ڕاپۆرتی کوردستانی

06:11 - 14/02/2020

فەرزەندە بەگ لە ئامەدەوە تا ئۆرمیە لەدژی تورک و فارسەکان شەڕی کرد‌

پەیسەر

گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان خاوەنی هەزاران داستانی قاڕەمانێتی و قاڕەمانی گەورەیە کە لەدژی هێزە داگیرکەرەکان شەڕیان کرد و لەو رێگەیەشدا گیانیان بەخت کرد.
یەکێک لە قاڕەمانە گەورەکانی گەلەکەمان فەرزەندە بەگە کە بە هۆی زوڵمی دەوڵەتی تورکیا لەبەرانبەر گەلی کورد، پۆستی قایمقامی جێهێشت و ڕوویکردە ناو ڕیزەکانی شۆڕش.
فەرزەندە بەگ لە سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ دا قایمقامی ناوچەی مەلازگری پارێزگای مووشی باکووری کوردستان بوو و لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری تورکیای کەمالیستی و پەلاماردانی کوردەکان، دەستی لە پۆستی قایمقامی بەردا و بوو بە یەکێک لەو فەرماندانەی کە لەدژی کۆماری تورکیا دەستیان بەشەڕ کرد.

ڕووی لە شاخەکان کرد
فەرزەندە بەگ لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ لە ناوچەی دوتاخ، پانۆس، شاخی کورتک، کۆپ، مەلازگرد و شاری چەولک لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی و شەڕڤانی کورد هێزێکی گەورەیان دروست کرد و لەدژی بارەگاکانی سوپای تورکیا دەستیان بە چالاکی کرد.

 

فەرزەندە بەگ و شەڕڤانانی تا ساڵی ١٩٢٥ و هەڵگیرسانی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، بە شێوەیەی شەڕی گەریلایەتی لەدژی سوپای تورکیا چالاکیان ئەنجامدەدا و لەسەر ڕاسپاردەی شێخ سەعیدی پیران بەشداری لە ڕاپەریندا کرد و بووە یەکێک لە فەرماندە هەرە گەورەکانی شۆرش.

فەرزەندە بەگ لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند بوو، بەڵام زۆربەی زەوی و سەروەتەکەی بە سەر خەڵکی ناوچەکەدا دابەش کرد. ئامانجی دروستکردنی یەکێتی نێوان هۆزەکانی ناوچەکە لەدژی دەوڵەتی تورکیا بوو.

بەشداری لە شۆڕشی ئاگریدا کرد
دوای شکستی شێخ سەعیدی پیران و کۆتاییهاتن بە شۆڕشەکە، فەرزەندە بەگ ڕوو لە ناوچەی ئاگری دەکات و لە ساڵی ١٩٢٦ دا خۆی دەگەیەنێتە لای ئیحسان نووری پاشا و دەست بە شۆڕش دەکەنەوە. فەرزەندە بەگ دوای ئیحسان نووری پاشا و برۆیی حەسکێ تێلی دەبێتە سێیەمین گەورە فەرمانداری شۆڕشی ڕاپەرینی ئاگری.

فەرزەندە بەگ لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی ناو شۆڕش وەک خالس بەگ، نادر بەگ، مەمۆ بەگ، کەرەمی قولاخاسی، ڕەشۆیێ سلۆ ، سەیدخان، عەلیجان و زاهیر ئاغا لە ژێر فەرماندەیی ئیحسان نووری پاشا چەند گروپیک دادەمەزرێنن و لەدژی سوپای ئێران و تورکیا شەڕ دەکەن.

 

بە تێکچوونی شۆرشی ئاگری فەرزەندە بەگ دەچێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزەکەی لە نزیک سنورەکانی باکووری کوردستان جێگیر دەکات. لەو کاتەدا دەوڵەتی ئێران و تورکیا پەلاماری فەرزەندە بەگ و هێزەکەی دەدەن و شەڕێکی زۆر گەورە لە نێوانیاندا دروست دەبێت.

