06:17 - 03/03/2019
خولى نوێى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌توانێت چى بۆخه‌ڵك بكات؟
خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان له هه‌لومه‌رجێكى ئاڵۆزدا له‌دایكبوو، جارێ نه‌كه‌وتووه‌ته سه‌رپێ كارى قورس له‌به‌رده‌میدایه، هه‌موو ئه‌گه‌رێكى گۆڕانكارى له سیسته‌مى حكومڕانى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت له هۆڵى په‌رله‌مانه‌وه ره‌تببێت، بۆ ئه‌وه‌ش په‌رله‌مان له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌ى نوێدایه، كه هه‌ندێك پێیان وایه له ئێستاوه تێیدا كه‌وتووه‌و خولێكى داخراوه، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن هیوایه‌ك هەیە ئه‌م چوار ساڵه په‌رله‌مان به‌پێوه‌بێت و به كاره‌كانى خزمه‌تى خه‌ڵك بكات.
ته‌مه‌نى په‌رله‌مانى كوردستان ٢٧ساڵەو له خولى پێنجه‌میدایه، له‌و ماوه‌دا نزیكه‌ى ٤٠٠ یاسای ده‌ركردووه، ره‌خنه‌ى زۆرى له‌سه‌ره كه له ته‌مه‌نیدا به كاره‌كانى كه چاودێرى و یاسادانانه خزمه‌تى ده‌نگده‌رانى نه‌كردووه، نه‌یتوانیوه لێپرسینه‌وه له به‌رپرسه‌كان بكات، رێگه به گه‌نده‌ڵى بگرێت و یاساى گونجاو ده‌ربكات كه له‌به‌رژه‌وه‌ندى زۆرینه‌ى خه‌ڵك بێت، خولى پێشترى په‌رله‌مانى كوردستان زۆرترین ئاسته‌نگى هاته‌پێش، ناكۆكییه سیاسییه‌كان رۆڵى په‌رله‌مانیان سفركردهوه.
له‌خوله نوێیه‌كه‌یدا په‌رله‌مان ده‌یه‌وێت له‌و شوێنه‌وه بكه‌وێته سه‌رپێ كه تێیدا له‌كارخرا، یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بهركوڵى په‌رله‌مان ده‌بێت، چاوه‌ڕوانده‌كرێت ده‌ستووریش له‌م خوله‌دا جوڵه‌ى پێبكرێت تا ده‌گاته په‌سه‌ندكردنى، پرسیاره‌كان ئه‌وه‌ن ئایا خولى نوێ ده‌توانێت له چاره‌كه سه‌ده‌ى رابردوو جیاوازبێت؟ ئه‌م خوله ده‌توانێت كێشه سیاسییه‌كان وه‌لابنێت؟ په‌رله‌مان ده‌توانێت چى بۆ خه‌ڵك بكات؟ ئایا زۆرینه‌ى سیاسى پارتى لهناوهۆڵى په‌رله‌مان و له ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى و له لیژنه‌ى یاسایى، خولى پێنجه‌م ده‌كاته خولێکى داخراو؟ ئه‌م خوله ده‌توانێت له وه‌زیر و به‌رپرسان بپرسێته‌وه و پۆسته‌كانیان لێوه‌ربگیرێته‌وه؟ ده‌توانێت یاسا بۆ بودجه ده‌ربكات و خه‌رجى و داهات بكات به یاسا؟
په‌رله‌مانتاره‌كانیش له‌ناو په‌رله‌مان هاوشێوه‌ی خه‌ڵك به‌سه‌ر بۆچوونى جیاوازدا دابه‌شبوون، هه‌ندێكیان ده‌ڵین له‌م خوله ده‌توانن كارى جیاواز بكه‌ن، هه‌ندێكیشیان هیوایان به كارابوونى په‌رله‌مان زۆر نییه، سه‌روان هه‌ركى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له فراكسیۆنى پارتى، ئومێدى هه‌یه خوڵى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان جیاوازبێت له خوله‌كانى دیكه‌و بتوانن خزمه‌تى خه‌ڵك بكه‌ن.
هه‌ركى بۆ په‌یسه‌رپرێس باسیله‌وه‌كرد، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت خولى نوێى په‌رله‌مان كارابێت و كێشه‌كانى رابردوو دووباره‌نه‌بێته‌وه، وه‌ك پارتیش لارییان له‌وه‌نییه كه یاساكان به كۆده‌نگى لایه‌نه‌كان تێپه‌ڕێت و رێگاى زۆرینه بۆ تێپه‌ڕاندنى یاساكان به‌كارنه‌هێندرێت، به‌ڵام ده‌بێت ژماره‌ى كورسییه‌كانى پارتى و زۆرینه سیاسییه‌كه‌ى له‌به‌رژه‌وه‌ندى كورد و نیشتیماندابێت له په‌رله‌مان نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه.
