03:20 - 23/05/2019
ئه‌و كورده‌ی دیزاینی دراوی عیراقی كردووه
له‌منداڵییه‌وه ئاره‌زووی له‌نیگاركێشان بوو، به‌رده‌وام بوو له‌به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كه‌ی تاكو ناوبانگی ته‌واوی له سه‌ره‌تای په‌نجاكاندا په‌یداكرد، له‌وكاته‌وه‌ی وێنه‌ی هێڵكاری كۆمه‌ڵێك له شاعیرانی كلاسیكی كوردی كێشا بۆكتێبی مێژوی ئه‌ده‌بی كوردی له‌سه‌ر داوای عه‌لائه‌دین سه‌جادی. ئه‌و هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری كورد به‌دیع باباجانه، یه‌كه‌مین شێوه‌كاری كورده كه به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی خوێندووه.
باباجان، له‌ڕێگای ئه‌و هێڵكارییانه‌ی كه كێشاوێتی بۆ شاعیره كلاسیكییه‌كانی كورد وه‌كو (نالی، سالم، مه‌وله‌وی، مه‌حوی، ئه‌حمه‌دی خانی، كوردی، حه‌ریق، حاجی قادری كۆیی و ..) توانی به‌هێزترین په‌یوه‌ندی نێوان هونه‌ری شێوه‌كاری و ئه‌ده‌بی كوردی دروست بكات.
به‌دیع باباجان كێ یه؟
هونه‌رمه‌ندی نیگاركێش به‌دیع حوسێن باباجان، ساڵی 1923ز له گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسم، له كه‌ركوك له‌دایك بووه، خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌سلێمانی ته‌واوكردووه، پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه كه‌ركوك و قۆناغی ناوه‌ندی له‌وێ ته‌واوكردووه. به‌شی شێوه‌كاری په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا ته‌واو ده‌كات، زیاتر له نیو سه‌ده له به‌غدا ژیاوه، یه‌كێكه له‌دیارترین هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كاری كورد.
ئاشنابون به‌ژیانی منداڵی
به‌دیع كوڕی حوسه‌ین باباجانه، دكتۆر حوسه‌ین باباجانی باوكی پزیشكی نه‌شته‌ركار بوو، له ئه‌سته‌نبوڵ پزیشكی خوێندبوو، له‌شاری كه‌ركوك خانوویه‌كی ته‌لار ئاسای هه‌بوو، پێوانه‌ی حه‌وشه‌كه‌ی پتر له دوو هه‌زار مه‌تر بوو، باخێكی ته‌ژی له پرته‌قاڵ و نارنج و سێ‌و و هه‌رمێ و ترێی تیا‌بوو، له‌و ماڵه گه‌وره‌یه‌دا كه دروستی كردبوو چه‌ند ژوورێكی ته‌رخان كردبوو بۆ بینینی نه‌خۆش، دیوه‌خانێكی گه‌وره‌شی هه‌بوو دۆستان و براده‌ران كه زۆرجار كۆڕی ئه‌ده‌بی تیاده‌به‌سترا، هه‌ر له‌منداڵیه‌وه له‌گه‌ڵ شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی هاوڕێ و هاوده‌م بوو. حوسه‌ین ئه‌فه‌ندی ژن دۆستبوو چه‌ند ژنێكی هه‌بوو، باوكی به‌دیع خانه‌واده‌یه‌كی زۆری به‌سه‌ره‌وه بوو فیكری له سبه‌ینێ نه‌ده‌كرده‌وه، چی ده‌ستبكه‌وتایه هه‌ر ئه‌و رۆژه خه‌رجی ده‌كرد، به‌دیع زۆربه‌ی ته‌مه‌نی منداڵیی له‌و ماڵه گه‌وره‌یه‌دا به‌سه‌ر ده‌بات.
