08:22 - 23/02/2020
شیعه‌كان چه‌قۆیان ناوه‌ته بهرملى كورد و سوننه
كورد بە چه‌ند كاتژمێرێكى هه‌ستیار و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دا تێدەپەڕێت، عه‌لاوى و شیعه‌كان ته‌نگیان به لایه‌نه سوننى و كوردییه‌كان هه‌ڵچنیوه، هێشتا كابینه‌كه له دایك نه‌بووه هه‌ڕه‌شه‌ى جۆراوجۆر كراوه، كێشه‌ى مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان كراوه به كه‌ره‌سته‌ى ململانێ، خه‌ریكه په‌رده له‌سه‌ر پلانێكى شیعه‌كان بۆ گۆڕینى سیسته‌مى سیاسى و كشانه‌وه له فیدراڵى لاده‌چێت، عامرى به راشكاوى له كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌وه‌ى داوه به گوێى كورددا كه كێشه‌تان له‌گه‌ڵ سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى نه‌بێت، عه‌لاویش زیاد له جارێك هه‌ڕه‌شه‌ى كردووه كه كۆتایى به دابه‌شكارى مه‌زهه‌بى و نه‌ته‌وه‌یى ده‌هێنێت.
كۆبوونه‌وه‌ى درەنگ وەخت
بڕیاره سبه‌ینێ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له هه‌ولێر لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كۆبكاته‌وه، زانیارى هه‌یه كە مه‌سعود بارزانى به‌شدار بێت و سه‌رۆكایه‌تییه‌كانیش له‌وێ ده‌بن کۆبوونەوکە درەنگ وەختە بەڵام لە کاتێکی هەستیاردایە، كورد له به‌رده‌م چه‌ند بژاردەیهكى كه‌م و ناخۆشدایه، رازیبوون به مه‌رج و مهرجكارى شیعه‌كان، بایكۆت و خۆ تهریككردن و مه‌ترسى دروستكردن له‌سه‌ر ئابوورى هه‌رێمى كوردستان.
مه‌ترسییه‌كانى سه‌ر كورد
سه‌رئێشه‌ى كورد بۆ ئه‌م قۆناغه له بابه‌تى دانانى وه‌زیر ده‌رچووه، به‌ڵكو لایه‌نه شیعییه‌كان په‌یامى هه‌ڕه‌شه ئامێزیان داوه به كورد كه چیتر نایانه‌وێت سیسته‌مى سیاسى به‌وجۆره بمێنێته‌وه، به‌ڵكو ده‌خوازن سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى په‌یڕه‌و بكرێت، هاوكات گوتوشیانه بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو كێ زۆرینه‌ى هێنا با ئه‌و حكومه‌ت پێكبهێنێت و چیتر دابه‌شكارى كورد، سوننه و شیعه نه‌مێنێت.
ترسێكى دیكه‌ى كورد ئه‌وه‌یه، مافه‌كانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك بوودجه، مووچه و پاره‌ى گه‌نم، دۆسیه‌ى پێشمه‌رگه به ته‌واوى له دانوستانهكهوه ئاڵاوه‌و وه‌ك چه‌قۆیه‌ك خراوه‌ته به‌ر ملى كورد، دوایین قسه‌ى عه‌لاوى ئه‌وه بووه كه به‌ڵێن به كورد ده‌دات، پابه‌ندى رێككه‌وتنه‌كان ده‌بێت سه‌باره‌ت به مووچه و بوودجه، ئه‌وه‌ش له پێناوى ئه‌وه‌ى كورد رازى بكات ده‌نگى پێبده‌ن، ماناى پێچه‌وانه‌ى قسه‌كه‌ى واته ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر كورد ده‌نگم پێنه‌دا پابه‌ند نیم به ناردنى هیچ كام له‌وانه.
سه‌رئێشه‌یه‌كى دیكه بۆ كورد سه‌درییه‌كانن، ئه‌وان بۆچوونیان له‌سه‌ر مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان تونده و دوایین كۆبوونه‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یان كردووه، عه‌لاویش ده‌ستى به په‌تى سه‌دره‌وه گرتووه بۆ په‌ڕینه‌وه به‌سه‌ر پردى به‌رده‌م كورسى ده‌سه‌ڵاتدا. كورد هه‌ست ده‌كات شیعه‌كان به ته‌واوى له سیسته‌مى په‌رله‌مانى و فیدراڵیه‌تیش پاشه‌كشه‌یان كردووه‌و چیتر رازى نیین كورد پێگه‌ى هه‌بێت له به‌غدا به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتێكى ناوه‌ندى یه‌ك ئاڕاسته‌ى شیعییان ده‌وێت و به‌س.
نهرمییهكانى عه‌لاوى
محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى هێشتا دیارنییه ده‌چێته سه‌ر كورسى سه‌رۆك وه‌زیران یاخود نا، به‌ڵام جیڕو ماندووهكهرهو كوردى ترساندووه، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر چه‌ند نه‌رمییه‌كى نواندووه بۆ ئه‌وه‌ى كورد پشتیوانى بكات و ده‌نگى پێبده‌ن ئه‌وانیش.
