05:49 - 18/07/2019
ڕه‌گی تاكڕه‌وى و جیابوونه‌وه له‌هه‌ناوى یه‌كه‌م حیزبی كوردییه‌وه
حیزبی هیوا كه سه‌ره‌تاكه‌ی به‌ناوی كۆمه‌ڵه‌ی(داركه‌ر) كهوتهسهرپێ، ساڵی ١٩٣٧ له‌شاری كه‌ركوك كۆمه‌ڵێك گه‌نجی رۆشنبیر و خوێندكاری ئاماده‌یی دایانمه‌زراند، ئه‌وكاته له‌كوردستاندا قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی نه‌بوو، ئه‌وه‌ی خوێندنی ناوه‌ندی ته‌واو ده‌كرد ده‌هات بۆ كه‌ركوك یان به‌غدا. له‌به‌رئه‌وه كه‌ركوك بووبووه ناوه‌ندێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی خوێندكارانی كورد. كۆمه‌ڵه‌ی(داركه‌ر) له‌سه‌ره‌تادا نهرێكخستنێكی پته‌وو نهپهیڕهوێكی ناوخۆی هه‌بوو، هه‌ڵوێستێكی كوردانهبوو بۆ یه‌كێتی كوردستانی گه‌وره.
سه‌ره‌تا كه‌سه دیاره‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه هه‌ریه‌ك له (یونس ره‌ئوف ناسراو به دڵداری شاعیر، كاكه حه‌مه‌ی خانه‌قا، بورهان جاف، موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی و خوێندكارێكی خه‌ڵكی هه‌ولێر) بوون.
كاتێ كۆمه‌ڵه‌كه گه‌وره‌بوو، به‌تایبه‌تی له‌نێو خوێندكاران و رۆشنبیران، به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و هه‌موو ئه‌ندامه له‌توانای ده‌سته‌ی دامهزرێنهرنهمابوو، بۆیه بڕیاردرا له حوزه‌یرانی ساڵی (١٩٣٨) كۆنگره‌یه‌ك ببه‌سترێت، له‌وكاته‌دا ته‌واوی خوێندكارانی كورد بۆ تاقیكردنه‌وه ده‌چوونه كه‌ركوك. دوای تاقیكردنه‌وه‌كان كۆنگره‌یه‌ك بۆ چاره‌نوسی كۆمه‌ڵه‌كه به‌سترا. له‌و كۆنگره‌یه كه شه‌ست ئه‌ندام به‌شداربوون، بڕیاردرا كۆمه‌ڵه‌كه بكرێته حیزبێكی سیاسی.
كێیان هه‌ڵبژارد به‌سه‌رۆك؟
بۆئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌ك دیاریبكرێت بۆ سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه، ناوی چه‌ند كه‌سێك هه‌بوون، له‌وانه، ئه‌مین زه‌كی به‌گ كه له‌وكاته‌دا وه‌زیری ئابوری بوو، تۆفیق وه‌هبی، جه‌مال بابان، مه‌عروف چاوگ، ره‌فیق حیلمی، كه له‌وكاته‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماده‌یی كه‌ركوك بوو.
له‌كۆنگره‌كه ته‌واوی ده‌نگه‌كان بۆ ره‌فیق حیلمی بوون ببێته سه‌رۆكی حیزب، چونكه كه‌سایه‌تییه‌ك بوو له‌هه‌مووان نزیك بوو، له‌ڕووی سیاسیشه‌وه له‌هه‌موویان پاكتربوو، ئه‌ویش قبوڵی كرد. بۆ دانانی ناوی حیزبه‌كه، ره‌فیق حلیمی پێشنیارێكی هه‌بوو، پێی وتن ناوی ئه‌م حیزبه ده‌نێین (هیوا) ئه‌ویش بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی (هێڤی).
ره‌فیق حیلمی یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه سیاسی، رۆشنبیر و ناوداره‌كانی كورده، كه ساڵی ١٨٨٩ له‌شاری كه‌ركووك له‌دایكبووه، حیلمی به‌هۆی چالاكییه ئه‌ده‌بی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كانیه‌وه، وه‌ك ناوێكی زیندووماوه‌ته‌وه.
