03:23 - 30/12/2018
یه‌كگرتوو ده‌یه‌وێت میانڕه‌وانه به ئۆپۆزسیۆنبوون بارى خۆى راست بكاته‌وه
له‌كۆى ئه‌و حه‌وت خاڵه‌ى یه‌كگرتوو له كۆنگره‌ى حه‌وته‌مى خۆى وه‌ك ستراتیژى حزبه‌كه په‌سه‌ندیكرد، دوو خاڵیان گوتارى سیاسى نزیك ده‌كاته‌وه له هێزێكى به‌رهه‌ڵستكار، كه چاكسازى و دابه‌شكردنى داهاتن، دواى سێ ساڵ له‌و كۆنگره یه‌كگرتوو ده‌یه‌وێت به‌تونێلى سه‌رده‌مى ١٧ی شوباتدا گوزه‌ر بكاته‌وه‌و ببێته‌وه ئۆپۆزسیۆنێكى كارا، به‌ڵام پێناچێت ئەوە بیکاتە هێزێكى یاخى و سیماى پڕۆژه‌كه‌ى خۆى بۆ قۆناغێكى دیاریكراو بگۆڕێت.
سه‌لاحه‌دین به‌هادین دوای ١٥ ساڵ بێدەنگی ساڵی ١٩٩٤ جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانى له نیازى خۆى بۆ دامه‌زراندنى حزب ئاگاداركرده‌وه
یه‌كگرتوو كه ساڵى ١٩٩٤ له منداڵدانى ناكۆكییه‌كانى هه‌ردوو خه‌تى یه‌ك و دووى ئیخوان لە دایک بوو، كه ١٥ ساڵی تەواو لە ململانێدابوون دواجار وه‌ك دوو حزب خۆیان نمایش كرد، خه‌تى یه‌ك و به‌شێكى كه‌مى خه‌تى دوو بوونه یه‌كگرتوو، كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانى خه‌تى دووش نه‌هزه‌یان راگه‌یاند، كه‌ئه‌مه‌ى دووه‌میان زۆرتر مه‌یلیان بۆ ده‌ستبردن بۆ چه‌ك و ئیخوانێكى كوردانه بوو، به‌ڵام یه‌كگرتوو له دایكبوونه‌كه‌ى به‌رهه‌مى فكرى میانڕه‌وانه‌و و خاڵى بوونه‌وه‌ی خه‌ته چه‌ك خوازه‌كه‌ى بوو.
ساڵى ١٩٧٩ رابەری ئەوکاتی مەکتەبی ئیرشادی ئیخوان، مسته‌فا مه‌شهور كارى ئیخوانه‌كانى له عێراق هه‌ڵپه‌سارد به‌هۆى ئه‌وه‌ى مه‌ترسى هه‌بوو هاوشێوه‌ى سوریا به‌عس له عێراق ئیخوانه‌كان قڕبكات، سه‌لاحه‌دین به‌هادین به بڕیاره‌كه پابه‌ندبوو، ١٥ ساڵ بە بێدەنگی کاری کرد، ساڵی ١٩٩٤ جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانى له نیازى خۆى بۆ دامه‌زراندنى حزب ئاگاداركرده‌وه، ٦ی٢ی ئەو ساڵە یەکگرتوو راگەیەندرا، خه‌تى دووى ئیخوانیش به سه‌رپه‌رشتى مه‌لا سدیق عه‌بدولعه‌زیز كه له‌سه‌ره‌تاوه به‌بڕیارى مسته‌فا مه‌شهور پابه‌ند نه‌بوون پێش ساڵێك نه‌هزه‌یان راگه‌یاندبوو.
