ڕاپۆرتی کوردستانی

04:23 - 27/10/2019

لە سەدەی شازدەیەمدا کوردستانیانە بیری دەکردەوە‌

پەیسەر

لە ناو ڕۆشنبیر، زانا و وێژەوان و نووسەرانی گەلی کورد دا، ئەحمەدی خانی وەک " باوکی هزری نەتەوی کورد" بەناودەکرێت، بەڵام شەرەفخانی میری بدلیس و نووسەری شەرەفنامەش یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی هزری نەتەوەیی کوردە.

 شەرەفخان سەبارەت بە کتێبە بەناو بانگەکەی " شەرەفنامە" دەڵێت: "مێژووی دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی نووسیوەتەوە". دوای ئەوە شەرەفنامە لە ناو میر و زانا کوردەکاندا بڵاوبووەوە. تا ئێستاش یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی مێژووی کوردە.

شەرەفنامە نەک تەنها باس لە مێژووی کورد و ئیسلام دەکات، بەڵکو لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کلتوری و زمانەوانیشەوە باس لە گەلی کورد دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک ئاماژەی بۆ ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی مۆدێرنیشی پێوە دیارە.

شەرەفنامە دەتوانرێت بە سەر سێ بەشی گرنگدا دابەش بکرێت
یەکەم، هەڵسەنگاندن لە ڕووی جوگرافیا و واتای وڵات
دووەم، هەڵسەنگاندن لە ڕووی کۆمەڵگا و دیاریکردنی ناسنامەی دەسەڵاتداران
سێیەم، هەڵسەنگاندن لەڕووی پیاهەڵدانی نەتەوەیی

 
1-هەڵسەنگاندن لە ڕووی جۆگرافیا و واتای وڵات
لە شەرەفنامەدا بە دوو جۆر باس لە "کوردستان" کراوە، یەکەم لەسەر بناغەی ئیدارەی سیاسی کە لە مێژوودا لەلایەن سەفەوی و عوسمانییەکانەوە تا ڕادەیەک دانیان پێدانراوە. واتە کوردستان وەک ویلایەتێک، ناوچەیەکی ئیداری – سیاسی قبوڵکراوە. بۆ نمونە شەرەفخان باس لە میرنشینی "چەمیشگەزەک" دەکات کە هەموو خاکی دێرسم و ئەرزینگان و ڕۆژهەڵاتی سیواس لەژێر حوکمڕانی ئەو دابوو و دەڵێت:

 

"وڵاتەکەیان لە ڕووی فراوانی و گرنگییەوە، دوور یان نزیک لەلایەن هەر کەسەوە بە تایبەتی "گەلی کورد"ەوە قبوڵکرابوو. بە تایبەتی لە بەڵگە و فەرمانەکانی پاشایەتی عوسمانیدا کاتێک ناوی "چەمیشکەزەک" دەهێنرێت، گرنگیەکی زۆری پێدەدرێت. وەک تر کاتێک ناوی "کوردستان" بۆ چەمیشکەزەک بەکاردەهێنرا، کوردەکان زۆر بە گرنگیەوە باسیان دەکرد."

کاتێک شەرەفخان، کتێبی شەرەفنامە وەک مێژووی دەسەڵاتدارەکانی کوردستان پێناسە دەکات، "کوردستان" وەک جۆگرافیایەکی بەرفراوانی جیاواز لە (سەفەوی و عوسمانی) دەبینێت و دەڵێت کە دەسەلات، میرنشین، عەشیرەت، کولتور و زمانێکی جیاوازیان هەیە و گەلێک کە ناوی کوردە لەو هەرێمانەدا دەژیت، بە واتای ئەوەی خاوەنی وڵاتێکن.

شەرەفخان سنوری ئەو وڵایە دیاریدەکات و هەرجارێک وشەی "کوردستان" بەرکادەهێنێت، باس لە هەموو جوگرافیای کوردستان دەکات و هەموو جێگەیەک کە کوردی تێدا دەژیت وەک کوردستان دەبینێت و دەلێت:

 

"سنوری ولاتی کوردان لە دەریای هورموز (ئێستا پێی دەڵین خلیج)ەوە دەستپێدەکات و تا ویلایەتی مەلەتی و مەڕاش (دەکەونە باکوور کوردستان) دەبێتەوە. بەم شێوەیە تا سنوری فارس و عێراق و ئازەربایجان و ئەرمینیا وڵاتی کوردانە.

بەم شێوەیە شەرەفخان باس لەوەدەکات، زنجیرە چیای زاگرۆس و زنجیرە چیای تۆرۆس و دەشت و دۆڵ و ناوچەکانی دەوروبەریان هەموویان خاکی کوردە.