-لایه‌نه كوردییه‌كان خۆیان كاندیده‌كان دیارى بكه‌ن، جگه له عادل كەریم كه خۆى دیاریكردووه بۆ وەزارەتی بازرگانی و كورده (پێشتر یه‌كێتی بووه) و ده‌یه‌وێت خۆى ئه‌مه‌یان دابنێت.
-نوێنه‌رێك بۆ هه‌رێمى كوردستان داده‌نرێت له كابینەكهى عه‌لاوى وتویهتى به "روتبه‌و راتبى" وه‌زیر بۆتان داده‌نێم، به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى داوه له قۆناغى داهاتوو به لێكتێگه‌یشتنى كورد و شیعه بكرێت به وه‌زیرى ده‌وڵه‌ت بۆ كارووبارى عێراق.
-پابه‌ند ده‌بێت به مافه داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك مووچه‌و بوودجه و رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا.
- هێز له ناوه‌ندى شاره‌كان ناهێڵم له ناوچه جێناكۆكه‌كان، سه‌باره‌ت به گێڕانه‌وه‌ى بۆ پێش ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر وتوویه‌تى ئه‌و شاره‌زایى له بوارى سه‌ربازى نییه‌و ده‌بێت له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كان قسه بكات،"كارى جددى له‌سه‌ر ده‌كه‌م".
هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌درییه‌كان و عامرى
به‌پێى زانیارییه‌كانی پەیسەر به‌رپرسێكى باڵاى سه‌درییه‌كان كه به كه‌سى سێیه‌مى سه‌درییه‌كان ده‌ناسرێت، له كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ كورد گوتوویه‌تى ئیتر به هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه به مه‌له‌فى نه‌وتى هه‌رێم و ده‌روازه سنورییه‌كان ناده‌ن، باسى له‌وه‌شكردووه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت كۆتایى به پشك پشكێنه بهێنن و له قۆناغى داهاتوو كێ زۆرینه‌ى هێنا با حكومه‌ت دروست بكات.
هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌شى كردووه كه یه‌ك ملیۆن خۆپیشانده‌ر ده‌به‌نه سه‌ر په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر حه‌لبوسى بایكۆتى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان بكات، ئه‌وا هه‌ر په‌رله‌مانتارێكى سوننى له شوێنى ئه‌و به‌شدار بێت لە کۆبوونەوەکە راسته‌وخۆ له دانیشتنه‌كه ده‌یكه‌ن به سه‌رۆكى په‌رله‌مان و حه‌لبوسى لاده‌به‌ن له پۆسته‌كه‌ى.
هه‌رچى هادى عامرییه له‌كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كورده‌كان گوتویه‌تى ئێوه كێشه‌تان چییه ئه‌گه‌ر سیسته‌مه‌كه ببێته سه‌رۆكایه‌تى و كه‌سێك ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست و مافه‌كانى ئێوه بدات، ئه‌وه‌ش نیازى راسته‌وخۆى شیعه‌كان ده‌ر ئه‌خات بۆ گۆڕینى سیسته‌مى سیاسى و كۆنتڕۆڵكردنى ته‌واوى ده‌سه‌ڵات.
ناڕازییه‌كانى شیعه
له‌نێو شیعه را جیایى هه‌یه سه‌باره‌ت به عه‌لاوى، زۆرتر له نیگه‌رانى كه‌سیى و رووكه‌ش ده‌چن، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر نورى مالیكى له كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ لایه‌نه كوردییه‌كان پێشنیارى كردووه كه كورد عه‌لاوى ره‌ت بكاته‌وه ئه‌ویش دواى كورد ره‌تى ده‌كاته‌وه، به‌ڵام لایه‌نه كوردییه‌كان گوتویانه كێشه‌كه له‌سه‌ر شه‌خس نییه و ئه‌وان دۆسیه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدایان لا گرنگتره.
له‌نێو هاوپه‌یمانى فه‌تحى هادى عامریش ناكۆكى هه‌یه و به‌شێكیان وه‌ك هه‌یسه‌م جبورى و عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق، دژى عه‌لاوین كه نزیكه‌ى ٢٠ په‌رله‌مانتارێك ده‌بن، حه‌یده‌ر عه‌بادیش دژى حكومڕانى عه‌لاوییه.
هه‌ندێك زانیارى هه‌ن باس لهوهدهكهن، رێككه‌وتنێكى ژێر به‌ژێرى نێوان سه‌در و عامرى هه‌یه، كه له‌م قۆناغه ده‌سه‌ڵات به ته‌واوى بدرێته ده‌ستى سه‌درییه‌كان و چوار ساڵى داهاتوو هادى عامرى ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، وه سیستهمهكهشى بۆ بكرێت به سه‌رۆكایه‌تى.
