لێکۆڵینەوە

09:55 - 27/04/2020

بریتانیا چۆن دەیویست ئیسلام لەناوبەرێت؟‌

پەیسەر

"كاتێك وەڵامەكەم خوێندەوە سەرم سوڕی دەخوارد، ئیتر تێگەیشتم بەرپرسەكانی ئێمە لە پێناو بەرژەوەندییەكانی بریتانیای زلهێز هانم دەدەن لەگەڵ پیاوێك سێكس بكەم." بەڕێز هيمفەر ناوێكی بەناوبانگی دونیای سیخوڕییە. لە سەدەی هەژدە ڕووی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كردووە. ئەركی ئەوان پشتگیریكردنی وەزارەتی داگیركراوانی بریتانیا(مستعمرات)يە. بە فەرمانی گەورەبەرپرسانی ئەوان تێكدانی بیروباوەڕی موسڵمان و بەلاڕێدا بردنی پیاوانی ئاینیە. هیمفەر دەڵێت بریتانیا پلانێكی داڕشتبوو ئەگەر بهتبایە و سەركەوتوو بوونایە ئەوا شتێك نەدەما بەناوی ئیسلام و موسڵمانەوە. هیمفەر باس لەوە دەكات چۆن لە لایەن كەسێكی هەڵخەڵتێنراوی دەزگای سیخوڕی بریتانیاوە وڵاتی سعودییەیان دامەزراندووە. مەحمەد عەبدولوەهاب ئەو كەسەیە لە ڕێگەی سێكس و پارەوە دەبێتە نێچیری دەزگا سیخوڕییەكانی بریتانیا و لەسەر داوای ئەوان ڕوو لە شاری (نەجد) لە سعودییە دەكات و پاشان لەگەڵ باپیرە گەورەی پادشاكانی ئێستای سعودییە، ئەو دەوڵەتە درووست دەكەن كە ئێستا ناوی سعودییە.

سەرەتای گەشتەکە

پێش ئەوەی گەشت بكەین بۆ وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كۆبوونەوەیەكی گەورە لەگەڵ 20 قەشەی بریتانی ڕێكخرا كە وەزیری وڵاتانی داگیركراو كۆبوونەوەكەی بەڕێوە دەبرد. كۆبوونەوەكە دوای سێ كاتژمێر هیچ دەرئەنجامێكی نەبوو بۆیە یەكێك لە قەشە گەورەكان هەستایە سەرپێی و ڕووی لە ئێمە كرد و گووتی" لە شوێنەكانی خۆتان تەكان مەخۆن، ئارامگرن مەسیحیەت لە دوای 300 ساڵ لە كوشتوبڕ و كوژرانی پێغمبەرەكەی هێشتا توانیوویەتی ببێت بە جیهانی. دەبێت كارێك بكەین عیسای پیرۆز بە چاوی بەزەیی و ڕێزەوە سەیرمان بكات. دەبێت دوای 300 ساڵی دیكە لە ڕێگای بڵاوكردنەوەی ئاینی مەسیحەتەوە كافرەكان(موسڵمانان) دەربكەین. هیچ كێشەیەكمان نابێت ئەگەر بێت و ئێمەی باوكان نەمامێك بۆ مناڵەكانمان بڕوێنن و ئەوان بەرەكەی لێ بكەنەوە."

ئێمە نۆ سیخوڕ بووین لە باشترین و كارامەترین سیخوڕەكانی بریتانیا ساڵی 1710یی زاینی ئێمەیان كرد بە كارمەندی لە دەزگای سیخوڕی وڵاتەكەیان و بەسەر وڵاتانی میسر و عێراق و ئێران و توركیا و حیجاز دابەشكراین. هەموومان پارە و سامانێكی زۆر خرایە بەردەستمان لەگەڵ ئەوەشدا نەخشەیەكی پوختی ناوچەكە و ناوی تەواوی بەرپرسان و زانایانی ئاینی و سەرۆك عەشیرەتەكانیان پێداین. كاتێك ئەوان ئێمەیان بەڕێكرد وەزیری  وڵاتانی داگیركراو ئەم ڕستەیی پێگوتین كە هەرگیز ناتوانم لە بیری بكەم ئەو گووتی" چارەنووسی وڵاتەكەمان بەندە بە سەركەوتنی ئێوەوە. هەربۆیە چی لە تواناتاندا هەیە بیكەن بۆ ئەوەی لە ئەركەكانتان سەركەوتن بەدەست بهێنن."
من بەر وڵاتی توركیا كەوتم. بۆیە بە كەشتیەك ملی ڕێگای نەزانراوم گرتە بەر. ئەركەكەی من لە سێ بەش پێكهاتبوو:
یەكەم: فێری زانی توركی ببم. چونكە ئەو زمانە زمانی زێرێنی سەردەمی خۆی بوو. زمانی فەرمی موسڵمانانی توركیا بوو.
دووەم: زمانی عەرەبی، قورئان، تەفسیر و تەئویل
سێهەم: زمانی فارسی فێرببم.