حزبه میانڕه‌وه‌كه‌ى ئیخوانه‌كانى هه‌رێم، له رابردوو هه‌ڵكشان و داكشانى زۆر هاته‌ڕێى دوایین هه‌ڵبژاردن كاریگه‌رترین پاشه‌كشه بوو كه قه‌باره‌ى حزبه‌كه‌ى بۆ نیوه كه‌مكرده‌وه و بووه حزبى شه‌شەم له هه‌رێمى كوردستان، چیتر له ریزبه‌ندى یه‌كه‌مى هێزه ئیسلامییه‌كانیش نه‌مایه‌وەو شوێنه‌كه‌ى خۆى بۆ كۆمه‌ڵ جێهێشت، هێشتا شۆكى هه‌ڵبژاردن به‌رینه‌دابوو بڕیاریدا چوار ساڵى داهاتوو ئۆپۆزسیۆن بێت، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆنێك وه‌ك خۆیان ده‌ڵین،"واقع بین و خاوه‌ن پرۆژه و میانڕه‌و".
یه‌كگرتوو دواى ١١ ساڵ لە دامەزراندنی، ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى بۆ ره‌خسا كورسى په‌رله‌مانى هه‌بێت، له هه‌ڵبژاردنى ساڵى ٢٠٠٥ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و پارتى به لیستێكى هاوبه‌ش به‌شداربوون و شه‌ش لایه‌نى دیكه‌ش له لیسته‌كه‌دا بوون جگه له كۆمه‌ڵى ئیسلامى و زه‌حمه‌تكێشان کە بەتەنها بەشداربوون، یه‌كگرتوو له‌و هه‌ڵبژاردنه به نۆ كورسییه‌وه چووه په‌رله‌مان، له ٢٠٠٩ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و سۆسیالست و ئاینده به لیستێك به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى كرد كورسییه‌كانى بۆ شه‌ش دابه‌زین، ٢٠١٣ به ته‌نها به‌شداریكرد و ١٠ كورسى برده‌وه، به‌ڵام كۆتا هه‌ڵبژاردنه‌كانى ٢٠١٣ له هه‌ردوو په‌رله‌مانى كوردستان و عێراق ژماره‌ى كوردسییه‌كانی بۆ نیوه دابه‌زى، بۆ په‌رله‌مانى عێراق دوو كاندیدى ده‌رچوون و له كوردستانیش پێنج.
حزبه‌كه تاراده‌یه‌كى زۆر تواناى چاره‌كردنى كێشه ناوخۆییه‌كانى هه‌یه، وه‌ك به‌شێك له حزبه‌كان ناكۆكییه‌كانى گه‌وره‌نین و له گێژنه ده‌رنه‌چوون
یه‌كگرتوو ئێستا له دوڕیانێكى چاره‌نوسسازدایه ئه‌گه‌ر به‌ر له پوكانه‌وه نه‌گرێت دورنییه ئه‌وه‌شى هه‌یه له‌ده‌ستى بدات یاخود ده‌بێت هه‌ستێته‌وه، ده‌یه‌وێت به شێوازه‌ى ئۆپۆزسیۆن بارى خۆى راست بكاته‌وه و چاوى لاوه‌یه ژماره‌ى كورسییه‌كانى به‌رێته‌وه سه‌ر، به‌ڵام بێ ئاسته‌نگ نابێت به‌وپێیه‌ى له چوار ساڵى ئۆپۆزسیۆنبوونى، میانڕه‌وییه‌كه‌ى رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ى زۆرى كرده‌وه، زۆرێك پێیان وابوو دۆخى حكومڕانى ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى كوردستان ئۆپۆزسیۆنێكى نه‌رم ناخوازێت، هاوكات یه‌كگرتوو پرۆژه‌كه‌ى بۆ كارى هاوبه‌شى ئیسلامییه‌كان رووناكى نه‌بینى و نه‌گه‌یشته‌جێ كه سێ خاڵى یه‌كه‌مى ستراتیژى خۆى له په‌یڕه‌وى ناوخۆى حزب، بۆ ئه‌و بابه‌ته ته‌رخانكردووه.
ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى په‌رله‌مانتارى یه‌كگرتوو له په‌رله‌مانى كوردستان، هیواى هه‌یه ئه‌وه‌ى له ده‌ستیان چووه له‌م چوار ساڵه به ده‌ستى بخه‌نه‌وه، ده‌ڵێت ده‌یانه‌وێت له چوار ساڵى ئاینده ئۆپۆزسیۆنێكى كاریگه‌ر و پیشه‌یى بن، پرۆژه‌ی جێگره‌وه‌یان بۆ هه‌موو سێكته‌ره‌كان پێبێت، له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ى چاودێرى پرۆژه‌شیان ده‌بێت، نه‌رمیش ده‌بن به‌ڵام "نه‌رمێكى كاریگه‌ر".
هه‌ڵه‌دنى كه له كۆتا كۆنگره‌ى حزبه‌كه‌ى ده‌نگى یه‌كه‌مى به‌ده‌ستهێنا و به ده‌نگ پێش ئه‌مینداریش كه‌وت، بۆ په‌یسه‌ر گوتى"ئۆپۆزسیۆنبوون له ژاوه‌ژاو و ره‌خنه‌گرتن كۆناكه‌ینه‌وه، له هه‌موو دنیا ئۆپۆزسیۆن یه‌ك پێناسه‌ى هه‌یه كه چاودێرى ورد ده‌كات و له به‌رامبه‌ر كه‌موكورتییه‌كان پرۆژه‌ى ده‌بێت".
گرفتێكى دیكه بۆ یه‌كگرتوو دێته پێش، كه بوونى ئۆپۆزسیۆنى دیكه‌یه به گوتارى پۆپۆلیستانه، ئه‌مه‌ش ره‌نگه وابكات گوتارى یه‌كگرتوو كه وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، پرۆژه‌ى "عه‌قڵانى و نه‌گۆڕه" كڕیارى كه‌متر بێت، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى كارى فراكسیۆنه‌كه‌یان له په‌ڕله‌مانى كوردستان یه‌كگرتوو وه‌ك هێزێكى یاخى نه‌بینراو به نه‌فه‌سى خولى پێشوو ده‌ستى به كاركرده‌وه كه پێشتر ره‌خنه‌ى زۆرى له‌سه‌ر بوو، جگه له‌وه‌ش یه‌كگرتوو له‌به‌رده‌م كۆنگره و گۆڕانكارى و ته‌ته‌ڵه‌كردنى ناوخۆى خۆیه‌تى دواى شكستى هه‌ڵبژاردن، كه ئه‌وه‌ش بێ سه‌رئێشه نابێت ره‌نگه وابكات حزبه‌كه زۆرتر سه‌رنجى له‌ناو ماڵى خۆى و كه‌متر فریاى شه‌قام بكه‌وێت.
بۆچوونێكیش هه‌بوو پێى وابوو یه‌كگرتوو به‌و دابه‌شكردنه‌ى هه‌رێمى كوردستانى له مه‌ترسى گه‌وره‌تر پاراست
گرفتى دیكه، لابردنى تارمایى خولى رابردووى په‌ڕله‌مانه له‌سیماى حزبه‌كه، كاتێك له هه‌موولایه‌كه‌وه چاوه‌كان له‌سه‌ر دانیشتنى په‌رله‌مان بوون تایبه‌ت به یاساى سه‌رۆكایه‌تى، یه‌كگرتوو له هه‌موو فراكسیۆنه‌كان زیاتر كه‌وته به‌رچاوان و سه‌رزاران، كاتێك فراكسیۆنه‌كه‌ى به‌سه‌ر هه‌ردووبه‌ره نه‌یاره‌كه‌دا دابه‌شكرد و یارییه‌كه وه‌ستا و دواتر په‌رله‌مان په‌كیكه‌وت، یه‌كگرتوو نه‌یتوانى له‌نێوان دوو پێنجه‌كه‌ى سلێمانى و بادیناندا فراكسیۆنه‌كه‌ى كۆبكاته‌وه، تا له كۆتاییه‌دا پێنج كورسى لێبووه‌وه هه‌رچه‌ند بۆچوونێكیش هه‌بوو پێى وابوو یه‌كگرتوو به‌و دابه‌شكردنه‌ى هه‌رێمى كوردستانى له مه‌ترسى گه‌وره‌تر پاراست.
