پایزێکی گەرم و سوتێنەر!

11/12/2019

کاوە شێخ عەبدوڵڵا

لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگی ئەم پایزەدا، نزیکەی ٤٠٠ خۆپیشاندەری ناڕازی لە عێراق و ئێران کوژران کاتێ دژی بێکاریی  وهەژاریی و گەندەڵی، رژانە سەر شەقامەکان. لە هەردوو وڵات خۆپیشاندەران لەوە دەچوو بۆ بەرەی جەنگ دەچن چونکە دەیانزانی کێ بەرخوردیان لەگەڵ دەکات بەڵام ئەوان سووربوون لەسەر داواکارییەکانیان.

 

ئێران زاڵە بەسەر لوبنان و عێراقدا کەچی نەک هەر خەڵکی ئەو دوو وڵاتە، بەڵکو هاوڵاتییەکانی خۆی زیاتر لێی بێزارن

هاوکات لەگەڵ عێراقیی و ئێرانییەکاندا، لوبنانییەکانیش بە خۆپیشاندانی کاریگەر ناڕەزاییان دەربڕی. بەڵام لە لوبنان کەس نەکوژرا و حکومەت هەڵوەشایەوە.

بە جیاوازی ئەنجامەکان و کاریگەرییەکانی خۆپیشاندان، بەڵام لە هەرسێکیاندا ئەوە دەرکەوت کە مۆدێلی حوکمڕانیی لەمجۆرە کۆتایی هاتووەو بە کەڵکی خەڵک نایەت. ئێران زاڵە بەسەر لوبنان و عێراقدا کەچی نەک هەر خەڵکی ئەو دوو وڵاتە، بەڵکو هاوڵاتییەکانی خۆی زیاتر لێی بێزارن و ئامادەن سینگ بنێن بە گوللەوە تا نیشانی بدەن کە ناڕازین و کۆتایی پێبهێنن.

خۆپیشاندانەکانی ئەم وڵاتانە لەڕووی جوگرافیا و هۆکارەوە، زۆر دوور نین لە هەرێمی کوردستانەوە

دەرکەوت مۆدێلی حوکمڕانی عێراقیی و لوبنانیی و ئێرانیی شکستخواردووە، چونکە تایفە و مەزهەب رەنگڕێژی کردوون. هاوڵاتیبوون و بەهای هاوڵاتیبوون بەندە بە مەزهەب و ئاینەکەتەوە، بۆیە زۆرینەی گەلانی ناو ئەو دەوڵەتانە پلیشاونەتەوە لەژێر پێی گەندەڵیی و بێباکیی دەوڵەتە بەسەرچووەکانیاندا.

ئەگەر بێکاریی، هەژاریی، گەندەڵی، حوکمڕانی مشەخۆر و دەستپیس هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو خۆپیشاندانانەی عێراق و ئێران و لوبنان بن، ئەوا گواستنەوەیان بۆ حکومەت و وڵاتە هاوشێوەکانیان دوور نییەو رەنگە کەس نەزانێ لەناکاو، لە شوێنێکی دوورەدەست و چەپەکەوە خەڵک بە ڕووی حکومەتە خراپەکانیاندا بتەقنەوە.

ئەگەر لە مۆدێلی دەوڵەتی مەزهەبیی و تایفیی ناڕازی بن، ئەی دەبێ لە مۆدێلی حوکمڕانی حزبیی و شەخسیی وەکو هەرێمی کوردستاندا دیاردەکە چۆنبێ؟

خۆپیشاندانەکانی ئەم وڵاتانە لەڕووی جوگرافیا و هۆکارەوە، زۆر دوور نین لە هەرێمی کوردستانەوە. ئایا دەکرێ هەرێمێک کە خەڵکەکەی زۆر مەحرومن لە زۆر پێداویستیی، چواردەوری بە ئاگری توڕەیی خەڵک تەنرابێ، بێ پریشک بمێنێتەوە؟
ئەگەر عێراقیی و لوبنانیی و ئێرانییەکان لە مۆدێلی دەوڵەتی مەزهەبیی و تایفیی ناڕازی بن، ئەی دەبێ لە مۆدێلی حوکمڕانی حزبیی و لەناو حزبدا شەخسیی وەکو هەرێمی کوردستان، دیاردەکە چۆنبێ؟
ئەو مۆدێلە حوکمڕانییەی لە هەرێم باڵادەستە، لە هەندێ رووەوە زۆر لەوەی عێراق و لوبنان و ئێران کۆڵەوارترە بۆ دابینکردنی ئاو و کارەبا و سوتەمەنیی وەکو سێ هۆکاری سەرەکی ژیان. ئەم مۆدێلە لەبەر ئەوەی کراوەتە کوڕی حزب، توانای خۆچاککردن و ریفۆرمیشی نەماوە.

بێگومان هەرێمی کوردستان لوبنان نییە، عێراق و ئێرانیش نییە. بەڵام بەشی زۆری خەڵکەکەی هەمان ئەو مەینەتی و چەرمەسەرییانەیان هەیە کە خەڵکە توڕە و دڵشکاوەکەی ئەو وڵاتانە هەیانبوو. بۆ ئەو پرسیارەی کە ئایا لە دەربڕینی ناڕەزاییدا خەڵک لاسایی لوبنانییەکان دەکاتەوە یان عێراقیی و ئێرانییەکان، ئەوا هەڵسوکەوت و بەرخوردی حکومەتەکەی وەڵام دەداتەوە کە خوێن دەڕژێ یان بەخێر دەگەڕێ.

 

ئەم وتارە لە ژمارە 6ی گۆڤاری پەیسەردا بڵاوکراوەتەوە