ئەو تویتەی بووە زەمین لەرزە

02/11/2019

ئامانج هەرتەلیی

ئەوەی تورکیا بیری لێدەکاتەوە بەڕێبەرایەتی ئه‌ردۆغان، قۆناغی تێکچون و هەڵوەشانەوەی تورکیایە، تورکیا توشی ڕاتەکاندنێکی هزری و سیاسی بۆتەوە، ئەوڕاتەکاندنەی وای لە ئه‌ردۆغان(ئۆردە فسفۆڕ)کرد هەموو هەنگاوێک هەڵگرێ، هەموو ڕێگاکانی بەردەمی تاقیبکاتەوە بۆ ئەوەی کۆتای بە ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان بهێنێت، بەڵام سات بەسات کورد لەڕۆژئاوای کوردستان بە پێشەنگایەتی هەسەدە توانی سەرکەوتن لەدوای سەرکەوتن بەدەست بهێنت و ڕۆژ لە دوای رۆژ تورکیا توشی بێ هیوای بکات، ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش هاوکاری چەتەکانی داعش بکات، بۆئەوەی کورد لە ڕۆژئاوا لەناوبەرن. هەروەها بە بەردەوامی سەرنجی هاوپایمانی دژە داعش بەلای خویدا ڕابکێشێت.

بێ هیوای و داروخاوی تورکیا لە ئاست بەرەوپێشەوەچونی کورد لەسوریا ئه‌ردۆغانی و ئاکەپەی والێکرد لەهەموو دەرگایەک بدات بۆئەوەی شکست بەم سەرکەوتنە بهێنێت، بۆیە هەموو ڕێگاکانی گرتەبەر بەداواکردنی ناوچەی ئارام، بەڵام دوای ئەوەی ئەم ناوچە ئارامەی بەدڵ نەبوو، لەپەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا سەرۆکی ئەمریکا ڕازیدەکات بۆ ئەوەی بڕیار بدات لە سوریا بکشێتەوە، ئەوە بوو تویتەکەی تره‌مپ بوە زەمین لەرزەییەک کە تەواوی جیهانی هەژاند و بەتایبەتیش ئەمریکا، بۆیەکەم جار و لەمێژوودا زۆرینەی کۆماری و دیموکراتی یەک بگرن دژی سەرۆکەکەیان ، هەروەهاسەرۆکی وڵاتیان تۆمەتبار بکەن و پێی بڵێن خیانەتت لە هاوپەیمانەکەمان گەلی کوردە کرد.

تره‌مپ بەبڕیاری کشانەوەی ڕێگای بە دەوڵەتی تورکیادا نیازەکانی ئاشکرابکات، بەم شەڕەی ئه‌ردۆغان کردیە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، نیازی ڕاستەقینەی خۆی بۆ تەواوی جیهان ئاشکرا کرد، ئەویش کۆمەڵێک ئامانجی دیاری کراوی هەبوو لەوانە:

۱- نیازی ئه‌ردۆغان لەهێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەیویست لەوڕێگایە، ڕێگا بکاتەوە بۆ پاشماوەی ڕێکخراوی داعش ئەوانەی لای هێزەکانی هەسەدە دیلن و ئەوانەشی ماون لەم ناوچەیە مۆڵیان بدات و گرووپ گرووپ بیانگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی تری جیهان و ئامانجەکانی خۆیانی پێدابین بکات. واش نیشانی جیهانبدات کە ئەوداعشی لەنابردوە، پارێزەری ئاشتیە، بەڵام نەیتوانی ئەم ئامانجە بهێنێتەدی و ئەم نیازەی زوو کەشف بوو، ئەمەش باشتر پەیوەندی نێوان داعش و ئه‌ردۆغانی ڕوونتر کردەوە جیهان وەک تیرۆرستێکی گەورە تەماشای ئه‌ردۆغانی کرد، ئەمەش نیازی و مەرامەکانی ئۆرۆغانی لەناوبرد. هەروەها داوای ئەوەی خەلیفەی داعش لە ئیدلیبی هاوسنوری دەوڵەتی تورکیا لەناوبرا، ئەم ڕایەی زۆرتر تۆخ کردەوە، بەوەی داعش و ئه‌ردۆغان یەکشتن، ئەگەر یەک بەرنامەنین، بۆ تورکیا پەلاماری کوردەکان دەدات، بەڵام داعش لە ئیدلیب هاوسنورە لەگەڵی پەلاماری ئەوێ نادات؟