لە ناوچە سنوریەکان هێزێکی ٧ هەزار کەسی ئێران بە فەرماندەیی عەلیخان نەخشیوان هێرش دەکاتە سەر فەرزەندە بەگ و هێزەکەی. بە پێی هەندێک سەرچاوە ژمارەی شەڕڤانانی کورد ٢٠٠ کەس دەبن و ژمارەیەکی زۆر منداڵ و ژن و پەککەوتەشیان لەگەڵدا دەبێت کە بە هۆی هێرشی تورکەکانەوە لە ئاگری هەڵهاتبوون.

چەند ڕۆژێک فەرزەندە بەگ و هێزەکەی لەدژی سوپا گەورەکەی ئێران شەڕ دەکەن و بە هۆی سەختی هێرشەکانەوە ناچار دەبن ناوچەکە بەجێبهێلن.

 

سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن، لەو شەڕەدا نزیکەی ٧٠٠ سەربازی ئێران دەکوژرێن و ١٥٠ پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی کوردیش شەهید دەبن کە باوکی فەرزەندە بەگیش یەکێک لەو شەهیدانەیە. فەرزەندە بەگ خۆشی بە سەختی بریندار دەبێت.

پەنا بۆ سمایلخانی شکاک دەبات
فەرزەندە بەگ و هیزەکەی خۆیان دەگەیەننە لای سمایلخانی شکاک کە لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی دەوڵەتی ئێران لە شەڕدا بوو. لەو کاتەدا کە فەرزەندە بەگ برینەکەی سەخت دەبێت، هێزەکانی سمایلخانیش تێکدەشکێت و بەرەو باکووری کوردستان دەچن و فەرزەندە بەگیش بە برینداری دەکەوێتە دەستی هێزەکانی ئێران.

فەرزەندە بەگ و ژمارەیەک کەسی تر چەند ساڵیک لە زینداندا دەمێننەوە و باسی ئەوە دەکرێت کە بەرپرسانی ئێران بە فەرمانی شای ئێران ژەهرخواردیان کردووە و بەو شێوەیە لە زینداندا گیان لەدەستدەدات.

هاوسەرەکەی بەسرا خانم کە چەندین جار لە زیندان سەردانی کردبوو، لە ئێران دەمێنێتەوە و ڕێگەی پێنادەن بگەڕێتەوە باکووری کوردستان.

 

بەسرا خانم بە هۆی ئەوەی بێکەسوکار دەمێنێتەوە تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت و بە پێی سەرچاوەکان تا کۆچی دوایی کردووە، بە درێژایی تەمەنی یەک ڕاستەی گوتووە، ئەویش 'فەرزەندە بەگ تۆ لەکوێی؟' بووە.

ئەم زانیاریانەی کە لە سەر فەرزەندە بەگ بەدەستهێنراون، لە بیرەوەریەکانی ئیحسان نووری پاشا و سمایلخانی شکاک و شیعرەکانی عوسمان سەبری و حەیرانبێژە کۆنەکان وەرگیراون.

فەرزەندە بەگ کێیە؟
فەرزەندە بەگ لە ساڵی ١٨٩٢ لە ناوچەی مەلازگری پارێزگای مووشی باکووری کوردستان لەدایکبووە. کوڕی سولەیمان ئەحمەد کەسایەتی ناوداری ناوچەکە و ئاسیا خانە.

لە سەردەمی عوسمانیەکاندا لە تەمەنی گەنجیدا وەک قایمقامی مەلازگر دەستی بەکار کردووە و تا دروستکردنی کۆماری تورکیا لەسەر پۆستەکەی بەردەوام بووە.

هەرچەندە یەکێک لە ماڵە خانەدانەکان بوون و دەوڵەمەند بوون، بەڵام هەموو سەرمایەکەی بەسەر خەڵکیدا دابەشکرد و تا کۆتایی ژیانی بۆ ئازادی نەتەوەکەی خەباتی کرد.

لە ساڵی ١٩٣٣ لە زیندانی ئێراندا ژەهرخواردکراوە و شەهید بووە.

حەیرانەکانی هونەرمەندی گەورەی کورد 'شاکرۆ' کە لەبارەی فەرزەندە بەگی وتووە: