ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:30 - 17/06/2023

چین بۆشایی ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پڕده‌كاته‌وه‌؟‌

پەیسەر

لە کاتێکدا هەفتەی ڕابردوو لە سعودیە بوو، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەموو هەوڵێکی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی جەخت لەوە بکاتەوە کە وڵاتەکەی داوای لە هیچ کەسێک ناکات لەنێوان ئەمریکا و چیندا یه‌كێكیان هەڵبژێرێت.

رەنگە قسەکانی تاڕادەیەک گشتی بووبێت، بەڵام زیاتر ئاماژەن بۆ سعودیە، لەوەش گرنگتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە دۆخێکی گۆڕانکاری بەردەوامدایە، بەتایبەتی سەبارەت بە پەیوەندییەکان و پێوەرەکانی دەسەڵات.
بلینکن سێیەم بەرپرسی باڵای ئەمەریکایە کە لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردووەوە سەردانی سعودیە دەکات، کاتێک جیهان بە هەواڵی ڕێککەوتنێکی نێوان سعودیە و ئێران بە سه‌رپه‌رشتی چین بەئاگا هاتەوە، ڕێککەوتنێک کە زۆرێک بە گۆڕانکاری لە ڕۆڵە دیپلۆماسییە ئاساییەکانی چین دەیزانن.

دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، وانگ یی ڕاوێژکاری باڵای کاروباری دەرەوەی چین ڕەخنەی ڕوونی لە ئەمریکا گرت و ڕایگەیاند، جیهان تەنیا لە پرسی ئۆکرانیادا سنووردار نییە.
دواتر شتەکان بەرەو ئەو ئاستە ڕۆیشتن کە ئێران باڵیۆزخانەی خۆی لە ڕیازی پایتەخت و کونسوڵخانەکەی لە جددە کردەوە، ئەمەش دوای نزیکەی ٧ ساڵ لە پچڕانی دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵات.
هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا پەکین خواستی خۆی بۆ نێوەندگیری لە قەیرانە گەورەکانی دیکەی ناوچەکەدا نوێکردەوە له‌وانه‌ پرسی فەلەستینە، لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا، چێن گانگ، وەزیری دەرەوەی چین پەیوەندی بە هاوتا فەلەستینیەکانی، ڕیاز ئەلمالیکی و ئیلی کۆهینی ئیسرائیلییەوە کرد بۆ پێشکەشکردنی ئەو ئۆفەرە .

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین بۆ پێنجەمین سەردانی فەرمی خۆی گەیشتە پەکین، لە کاتێکدا هەردوولا ئاهەنگی 35 ساڵەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دەگێڕن.
شی جین پینگ، سەرۆک کۆماری چین دوای وتووێژەکانی لەگەڵ عەباس، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە کار بۆ ئاشتەوایی ناوخۆیی لە فەلەستین بکات، هەروەها دانوستانەکانی ئاشتی بۆ چارەسەری هەمیشەیی ململانێکان لەگەڵ ئیسرائیل.


بە لەبەرچاوگرتنی ئەم زنجیرە ڕووداوە گرنگە لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا هەموو ئەمانە بەشێکن لە هەنگاوێکی چینی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
بەڵام وەڵامەکە دوورە لە دڵنیایی و بەقەد مێژووی دوور و درێژی ئەم هەرێمە ستراتیژییە ئاڵۆزە، بە وتەی شرۆڤەکارانی سیاسی.

هۆکارەکانی یەکگرتن

ئەندرۆ لیونگ، شرۆڤەکاری سیاسی کە بنکەکەی لە هۆنگ کۆنگە، پێی وایە دوو هۆکار لە پشت نزیکبوونەوەی پەکین لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە: یەکەمیان ئەوەیە کە ئەمریکا گەورەترین بەکاربەری نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و چینیش هه‌روا.