ره‌فیق حیلمی ساڵی (١٩٣٧-١٩٤٥)سه‌رۆكی حیزبی هیوابوو. له‌و حیزبه‌دا به (سه‌رۆكی باڵا) ناوده‌برا. حیزبه‌كه زۆربه‌ی خوێنده‌وارو ئه‌فسه‌رو كاسبكار‌و كۆمه‌ڵێك سه‌رۆك عهشیرهتو كوێخادێی كوردی كۆكردبووه‌وه. پێش ئه‌وه كورد حیزبێكی به‌و فراوانی‌و رێكخراوی یه نه‌بووه. به‌ڵام رێكخستنی ئه‌و حیزبه نه‌گه‌یشته ناو فه‌لاح و كرێكارانی كورد.
حیزبی هیوا له‌و رۆژگاره‌دا، له‌رووی بیروبۆچوونه‌وه دابه‌ش بووبوو به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا:
یه‌كه‌میان: ئه‌مه‌یان زیاتر لای ئه‌و كه‌سایه‌تی و ئه‌ندام و لایه‌نگرانه‌وه سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرت، كه بیروڕای چه‌پگه‌رایان هه‌بوو، وایان لێكده‌دایه‌وه كه ئه‌بێ پارتی هیوا، بۆ زیاتر گه‌شه‌كردن و پاڵپشتیكردنی ڕیزه‌كانی پشت به‌به‌ره‌ی سۆشیالیستی و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ببه‌ستێت.
دووه‌م: ئه‌مه‌ی دوایی كه به‌زۆری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی باڵای حیزبی هیوا ره‌فیق حیلمی، پێی له‌سه‌ر داده‌گرت به‌باڵی راست ناسرابوو، ئه‌مانه قه‌ناعه‌تیان وابوو كه یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له‌كوردستانه‌وه دووره، ناتوانێت یارمه‌تی گه‌لی كورد بدات.
حیزبی هیوا هه‌رچه‌نده جه‌ماوه‌رێكی زۆری هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌ندامانیان له‌سه‌ر ئه‌وه هان نه‌دابوو خه‌بات دژی حكومه‌تی عێراق و به‌ریتانییه‌كان بكه‌ن. دهشتوانرا ئه‌وه بكرێت، به‌ڵام سه‌رۆكی حیزب وایداده‌نا كه كورد له‌ڕێگه‌ی به‌ڕیتانیاوه ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆبوونی خۆی وه‌ربگرێت و به‌ریتانیاش داوای هێمنكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌كرد.
ئه‌مه‌ش وایكردبوو باڵی چه‌پی حیزبی هیوا، كه به‌رده‌وام داوای دورخستنه‌وه‌ی ره‌فیق حیلمی یان دهكردو تۆمه‌تباریان ده‌كرد به‌وه‌ی كه به‌هۆی ئه‌وه‌وه حیزب كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری ئینگلیزه‌وه، ئه‌مان پێیانوابوو ده‌بێت حیزب داوای هاوكاری و پشتیوانی له‌سۆڤییه‌ت بكات.
دهشیانگووت ده‌بێت هیوا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی له شۆڕشی بارزان بكات، له‌ژێركاریگه‌ری ئه‌م باڵهشدا حیزبی هیوا به‌یاننامه‌ی پشتگیری‌و پاڵپشتی بۆ بۆ شۆڕشی بارزان ده‌ركرد، بریاریدا پشتگیری له‌و ڕاپه‌رینه بكات.
ره‌فیق حیلمی سه‌رۆكی موقه‌ده‌سی باڵا
دوای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی داركه‌ر بووه حیزبی هیوا و ره‌فیق حیلمی كرایه سه‌رۆك، ناكۆكی كه‌وته نێوان ره‌فیق حیلمی و لیژنه‌ی ناوه‌ندی. به‌شێك له‌ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی داركهران چوون بۆ به‌غدا و له‌وێ لیژنه‌ی ناوه‌ندی حیزبی هیوایان دامه‌زراند. له‌وكاته‌دا نه خوێندكاره‌كان توانایه‌كى وایان هه‌بوو به نه‌رمی بجوڵێنه‌وه، ئه‌وه‌ش بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێك له لیژنه‌ی ناوه‌ندی په‌راوێز بخرێن.
بیری نازیه‌ت و شێوه‌ی سڵاوی هیتله‌ر له‌ناو حیزبی هیوا
ڕه‌فیق حیلمی گه‌یشته ئاستێك كه سه‌رۆكی باڵای حیزبه، له‌وكاته‌شدا بیرۆكه‌یه‌كى نازیه‌تیش هه‌بوو، هه‌رچه‌نده حیزبی هیوا په‌یوه‌ندی بهنازییهتهوه نه‌بوو، به‌ڵام وه‌كو ته‌قلیدی ئه‌وان كاتێك ده‌گه‌یشتنه ره‌فیق حیلمی، ده‌یانگوت بژی سه‌رۆكی موقه‌ده‌سی باڵا. ئه‌وه بووه هۆكاری دروستبوونی نیگه‌رانی له‌ناو لیژنه‌ی ناوه‌ندی، چونكه ره‌فیق حیلمی خۆی بڕیاری ده‌داو خۆی جێبه‌جێی ده‌كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ لیژنه‌ی ناوه‌ندی حیزب.
دواتر ره‌فیق حیلمی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی له‌ده‌وری خۆی خۆی كۆكرده‌وه كه خۆی چی بوتایه هه‌رئه‌وه ده‌بوو. كاتێكیش ره‌فیق حیلمی بوو موفه‌تیشی سلێمانی و باره‌گای له‌وێ بوو، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ناوه‌ندی كه له‌به‌غدا بوون به‌ته‌واوه‌تی دابڕابوون. له‌مه‌ولا نه كۆنگره‌و هه‌ڵبژاردنیش نه‌كرا، لێپرسراوان له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه دانران و هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌ویشه‌وه لاده‌بران.
سوێندخواردن به‌قورئان و ده‌مانچه‌و وێنه‌ی ره‌فیق حیلمی
سیاسه‌تمه‌دار و رووناكبیری كورد برایم ئه‌حمه‌د، له‌باره‌ی هیوا و ره‌فیق حیلمى-یه‌وه، له‌بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌ڵێت:"رۆژێك براده‌رێكم هه‌بوو، له ته‌مه‌نا له من گه‌وره‌تر بوو، ناوی (ره‌شید عارف)بوو، بانگی كردم و گووتی: له ماڵی ئێمه میوانداریی ئه‌كه‌م بۆ ئه‌مین ره‌واندوزی و براده‌رانی ترم، تۆیش وه‌ره بۆ ئه‌وێ،. منیش چووم بۆ میواندارییه‌كه، ته‌ماشام كرد، دانیشتووه‌كان به جۆرێكن واتا ته‌مه‌نیان جیاواز بوو. له‌دواییا ده‌ركه‌وت ئه‌مه یه‌ك دوو كه‌سی تازه‌یان هێناوه، كه ببن به ئه‌ندام له حیزبی هیوا، له‌وه‌وپێشیش بیستبووم كه حیزبێك دروستبووه به‌ناوی حیزبی(هیوا) وه. منیش زانیارییه‌كی ئه‌وتۆم تا ئه‌و دانیشتنه، ده‌رباره‌ی ئه‌و حیزبه نه‌بوو. منیان برده ژووره‌وه، لاموایه وه‌كو بیرم بێ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی سوێندیان ئه‌دا (عبدالله سامی) بوو، برای (فه‌خری سامی). ئه‌مین ره‌واندزی، گووتی: بله ئه‌بێ تۆش ببی به ئه‌ندام گووتم: وه‌ڵڵاهی من هێشتا له هیچ حیزبێكا نیم.