فێری بوونی زمانەكە بەو سادەیە نییە كە رۆژانە قسەی پێدەكەیت، بەڵكو من دەبوو بە جۆرێك فێری زمانەكان ببم بە ڕەوانی قسە بكەم و ڕوو بكەمە هەرشوێنێك وەكو خەڵكی ئەو ناوچەیە قسە بكەم. فێر بوونی زمانێكی ئاسایی ڕەنگە دوو و سێ ساڵی بوێت، بەڵام ئەو زمانەی من دەمەویست چەندین ساڵی پێویست بوو. دەبوو بە جۆرێك فێربم بچوكترین هەڵەی رێزمانی و واتای نەكەم نەبادا كەسی بەرامبەر بە سیخوڕ لێم تێبگەن و ڕیسەكەم ببێتەوە بە خوری.

گەیشتن بۆ ئەستانە(ئەستانبوڵ)
لەگەڵ  گەیشتم بۆ ئەستانبوڵ مەلایەكی سووننەی پیرم ناسی ناوی شێخ ئەحمەد ئەفەندی بوو. زۆر پیاوێكی چاك و زانایەكی باوەڕداربوو. هەموو ژیانی بۆ خوا پەرستی تەرخان كردبوو. زۆر لە ژێر كاریگەری پێغمبەری ئیسلام بوو. هەركاتێك ناوی بهێنایە هۆن هۆن فرمێسكی دەڕشت. لەوەدا شانسم هەبوو كە هیچی دەرباڕەی ڕەچەڵەك و ئەسڵ و فەسڵم نەپرسی. لای ئەو گوتم ناوم(محەمەدە) و گەنجێكی بێ دایك و باوكم. هاتووم ببمە موسڵمان و خزمەتی عوسمانییەكان بكەم. برا و خوشكم نییە، دایك و باوكم سەروەت و سامانێكی تاڕادەیەك باشیان بۆ جێهێشتووم. دەمەوێت دوای فێربوونی زمانەكانی توركی و عەرەبی سامانەكەم لەم وڵاتە بخەمە گەڕ. ئەویش چەند خاڵێكی پێگووتم كە هەرگیز لەبیرم ناچنەوە. گوتی تۆ موسڵمانی و موسڵمانان برای یەكترن، و میوانی ئێمەیە. مادام تۆ فێرخوازی زانست و ئیسلامیت پێغمبەرمان ڕێنمایی كردووین كە رێز لە فێرخوازانی ئاین بگرین. هاتووی كاسپی بكەیت ئەوەش لە ئاینی ئێمەدا ڕێزلێگراون كاسب خۆشەویستی خوایە. لە دڵی خۆمدا گوتم خۆزگە مەسیحیەتیش ئەم راستیانەی بزانیبایە.

وردە وردە دەستم بە ژیان و فێربوونی زمانی توركی كرد، لە كاتەكانی دیكەشدا لەلای دارتاشێك كارم دەكرد بەناوی (خالد) ئەو زۆر گرنگی پێدەدام. بەڵام هەستم كرد گرنگی پێدانەكەی ئەو لە خۆڕای نییە. رۆژێك باسی ئەوەی كرد كە خالیدی كوڕی وەلید ناكۆكی لەگەڵ ئیمامی عومەر بووە. دەیگوت ئەگەر ببوایە خەلیفە خالیدی پشتگوێ دەخست. لە ڕاستیدا ئەمەش هەروا بوو. خالید رۆژێك پێشنیازی ئەوەی بۆ كردم. سێكسم لەگەڵ بكات، هەرچەند بە پێی قسەكانی شێخ ئەحمەد ئەفەندی بێت نێربازی لە ئیسلامدا یەكێكە لە گوناحە گەورەكان. بەڵام دیارە ئەو بە ڕووكەش موسڵمانبوو. منیش پێشنیازیەكەم ڕەتكردەوە و ئەوجا لەگەڵ شاگردێكی یۆنانی دەستی تێكەڵكرد و نێوەڕوان دەیبردە كۆگای داروتەختەكان و بە بیانووی ئیشەوە خەریك دەبوون. منیش هەستام و ئەو ماوەیەی لە ئەستانبوڵم كردم بە راپۆرتێك بۆ بەریتانیا. كاتێك وەڵامەكەم بۆ هاتەوە تووشی سەرسوڕمان بووم لە نامەكەدا نووسرابوو("كاتێك وەڵامەكەم خوێندەوە سەرم سوڕی دەخوارد، ئیتر تێگەیشتم بەرپرسەكانی ئێمە لە پێناو بەرژەوەندییەكانی بریتانیای زلهێز هانم دەدەن لەگەڵ پیاوێك سێكس بكەم.").