به‌دیع له‌ته‌مه‌نێكی زوو له 5-6 مانگی‌دا باوكی كۆچی دوایی ده‌كات له‌سۆزی باوكی بێبه‌ش بووه، به‌و هۆیه‌وه خۆی و هه‌ردوو براكه‌ی و دایكیان له هه‌ژاری و نه‌هامه‌تیدا ژیاون. به‌دیع زۆربه‌ی ته‌مه‌نی منداڵیی له‌و ماڵه گه‌وره‌یه‌دا به‌سه‌ر ده‌بات كه به‌میراتی بۆیان به جێمابوو، له ئامێزی دایكه بێوه‌ژن و غه‌مباره‌كه‌یدا كه چه‌ند برایه‌كی كوژرابوون، به‌هۆی لاواندنه‌وه به كوڵ و به‌سۆزه‌كانییه‌وه شه‌یدای جیهانی ئاواز‌و گۆرانی و مۆسیقا ده‌بێت.
دیسان هه‌ر به منداڵی، له باغچه به‌رینه‌كه‌ی ماڵه‌كه‌یاندا هه‌ستی هونه‌ری شێوه‌كاری له ناخیدا سه‌رهه‌ڵده‌دات و ده‌چه‌سپێت و ئه‌ندێشه و هزری واڵاتر ده‌بن و، به‌درێژایی رۆژگار له كاغه‌زی ره‌نگاوره‌نگ شێوه‌ی گوڵ و گه‌ڵای دار، له قوڕی سوور په‌یكه‌ری فیل و باڵنده، له كارتۆن فڕۆكه‌و خانووی دروست ده‌كرد.
كاتێكیش به‌دیع ده‌چێته قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی له كه‌ركووك، هه‌مان حه‌زو خولیای هونه‌ریی خۆی بۆ ئه‌وێنده‌ر ده‌بات، له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی ده‌فته‌ره‌كه‌ی ره‌سمی چۆله‌كه‌و باڵنده‌ی ده‌كێشا، به‌و هۆیه‌وه رۆژێك یه‌كێك له مامۆستاكانی به‌تووڕه‌ییه‌وه ده‌ست ده‌خاته سه‌ر ده‌فته‌ره‌كه‌ی و به‌پیسترین قوتابیی وه‌سف ده‌كات!
به‌دیع به‌هه‌مانشێوه قۆناغی پاش سه‌ره‌تایی به‌سه‌رده‌بات و، له پیشانگاكانی وێنه‌دا به‌شداری ده‌كات و وه‌كو قوتابییه‌كی نیگاركێشی لێهاتوو ده‌ناسرێت. پاشان به‌دیعی به‌هره‌مه‌ند و عه‌وداڵی جیهانی هونه‌ر، ده‌چێته به‌غدا و له په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان ده‌خوێنێت و به‌پله‌ی زۆر باشه(امتیاز) ده‌رده‌چێت.
یه‌كه‌م كورده كه به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی هونه‌ری خوێندووه.
به‌دیع باباجان ساڵی 1945 چۆته په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدا، ئه‌گه‌رچی ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی هه‌بووه له‌به‌شی مۆسیقای كلاسیكی رۆژئاوایی وه‌ربگیرێت، به‌ڵام به‌بیانووی ئه‌وه‌ی نه‌یزانیوه نۆته بنوسێت له‌و به‌شه وه‌رنه‌گیراوه، بۆیه ناچار چۆته به‌شی وێنه‌كێشان و ساڵی 1950 سه‌ركه‌وتووانه په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدای ته‌واوكردووه.
به‌دیع ده‌رباره‌ی مامۆستاكانی له‌په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا ده‌ڵێت"له كه‌سانی هاوچه‌رخمان كه مامۆستا‌م بووبن مامۆستا فایه‌ق حه‌سه‌ن و له پاشان جه‌واد سه‌لیم، ئه‌مانه هونه‌رمه‌ندی به‌رز بوون، به‌ڵام مامۆستای كلاسیكم كه من خۆم حه‌زم له هونه‌ری كلاسكییه فایه‌ق حه‌سه‌نه كه كه‌ڵكی پێگه‌یاندم".
