دوو ریزیی کورد لە بەغدا

12/01/2020

کاوە شێخ عەبدوڵڵا

بیرمەندی بەناوبانگی کورد مەسعود محەمەد، بۆ بەتاڵکردنەوەی ترس لە دوو ریزیی و جیاوازیی، نموونەیەکی زۆر جوان و بەجێ دەهێنێتەوە کاتێ رەخنەی لە دروشمی " کرێکارانی جیهان یەکگرن"ی کۆمۆنیستەکان گرتووە.
مامۆستا مەسعود گوتوویەتی: مرۆڤ بۆ ئەوەی چەکوش و قەڵەم بگرێ بە دەستییەوە، بەبێ بەکارهێنانی پەنجەکانی ئەم شتانە مەحاڵن و ناکرێن. ئایا پەنجەکان یەک ڕیزن؟ چوار پەنجە لە یەک ریزدان، بەڵام پەنجە گەورە دوورە لەوانەوە، ئەی نابینی پەنجە گەورە بووەتە باعیسی ئەوەی هەموو قورسییەکان هەڵبگرێ و باری لار هاوسەنگ بکاتەوە؟
ئەم نموونەیە زۆر مانادارە، یەکڕیزیی هەمیشە بە مانای هێز نایەت بەڵکو دەکرێ ریزەکان ببنە یاریدەدەر یان تەواوکەری یەکتر. گوریس ئەگەر دوو لۆبێ زۆر تۆکمەترە، بەرد و بلۆکەکان لە دیواردا تا دوو چینبن، دیوار تۆکمەتر و پارێزراوترە.
بەڵام دوو ریزیی یان چەند ریزیی ئەوکاتە ترسناکە، کە هەر ریزە و بە ئاوازێک بخوێنێ. پەنجەکان راستە یەکریز نین بەڵام لە یەک سەرچاوەی هێزەوە دەجوڵێنرێن.
لەم سەدەیەدا، لە دوای ٢٠٠٣ ئەمە دووەمجارە کە کورد شانسی ئەوەی دەبێ عێراق دەکەوێتە ناو پاشاگەردانییەوە. پاشاگەردانی پایتەخت بەشی زۆری دەبێتە مایەی هێزی زیاتر بۆ کورد.
لەو بێسەروبەرەییەی پایتەختدا، هەرێمی کوردستان (بە هەموو کەموکوڕی و خراپی دەسەڵاتەکەیەوە) وەکو هەرێمێکی ئارام و نموونەیی دەردەکەوێ. دواجار لە هەوڵەکانی سەرپێخستنەوەی دەسەڵاتدا، ئەم ئارامیی و نموونەییە دەبێتە کارتێکی بەهێز بە دەست ئەو سەرکردانەی کورد لە بەغدا گفتوگۆ و دانوستان.. مشتومڕو بێنەوبەرە دەکەن لەگەڵ سەرکردەکانی عێراقدا.
ئێستا بۆ ئەزموونی فرەحزبیی لە کوردستان، گرنگ نییە هێزەکان لە بەغدا زۆریش هاوهەڵوێست یان یەکڕیزبن، دەکرێ دوو یان سێ ریزبن، بەڵام دەبێ زۆر پابەندی ئەو بەرژەوەندییانەبن کە بۆ کورد مسۆگەر دەبێ.

قەینا دوو ریزبن، بەڵام پەرتەوازە نەبن. ئاساییە چوار پەنجە لە ریزێکدا و پەنجەیەکیش تەنیا خۆی لە ریزێکدابێ، گرنگ ئەوەیە ببنە هێز بۆ گرتنی ماف و نووسینی ئەم مافانە لەسەر کاغەز.

ئەم وتارە لە ژمارە ٧ ی گۆڤاری پەیسەردا بڵاوکراوەتەوە