شەرەفنامە نزیکەی ٤٢٢ ساڵ لەمەوبەر لە ساڵی (١٥٩٧) نووسراوە. نووسینی شەرەفنامە لە سەر بناغەی دەوڵەتەکانی وەک عەباسی، ئەمەوی، سەلچووکی، عوسمانی، مەروانی، شەدادی و ئەیوبیەکان نەنووسراوە. بەڵکو پشتی بە کۆمەڵگا و خەڵکی ناوچەکە بەستووە.

2-هەڵسەنگاندن لە ڕووی کۆمەڵگا و دیاریکردنی ناسنامەی دەسەڵاتداران
لە شەرەفنامەدا ناساندنی کۆمەڵگای کوردی، وەک گەل بە ناسنامەی خۆیەوە دیارە. کۆمەڵگا هەیە، لەڕووی زمان، زاراوە، دین و مەزهەب و عەشیرەت و میرنشینەکانەوە جیاوازیان هەیە، بەڵام بە هەموویان "کورد" دەگوترێت. ناسنامەیەک لە شەرەفنامەدا هەیە ئەویش کوردبوونە. شەرەفخان دەڵێت:

 

"کۆمەڵگا و عەشیرەتە کوردەکان لە ڕووی زمان، کلتور و دۆخی کۆمەڵایەتیەوە بە سەر چوار بەشەوە دابەش بوون. بەشێک کورمانج، بەشێک لۆڕ، بەشێک کەلهوڕ و بەشێکیش گۆران."

شەرەفخان هەروەها ئەوەی خستووەتەڕوو، "کورد خاوەن ئایین و مەزهەبی جیاوازە. زۆربەیان سوننین و سەر بە ئیمامی شافعین. بە شەریعەتی ئیسلام دەجووڵێنەوە. بەڵام هەندێک لە عەشیرە کوردەکان وەک داسنی، خالدی، بەسیانی، بۆختی، مەحمودی و دنبلی خاوەن بیر و باوەڕی جیاوازن کە لە دەوروبەری شام و موسڵ دەژین. ئەوان سەر بە ئایینی ئێزدین و کوردی عەلەویش لە هەندێک ناوچە دەژین.

هەرچەندە شەرفخان کەسایەتیەکی ئایینی و سونییە، بەڵام هیچ نارەزاییەک بەرامبەر کوردەکانی تر کە سەر بە ئایین و مەزهەبی ترن دەرنابڕێ و هەموویان وەک کۆمەڵگای کوردی قبوڵ دەکات. ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە شەرەفخان کوردبوونی بە بنەما گرتووە نەک ئایین و عەشیرەت و زاراوە.

شەرەفخان لەبارەی میرنشینی "پازوکی"ی کوردیشدا کە سەر بە سەفەوییەکانن، خاوەنی هەمان بیروبۆچوونە. شەرەفخان ڕەخنە لە مەزهەبەکەیان دەگرێت، بەڵام ئەوان وەک بەشێک لە گەلی کورد پێناسە دەکات و جیایان ناکاتەوە و مێژووکەیانی لە شەرەفنامەدا باس کردووە.

٣-هەڵسەنگادن لە ڕووی پیاهەڵدانی نەتەوەیی
شەرەفخان دەیتوانی وەک هەندێک کەسی سەردەمی خۆی و بەرلەخۆی بە تەنها مێژووی خانەدانی خۆی بنووسێتەوە. ئەو کاتە کوردستان لە نێوان عوسمانی و سەفەویەکاندا دابەشکرابوو. بە هۆی دوژمنایەتی نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەکە میرنشینە کوردەکان بە ناچاری لایەنێکیان هەڵدەبژارد و پشتیان پێدەبەستن. ئەو ڕەوشە ناکۆکی لەنێوان میرنشینەکاندا دروست کردبوو. هەروەها ڕۆژ ڕۆژی میرنشینەکان بوو. ناکۆکی زۆریان لەنێوانیاندا هەبوو. میرنشینی بدلیسیش لە ڕووی کێشە و ناکۆکیەوە لە میرنشینەکانی دیکە جیاواز نەبوو و میر شەرەفخانیش ناکۆکی لەگەڵ میرەکانی تردا هەبوو. بەڵام شەرەفخان مێژووی هەموو میرە کوردیەکانی نووسیوە کە لە نێوان عوسمانی و سەفەویەکاندا دابەش ببوون. شەرەفخان بە شێوەیەکی زانستی، خۆشەویستی و دڵسۆزانە و بە پێداهەڵدان و بێ جیاوازی باسی هەموو میرنشینەکان دەکات و میرەکان وەک کەسایەتی نەمر و زانا لەقەڵەمدەدات.