خۆدزینەوە لە ژنهێنان
ماوەیەك بەسەر ژیانی ئاسایمدا تێپەڕی. شێخ ئەحمەد ئەفەندی زانی من ژنم نەهێناوە داوای لێكردم كە ژن بهێنم و چونكە ژن هێنان و ژیانی هاوسەرگیری یەكێكە لە پایەكانی ئیسلام. پاشان پێشنیازی ئەوەی بۆ كردم یەكێك لە كچەكانی خۆیم بداتێ. منیش چونكە ئەركێكی گەورەی وڵاتەكەم لەسەر شانبوو. داواكارییەكەم ڕەتكردەوە. ئەویش هیچ قەناعەتی نەدەهێنا. تا كارگەیشتە ئەوەی بە درۆوە بڵێم من توانای سێكسیم لەدەستداوە. ناتوانم ژن بهێنم. ئەویش باوەڕی پێكردم و وازی لەو بابەتە هێنا. دوو ساڵ بەسەر هاتنم بۆ ئەستانبوڵ تێپەڕی لە زمانی عەرەبیدا شارەزابووم. بۆیە ئیزنم لە شێخ ئەحمەد خواست كە بگەڕێمەوە بۆ شارەكەم ئەویش پێی ناخۆشبوو. دەیگوت ئەستانبوڵ شارێكە ئاین و دونیای تێدا بەدەست دەهێنرێت. بۆیە مەگەڕێیەوە. بە هەرحاڵ لەوەش كۆڵیدا و خواحافیزیم لێكرد. هەردووكمان بە كوڵ دەگرییان ئێستا شێخ ئەحمەدم بیردەكەوێتەوە بۆی دەگریم چونكە پیاوێكی نموونەی بوو. چی دەكەیت و چارەت چییە؟ بەجێهێنانی ئەرك لەسەرووی هەموو هەستێكی سۆزدارییەوە"

گەڕانەوە بۆ لەندەن
ئەو نۆ كەسەی كە راسپێڕدرابووین بۆ ئەو ئەركە تەنیا پێنج كەسمان هاتینەوە. یەكێك لەوانە ببوو بە موسڵمان و لە میسر نیشتەجێ بوو. بەڵام هەموومان دڵخۆشبووین كە هیچ نهێنێیەكی نەدركاندبوو. سیخوڕێكی دیكەش بە ڕەگەز رووس ئەویش نەهاتەوە لەوێ نیشتەجێبوو دەترساین ئاشكرامان بكات. سێهەمین كەسیان لە شاری عەممارەی عێراق بە نەخۆشی كۆلیرا مردبوو. كەسی چوارەمیش ئاگاداربووین تاوەكو نزیكی سەنعای یەمەن هاتبوو. دوای ئەوە كەس ئاگای لێنەمابوو.
بەرپرسەكانم زۆر لە كارەكانم رازی بوون. كاتێك ئەركێكی نوێم پێ سپێڕدرا وەزیری وڵاتانی داگیركراو پێی گوتم ئەركی تۆ ئێستا دوو خاڵە:
یەكەم: دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكانی موسڵمان. چونكە بە دۆزینەوەی خاڵە لاوازەكان ئێمە دەتوانین بە ئاسانی بەسەریاندا زاڵ بین.
دووەم: هەنگاوهەڵهێنان بۆ درووستكردنی كێشە و دووبەرەكی لە نێوانیان.
دوای ئەو قسانە ماری خێزانم كە دووگیان بوو. بە جێمهێشت و لە پاش شەش مانگان گەیشتمە شاری بەسرە. خەڵكی ئێرە تێكەڵن لە شیعە و سوونە، هاتوچۆیەكی سەیر لە نێوان خۆیان و ئێران هەیە هەندێك جار جیاوازی لە نێوانیان نامێنێت. ئەوان باوەڕیان وایە كە جێنشینی راستەقینەی پێغەمبەر ئیمامی عەلی و كوڕەكانیەتی. لەوێ ئەو ناكۆكیانەم دەبینی قسەیەكی وەزیرم بیركەوتەوە. كە پێی گوتم هیمفەر ئێمە دەتوانین ناكۆكییەكانی مرۆڤ دابەش بكەین بەسەر پێنج ناكۆكیدا
یەكەم: ناكۆكی لەسەر زەوی و زار
دووەم: ناكۆكی لەسەر ئاین
سێهەم: ناكۆكی نەتەوەكان
چوارەم: خێل
پێنجەم: جیاوازی ڕەگەزی
هەربۆیە لە بەسرە زۆربەی ناكۆكیەكانم بینی.

