ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:00 - 19/03/2020

لە بوشەوە تا ترەمپ.. ئازادییەک ١٧ ساڵە خوێنی لێدەچۆڕێ‌

پەیسەر

درەنگانێکی شەوی ١٩/٣/٢٠٠٣ یەکەم موشەکی ئەمریکا کە لە دەریای سوورەوە هاوێژرابوو، بەر کۆشکی کۆماریی کەوت لە بەغدا. بەمەش زەنگی "پرۆسەی ئازادی عێراق" لێدرا و شەوەزەنگی بەغدا لەو شەوە تاریکەدا بە بریسکەی بۆمبەکانی دواتر رووناک دەبوونەوە.
رۆژێک دوای هاوێشتنی یەکەم موشەک واتا ٢٠/٣، هێزەکانی هاوپەیمانان ئەمریکا-بەریتانیا-ئوسترالیا لە پارێزگای بەسرەوە دەستیان بە پێشڕەویکرد لە زەمینەوە. بەمەش پرۆسەی ئازادکردن بوو بە شتێکی راستەقینە.

ئازادکردنی عێراق لە دەسەڵاتی ستەمگەرانەی سەدام، لە کاتی خۆیدا دابەش بوو بوو بەسەر یار و نەیاردا. بەر لە هاوێشتنی یەکەم موشەک لە دەیان پایتەختی وڵاتانی جیهاندا خۆپیشاندانکرا دژی ئەو پرۆسەیە. بەڵام ئێستا دوای ١٧ ساڵ یار و نەیاری ئەو پرۆسەیە (بێجگە لە کورد کە مافی خۆیەتی ستایشی بکات) ئەنجامەکەی بە خراپ دەبینن.

جۆرج بوشی سەرۆکی ئەمریکا و هاوتا بەریتانییەکەی (تۆنی بلێر) دەیانویست بۆ جیهانی بسەلمێنن کە سەدام و رژێمەکەی ترسناکن و خاوەن چەکی کۆکوژن، بۆیە کۆششی زۆریان کرد تا باوەڕ بە هەمووان بهێنن بۆ لەناوبردنی سەدام و دەسەڵاتەکەی.

ئێستا دوای ١٧ ساڵ لە کۆتایهێنان بە سەدام حسێن و دەسەڵاتە ستەمکارەکەی، عێراق لە دۆخێکدایە کە لە هەندێ لایەنەوە لە سەردەمی سەدام حسێن خراپترە. ئەمنیەت و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، حوکمڕانییەکی تۆکمەو دامەزراو، ئابوورییەکی شایستە بە دەوڵەمەندی وڵاتەکە، بوون بە خەون و خەیاڵی عێراقییە بێچارەکان.

خوێن و پارە
بەگوێرەی راپرسییەکی تەلەفزیۆنی CBS لەسەروەختی دەستپیێکردنی پرۆسەی ئازادی عێراقدا ٦٤٪ی گەلی ئەمریکا لەگەڵ ئەوەدابوون کە بەڕێگەی سەربازیی، کۆتایی بە رژێمی سەدام حسێن بهێنرێ.

ئێستا دوای ١٧ ساڵ لەو رووداوە گرنگەی مێژوو، گەلی ئەمریکا ئەو خوێن و پارەیە دەژمێرن کە لە ئازادکردنی عێراق و بە ئێستاشەوە لە کیسیانچووە، کە ئەوانیش بریتین لە: کوژرانی نزیكەی پێنج هەزار سەرباز و یەک ترلیۆن دۆلار خەرجیی.

بێجگە لە کوژراوان، هەزاران سەربازی سوپای ئەمریکا لە عێراق کەمئەندام بوون یان توشی نەخۆشی دەروونیی بوون. چونکە لە دوای ٢٠٠٤ ئەو سەربازانە کەوتنە دۆخێکی زۆر دژوارەوە کە ئاستی توندوتیژییەکان پێینایە ئاستێکی چاوەڕواننەکراو.