ئه‌وه یه‌كه‌مین جار بوو كه له كوردستاندا، شتێ به‌ناوی حیزبه‌وه دروستبێت. ئه‌وانی پێشووتر، یا (جه‌معیه‌ت) یا (كۆمه‌ڵه) یان پێئهگووت. واته یه‌كه‌مین جار رێكخراوێكی سیاسی به‌ناوی حیزبه‌وه (هیوا) بووه. گووتم: با بزانین. گووتی: باشه تۆیش دابنیشه بزانه چۆنه. گووتم: پرۆگرامهكهتانم بده‌نێ، نووسراوهكانتانم بده‌نێ. گووتیان: وه‌ڵڵا نیمانه. بۆ سوێندخواردن، قورئانێك، وێنه‌یه‌كی مامۆستا ره‌فیق حیلمی و ده‌مانچه‌یه‌ك دانرابوون. ئه‌بوو سوێند به‌و سێیانه بخورێت و بگوترێت كه سوێند ئه‌خۆم كه خیانه‌ت له كورد ناكه‌م! من ئه‌مه‌م بینی، ئیتر دوایی ئه‌وه گۆڕا یاخود نه‌خێر، من ئه‌مه نازانم. بۆیه پێمگووتن ئه‌گه‌ر پرۆگرام نه‌بێ و ئه‌م شێوه قهسهمو سوێندخواردنه‌ش هه‌بێت، من ئه‌مه ناكه‌م".
كاتێك ده‌گه‌یشتنه ره‌فیق حیلمی، ده‌یانگوت بژی سه‌رۆكی موقه‌ده‌سی باڵا
كێشه‌كه بریتی‌بوو له‌نه‌بوونی دیموكراسی له‌ناوحزبدا. تاكڕه‌وی ره‌فیق حیلمی وه‌ك سه‌رۆكی حیزب گه‌یشتبووه ئاستێك به‌كه‌یفی خۆی بڕیاریده‌دا، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ لیژنه‌ی ناوه‌ندی، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی چه‌ندین كه‌سی دیاری ناو حیزب، به فه‌رمانی ره‌فیق حلیمی له هیوا ده‌ركران، یاخود دوورخرانه‌وه له‌بڕیاردان، له‌وانه دڵداری شاعیر كه خۆی یه‌كێ بوو له‌و كه‌سانه‌ی بناغه‌ی حیزبی هیوایان دامه‌زراند، كاكه حه‌مه‌ی خانه‌قا كه‌سێكی چالاكی حیزب و پله‌و پایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو خه‌ڵكی كه‌ركوك دا ناسرابوو، یه‌كێ بوو له‌بنه‌ماڵه‌ی خانه‌قا و كوڕی سه‌ید ئه‌حمه‌دی خانه‌قابوو.
موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی بۆچی له‌حیزب ده‌ركرا؟
هه‌روه‌ها وه‌ك موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی له‌یاداشته‌كانیدا ئاماژه‌ی پێداوه و ده‌ڵێت"له‌به‌رئه‌وه‌ی مساوهمهیهكی ره‌فیق حیلمی-م ئاشكرا كرد، له حیزبی هیوا ده‌ركرام".
موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی خۆی یه‌كێک بووه له‌ئه‌ندامه دیاره‌كانی حیزبی هیوا، بیروبۆچوونی چهپڕهوانهو ماركسیی هه‌بووه، كه‌و له‌وكه‌سانه بووه به شیوعییه‌كانی ناو حیزبی هیوا ناسرابوون. تاڵه‌بانی به‌م شێوه‌یه باس چۆنێتی ده‌ركردنی له‌حیزب له‌لایه‌ن ره‌فیق حیلمی یه‌وه ده‌كات و ده‌ڵێت.