دوای ته‌واو كردنی خوێندن ، به‌دیع له‌به‌غدا سه‌رقاڵی تابلۆكێشی ده‌بێت، وه‌لێ هه‌ر جارێك تابلۆیه‌ك ده‌كێشێت دۆستێك ده‌هات و ده‌یبرد، ئیدی به‌و هۆیه‌وه وازی له‌و پیشه‌یه هێناو له‌گه‌ڵ دوو براده‌ریدا دوكانێكیان بۆ هێڵكاری و خۆشنووسی كرده‌وه.
به‌دیع باباجان"له‌منداڵیه‌وه خوا منی بۆ كلاسیك خه‌لق كردووه، تا شته‌كان به سروشتی خۆیان بگوازمه‌وه"
هونه‌ر لای به‌دیع باباجان
به‌دیع باباجان به‌درێژایی پتر له نیو سه‌ده (له چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه) ژماره‌یه‌كی زۆر تابلۆ‌و وێنه‌ی به‌نرخ و نایاب و سه‌رنجڕاكێشی كێشا، بۆ ناوه‌ڕۆك به‌رگی زۆر له گۆڤار‌و كتێبه ئه‌ده‌بییه كوردییه‌كان وه‌ك گۆڤاری گه‌لاوێژ و كتێبی مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیی سه‌جادی و ( اغانی كوردستان)ی مارف خه‌زنه‌دار و، دروشمی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد، كه به‌رگی گۆڤاری نوسه‌ری كوردی له یه‌كه‌م ساڵیدا پێ ده‌ڕازایه‌وه.
له‌باره‌ی هونه‌ر و كه‌سایه‌تی به‌دیع باباجان ده‌كرێت چه‌ند سه‌رنجێك بخه‌ینه ڕوو: یه‌كه‌م، له‌مێژووی هونه‌ری شێوه‌كاری كوردیدا، باباجان پێگه‌یه‌كی به‌رزی هه‌یه.
ده‌كرێت جۆری كاره‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده له‌دوو جۆر ڕیزبه‌ندی بكه‌ین، كه یه‌كه‌میان ئه‌و كاره هونه‌ریانه بووه كه بێ به‌رامبه‌ر ئه‌نجامی داون، جۆری دووه‌م ئه‌و كاره بازرگانیانه بووه كه بۆ بژێوی ژیانی ئه‌نجامی داون.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده بۆپه‌یداكردنی بژێوی ژیان، له‌شه‌قامی ڕه‌شیدی شاری به‌غدا له‌گه‌ڵ خۆشنوسێكی دیكه به‌ناوی مه‌هدی جبوری نوسینگه‌یه‌كیان به‌ناوی (الخگ العربی) داناوه و جێژوانی هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیرانی عیراق بووه.
وێنه هێڵكارییه‌كانی مێژووی ئه‌ده‌بی كورد
كه‌سێتی شاعیره كلاسیكییه‌كانی كورد پانتایه‌كی فراوانی له ئه‌ندێشه‌ی كه‌سێتی كوردی داگیركردووه، واتا ئه‌و هێڵكارییانه‌ی كه له‌كتێبی (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی)ی عه‌لائه‌دین سه‌جادی بڵاوكراوه‌ته‌وه و هۆكارێكی گرنگ بووه بۆ ناساندنی ئه‌و شاعیرانه ئه‌ویش له‌ڕێگای ئه‌ندێشه و داهێنانه‌كانی هونه‌رمه‌ندێكی به‌سه‌لیقه‌ی وه‌كو به‌دیع باباجان.