بەڵام ئاماری عێراقییەکان لەم پێناوەدا، شتێکی تۆقێنەرە. هەرچەندە ئاماری ورد و سەلمێنراو لەبەردەستدانین بەڵام هەموو ئەو دامەزراوانەی داتاکانیان بڵاوکردووەتەوە، ژمارەکانیان زۆر دوور نین لە یەکترەوە.

دامەزراوە عێراقییەکان دەڵێن: لە یەکەم رۆژی دەسپێکردنی پرۆسەی ئازادییەوە (کە ئەوان هەر بە داگیرکردنی عێراق ناوی دەبەن) تا ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە ٦٥٠ هەزار کەس لە عێراقدا کوژراون و ملیۆنێک و ٣٥٠ هەزاری تریش کەمئەندام بوون.

شارەکانی بەغدا، موسڵ، ئەنبار، ديالە، بەسرة، تکریت، نەجەف و بابل هەروەها كەركوكیش، لە ٢٠٠٤ تا ٢٠١٧ زۆرترینیان خوێنیان تیا رژا بەهۆی شەڕە تایفییەکان و کردەوە تیرۆرستییەکان و سەرهەڵدانی داعشەوە.

لیستی قوربانییەکان و ئەو کارەسات و ئافاتانەی عێراقییەکان دوای پرۆسەی ئازادی بەسەریاندا هات هەر بەمەندەوە ناوەستێ. بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ ئاوارەبوون و دەربەدەربوون و بێسەروشوێنبوون.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی شەهیدانی عێراق، لە پرۆسەی ئازادی عێراقەوە تا پار، زیاتر لە ٦٠ هەزار پیاو و ژن و منداڵ بێسەروشوێنبوون و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.

هەروەها وەزارەتی پلاندان دەڵێ: لە ماوەی ئەو ١٧ ساڵەدا، ٤تا٥ ملیۆن عێراقیی پەناهەندەی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی بوون. ئەمە لەگەڵ ٩٠٠ هەزار تا یەک ملیۆن کەس لەناوخۆی وڵاتدا ئاوارەو دەربەدەربوون.

لەگەڵ ئەو هەموو خوێنەی رژاوە، بۆ زیندووەکانیش بارودۆخ زۆر باش نییە. رێژەی بێکاریی و هەژاریی تادێت بەرزتر دەبێتەوە. هەروەها بەرپرسانی دەوڵەت و حزبە سەرەکییەکانی ئەم وڵاتە، رۆچوونەتە ناو گەندەڵییەکی بێسنوورەوە. هەربۆیە لە لیستی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیدا عێراق لە ریزبەندی یەکەمین وڵاتە گەندەڵەکاندایە.

ساڵی پار لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: بەهای گەندەڵی لە عێراقدا گەیشتووەتە 900 ملیار دۆلار.

سەرەڕای ئەم هەموو ژمارە خوێناوییە، کەچی ئێستا ئەم وڵاتە لەڕووی ئیدارەو حوکمڕانییەوە، لەلێواری کەوتندایە. زیاتر لە پێنج مانگە کابینەی حکومەت هەڵوەشاوەتەوەو ناتوانرێ دیسان پێکبهێنرێتەوە.

عێراق بووەتە گۆڕەپانی ململانێ خوێناوییەکانی ئەمریکا و ئێران  و بە رۆژی نیوەڕۆ، بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی یەکتر.

جۆرج بوشی سەرۆکی ئەمریکا ١٧ ساڵ لەمەوبەر هەڕەشەیکرد لە سەدام و کوڕەکانی تا عێراق بەجێبهێڵن ئەگەرنا هێرش دەکاتە سەر وڵات و دەسەڵاتەکەیان. دوای ئەم ١٧ ساڵە، دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بە یاسا بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانیدا لە سەرەتای ئەمساڵدا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە عێراقییەکان کرد کە بە جێیان دەهێڵن بەڵام بە جۆرێک بەجێیان دەهێڵن کە ئابوورییەکەیان تەختی زەوی ببێ!

هەڕەشەی بوش سەدان هەزار کوژراو و ملیاران دۆلاری بەدواوەبوو، ئەی دەبێ هەڕەشەی ترەمپ چەند سەد هەزاری تر قوربانی و ملیاران دۆلاری تری لێ بکەوێتەوە؟