ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:59 - 15/01/2020

ناوه‌رۆكى دوایین كۆبوونه‌وه‌ى قاسم سولەیمانی له‌و رۆژەدا کە کوژرا‌

پەیسەر

یەکێک لە ئەندامانی دوایین کۆبوونەوەی قاسم سولەیمانی لە سوریا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ فه‌رمانده‌ى پێشووى سوپاى قودسى ئێران ئاشکرا دەکات، دەڵێت: پێیان گوت کە نەگەڕێتەوە بۆ عێراق، بەڵام ئەو بە پێکەنیەوە وەڵامی داوه‌تەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی، یەکێک لە ئەندامانی کۆبوونەوەکە بەمشێوەیە شێوازی دەستپێکردن و تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی ئاشکراکردووە.

"ڕۆژێک پێش کوژرانی حاجی قاسم، پێیانگوتم کۆبوونەوە هەیە لەگەڵ حاجی، ئەوەبوو ئۆتۆمبیلێک هات بەدوامدا و کاتژمێر ٧:٤٥ی بەیانی گەیشتمە شوێنی کۆبوونەوەکە. وەک هەمیشە هەموو ئەندامانی بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی شیعە لەوێبوون. کاتژمێر ٨:٠٠ کۆبوونەوەکە دەستیپێکرد هەموومان بەیەکەوە قسەمان دەکرد، کتوپڕ دەرگاکە کرایەوەو وەک هەمیشە حاجی قاسم سولەیمانی بە پێکەنینەوە هاتە ژوورەوە".

ئەو ده‌ڵێت:"یەک بەیەک هەواڵپرسی لە ئێمە کرد و خێرا کۆبوونەوەکەی دەستپێکرد، حاجی هەموو جارێک بە ئێمەی دەگوت (ئەوەی دەیڵێم بینووسن) ئەمجارەش جەختیکردەوە کە ئەوانەی دەیڵێم بینووسن".(ئەو قسانەی کە کردوویەتی ئاژانسە ئێرانییەکە بڵاوی نەکردووەتەوە).

"نزیکەی حەوت کاتژمێر حاجی قسەیکرد و ئێمە نووسیمان"

سوله‌یمانى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لەبارەی پلانی ئێران و شیعە و هاوپەیمانانی لە پێنج ساڵی داهاتوودا قسەیکرد، هەموو ئەو پلانانەی ئاشکراکرد کە گروپ و هاوپەیمانانی ئێران دەبێ لە پێنج ساڵدا بیکەن. ئەوە یەکەمجاربوو کە ببینم چەندین جار قسەی پێ ببڕن له‌ كۆبوونه‌وه‌دا. بەڵام ئەو گوێی گرت و هەموو ڕا و سەرنجەکانی وەرگرت و سەری دەلەقاند".

کاتژمێر ده‌بێ بە ١١:٤٠ و کاتی نوێژی نیوەڕۆیە، سوله‌یمانى بە هەموویانی گوتووه‌، تەنیا نیو کاتژمێر بۆ نانخواردن و  نوێژکردن دابنێنن و بگەڕێنەوە.

"نزیکەی حەوت کاتژمێر حاجی قسەیکرد و ئێمە نووسیمان، کۆبوونەوە تەواوبوو هەموومان تا دوایین شوێنی خواحافیزی لەگەڵی چووین و بە ئێمەی گوت، هەر ئەمڕۆ لەگەڵ حەسەن نەسروڵا کۆدەبێتەوە بە پێکەنینەوە پێیگوتین دەترسن شەهیدبم؟".

کاتژمێر نزیکی نۆى شه‌و سوله‌یمانى لە بەیروتەوە گەڕاوەته‌وه‌ دیمەشق، ئه‌و به‌رپرسه‌ ده‌ڵێت:"یەکێکی لەگەڵدابوو کە بە ئێمەی گوت، حاجی تەنیا کاتژمێرێک لەگەڵ نەسروڵڵا کۆبوونەوەی کردووەو دەگەڕێتەوە بۆ عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێش کۆبوونەوەی هەیە. بێدەنگبوو، ئێمە پێمانگوت ئێستا دۆخی عێراق باش نییە ئاگاداربە، کەچی بە پێکەنینەوە بە ئێمەی گوت (دەترسن شەهیدبم)".

قاسم سولەیمانی دوای تەواوبوونی لەو کۆبوونەوەیە چووەتە شوێنک لە دیمەشق و چاوەڕوانی ئامادەبوونی فڕۆکەیەکی کردووە کە لە دیمەشقەوە بەرەو بەغدا بەڕێکەوتووە.
کاتێک لە دیمەشقەوە بەرەو بەغدا گەڕاوەتەوە لە دەرگای (ڤی ئای پی) فڕۆکەخانەوە ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری دەستەی حەشدی شەعبی پێشوازی لێکردووە، بە چەند ئۆتۆمبیلێک لە فڕۆکەخانە دوور کەوتوونەتەوە.

هێزێكی ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌تی ئه‌مریكییه‌كان كه‌ (سه‌ر به‌ هه‌واڵگرین) له‌ناو خاكی عێراقدان و ئه‌و رۆژه‌ی پلانی كوشتنی قاسم سوله‌یمانیان هه‌بووه‌، به‌دوای ئه‌و دوو ئۆتۆمبێله‌وه‌ بوون، كاتێك له‌ فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا هاتووەته‌ ده‌ره‌وه‌.

فۆكس نیوز له‌رێی راپۆرتێكی رۆژنامەنووس لیلاند ڤێرت، رووداوه‌كه‌ بەمجۆرە دەگێڕێتەوە:

لدوای هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی دوو ئۆتۆمبێل له‌ فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا، هێزه‌ ئامادەکەی ئەمریکا به‌ دووری هەزار و 250 مه‌تر، چاودێری كاروانی هه‌ردوو ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌كه‌ن، كاتێك له‌رێگه‌ی فرۆكه‌یه‌كی بێفرۆكه‌وانه‌وه‌ یه‌كه‌م ئۆتۆمبێل ده‌پێكرێت، به‌دوایدا له‌ ئۆتۆمبێلی دووه‌م  کە لە دوای ئەوەوەیە ده‌درێت.

تیمه‌كه‌ی ئه‌مریكا به‌په‌له‌ چه‌ند فۆتۆیەک دەگرن و بە ڤیدیۆیش چه‌ند دیمه‌نێكی رووداوه‌كه‌ تۆمارده‌كه‌ن

ئۆتۆمبێلێكیان سوله‌یمانی و سێ ئەفسه‌ری ئێرانی و ئه‌وی تریشیان ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس و دوو پاسه‌وانی تایبه‌تی تێدا ده‌بێ. پاش دوو خولەک، به‌ر له‌هه‌موو هێزه‌كانی تر، هێزه‌ هه‌واڵگرییه‌كه‌ی ئه‌مریكا به‌په‌له‌ به‌ ناوی "پشكنین و هه‌ڵسه‌نگاندنی زیانه‌كان" ده‌گه‌نه‌ شوێنه‌كه‌ كه‌ هێشتا هیچ تیمێكی ئه‌منی عێراقیی نه‌گه‌یشتبوونه‌ لای ئۆتۆمبێله‌ سوتاوه‌كان.

دواتر تیمە دەستوەشێنەکەی ئەمریکا ئەمریکا دڵنیا دەبنەوە کە ئامنجەکەیان پێکاوە، ئەو ناوە بە جێ دەهێڵن و دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.