"من له‌ساڵی (١٩٤٥)دا بهڵگهنامهیهكم ده‌ستكه‌وت، كه بریتی‌بوو له مساوهمهیهك له‌نێوان ره‌فیق حیلمی و ماجید مسته‌فا. ماجید مسته‌فا ئه‌وكاته كردیانه وه‌زیری ده‌وڵه‌ت به‌و مه‌به‌سته‌ی بتوانێت بكه‌وێته نێوان حكومه‌تی عیراق و بارزانییه‌كان. ماجید مسته‌فا له‌حكومه‌ت بترازایه هیچ توانایه‌كی دیكه‌ی نه‌بوو، ده‌یوست له‌حیزبی هیوا نزیك بێته‌وه، ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌یان بۆ من هێنا، براكه‌ی ماجید كاغه‌زێكی له‌سه‌ر له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی براكه‌ی هه‌ڵگرتبوو بۆ منی هێنا، گوتی ئه‌وه وه‌ڵامی نامه‌یه‌كه كه ره‌فیق حیلمی بۆ كاكمی نوسیوه، وادیاره ماجید مسته‌فا داوای ئه‌وه‌ی كردووه ببێته جێگری حیزبی هیوا، ئه‌ویش ڕێگه خۆش بكات ره‌فیق حیلمی ببێته وه‌زیر. ره‌فیق حیلمی له‌نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت (من مانیعم نییه تهشریكی مهساعی له‌گه‌ڵ تۆدا بكه‌م، به‌ڵام ماجید تۆ ئه‌وه‌نده درۆت له‌گه‌ڵ مندا كردووه بڕوام پێت نه‌ماوه). من ئه‌و كاغه‌زه‌م ته‌سلیمی لیژنه‌ی ناوه‌ندی (مه‌ركه‌زی) حیزبی هیوا كرد‌و داوام كرد لێكۆڵینه‌وه بكرێت، چۆن ره‌فیق حیلمی له‌پشتی لیژنه‌ی ناوه‌ندییه‌وه كاری له‌و جۆره ده‌كات".
به‌وته‌ی موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی، لیژنه‌ی ناوه‌ندی ئه‌و كاته له‌ژێر هەژموونی ره‌فیق حیلمی دابوو، له‌بری ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌و بابەتە بكرێت، دایانه ره‌فیق حیلمی و ئه‌ویش خۆی لیژنه‌یه‌كی دانا بۆ دادگاییكردنی من و چه‌ند كه‌سێكی دیكه، لیژنه‌كه بڕیاریاندا ئه‌م كاغه‌زه هه‌ڵبه‌ستراوه‌و بڕیاریاندا من و بیست كه‌س لهشیوعییهكان له‌حیزبدا ده‌ركران".
سه‌رۆك تاكڕه‌وانه بڕیاری ده‌دا
ئه‌ندامانی هیوا ڕه‌خنه‌یان هه‌بوو له‌م بڕیارانه‌ی سه‌رۆكی حیزب و پێیان وابوو ئه‌مه جۆرێكه له تاكڕه‌وی و دیكتاتۆری.
ناكۆكی دڵداری شاعیر وره‌فیق حیلمی ئه‌وه بوو كه سه‌رۆكی حیزب تاكڕه‌وانه بڕیار ده‌دا، دڵدار و كاكه حه‌مه‌ی خانه‌قا و بورهان جاف له‌به‌غدا بوون، ره‌فیق حیلمیش له‌سلێمانی-یه‌وه بڕیاری ده‌دا، بێ پرسی ئه‌وان و ئه‌وانیش نیگه‌ران بوون و ده‌یانوت به‌وجۆره نابێ. هه‌ڵبه‌ته دوای ماوەیەک ئه‌و كه‌سایه‌تیانه گه‌ڕێندرانه‌وه، به‌ڵام دووباره هه‌ر هه‌مان كێشه و گرفت به‌رده‌وام بوو.
ئه‌و كۆنفرانسه‌ی حیزبی هیوای هه‌ڵوه‌شایه‌وه؟
له‌هاوینی ١٩٤٤ له‌كه‌لار كۆنفراسێك به‌ئاماده‌بونی سه‌رۆك و زۆربه‌ی ئه‌ندامانی هیوا به‌سترا، ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌كرا له‌و كاته‌دا ناكۆكی و جیاوازییه‌كی زۆر توند له‌ناو سه‌رانی حیزبی هیوا په‌یدابووبوو، ئه‌یانویست چاره‌ی ئه‌و ناكۆكییه بكه‌ن. به‌تایبه‌تی كێشه‌ی نێوان ره‌فیق حیلمی و ئه‌فسه‌ره‌كان.
ئه‌و كه‌سایه‌تی و ئه‌ندامانه‌ش روویان كردبووه كه‌لار، نوێنه‌ری زۆربه‌ی شار‌و ناوچه‌كانی وه‌ك به‌غدا، سلێمانی، كه‌ركوك، سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه، خانه‌قین، كفری و كه‌لار، له‌گه‌ڵ بادینان و نوێنه‌ری كوردانی ئێران حاجی عه‌لی خانی كه‌ڵهور، كه ئه‌وكات په‌ناهه‌نده‌ی كوردستانی عیراق و ئه‌ندامی حیزبی هیوا بوو، ئاماده‌ی كۆنفرانسه‌كه بوو.
له‌كاتێكیشدا كاره‌كانی كۆنفرانس ده‌ستیپێكرد، ئه‌ندامان له‌سه‌ر كارووباری حیزبی هیوا و سه‌رۆكایه‌تی حیزب كه‌وتنه گوتوێژهوه. زۆر به‌ڕوونی ده‌ركه‌وت نوێنه‌ری ئه‌فسه‌ره‌كان كه دوای دوو سه‌عات له ده‌ستپێكردنی كۆنفرانس گه‌یشتنه‌جێ و بریتی بوون له (مه‌جیدی مه‌لا ته‌ها و مه‌حمودی شێخ ته‌ها).
ئه‌مانه قه‌ناعه‌تیان وابوو كه نابێت سه‌رۆكی حیزبی هیوا تاكه كه‌سێ بێ، به‌ڵكو ده‌یانگوت بارودۆخ گۆڕاوه‌و ده‌بێت ئێمه له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م مامه‌ڵه بكه‌ین، بۆ ئه‌مه‌ش وای به‌باش ده‌زانین حیزبی هیوا سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی به هه‌ڵبژاردن ده‌ستنیشان بكرێت.
حیلمی چۆن وازی له‌سه‌رۆكایه‌تی هێنا؟
سه‌رۆكی حیزب حه‌زی ده‌كرد وه‌ك سه‌رۆك بمێنێته‌وه، بۆ پاڵپشتی ئه‌ویش زۆر له ئه‌ندامانی گه‌رمیانی حیزبی هیوا به‌تایبه‌تی خانه‌قین و كه‌لار و به‌شێك له‌ئه‌ندامانی كفری لایه‌نگری ره‌فیق حیلمی، یان ده‌كرد و له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی وه‌ك سه‌رۆكی حیزبی هیوا سوور بوون.
له‌كۆتاییدا نه‌گه‌یشتوونه‌ته هیچ ئه‌نجامێكی وا كه قه‌ناعه‌ت به‌هه‌ردوولایان بكات، بۆیه به‌ناچاری ره‌فیق حیلمی ده‌ستی له‌سه‌رۆكایه‌تی حیزبی هیوا كێشایه‌وه، له‌كۆتایشدا كۆمیته‌یه‌ك بۆ سه‌رۆكایه‌تی حیزبی هیوا له‌م كه‌سایه‌تیانه پێك هات:
1- عه‌زیز پشتیوان- خانه‌قین
2- محمد ئهرمهخانی – بادینان
3- مه‌لا سه‌ید حه‌كیمی خانه‌قینی
4- شێخ عه‌تای تاڵه‌بانی – كفری
5- مه‌جید مه‌لا عه‌لی
6- مه‌حمود شێخ ته‌ها
وه‌ك سه‌رچاوه مێژووییه‌كان باسی ده‌كه‌ن، ره‌فیق حیلمی خۆی وازی نه‌هێناوه له پۆستی سه‌رۆكی حیزب، به‌ڵكو به‌هۆی ناڕه‌زایی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی هیوا و به‌زۆر نامه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌یان پێ نووسیوه.
