە. بەنموونە چەندجارێک ووتوویانە پارەکەمان داوەتەوە بەقەرزی کۆمپانیاکان، باشە پێمانبڵێن ئەم قەرزە چەند بوو؟ لەگەڵ کێ کراو لەکوێ کراوە؟ دوای ئەم نەوتە چەند ساڵێکە دەڕوات داهاتەکەی چی لێهات؟

ئەم یاریە بەمووچەی خەڵک گەمەیەکی سیاسیە بە بژێوی فەرمانبەرانەوە دەکرێت لە پێناوی مانەوەیان لە دەستەڵات، ئەمەش وەک سزایەکە دژی فەرمانبەران، چونکە متمانەیان لای فەرمانبەرانی هەرێم نەماوە. ئەمەش وایکردوە بیر لەم یاریە بکەنەوە بۆ مانەوەیان، بەڵام دواجار فەرمانبەران بەرگەی ئەم سزایەیان گرت و قوربانی گەورەشی لێکەوتەوە، بەڵام دۆڕاوی سەرەکی ئەم یاریە سیاسیە، بکەرانی بوون، چ جای ئەوەی بەڕووڕەشی لێیدەرچوون، بەڵام بەئەندازەی قۆناغی قورسی سزای فەرمانبەران، خۆشیان تووشی ئەم قورسی سزایە دەبنەوە لە ئایندەدا، ئێستا سەرەداوی ڕووداوەکان دەرکەوتوون. لە ئایندەشدا بەروونی بۆ خەڵک رووندەبێتەوە.