هەر لەوێ ڕووم لە مزگەوتێك كرد كەسێكم ناسی شێخێكی سوونە بوو بەناوی(شێخ عومەر تائی) زۆر قیرسچمەبوو، بەردەوام دایدەنیشانم و پرسیار و ئەسڵ فەسڵی لێدەكردم. تا كار گەیشتە ئەوەی وتم من خەڵكی ناوچەی(ئەغادیرم) لە توركیا. ئەویش چاوی لە كەسێك داگرت تاوەكو بەتوركی قسەم لەگەڵ بكات. كەسەكەش بە چاو وەڵامی دایەوە و گوتی بەڵێ توركە. زانیم گڵۆڵەم ڕوو لە لێژیە. وازم هێنا لەوێ و چووم لای دارتاشێك دەستم بەكاركردن كردن بەومەرجەی شوێنی مانەوەم بۆ دابین بكات.

دوكانەی عەبدولڕەزا
دارتاشەكەم ناوی عەبدولڕەزا بوو شیعە و خەڵكی خۆراسان بوو. هەربەوهۆیەوە ئەم هەلەم لە دەست نەدا و ڕۆژانە هەوڵمدەدا لێوەی فێری زمانی فارسی بم. دوكانەكەی ببووە جێگای مشتومڕی سیاسی. پاشان باسی ئابوری دەكرا. ئەوجا دەبوونە دژی حكومەتی عوسمانی. ئەوەی سەیر بوو بەلامەوە كاتێك كەسێكی بیانی دەهاتە دوكانەكەوە هەموویان باسەكەیان دەگۆڕی. لە شتێك تێندەگەیشتم ئەویش ئەوەبوو كە متمانەیەكی كوێرانەیان بەمن هەبوو هەموو شتێكیان لا باس دەكردم. پاشان تێگەیشتم ئەوان منیان بە خەڵكی ئازەربایجان زانیووە. چونكە بە توركی قسەم دەكرد و شێوەشم وەكو توركی ئازەربایجان دەینواند. لەبەر ئەوەی رووخسار و شێوەم سوور و سپی بوو.

مەحمەد عەبدولوەهاب
لەو دوكانە ئاشنای گەنجێكی زیتەڵە بووم كە بە هەرسێ زمانەكانی فارسی و عەرەبی و توركی قسانی دەكرد. ئەو كەسە جلوبەرگی فێرخواز ئاینیەكانی لەبەردەكرد. دوای پەیدابوونی ئاشنایەتی زانیم ناوی محەمەد عەبدولوەهابە. گەنجێكی خۆبەگەورەزان و توڕەیە. تا بڵێی چاوچنۆكە. زۆر لە دەسەڵاتی عوسمانیەكان ناڕازی بوو. ئەوەی سەیربوو بەلامەوە چۆن كەسێكی سوونە لەگەڵ پیاوێكی شیعە هێندە دەبنە دۆست؟
محەمەد تا دڵ حەزبكات كەسێك بوو بیروباوەڕی ئازادەبوو. بە هیچ جۆرێك دەمارگیری و توندەڕەوی شیعە و سوونەی نەدەكرد.ئەمە لە دۆخێكدا بوو هەردووڵا یەكتریان بە كافر ناودەبرد. مەحمەد عەبدولوەهاب هەرگیز هاوڕای چوار مەزەهەبەكە نەبووە. چونكە لە مەزهەبی سوونەدا (شافیعی، حەنەفی، مالیكی و حەمبەلی) هەیە. ئەو هەمیشە هەزار پاتەی دەكردەوە. "ئەوەی خودای گەورە لە قورئاندا وتوویەتی بۆ ئێمەی موسڵمان كافیە و بەسە"
ڕۆژێك لەگەڵ زانایەكی شیعە بەناوی شێخ جەواد قەومی مشتومڕێكی سەیریان ئەنجامدا كار گەیشتە ئەوەی لێكتر تووڕە ببن. لێرەوە بۆم دەركەوت ئەوكەسەی پێویستمان پێیەتی بۆ كارەكانی بریتانیا محەمەد عەبدولوەهابە دەتوانرێت كاری پێ بكەین.