سەبارەت بە هۆکاری دووەمیش پەیوەندی بەو پەیوەندییە دۆستانەوە هەیە کە چین بە هەردوو وڵاتی سعودیە و ئێرانەوە دەبەستێتەوە.
لیونگ ئەوەی لە نێوان ئەمریکا و چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات بە یارییەکی گەورەی شەترەنج لە نێوان دوو زلهێز وەسف دەکات. ڕوونیشیکردەوە، واشنتۆن هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی چین دەدات لە بوارەکانی تەکنەلۆجیا و دیپلۆماسی، هەروەها دەریای باشووری چین و تایوان.

لە بەرامبەردا شرۆڤەکاری سیاسی تایبەتمەند لە کاروباری چین، ئاینار تانگن، ڕایگەیاند، ئەمریکا لە کڕیارێکی وزەوە گۆڕاوە بۆ ڕکابەرێکی گەورە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بە گۆڕانکاری بەرچاو لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو بە تایبەتی و ناوچەکە بە گشتی کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، پەکین كه‌ کڕیاری سەرەکی وزە لە وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوه‌، دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی سیاسییەوە سەقامگیر بێت.

ئامانجە ئابوورییەکان

لای خۆیەوە هۆنگدا فان، شرۆڤەکاری سیاسی، مامۆستا لە پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی توێژینەوەی نێودەوڵەتی شەنگەهای، ڕایگەیاند، هاوکاری ئابووری و بازرگانی دوو ئامانجی سەرەکی چینن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەم هەڵسەنگاندنە هاوتەریبە لەگەڵ ئەوەی شی جینپینگ سەرۆکی چین لە یەکەمین لوتکەی نێوان چین و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو لە ڕیاز لە کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا وتوویەتی، کاتێک پێنج ئه‌وله‌ویه‌تی پەکینی دەستنیشانکرد، لەوانە بەکارهێنانی یوانی چینی لە مامه‌ڵه‌ی نەوت و گازدا.
وتیشی: بۆ بەدیهێنانی ئەو جۆرە پلانانە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە سەقامگیری هەیە، بۆیە پەکین فشار ده‌كات له‌ پێناو ئاشتیدا، ئەوەش ئەوەیە کە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە گشتی دەیانەوێت.
لەلایەکی دیکەشەوە هۆنگدا فان شارەزا دەڵێ، نابێت ڕۆڵی چین لە ڕێککەوتنی سعودیە و ئێراندا زیادەڕەوی تێدا بکرێت.


ڕوونیشیکردەوە، سەرکەوتنی چین لەسەر بنەمای ئەوەیە کە هەردوو وڵاتی ئێران و سعودیە خواستێکی بەهێزیان هەیە بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان، هەروەها هەردوو وڵات زۆربەی ئاستەنگییەکانیان لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بە هاوکاری عێراق و سوڵتانییەتی عومان چارەسەرکردووە.
فان پێی وایە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان چین و ڕوانگەی دیپلۆماسی ئەمریکا بۆ ناوچەکە هەیە.
فان بە ڕەتکردنەوەی ئەو بیرۆکەیەی کە چین بۆشایی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕدەکاتەوە، پێی وایە لە ڕاستیدا کاریگەری و سەرنجڕاکێشیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئێستاش هاوتای نییە.


ئەو پێی وایە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە گەیشتن بە سه‌ربه‌خۆیی ستراتیجی هەیە، کە گەرەنتییەکی سەرەکییە بۆ سەقامگیری بەردەوام و ئاشتی و گەشەسەندن لە ناوچەکەدا.
ئاینار تانگن، هاوکاری باڵا له‌ پەیمانگای تایهێ کە بنکەکەی لە پەکینە، وتی چین ڕێبازی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ژەهراوی دەزانێت، بەتایبەتی دوای ساڵانێک لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و دروستبوونی گێژاو.
ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرەڕای قسەکردنێکی زۆر لەسەر پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە ئەمریکا لەلایەن چینەوە بەجێی هێشتووە، ئامانج و جەوهەری بەشداریکردنی پەکین پەیوەندی بە هەژموونی کۆلۆنیالیزمی ئەمریکاوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بنیاتنانی کۆدەنگییەکی مانادارەوە هەیە".