۲- ئه‌ردۆغان لەهێرشکردن بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان نیازی لەناوبردن و ریشە کێشکردنی کورد بوو، بەوەی گەلی کورد لە رۆژئاوا قەڵاچۆبکات، بەڵام نوسینێکی ژەنەڕاڵ مەزڵوم کۆبانێ بۆ گۆڤارێکی بەناو بانگی ئەمریکی کەنوسیویەتی ( ئێمە بەسنگی ڕووتەوە بەرامبەر چەقۆی توکیا وەستاوینەتەوە) ئەمە کاردانەوەی گەورەی بەدوایخۆیدا هێنا و جیهانی هۆشیار کردوە لەبەرامبەر کۆمەڵکوژی گەلی کورد بەوەش ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی دژە داعش ڕووبەڕووی رەخنەی توند بونەوە. ئەمەش بەناچاری جارێکیتر ئەمریکای هێنایەوە سەرخەت و لەگەڵ تورکیا ڕێکەوتن لەسەر ئاگر بەست.

۳- ئه‌ردۆغان لەم هێرشەی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان نیازمەندی ئەوەبوو کە خۆی لە گێژاوی ململانێی ناوخۆی تورکیا ڕزگار بکات و دەست بگرێت بەسەر نەوتی ئەم ناوچەیە و تەواوی ئاوارە دەست بەسەرەکانی ناوتورکیا لەم ناوچەیە جێگیربکات و بەناوی پاراستنی ئەوانیش تەواوی سامانی ژێرزەوی ڕۆژئاوای کوردستان بەرێ بۆخۆی. بەڵام نە توانی دەست بەسەر نەوتی ڕۆژئاوادابگرێت، لەئێستادا ئەمریکا لە ناوچەی بەنەوت جێگیربوە، بەوەش خەونی نەوتی ڕۆژئاوای کوردستانی لەدەستدا، ئەمەش وا لە تورکیا دەکات لەماوەی ئایندەدا تووشی شەپۆلێکی گەورەی ڕەخنەبێتەوە لەناوخۆی تورکیادا لەبەرامبەر ئەو شکستە گەورەیەی لە ڕۆژئاوای کوردستان تووشی بووە.
تورکیا وای دانابوو ئەوەی لە عه‌فرین بۆی چووەسەر لەبێدەنگی جیهان و بێدەنگی وڵاتانی ناوچەکە ئەمجارەش لە داگیرکردنی بۆسەر بەشەکانی تری ڕۆژئاوای بۆی دەچێتەسەر، بەڵام ئەمجارە نەک هەربۆی نەچوەسەر بەڵکو ئەم گەڕی هێرشەی تورکیای تووشی شکستێکی گەورەتری کرد، بەرامبەر ئەم شکستەی لەبەرخودانی شەڕڤاناندا تووشی هات، بەس بۆ ئەوەی خۆی بەسەرکەوتو نیشانبدات و سەرێکانی و گرێ سپی بگرێت، چەکی قەدەغەکراوی فسفۆڕی دژی خەڵکی سڤیل بەکارهێناو و نەشی توانی ئەم شوێنانە بەشەڕ بگرێت.

هەموو ئەمانە وایکرد گەردەلولێکی ڕەخنە و ناڕەزایەتی ڕوو لە ئه‌ردۆغان بکات، بۆیەکەم جارە لەمێژوودا جیهان لەسەر گەلێکی مەزلووم ڕووی خۆیان لە زاڵمێک وەرگێڕن و پاڵپشتی گەلی کورد بکەن، گەلی کورد وەک دۆست و پشتیوانی خۆی بزانن، ئەمە وای لە ئه‌ردۆغان کردوە تووشی تێکچونێکی دەروونی و سیاسی و ئیداری بکاتەوە، قەت لەبیری ئەوەدانەبوو جیهان بەم شێوەیە ڕووی لێوەربگێڕن و پێی بڵێن تیرۆرست. ئەمە بەرەنجامی ئەم نیازە خراپە ڕەگەز پەرست و شۆڤێنیانەی تورکە بەرامبەر بەگەلێکی مەزلوم و داکۆکیکەر و پارێزەری مرۆڤایەتی.