شەرەفخان بە شێوەیەکی زۆر ئاشکرا بە نەتەوەی کورد دا هەڵدەدات و بەم شێوەیە بە نەتەوەی کورد دا هەڵدەدات و دەڵێت:

"زۆربەی تاکەکانی نەتەوەی کورد بوێرن، مەردن و ئازان. لەسەرخۆن. لە پلەیەکی بەرزدان و بڕوایان بەخۆیانە و تێرن."

"بۆ ئەوەی دەست لە نامەردان پان نەکەنەوە و بە شێوەیەکی شەرەفمەردانە بژین و بەرامبەر هیچ کەسێک چۆک دانەدەن، گیانیان دەخەنە مەترسیەوە."

شەرەفخان دەڵێت، وشەی "کورد" بە هۆی ئازایەتی ئەم گەلەوە بووەتە نازناوێک. بۆ ئاشکراکردنی ئەوەش، زیاترین کەسایەتی ئازا و بوێر و چاونەترس لەناو گەلی کورد دا دەرکەوتوون. وەک ڕۆستەمی زاڵ کە شەرەفخان وەک "ڕۆستەمی کورد" لەقەڵەمی دەدات. وەک بەهرام چووبین کە لە سەردەمی نەوشیرواندا فەرماندەی سوپا بووە. میلاد کە ناوودەنگی لە جیهاندا بڵاوببووە کورد بووە. مەولانا تاجەدینی کورد کە لە سەردەمی عوسمان پاشای عوسمانی لە شاری بورسا  مامۆستا بووە و دواتر کرا بە پاشا و ناوی خەیرەدین پاشای لێنرا. فەرهادی ئەوینداری شیرین کوردی کەلهوڕ بوو.

شەرەفخان ئاماژە بەوەدەکات، کورد زانست و عیرفانی خۆشدەوێت. ژمارەیەکی زۆری کەسایەتی گەورە و زانای گەورە کوردن. بە خۆشەویستیەوە کتێبی زانستی دەخوێننەوە، لێکۆلینەوە لە ڕووداوەکاندا دەکەن و لێکۆلینەکانیان بڵاو دەکەنەوە. لەو رووەوە بەرهەمی زۆریان هەیە. بەڵام زۆر ناویان دەرنەکردووە. ئەوەیش بە هۆی ئەوەوە بووە کە فەرمانڕەواییەکی گەورەی کورد نەبووە و لە دیوانی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەواکانی عوسمانی و سەفەوییەکاندا دانەنیشتوون و بە شەرمێکی گەورەیان زانیوە لەگەڵ دەسەڵاتدا بن. هیچ کاتێک بە شان و باڵی فەرمانرەوای عوسمانی و سەفەویدا هەڵنەداوە و بەو هۆیەشەوە رێگریان لێکراوە.

شەرەفخان و یەکێتی نەتەوەیی
بە ڕای شەرەفخان کەموکورتی و حەسرەتی سەرکردەیەکی کورد ئەوەیە کە هەموو کوردەکان لە دەوری کۆنابنەوە. بە یەکڕیزی بە فەرمانی ئەو ناجووڵێنەوە و دەڵێت، "بە هۆی ئەوەی تا ئێستا لەناو گەلی کورددا کەسێکی فەرمانڕەوای گشتی قبوڵنەکراوە و فەرمانەکانی جێبەجێنەکراون، خوێنیان دەڕژێت. ئاسایش و ئارامیان لە مەترسیدایە. کورد بە هۆکاری بچووک و بێ بەها ڕادەپەڕن، بە هۆی هەڵەی بچووک و تاوانی بچووک، تاوانی گەورە دەکەن."

 

شەرەفخان دروستنەکردنی دەوڵەتی گەورەی کورد وەک کارەساتێکی گەورە دەزانێت و نیگەرانیەکی زۆر دەردەبرێت.

بەم شێوەیە باس لە نەبوونی دەوڵەتی کوردی دەکات:
"لەو ڕۆژەوەی پێغەمبەری ئیسلام دوعای لە کورد کردووە. کۆمەڵگای کوردی بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک سەرکەوتوو نەبوون. پێنج دەسەڵاتی بچووکیان لە دەورەی ئیسلام دروست کردووە و هەر یەکەو بە جورێک پەیام بڵاودەکەنەوە و رەمزی سەربەخۆیان هەیە.

بەم شێوەیە وەک لە سەرەتادا باسمان کرد، ئەحمەدی خانی وەک "باوکی هزری نەتەوەیی کورد" بەناودەکرێت، بەڵام شەرەفخانی میری بدلیس و نووسەری شەرەفنامەش یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی هزری نەتەوەیی کورد.