مەحمەد دەبێت بە تەڵەكەوە
دوای ماوەیەك زۆر ئاشنایەتیەكی زۆر پتەوم لەگەڵی درووستكرد. رۆژێك دەستمان كرد بە تەفسیركردنی قورئان دەمەویست قسەی لێدەربكەم. بۆیە لێم پرسی" جیهاد واجبە؟" وەڵامی داییەوە" بەڵێ. ئەی چۆن واجب نییە.؟ مەگەر خودا ناڵێت لەگەڵ كافران بجەنگن؟
گوتم: خودا دەفەرمووێت لەگەڵ كافر و دووڕووەكان بجەنگن. واتە لەگەڵ هەردووكیان شەڕ بكەن. ئەگەر لە دژی كافران واجب بێت بۆچی پێغەمبەر لەگەڵ دووڕووەكان  شەڕی نەكرد؟
گوتی: ئاخر جیهاد خۆ تەنیا لە مەیدانی جەنگدا نییە، پێغەمبەر بە كردار و كردەوە لەگەڵ دووڕووەكان دەجەنگا.
گوتم : كەواتە جەنگ لەگەڵ كافر و دووڕووەكان بە كردار و كردەوە واجبە.
گوتی: نەخێر. چونكە پێغەمبەر لە مەیداندا جەنگی لە دژی كافران كردووە.
گوتم: جەنگی پێغەمبەر لەگەڵ كافران بۆ ئەوە بووە بەرگری لەخۆی بكات چونكە دەیانویست بیكوژن.
محەمەد عەبدولوەهاب سەری ڕەزامەندی پیشاندا و بەمەش یەكەمین ئامانجم پێكا.
رۆژێكی دیكە بە گیرم هێنا لێم پرسی ئایا سیغە ڕێگەپێدراوە؟
گوتی : هەرگیز.
گوتم: ئەی بۆچی لە قورئاندا هاتووە كە چێژ لە ژنان وەربگرن و لە بەرامبەردا كڕی و هەقیان بدەنێ؟
گوتی: بەڵێ. بەڵام ئیمامی عومەر سیغە و موتعەی حەرامكردووە. بۆیە عومەر دەڵێت " سیغە لەسەردەمی پێغەمبەردا بووە، من حەرامی دەكەم و ئەوەشی ئەنجامی بدات سزای دەدەم."
گوتم: پێم سەیرە تۆ خۆت لە عومەر بە زیرەكتر دەزانیت. ئەمە لە دۆخێكدایە كە خۆشت پەیڕەوی قسەكانی ئەو دەكەیت. عومەر بە چ حەقێك دەڵێت پێغەمبەر حەڵاڵی كردووە و من حەرامی دەكەم. تۆ بۆچی حكومەكانی قورئانت بیرچۆتەوە؟
مەحمەد عەبدولوەهاب بێدەنگ بوو. دوای ماوەیەك دەستمكرد بە وروژاندنی باسی سێكس، چونكە ئەو ژنی نەهێنابوو. لێمپرسی حەزت لە سیغە هەیە؟ هیچی نەگوت و رەزامەندبوو. بۆیە ئێستام لە هەموو كاتێك بە باشتر زانی بۆ قۆستنەوەی ئەو هەلە.