كاتێك قسه له‌سه‌ر خولى نوێى په‌رله‌مان ده‌كرێت زۆرتر ره‌خنه‌ى ئه‌وه ده‌گیرێت كه پارتى په‌رله‌مانى كۆنتڕۆڵكردووه، هیچ یاسایه‌ك بێ ره‌زامه‌ندى پارتى تێناپه‌ڕێت له‌م خوله‌دا، ناسر هه‌ركى ده‌ڵێت"به‌ڵام پارتى تاوانى چییه كه خه‌ڵك كردوویانه به زۆرینه و ٤٥ كورسى هێناوه، زۆرینه‌ى په‌رله‌مانى هه‌یه چونكه خه‌ڵك متمانه‌یان پێكردووه". ئه‌و په‌رله‌مانتاره له وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى كه ئه‌م خوله ده‌توانێت چى بكات بۆ خه‌ڵك، باسیله‌وه‌كرد ئێستا خه‌ڵك هه‌یه ئاماده نییه پۆست وه‌ربگرێت یاخود ببێته وه‌زیر ئه‌مه‌ش به‌شێكى ترسه له لێپرسینه‌وه‌ى په‌رله‌مان، بۆیه ئومێد هه‌یه له‌م خوله كارى باش بكرێت.
ژماره‌ى كورسییه‌كانى ئۆپۆزسیۆن له‌م خوله‌دا كه‌متره له‌پێشووتر، به‌پێى ژماره‌كان بێت قورسایى ئه‌وتۆ له په‌رله‌مان دروست ناكه‌ن، چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌نێوان پێكهێنه‌ره‌كانى حكومه‌تیش رێككه‌وتن هه‌بێت سه‌باره‌ت به په‌ڕله‌مان و چۆنێتى كاركردنى فراكسیۆنه‌كان، ئێستا پارتى و گۆڕان به لێكتێگه‌یشتنێك گه‌یشتوون بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و یاسایانه‌ى ره‌هه‌ندى نیشتیمانییان هه‌یه به رێككه‌وتن له په‌رله‌مان ده‌ربچوێندرێت نه‌ك به زۆرینه، ره‌نگه ئه‌وه‌ش گره‌نتییه‌ك بێت بۆ فراكسیۆنه‌كانى دیكه‌ى په‌رله‌مان كه بۆچوونیان له‌سه‌ر پرسه‌كان له‌به‌رچاو ده‌گیرێت، زۆرینه‌ى په‌رله‌مانتاران جێپه‌نجه‌ى خۆیان له‌سه‌ر یاساكان دیاریده‌كه‌ن، به‌ڵام رێككه‌وتنى سیاسیش هه‌موو كات بۆ دڵنیایى به‌س نییه.
شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتووه له په‌رله‌مانى كوردستان و دووه‌م فراكسیۆنى ئۆپۆزسیۆنه له‌رووى ژماره‌ى كورسییه‌وه، ده‌ڵێت، ئه‌م خوله بۆ كارى ئۆپۆزسیۆن قورسه‌و ئاسان نییه، به‌ڵام هیوایان له‌ده‌ستنه‌داوه‌و ناكرێت بێهیوابن له‌وه‌ى په‌رله‌مان بكه‌نه دامه‌زراوه‌یه‌كى كارا.
یه‌كگرتوو به دڵى گه‌رمه‌وه پڕۆژه یاساى زۆرى ئاماده كردووه تا په‌رله‌مان لێیوهربگرێت و جێپه‌نجه‌ى خۆى له كارى په‌رله‌مانى دیاریبكات، به‌ڵام له یه‌كه‌م هه‌نگاوى خولى نوێی‌ى په‌رله‌مان دهستنرا به‌ڕوویه‌وه به ده‌نگى زۆرینه له لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان بێبه‌شكران و كورسییان پێنه‌درا.
شێركۆ جه‌وده‌ت بۆ په‌یسه‌رپرێس باسیله‌وه‌كرد، ئه‌م خوله ده‌ستوورى له‌پێشه‌و ته‌حه‌دییاتى زۆرى له‌به‌رده‌مه، كه‌شوهه‌واى ناوپه‌رله‌مان ته‌ندروست نییه، ئۆپۆزسیۆن له‌م خوله ده‌بێت رووبه‌ڕووى تاكڕه‌وى ببێته‌وه، په‌رله‌مانیش بۆ ئه‌وه‌ى كارا بێت ده‌بێت رێگرى لێنه‌كرێت، ده‌بێت كۆڵ نه‌ده‌ین ئه‌گینا ته‌حه‌دییه‌كان گه‌وره‌ن.