پیاوێكى بێ‌باك
محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى به بێباكى و هه‌ڕه‌شه له‌گه‌ڵ كورد و سوننه ده‌ستیپێكرد، له كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ كورد ته‌نانه‌ت گوتبووى ئه‌و چاوه‌ڕێى وه‌ڵامدانه‌وه‌شیان نه‌كات، كه‌ى ویستیان به ئاره‌زووى خۆیان ده‌توانن ئه‌و كاته وه‌ڵام بده‌نه‌وه، گوتبووى به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نییه كاندید له‌وان وه‌ربگرێت، هه‌ڕه‌شه‌ى دابوو به گوێى حه‌لبوسیشدا وتبووى زیندانى چاوه‌ڕێى ده‌كات.
ئه‌و په‌یامه توندانه له كاتێكدایه هێشتا عه‌لاوى بۆنى ده‌سه‌ڵاتى نه‌كردووه، كورد ته‌نها له ره‌قى خودى عه‌لاوى ناترسێت، به‌ڵكو پێى وایه عه‌لاوى سیاسه‌تى كاره‌كته‌ره شیعه‌كانى پشتیه‌وه جێبه‌جێ ده‌كات. عه‌لاوى پێى وایه پشتیوانى مه‌رجه‌عیه‌ت و سه‌در و فه‌تحى هه‌یه و باكى نییه به به‌ربه‌سته‌كان، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى كوڕى عه‌لى سیستانى مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌كانى عێراق قسه‌ى له‌گه‌ڵ كرد.
فشاره‌كانى ئه‌مریكا
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، ئه‌مریكا فشاره‌كانى چڕ كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كورد بچێته كابینه‌كه‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوییه‌وه، بۆئه‌وه‌ش راسته‌وخۆ په‌یامى بۆ هه‌رێمى كوردستان ناردووه داوایكردووه بچنه به‌غدا. ئه‌مریكا ناخوازێت كورد له‌م قۆناغه‌دا بچێته ده‌ره‌وه‌ى پرۆسه‌ى سیاسى عێراق.
سبه‌ینێ لایه‌نه كوردییه‌كان كۆبوونه‌وه‌یه‌كى یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌كه‌ن، به‌هار مه‌حمود ئه‌ندامى فراكسیۆنى گۆڕان كه به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه ده‌بێت بۆ په‌یسه‌ر گوتى، تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییه بۆ بایكۆت یاخود به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى عه‌لاوى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سبه‌ینێش بۆ دروستكردنى بڕیارێكه له‌و باره‌وه.
جه‌مال كۆچه‌ر سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو گوتى، لایه‌نه كوردییه‌كان له كورد ناترسن به‌ڵكو له لایه‌نه‌كانى پشتى عه‌لاوى دوودڵن چونكه به‌رامبه‌ر به مافه‌كانى كورد توندن، گوتیشى، كێشه‌كه له بابه‌تى دانانى وه‌زیر گرنگتره، ئه‌گه‌رنا ئه‌وان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ى كاندیدى سه‌ربه‌خۆ نییه و ئه‌و كاندیدانهشى عه‌لاوى دایناون له پشكى كورد كه‌سانى پیشه‌یى و باشن.
بژارده‌كانى به‌رده‌م كورد
بایكۆت؛ كورد بژارده‌ى بایكۆتى له به‌رده‌سته، به‌ڵام بژارده‌یه‌كى كاریگه‌ر نییه چونكه ئه‌مریكا و ئێران پشتیوانى ناكەن، له به‌غداش كاریگه‌رى كز‌و لاواز ده‌بێت.
به‌شدارى و رازى بوون؛ رازى بوون به مه‌رجه‌كانى عه‌لاوى و چوونه حكومه‌ته‌كه‌وه به‌م جۆره، بۆ كورد بژارده‌ى ناچارییه له رواڵه‌تدا مه‌ترسى زۆر نییه، به‌ڵام كورد ترسى له قۆناغه‌كانى دواى ئه‌و به‌شدارییه ناچارییه‌یه، هه‌موارى ده‌ستوور، هێنانى سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى، كۆتایهێنان به رۆڵى كورد و پهلوپۆكردنى هه‌رێم و خنكاندنى ناوچه جێناكۆكه‌كان.
فشار له‌گه‌ڵ سوننه؛ كورد ده‌توانێت مل نه‌دات، چونكه كات له زیانى شیعه‌یه تا سه‌رى مانگ كابینه‌كه دروست نه‌بێت عه‌لاویش ئاوت ده‌بێت، بۆیه ده‌توانن له‌رێگه‌ى سوننه‌وه فشار دروست بكه‌ن و زه‌مینه‌ى گفتوگۆیه‌كى هاوسه‌نگ دروست بكه‌ن، له ژێربارى مه‌رجه‌كان خۆیان قوتار بكه‌ن.
كۆتا چاره؛ كورد هه‌وڵ ئه‌دات لۆبى دروست بكات بۆ مانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى له كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سبه‌ینێش تاوتوێى ئه‌و بژارده ده‌كرێت، ره‌نگه بژارده‌یه‌كى ئاسان نه‌بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد بتوانێت یارییه‌كه له شیعه‌كان تێك بدات ئه‌وه عه‌بدولمه‌هدى گونجاوترین بژارده‌یه بۆ كورد.