له‌وانه‌یه كه‌سێك پرسیاری ئه‌وه‌ی لادروست بێت، به‌دیع باباجان چۆن مه‌وله‌وی بینیوه وا وێنه‌ی كێشاوه؟ كێ ده‌ڵێت سالم ئه‌و ڕوخساره میهره‌بان و هێمنه‌ی هه‌بووه؟ حاجی قادری كۆیی بۆ ئه‌وه‌نده ڕوخسار په‌رۆش و بێ مروه‌ت دیاره؟ له‌كاتێكدا ئه‌م شاعیرانه وێنه‌یان نه‌ماوه تا ئه‌و هونه‌رمه‌نده بیكێشێت؟
وێنه‌ی به‌شی هه‌ره زۆری شاعیرانی كلاسیكی كوردی زاده‌ی بیر‌و ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و مه‌لا خوێنده‌واره‌ی كورده كه ناوی عه‌لائه‌دین سه‌جادییه، سه‌جادی به نامه شێوه روخساری شاعیرانی كلاسیكی كوردی بۆ باباجان نووسیوه و ئه‌و پۆرترێته‌كانی كێشاون.
به‌دیع له‌چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌رباره‌ی ئه‌و وێنانه‌ی بۆ كتێبه‌كه‌ی عه‌لائه‌دین سه‌جادی كه له‌ساڵی (1952) چاپ بووه به‌ناوی (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی) ده‌ڵێت:
"له‌ساڵانی دوایی چله‌كاندا ته‌كلیفی لێكردم كه له به‌غدا بووین، ته‌ركیزی ده‌خسته سه‌ر وه‌سفی سه‌رو سیمایان، به‌تایبه‌ت هی حاجی قادری كۆیی زۆر ماندووی كرد تا وه‌سفی سه‌ر و سیمای دۆزیه‌وه، ڕۆژێك پیاوێكی زۆر به ته‌مه‌نی دیبوو كه خۆی حاجی قادری به چاوی خۆی دیبوو، عه‌لائه‌دین سه‌جادی له خۆشی‌دا وه‌خته‌بوو باڵ بگرێ، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و وه‌سفه سكێچی یه‌كه‌م و دووه‌می په‌یكه‌ره‌كه‌ی حاجی قادرم كێشا".
به‌دیع هێڵكاری چه‌ندین شاعیری كوردی كێشاوه له‌وانه ( مه‌لای جه‌زیری، بێسارانی، ئه‌حمه‌دی خانی ، نالی ، سالم ، مه‌وله‌وی ، مه‌لای جه‌باری ، سه‌ی یاقۆ ، كوردی، بێسارانی، بابا تاهیری هه‌مه‌دانی، فه‌قێ ته‌یران، پرتو هه‌كاری، حاجی قادری كۆیی ، مه‌حوی ، سالمی سنه، مه‌جدی ، ، ئه‌ده‌ب ، خانای قوبادی، زێوه‌ر، لوتفی، حه‌ریق، شێخ ره‌زای تاله‌بانی).
له‌سه‌ر چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی بۆری قاوه‌یی، به قه‌ڵه‌مێكی ره‌نگ سووری قه‌ترانی، به ده‌ستوخه‌تێكی پڕ و وشه‌ی ورد و نزیك له‌یه‌كتری، له‌ساڵی 1950 كه تازه به‌دیع باباجان په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی ته‌واو كردووه، سه‌جادی له نامه‌یه‌كی چه‌ند لاپه‌ڕه‌ییدا به‌شێوازی سیناریۆی فیلم و كێشانه وێنه به وشه، داوا ده‌كات ئه‌م هونه‌رمه‌نده كورده وێنه‌ی پۆرترێتی شاعیرانی كلاسیكی كوردی بكێشێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ باسكردنی ئه‌و شاعیرانه‌دا له كتێبه به‌نرخه‌كه‌یدا ( مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی) وێنه ئه‌و شاعیرانه دابنێت، سه‌جادی ئاوا وه‌سفی شاعیرانی بۆ به‌دیع باباجان كردووه:
سالم 1800- 1866 ته‌مه‌نی 66 ساڵه، پیاوێكی لاواز بووه، باڵ به‌رز بووه، ڕوومه‌تی پان، سمێڵی ئه‌ستوور، لووتی درێژ، ڕیشی تاشیوه، مشكی و جامانه‌ی به‌شێوه‌ی سلێمانییانه به‌ستوه. چاوی گه‌وره بووه.
مه‌لای جه‌باری 1806- 1876 ته‌مه‌ن 70 ساڵ، خه‌ڵكی وڵاتی كه‌ركوك، پیاوێكی باڵابه‌رز، باریكه‌له، سه‌ری زل بووه، ده‌موچاوی درێژكار و چاوو برۆی ڕه‌ش بووه، پاشان برۆی سپی بووه، چاوی زل بووه، برژانگ كورت بووه، ڕیش ته‌نك و قه‌ڵه‌می كردووه، سمێڵ و چه‌ناگه‌ی درێژ بووه، كه‌وا و سه‌ڵته‌ی له‌به‌ر كردووه له‌گه‌ڵ عه‌با و جه‌مه‌دانی به‌شێوه‌ی وڵاتی كه‌ركوك له‌سه‌ر پۆشیوه.
مه‌حوی 1830- 1904 ته‌مه‌ن 74 ساڵ، پیاوێكی به‌دیمه‌ن بووه، سوور و سپی بووه، چاو گه‌وره و برژانگ زۆر درێژ نه‌بووه، قه‌ڵه‌و بووه، مێزه‌ری كوردانه‌ی له‌سه‌ر ناوه، كه‌وا و سه‌ڵته و جبه‌ی له‌به‌ركردووه، لووتی به‌رانی بووه، ڕیشه‌سپییه‌كه‌ی قه‌ڵه‌م نه‌كردووه، به ئه‌ندازه‌ی دوو په‌نجه ده‌یهێشته‌وه، سه‌ر گۆناكای به‌رز بووه و باڵا به‌رز بووه.
كێشانی وێنه‌ی شاعیرانی به‌رزی وه‌ك نالی و سالم و مه‌وله‌وی و مه‌حوی و حاجی قادری كۆیی و ئه‌حمه‌دی خانی و..، كارێكی سایكۆلۆجی و كۆمه‌ڵایه‌تی گرنگ بوو له دروستكردنی سیما و ئه‌دگاری هه‌ڵكه‌وتووانی كورد له ئه‌ندێشه‌ی تاكی كورد.
دیزاینی دراوی عیراقی كردووه
یه‌كێ له‌و كاره گرنگانه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده كورده كردوویه‌تی، وێنه‌كێشان و دیزاینی دراوی كانزایی عێراقی بووه كه له ساڵی 1967 له‌لایه‌ن بانكی مه‌ركه‌زیی عێراقه‌وه وه‌ك تاكه هونه‌رمه‌ندێك له‌سه‌ر ئاستی عێراق هه‌ڵبژێردراوه. كه بریتی بوون له دراوی ( 5 فلس، 10 فلس، 25 فلس، 50 فلس، 100 فلس، 250 فلس، 500 فلس، 1 دینار). باباجان وێنه‌و نه‌خشه‌كانی كێشاوه خۆشنوسێكیش نووسینی سه‌ر ئه‌و دراوانه‌ی نوسیوه.
هه‌روه‌ها یه‌كێ بووه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه نێردراون بۆ خولی نه‌خشه‌سازی له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی عیراقی‌دا له‌ساڵی 1964 چوونه‌ته سویسرا به‌ڵام ته‌نها هونه‌رمه‌ند به‌دیع باباجان له‌خوله‌كه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه.
به‌دیع باباجان وه‌ك فه‌رمانبه‌رێكی هونه‌ری له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی مه‌ساحه‌ی گشتی له‌به‌غدا دامه‌زراوه، هۆكاری دامه‌زراندنی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هونه‌رمه‌ند له یه‌كه‌مه‌كانی به‌شه‌كه‌ی خۆی بووه و ده‌ست ڕه‌نگین بوو له هێڵكاریدا، له‌به‌ر لێهاتوویی ساڵی 1973 به‌مامۆستای به‌شی خۆشنوسی و زه‌خره‌فه له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدا دامه‌زراوه و ماوه‌ی چوار ساڵ به‌رده‌وام بووه.
به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی
یه‌كێك له‌و هێڵكارییانه‌ی كه به‌دیع باباجان به‌یه‌كێك له كاره سه‌ركه‌وتووه‌كانى خۆی ناوی ده‌هێنا، تابلۆی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی بووه. كه كتێبی شه‌ره‌فنامه‌ی پێڕازاوه‌ته‌وه و ئه‌وپه‌ڕی به‌هره‌مه‌ندی و ئه‌ندێشه فراوانی و ورده‌كاری ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌ده‌رده‌خات.
هه‌ژاری موكریانی كاتێك تازه كه له وه‌رگێڕانی كتێبی (شه‌ره‌فنامه) بووه‌وه، داوای وێنه‌كێشانی پۆترێتی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی لێكردووه و ئه‌ویش پۆترێته‌كه‌ی بۆ دروست كردووه، هه‌ژار هێنده‌ی تێكستی شه‌ره‌فنامه به‌و وێنه‌یه‌ی شه‌ره‌فخان دڵخۆش بووه.
به‌دیع باباجان ساڵی 1939 – 1949 وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاو هێڵكاری و وێنه‌ی گۆڤاری گه‌لاوێژی كێشاوه و ساڵی 1948 – 1949 له‌گۆڤاری نزاردا به‌هه‌مان شێوه ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه. ساڵی 1970 نه‌خشه‌ی دروشمی یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد و وێنه‌ی به‌رگی چه‌ندین په‌رتوكی كێشاوه له‌وانه به‌رگی (یادگار و هیوا)ی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، هێڵكاری گۆڤاره‌كانی گه‌لاوێژ، نزار، به‌یان، به‌رگی كتێبی (بۆ كوردستان)ی هه‌ژار موكریانی ( أغانی كوردستان: مارف خه‌زنه‌دار) ، شه‌هیدانی قه‌ڵای دمدم كه "كۆمه‌ڵه چیرۆكێكی كوردی یه" مسته‌فا ساڵح كه‌ریم نوسیویه‌تی، دیوانی شیعری سه‌لام و دیوانی بێخود و وێنه‌كانی په‌رتووكی كوردی " ئه‌لف و بێ ی نوێ " و كتێبی پێكه‌نینی گه‌دا و چه‌ندین كتێبی تر.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده تا دوا ساته‌كانی ژیانی به‌رده‌وام بووه له هونه‌رو كاری هونه‌ری و داهێنانی، كار‌و چالاكی ئه‌م هونه‌رمه‌نده له وێنه‌ی دیزاین و به‌رگ و مۆر‌و پاره‌و پۆرترێت و خۆش نووسی تا ده‌گاته به‌رگ و وێنه‌ی ده‌م چاوه‌كان. وێنه‌ی سه‌رۆكی عێراق عه‌بدولكه‌ریم قاسمی كێشاوه به ره‌نگاو ره‌نگ وه زۆر كه‌سایه‌تی تریش . نوسه‌ر و رۆژشنبیرانی كورد داوای وێنه‌ی هێڵكارییان له به‌دیع ده‌كرد بۆ به‌رگی كتێب و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیه‌كانیان.
به‌دیع باباجان شاعیریش بووه و چه‌ندین شیعری به كوردی و عه‌ره‌بی و فارسی نوسیوه. له‌خۆشنوسیشدا ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه و چه‌ند په‌رتوكێكی به خه‌تێكی خۆش نوسیووه. ئه‌ندانی خۆشنووسانی عێراقی بووه.
70 وێنه ره‌نگاوڕه‌نگی بۆ كتێبی ئه‌لف و بێ ی كوردی كێشاوه
ئه‌لف و بێ ی كوردی مامۆستا (ئه‌مین باڵدار) چاپی 1957 هه‌موو وێنه‌كانی له‌لایه‌ن به‌دیع باباجانه‌وه كێشراون و دواتر لاسایی وێنه‌كانی كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌بی ئه‌وه‌ی یه‌ك كه‌س ئاماژه به‌ناوی به‌دیع باباجان بدات، له‌م چاپه‌دا هونه‌رمه‌ند (70) وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگی بۆ دارا دوو داری دی و مێوژی مام زۆراب و دۆی داده رژاوه و زۆری تر كێشاوه.
له سه‌ره‌تای په‌نجاكاندا ناوبانگی په‌یداكرد
مارف خه‌زنه‌دار له نوسینێكا ده‌ڵێت، ئه‌گه‌رچی له ده‌وروبه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانی و پاش جه‌نگ به‌دیع وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی شێوه‌كاری كورد ناوبانگی په‌یداكردبوو، به‌وه‌ی هه‌ندێ له به‌رهه‌مه‌كانی له رۆژنامه‌و گۆڤاری كوردی بڵاوده‌كرده‌وه. به‌تایبه‌تی له گۆڤاری گه‌لاوێژ، نزار، به‌ڵام ناوبانگی ته‌واوی له سه‌ره‌تای په‌نجاكاندا په‌یداكرد، له‌وكاته‌وه‌ی وێنه‌ی هێڵكاری كۆمه‌ڵێك له شاعیرانی كلاسیكی كوردی كێشا بۆ كتێبی مێژوی ئه‌ده‌بی كوردی، له‌سه‌ر داوای عه‌لائه‌دین سه‌جادی.
به‌دیع باباجان و سه‌جادی، ماوه‌یه‌كی زۆر خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه بوون له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌كان نزیكی ڕاستی ئه‌و سه‌رده‌مه بن كه شاعیره‌كان تیایدا ژیاون، له ڕووی كه‌سایه‌تی چۆنێتی ڕووخسار و جلوبه‌رگیان و شێوه‌یان، گومانی تێدا نییه ئه‌و كۆمه‌ڵه وێنه هێڵكارییه شۆڕشێك بوو له مێژووی هونه‌ری شێوه‌كاری كوردیدا.
بۆ پاره و پولی نه‌بووه
به‌دیع بۆخۆیشی چاوه‌ڕێی هیچ پاداشت و نرخ وه‌رگرتنێكی نه‌كردووه له به‌رامبه‌ر ئه‌و وێنه و تابلۆ هونه‌رییانه‌ی كێشاویه‌تی. ئه‌وه‌تا وه‌ك خه‌زنه‌دار نوسیویه‌تی : ( به‌دیع باباجان بڕیاریدابوو هه‌رچی كارێكی هونه‌ری په‌یوه‌ندی به كورده‌وه هه‌بێت، تا ژیانی ماوه به‌خۆڕایی و بێ پاره ده‌یكا، له‌به‌رئه‌وه كاره هونه‌رییه‌كانی له نوسینگه دوو جۆر بوون. یه‌كێكیان داهێنانی هونه‌ریی، ئه‌مه‌یان بێ پاره بوو، ئه‌ویتر كاری ته‌مغه‌و ماركه‌ی بازرگانی بۆ ده‌زگاو كۆمپانیا و خه‌ڵكیتر، ئه‌مه‌شییان بۆ پاره‌بوو له پێناو سوكردنی باری دارایی خێزانیی بوو.
پاره‌ی بۆ ره‌سمه‌كانی بۆ كتێبی كوردی وه‌رنه‌ده‌گرت
شێركۆی كوڕی هه‌ژار موكریانی ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند نوسیویه‌تی"به‌دیع باباجان، ئه‌و هه‌موو ره‌سمه نایابانه‌ی بۆ شاعیرانی كتێبی مێژووی ئه‌ده‌به‌كه‌ی بۆ كێشا، مه‌لای جزیری، خانی، نالی، مه‌وله‌وی، سه‌ی یاقو، حاجی، هیچ پاره‌شی بۆ ئه‌وه له سه‌جادی داوا نه‌كرد. به‌دیع پاره‌ی بۆ ره‌سمه‌كانی بۆ كتێبی كوردی وه‌رنه‌ده‌گرت، به‌ڵام سه‌جادیش هیچی له‌و رووه‌وه له‌گه‌ڵدا باس نه‌كرد. خه‌ڵك به سه‌جادییان ده‌گوت: "مامۆستا، نوسخه‌یه‌ك له كتێبه‌كه‌تی بده‌یه، با ره‌سمه‌كانی به‌رهه‌می خۆی ببینێت". سه‌جادی به توڕه‌ییه‌وه وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه: "با بیكڕێت باوكم، خۆ من خه‌زنه‌م نه‌دۆزیوه‌ته‌وه!". به‌دیع نه‌ده‌چووه دوكانی ئوستاد به‌شیر موشیر و، نه‌یده‌زانی ئه‌و كتێبه له‌كوێ ده‌فرۆشن و، زۆری مه‌راق بوو بیكڕێت، تا كه‌سێك پێی گوت ئه‌وه‌تا له فڵانه دووكان ده‌یفرۆشن و ، ئیتر چوو له‌وێ كڕی.
نوسه‌ر و روناكبیر محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم، كه ئه‌م هونه‌رمه‌نده براده‌ری چه‌ند ساڵه‌ی بووه له به‌غدا، ئاوا باسی به‌دیع باباجانی كردووه:" به‌دیع مرۆڤێك بوو، ڕوخسارێكی عاریفانه‌ی هه‌بوو، به‌ڕیشه چه‌رمووه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ دوو چاوه سه‌وزه‌كه‌ی له ژیان و هونه‌ری ده‌ڕوانی..
زۆرجار ڕۆژانه ده‌چووم بۆ لای به‌دیع باباجان له به‌غدا، كه‌مێك قسه‌م ده‌كرد و باسی هونه‌ر و ڕۆشنبیریمان ده‌كرد، به قه‌ڵه‌مێكی ره‌ساس و خه‌ریكی تابلۆ كێشان، یان خه‌ریكی خۆشنووسی بوو، جار جار به‌ده‌م قسه‌كانیه‌وه پێی ده‌وتم، كاكه حه‌مه سه‌یرێكی ئه‌م تابلۆ تازه‌یه‌م بكه بزانم به‌دڵته؟".
محمدی مه‌لا كه‌ریم له‌درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا له گۆڤاری (ره‌نگین) دا له‌ژێر ناونیشانی (هه‌ناسه‌یه‌كی سارد – ئاهێكی گه‌رم) دا نوسیوێتی" سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵه پاشكه‌وتوه‌كه‌ت ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ نه‌ڕه‌خساندبووی ئۆتۆمبێلێكی ساده و بچكۆڵه‌ت پێ بێ بچیته سه‌ر كاره‌كه‌ت و بگه‌ڕێیته‌وه ماڵه‌كه‌ت. به‌ڵكو ئه‌وه‌نده‌یشی بۆ نه‌ڕه‌خساندبووی پاش پتر له په‌نجا ساڵ خزمه‌ت خانوویه‌كت هه‌بێ به‌دڵێكی بێ خه‌مه‌وه شه‌وی تیا رۆژ بكه‌یته‌وه..".
ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌درێژایی ته‌مه‌نی پڕ له داهێنان و كۆشش و خزمه‌تی تاكۆچی دوایی به ئارامی و بێده‌نگی له ساڵی1996 ، و خزمه‌تێكی مه‌زنی به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی كرد
به‌دیع باباجان ڕۆژی 15 ی تشرینی دووه‌می ساڵی 1996 بۆدواجار ماڵئاوایی له‌ژیان كردووه و له‌شاری به‌غدا به‌خاك سپێردراوه.
سه‌رچاوه:
1- به‌دیع باباجان: ئاماده‌كردن و كۆكردنه‌وه‌ی به‌ختیار سه‌عید
2- مێژووی هونه‌ری شێوه‌كاری له‌كوردستاندا: فه‌رهاد پیرباڵ
3- مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی: عه‌لائه‌دین سه‌جادی
4- (به‌دیع باباجان.. هێڵێك رۆخسارمان ده‌كێشێت): كامه‌ران سوبحان ، ڕۆژنامه‌ی باس، ژماره (196) – 1/7/2014
5- (بارزانی – هه‌ژار و هه‌ژار و چه‌ند كه‌سێك): شێركۆ هه‌ژار