ژنە سۆزانیەكە و شەراب
دوای ماوەیەك بەڵێنم بە محەمەد دا كە سیغەی بۆ بكەم و دڵنیایم پێدا كە زۆر بە نهێنی دەبێت و نە ناوی ئەو بە ژنەكە دەڵێم نە ناوی ژنەكەش بە ئەو دەڵێم. بۆیە یەكسەر بردم بۆ ماڵی سۆزانیەك بەناوی(نەسڕانی) ئەم ژنە نێردراوی بریتانیا بوو بۆ بەلاڕێدابردنی موسڵمانان. بۆیە كاتێك گەیشتین ناوی (سەفییە)م بۆ سۆزانیەكە هەڵبژارد. دوای ئەوە محەمەد كرێی یەك هەفتەی دایە و واژۆی سیغەكەمان كرد بۆ ماوەی هەفتەیەك لەگەڵی بوو. هەربۆیە سەفییە لە ژوورەوە لەگەڵی خەریك بوو منیشی لە دەرەوە كارم لەسەر مێشكی دەكرد. سەفییە شرینی خستە ژێر ددانەكانی عەبدولوەهابەوە و فێری كرد ئازادی و سەربەستی چەند بە لەزەتە.
سێهەمین رۆژی سیغەكردن  دووبارە محەمەدم بە گیرهێنایەوە بۆ ئەوەی سەبارەت بە شەراب قسەی لەگەڵ بكەم.
گوتم: ئەگەر شەراب خواردنەوەی یەزد و مەعاوییە و خەلیفەكانی دیكە بە ڕاست بزانین چۆن دەبێت هەموو ئەو پێشەوایانە فێڵباز بن و تەنیا تۆ لە ڕێگایەكی راستدا بیت؟ بێگومان ئەوان لە من و تۆ باشتر لە پەرتووكە ئاسمانی و سوننەتەكان تێگەیشتوون. هەربۆیە دەتوانین بڵێین تێگەیشتنی ئەوان لە حكومی خوا و سووننەت قەدەغەكردنی شەراب نەبووە، بگرە زیاتر حەز لێنەكردن و بێزاری ئەوان بووە لە شەراب خواردنەوە. من ڕیوایەتێكم لەبەردەستدایە كە دەیسلەمێنێت ئیمامی عومەریش شەرابی خواردۆتەوە. تاوەكو ئەو دەمەی ئایەتێك لەوبارەیەوە دابەزیووە" ئایا تۆ دەست لە شەراب و قومار هەڵدەگریت؟ "وهل انتم منتهون- سورەی الاعراف 91"  گەر شەراب خواردنەوە حەرام بووە، بۆچی پێغەمبەر گوناحی شەراب خواردنەوەی داوەتەپاڵ عومەر؟ لە كاتێكدا عومەر لەسەر ئەوە سزا نەدراوە. ئەمە بەڵگەیەكە بۆ حەڵاڵبوونی شەراب.
ئەویش پاڵپشتی خۆی بۆ قسەكانم دەربڕی :
گوتی: دەڵێن عومەر شەرابی لەگەڵ ئاودا تێكەڵ كردووە تاوەكو سەرخۆش نەبێت و ڕێژەی كحولەكەی كەم كردۆتەوە. لەم ڕووەوە دەیگوت شەراب حەرامە نەك خودی شەراب. شەرابێك سەرخۆشت نەكات ئەوا ئەو شەرابە حەرام نییە."
تێگەیشتم محەمەد ئارەزووی شەراب دەكات. دوای گفتۆگۆكەمان خێرا سەفییەم ئاگاداركردەوە كە تا دەتوانێت شەرابی بدەرێ و سەرخۆشی بكە. رۆژێك دوای ئامۆژگاریەكەم بۆ سەفییە هات بۆ لام و گوتی شەرابێكی زۆرمان پێكەوە خواردۆتەوە. بە ڕادەیەك سەرخۆش بووە، نەیتوانیووە سێكسم لەگەڵ بكات. من و سەفییە توانیمان كۆنتڕۆڵی مەحمەد بكەین. هەرلەوێدا قسەیەكی وەزیرم بیركەوتەوە كە لە كاتی ماڵ ئاوایدا پێی گوتم" ئێمە بە سێكس و شەراب توانیمان ئیسپانیا لە موسڵمانە كافرەكان پاك بكەینەوە.دەبێت هەموو وڵاتانی دیكەش لە ڕێگەی ئەم دوو هۆكارەوە بكەوێتە ژێر دەستی خۆمان."
جارێك پێم گوت- دەزانی نوێژ واجب نییە؟
گوتی: بۆچی؟
گوتم: خوا لە قورئاندا دەڵێت نوێژ لەبەر ئەوەیە ناوی منتان لە بیرنەچێتەوە و لەبیرم نەكەن. هەربۆیە نوێژنەكردن لە بیرنەچوونەوەی ناوی خوایە و تۆش دەبێت لە جیاتی نوێژكردن ناوی خوات لەسەر لێوە بێت.
گوتی: بەڵێ گوێم لە هەندێك زانایان بووە لە كاتی نوێژدا تەنیا ناوی خوا دەهێنن و ئیتر نوێژ ناكەن."
خۆشحاڵ بووم كە محەمەد عەبدولوەهاب دانی بەوەدا نا، ئیتر باسی نوێژ نەكردنم لەگەڵی نەكردووە، چونكە پێشتر زۆر بە توندی لەسەر رۆژوو بەگژمدا چوویەوە. دوای ماوەیەك بەسەر ئەو قسانەدا تێبینی ئەوەم دەكرد محەمەد جارجار نوێژ دەكات و لەبەر ئەوەی تا دەرەنگێك نەدەخەوتین وازی لە نوێژی بەیانی هێنا.

خەوەكەم
ئەو ماوەیە تەواو فێرببووم هەموو شتێك بكەم بە راپۆرت و هەموو مانگێك راپۆرتەكانی خۆمم دەناردەوە. لە ناردنی راپۆرتەكانم كەمترخەم نەبووم. وەڵامی راپۆرتەكانم زۆر دڵخۆشكەربوون، هەموویان هانیان دەدام. بەردەوام بم لەسەر كاركردن لەسەر محەمەد. بۆیە وازم لە محەمەد نەدەهێنا بەردەوام بە شوێنینەوە بووم. جارێك بە درۆوە پێمگوت" لەخەودا پێغەمبەرم بینی لەگەڵ ژمارەیەك لە مەلاكان لەسەر كورسیەك دانیشتبوو، پڕ چواردەوری زانا و پیاوانی ئاینی بوون. من كەسیانم نەدەناسی. لەناكاو تۆ هاتیتە ژوورەوە نور لە دەموچاوت دەباری. كاتێك گەیشتیتە لای پێغەمبەر ئەویش بەرێزەوە هەستاو ناوچاوانی ماچ كردیت. بە تۆی گوت. هاوناوەكەم تۆ جێنشینی منی تاوەكو كاروباری دین و دونیای موسڵمانان بەڕێوە بەرێت. تۆش گوتت ئەی پەیامبەری خوا من لەو دەترسم هەموو زانستەكانم بۆ خەڵك ئاشكرا بكەم. ئەویش فەرمووی، ئەی محەمەد دوو دڵ مەبە چونكە تۆ لەوە مەزنتریت كە خۆت بیر لە تواناكانت دەكەیتەوە."
لەخۆشیدا وەختبوو شێت دەبوو. پێی گوتم بەراستە؟ بەدڵنیایەوە راستگۆم لەم گێڕانەوەیە. ئەوجا زانیم كە محەمەد عەبدولوەهاب تەواو باوەڕی بەوە هێناوە مەزهەبەكەی رابگەێنێت.