فراكسیۆنى گۆڕان چاوى له‌وه‌یه به رێككه‌وتن وابكرێت پرۆژه‌یاساكان به ده‌نگى هه‌موو فراكسیۆنه‌كان تێبپه‌ڕێنرێت نه‌ك یه‌ك و دووان، چونكه له‌م خوله ژماره‌ى كورسى هێزه ریفۆرمخوازه‌كان كهمتربووهتهوهو به ده‌نگى خۆیان له په‌رله‌مان به ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆ ناگه‌ن.
شاخه‌وان ره‌ئوف به‌گ، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له فراكسیۆنى گۆڕان، ده‌ڵێت به ئومێدى ئه‌وه‌وه رۆیشتوونه‌ته پەرلەمان گۆڕانكارى و چاكسازى پێبكرێت، ئه‌م نێتهیان له لایه‌نه‌كانى دیكه‌ش بینیوه، بۆیه هه‌وڵیان بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى كوردستان چالاك بێت و ئه‌و كارانه بكات كه پێشتر نه‌كران.
ره‌ئوف به‌گ به په‌یسه‌ر پرێسى راگه‌یاند"هه‌رێمى كوردستان پێویستى به خزمه‌ت و چاكسازییه، ئێمه‌ش وه‌ك گۆڕان چووین بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكه‌و هه‌یه بیكه‌ین، خولى پێنج ته‌واوكه‌رى خولى چوار ده‌بێت ئه‌وه‌ى ته‌واونه‌كراوه هه‌وڵ ده‌ده‌ین چاكى بكه‌ن، په‌رله‌مان ده‌زگایه‌كى یاسادانانى گه‌وره‌یه‌و ده‌بێت چاودێرى بكات و لێپرسینه‌وه بكات".
گرفتى گه‌وره‌ى ئه‌م خوله نوێیه ئه‌و ناكۆكییانهیه كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ستوپێیان به‌ستووه‌و تا ئێستا نه‌یانهێشتووه بكه‌وێته كار، دیسانه‌وه كێشه سیاسییه‌كان په‌رله‌مانى سڕكردهوه، ئه‌وه‌ش ساردییهكى دروستكردووه به‌شێك له په‌رله‌مانتاران بۆچوونێكیان بۆ دروست بووه كه په‌رله‌مان چۆن بووه هه‌روا ده‌بێت و به ئاسانى ناكه‌وێته سه‌ر سكه.
موسلیم عه‌بدوڵا قه‌سرێ بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌و گرفتانه‌ى كه هه‌یه سه‌ره‌تایه‌كى باش نه‌بوو بۆ په‌رله‌مانى كوردستان"جه‌وه سیاسییه‌كه رۆژ به رۆژ ئاڵۆزتر ده‌بێت و خه‌ڵك نائومێدتر ده‌بێت، كارى له پێشینه‌ى په‌رله‌مان هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمه، دواتر ده‌بێت قسه له‌سه‌ر ده‌ستووریش بكرێت، چاكسازى گه‌وره‌ترین پرسى به‌رده‌م په‌رله‌مانه، من به ئومێدم به‌ڵام به داخه‌وه به‌و خه‌مساردییه‌ى لایه‌نه‌كان نابینم به‌رنامه‌كانى هه‌ڵبژاردن له كاره‌كانى په‌رله‌مان ره‌نگبداته‌وه".
پێناچێت چالاكبوونى په‌رله‌مان هه‌روا ئاسان بێت وازوو ببێته ده‌زگاى لێپرسینه‌وه‌و سزادانى به‌رپرسان، هه‌رچه‌ند هه‌موولایه‌نه‌كان ده‌ڵێن په‌رله‌مانێكى وایان ده‌وێت به‌ڵام له ورده‌كارى جێبه‌جێكردنیدا مه‌به‌ستیان روون نییه، ئۆپۆزسیۆن سه‌نگى جارانى له په‌رله‌مان نه‌ماوه‌و زۆرینه‌ى سیاسى له‌م خوله زیاتر ره‌نگى داوەته‌وه، ره‌نگه دوایین ده‌ره‌چه ته‌وافوق بێت، تا له‌به‌رگى رێككه‌وتندا ئه‌و پڕۆژانه جێبكرێنه‌وه كه به‌ڵێن بوون و به‌خه‌ڵك درابوون..