به‌بۆچوونی موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی وازهێنانی ره‌فیق حیلمی بهزۆربووه، له‌لایه‌ن (مسته‌فا خۆشناو، مه‌حمودی شێخ ته‌ها) و له‌ڕێگه‌ی (كفری – سه‌رقه‌ڵا) به‌یاننامه‌یه‌كی مۆركراویان پێ ئیمزاكردووه.
له‌و ماوه‌یه به‌دواوه ئیتر ره‌فیق حیلمی، به‌هیچ جۆرێك نه‌هاته ناو هیواوه، هه‌رچه‌نده هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌كی زۆردرا، بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ ئه‌و ناكۆكییه بدۆزرێته‌وه.
ناكۆكییه‌كانی نێوكهسه دیاره‌كانی حیزب وایكرد، كه هیوا ته‌مه‌نی له پێنج ساڵ زیاتر نهبێتو ئینشیقاقی تێدا درووستببێت و به‌یه‌كجاریش هه‌ڵبوه‌شێته‌وه.
هه‌رچه‌نده له‌م كۆنفراسه‌دا كۆمیته‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی كاتی بۆ حیزبی هیوا دانرا، به‌ڵام ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه و به‌ستنی ئه‌م كۆنفراسه به‌دوا دانیشتنی گه‌وره‌ی هیوا داده‌نرێت، دوای ئه‌وه ڕێكخستنه‌كانی به‌ته‌واوی هه‌ڵوه‌شایه‌وه و زۆربه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگره‌كانی په‌یوه‌ندییان كرد به ڕێكخراوه حیزبی و كۆمه‌ڵه‌و ڕێخكراوه سیاسییانه‌ی كه له‌دوای حیزبی هیوا هاتوونه‌ته گۆڕه‌پانی سیاسییه‌وه، وه‌ك (رێكخراوی شۆڕش، پارتی ڕزگاری، حیزبی شیوعی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان).
به‌پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان، هه‌رسێ ره‌وتی ماركسی، دیموكراسی و عه‌شایه‌ری له‌ناو حیزبی هیوادا هه‌بوون، ئه‌وه‌ش سه‌رچاوه‌ی ململانێكانی نێو حیزب‌و هه‌م هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌شی بووه.
هه‌روه‌ها به‌ریتانیاش ده‌ورێكی زۆر كاریگه‌ری هه‌بووه، له نانه‌وه‌ی ئه‌و دووبه‌ره‌كی یه‌ی كه‌وته نێوان ره‌فیق حیلمی و ئه‌فسه‌ره‌كان، ئینگلیزه‌كان هه‌وڵی زۆریان ده‌دا بۆ لێكترازانی حیزبی هیوا.
ناكۆكی نێوان باڵی چه‌پ و باڵی ڕاستڕه‌وی حیزب به ڕێبه‌ری ڕه‌فیق حیلمی، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حیزبی هیوای لێكه‌وته‌وه‌و له هاوینی ساڵی ١٩٤٥، هیوا بوو به هه‌ردوو (حیزبی ڕزگاری و حیزبی شۆڕش) و ئیدی پاش (هیوا) ره‌فیق حیلمی له‌ژیانی حیزبایه‌تی یه‌وه دوور بوو.
سه‌رچاوه:
1- بیره‌وه‌رییه‌كانی برایم ئه‌حمه‌د له‌باره‌ی هیوا و ره‌فیق حیلمی
2- بیره‌وه‌ری یه‌كانی ژیانم: مسته‌فا نه‌ریمان
3- چاوپێكه‌وتنی موكه‌ره‌م تاڵه‌بانی: گۆڤاری سڤیل، ژماره (١٦٢) ، ٢٢-١٢-٢٠١٢
4- (ره‌فیق حیلمی.. رۆڵی سیاسی و رۆشنبیری له‌بزافی رزگاری خوازی كورددا): حیلمی ره‌سوڵ ره‌زا
5- (پارتی هیوا.. له‌دروستبوونی یه‌وه له‌شاری كه‌ركوك تا هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی له‌كۆنفرانسی كه‌لاردا): ئه‌حمه‌د باوه‌ڕ.