ئەم نیازەی ئه‌ردۆغان ڕەوشەکەی پێچەوانە کردەوە، لەوەی تەواوی دۆستانی پشتیان لە دەوڵەتی تورکیا کرد، ئەو وای دانابوو وەک هەمووجارێک جیهان لەئاستی کارە قێزەونەکانیان بێدەنگ دەبێت، بەڵام ئەمجارە بەهۆی دۆزی کورد مەلەفی زیاتر لەسەدەیەکی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکانی لە کۆنگرێسی ئەمریکا کە ۳۰ ساڵە لە تورکیایان کردوە بە گیسکی هەیاسی بێتە بەرباس، لەکۆنگرێسی ئەمریکا وەک جینۆساید بناسێندرێت، ئەمە بۆتورکیا وەک خەنجەرێکی ژەهراوی بوو کە درابێت لەفەقەڕاتی ، جگە لەمە بایکۆت کردنی تورکیا لەزۆربەی وڵاتانی جیهان لەمەمەڵەی بازرگانی سەربازی و مەدەنیدا.

لەئێستادا تورکیا جگە لەوەی لەم شەڕەدا دۆڕاوی سەرەکی یە، هەروها تووشی گەمارۆی نێودەوڵەتی بوە. بەوەش ئەوەی پێشبینی نەدەکرد لەم جەنگەدا لەدژی تورکیا ڕوویدا، بەدەر لەمەش هەموو هاتن و چونێکی لە سووریا بەهاوکاری وڵاتانی رووسیا و ئەمریکا دەبێت. ئەمە گەورەترین دۆڕانی تورکیا کە لەناچاریدا ڕازیبێت بەوەی لەلایەن ڕووسیاو ئەمریکاوە هاوکاری بکرێت بێتە سوریاوە.

بۆیە تویتەکەی تره‌مپ زەمین لەرزەیەکی گەورەبوو تەواوی جیهانی هەژاند و لەخەوی قوڵی دەیان ساڵەی ڕاچڵەکاندن، ڕای چڵەکاندن تاوەکو بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە و یەکێک لە دڕندەترین وڵاتانی جیهان کە تورکیا بناسن، پیسترین و خوێن ڕێژترین مرۆڤی جیهان کە ئه‌ردۆغانە ببینن هەروەها بەجەرگ ترین و ئازاترین و گیانبازترین و ئاشتی خوازترین گەلی سەر ئەم زەمینە کە کوردە بناسن. تره‌مپ بەم تویتە هەژێنەرەی جیهانی سەرسام کرد، کوردی هەژاند و جیهانی ڕاچڵەکاند بە کردنەوەی دەرگای هێرش بۆ گەورە تیرۆرستی جیهانی ئه‌ردۆغانە فسفۆڕ. لەولاشەوە جیهان ببێتە پاڵپشتی گەلێکی مەزلووم، هەرچەند تره‌مپ ئەمەی بۆ پاراستنی گەلی کورد نەکردوە بەڵکو ئەوەی تره‌مپ کردی لەپێناوی بەرژەوەندیەکانی خۆی بوو، بەڵام ئەمە بۆ کورد بەباشی شکایەوە و بۆ تورکیاش بەخراپی و بۆ تره‌مپ و ئەمریکاش بەشەرمەزاریەکی گەورە، ئەمەش هەموو بەرەنجامی ژیری و لێهاتوی و لێزانی گەلی کورد و ڕێڤەربەری هێزەکانی هەسەدەبوو. کە ئاڕاستەی سیاسەت و جیهانیان بە بەرژەوەندی خۆیان گۆڕی.