ونبوونی محەمەد عەبدولوەهاب

دوای ماوەیەك لە لەندەنەوە داوام لێكرا سەردانی هەردوو شارە پیرۆزەكانی كەربەلا و نەجەف بكەم. بۆ ئەوەی لە بارودۆخی ئەوێ تێبگەم. رۆیشتم ماوەیەكی زۆرم پێچوو. لە گەڕانەوەمدا دەترسام محەمەد عەبدولوەهاب گۆڕابێت و چونكە دەمزانی زوو هەڵدەچێت. ئەو كاتەی لەبەسڕە بووم رۆژێكیان باسی ئەوەی دەكرد كە حەز دەكات بچێت بۆ توركیا و دەیەوێت زانیاری لەسەر ئەستانبوڵ بزانێت. بەڵام زوو فریای كەوتم گوتم لەوێ وەكو ئێرە نییە دەترسم بە كافر ناوتبەرن و بتكوژن. من لەوە دەترسام بچێت لەوێ كۆمەڵێك زانا بە لۆژێك پەشیمانی بكەنەوە و ماندووبوونەكەی منیش بەزایە بچێت. بۆیە كاتێك یەكمان بینیەوە زانیم سوورە لەسەر ئەوەی لەبەسڕە دەرچێت. بۆیە منیش هەستام هانمدا بچێت سەردانی ئەسفەهان و شیراز بكات، چونكە ئەو دوو شارە شیعەنشینن و كاریگەری نەرێنی لەسەر مێشكی محەمەد دانانێن. بۆیە ئەسپێكم بۆی كڕی بە زەكات و ڕەوانەی ئێرانم كرد. ئیتر لەو رۆژەوە هیچ ئاگام لە شێخ مەحمەد عەبدولوەهاب نەما. بەڵام هەردووكمان كاتێكماندا كە لەبەسرە یەك ببینەوە. یان نامەیەك بنووسین و لای ڕەزای دارتاش جێی بهێڵێن. بەڵام تاوەكو گەڕانەوەشم بۆ لەندەن بە هیچ جۆرێك ئاگام لەو پیاوە نەما.

گەڕانەوە بۆ لەندەن
كاتێك گەڕامەوە بۆ لەندەن هەموومان دڵخۆشبووین بە پلانەكانمان بۆیە چەندین كۆبوونەوەی یەك لە دوای یەكمان كرد، تاوەكو زیاتر پەرە بە پلانەكانمان بدەین و خاڵە لاوازەكانی موسڵمانان دەستنیشان بكەین و بتوانین لەو ڕێگەیەوە كپ و كوێریان بكەینەوە. بە هەموومانەوە گەیشتینە ئەم دەرئەنجامە كە دەبێت كاریان لەسەر بكەین ئەوانەش :-
یەكەم: هێشتنەوەی موسڵمانان لە نەخوێندەواری و نەزانین.
دووەم: هاندانی خەڵكی بۆ تەمەڵی.
سێهەم: ناكۆكی درووستكردن لە نێوان ئاینەكان و سەرهەڵدانی كێشەی شیعە و سوونە.
چوارەم: سەلماندنی ڕەهای بۆ دەسەڵاتی پادشا و دیكتاتۆرەكان.
پێنجەم: كردنەوە و گرنگیدان بە كردنەوەی خانەقاكان.
شەشەم: ئاژاوە نانەوە و درووستكردنی پشێوی.
حەوتەم: چەسپاندنی بیروباوەڕی بە قەدەر كە هەموو شتێك لە دەستی خوادایە و دەرمان بۆ نەخۆشەكانمان بێ سودە.
هەشتەم: وڵاتانی ئیسلامی لە هەژاریدا بمینێنەوە.
نۆیەم: گرنگیدان بە فیتنەیی.
دەیەم: دواكەوتووی ئابوری و زیادكردنی ڕێژەی بێكاری.
یانزدەیەم: هەڵخەڵەتاندنی بەرپرسانی موسڵمان لە ڕێگەی پارە و سێكسەوە.
دوانزدە : بڵاووبوونەوەی دەنگۆی كۆیلایەتی ژنان .لە هەمان كاتیشدا سەرچاوە ئاوییەكان پیس بكرێت.

هێنانە پێشەوەی محەمەد عەبدولوەهاب و درووستكردنی سعودییە
دوای ئەوەی لە لەندەن بووم، وەزیر بانگی كردم پێگوتم باشترین كەس بۆ پێكهێنانی ئەو كارە محەمەد عبدولوەهابە. چونكە بەتەنیا ئەو دەتوانێت ئەو كارانە بكات. چونكە ئەو كاتەش لە ئەسفهان بووە، دیسان سیخوڕەكانی بەریتانیا پلانێكی دیكەیان بۆ محەمەد داڕشتبوو ژنێكی دیكەیان بەناوی ئاسیا بۆ تەرخانكردبوو. ئەوەندە خەریكی سێكس و بادەنۆشی بوو. كاتێك بۆ جاری دووەم لە بەسڕە بینمەوە نەخۆشكەوتبوو و نەیدەتوانی سێكس بكات. وەزیری وڵاتانی داگیركراو ئەركەكەی خۆمی بۆ دیاریكرد دەبێت پلە بە پلە لەگەڵ شێخ دەست بەكارەكانمان بكەین كارەكانی ئێمەش بریتی بوو لە:
یەكەم: بە كافر ناوبردنی ئەو موسڵمانانەی كە پابەندی مەزهەبی محەمەد عەبدولوەهاب نابن. تەنانەت كوشت و تاڵاكردنی سەروەت و ماڵیان و بردنی ژن و كچیان بە كەنیزە.
دووەم: ئەگەر بكرێت بینای كەعبە خاپوور بكەین، ئەوەش بە بیانووی نەهێشتن و سڕینەوەی بوت پەرستی. بەمەش دەتوانین موسڵمانان چیتر حەج نەكەن.
سێهەم: تادەكرێت مەزار و گۆڕخانەكان لەناو ببرێن بە بیانوی جیهاد و دژی نەریت و ڕەوشتی بت پەرستان.
چوارەم: هاندانی خەڵكی بۆ یاخی بوون و سەرپێچیكردنی فەرمانەكانی خەلیفەی عوسمانی. هەروەها درووستكردنی چەند كۆمەڵە چەكدارێك بۆ هاندانی خێڵەكان و راپەڕین لە دژی عوسمانییەكان.
پێنجەم: تا پێتان دەكرێت فیتنە و دووبەرەكی لەنێوان خەڵكی بخوڵقێنن.
شەشەم: چاپكردن و بڵاوكردنەوەی قورئانێكی نوێ بەكەمكردن و زیادكرنی سورەتەكانی بەوەش دەتوانین ئەم قورئانەی ئێستا هەیە دەستكاری بكرێت.
هەربۆیە خێرا گەیشتمەوە بەسڕە و چوومە سەردانی دوكانەكەی ڕەزای دارتاش، ئەویش نامەیەكی پیشاندام كە شێخ محەمەد عەبدولوەهاب بۆی جێهێشتووم. منیش نامەكەم خوێندنەوە و ملی ڕێگای شاری(نەجد)ی سعودییەم گرتە بەر. لەوێ خۆم گەیشتمە ئەو ناونیشانەی كە شێخ نووسیبووی. من خۆمم بە خزمەتكاری شێخ دانا و ناوی خۆم گۆڕی بۆ (عەبدوڵا) لەسەرەتاوە شێخ دوودڵ بوو. بەردەوام هانیم دەدا پێمدەگوت پێغەمبەری موسڵمانانیش لەسەرەتاوە تووشی ئاستەنگ بووە، دەبێت خۆڕاگڕ بیت. ئەویش بەڵێنی دا لە ناوەڕاستی ساڵی 1730دا بانگەوازی مەزهەبە نوێكەی بكات. چەندین داواكاری و بەڵێن نامەی بۆ خێڵەكان نارد. ئێمەش بە لێشاو پارەمان بۆ هەڵدەڕشت. دژایەتیەكی زۆر دەكرا تا كار گەیشتە ئەوەی بیكوژن و بە فێڵ ڕێگریمان لێكرد. دواجار بەڵێنیدا هەر شەش بڕگەی وەزارەتی وڵاتانی داگیركراوی بەریتانیا جێبەجێ بكات. بەڵام ئەو ترسی لەوە بوو. گەر كەعبە بڕوخێنێت و قورئانێكی نوێ دابهێنێت عوسمانیەكان زیاتر سەركووتی دەكەن. بۆیە بەریتانیا بەردەوام بوو لە پشتگیریكردنی بانگەوازەكەی محەمەد عەبدولوەهاب تاوەكو ساڵی 1747 لایەن بەكرێگیراوێكی خۆیەوە بەناوی(شێخ محەمەد بن سعود[1]) دانی بە مەزهەبی وەهابی دانا و قەبوڵیكرد. هەرچەندە بەردەوام كێشە لە نێوانیاندا هەبوو. بەڵام ئێمەی سیخوڕان كە ژمارەمان 11 كەس بوو توانیمان بەرگریەكی گەورەیان لێبكەین و ئامانجەكانمان تاڕادەیەك لە حیجاز بەدیهێنێن. هەربۆیە تا دونیا دونیایە ئێمە ئەو نەمامەی چاندوومانە نەوەكانمان لەبەرەكەی دەخۆن.

سەرچاوەكان:
Memoirs of Mr. Hempher, The British Spy to the Middle East
[1] باپیرە گەورەی پادشاكانی ئێستای سعودییە