له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه پرسى بانگه‌واز و تێكه‌ڵكردنى یاخود جیاكردنه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ گوتارى سیاسى حزبه‌كه هێشتا له‌ناو حزبه‌كه مشتومڕى له‌سه‌ره، ته‌نانه‌ت بۆچوون هه‌بوون كه حزبه‌كه پاشگرى ئیسلامى له‌خۆى بكاته‌وه و سه‌رده‌مێكى نوێ جاڕ بدات، ئه‌وه‌ش حزبه‌كه‌ى خستووه‌ته به‌رده‌م دوڕیان، له رابردوو یه‌كگرتوو به‌شێك له كاره‌كته‌ره دیاره‌كانى كه له بوارى بانگخوازى خۆیان كه‌سانى دیار و په‌سه‌ندكراو بوون هێنایه ناو سیاسه‌ت، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوونه‌بوون وه‌ك پێشتر له بواره‌كه‌ى خۆیان كاریان ده‌كرد.
خاوه‌نى رێكخستنى زۆر و په‌روه‌رده‌كراوه كه ئاماده‌ن بۆ جێبه‌جێكردنى به‌رنامه‌ى حزبه‌كه، ئه‌وه‌ش ده‌ستى حزبه‌كه ده‌گرێت بۆ هه‌ستانه‌وه
گرفتى به‌رچاو كه له‌به‌رده‌م حزبه‌كه‌یه دروستبوونى دابڕانه له‌نێوان جیلى كۆن و نوێى یه‌كگرتوو، بۆچوونێك هه‌یه پێى وایه یه‌كگرتوو پڕۆژه‌كه‌ى كه تایبه‌ته به كارى میانڕه‌وانه‌ى ئیسلامى و چاكسازى و دادپه‌روه‌رى و په‌روه‌رده‌ى دروست، وه‌ك پێویست به جیلى نوێ نه‌گه‌یاندووه‌و نه‌وه‌ى دووه‌مى حزبه‌كه وه‌ك پێویست له قوڵایى پڕۆژه‌كه‌دا نین و كه‌متر كاریگه‌رن به گوتارى حزبه‌كه، له‌ژێر كاریگه‌رى بۆچوونى باوى شه‌قامن. حزبه‌كه خاوه‌نى راگه‌یه‌ندنى گه‌وره‌ش نییه و ئه‌گه‌ر به‌تۆنى رابردوو راگه‌یاندنه‌كه‌ى به‌رده‌وام بێت ده‌ستكه‌وتێكى ئه‌وتۆ ناچنێته‌وه.
هه‌رچه‌نده ئه‌و گرفتانه ره‌نگه ده‌ستى حزبه‌كه بگرێت له چوار ساڵى ئۆپۆزسۆنبوونى، به‌ڵام یەکگرتوو كۆمه‌ڵێك خاڵى به‌هێزى هه‌یه كه ره‌نگه‌ى ده‌رفه‌تى گه‌ڕانه‌وه و هه‌ڵكشانه‌وه‌ى پێبدات، له‌هه‌مووى گرنگتر خاوه‌نى رێكخستنى زۆر و په‌روه‌رده‌كراوه كه ئاماده‌ن بۆ جێبه‌جێكردنى به‌رنامه‌ى حزبه‌كه، ئه‌وه‌ش ده‌ستى حزبه‌كه ده‌گرێت بۆ هه‌ستانه‌وه.
هه‌روه‌ها له ئه‌گه‌رى به‌شدارى كۆمه‌ڵى ئیسلامى، یه‌كگرتوو ده‌بێته تاكه هێزى ئیسلامى ئۆپۆزسیۆن و ده‌ست و ده‌مكراوه ده‌بێت بۆ ره‌خنه‌گرتن، به‌وه‌ش ره‌نگه بۆشاییه‌ك له شه‌قام پڕبكاته‌وه‌و خه‌ڵك و ده‌نگده‌ر رووى تێبكات به تایبه‌ت ده‌نگده‌ره‌كانى حزبه‌كه به‌شێكى زۆرى ئه‌وانه بوون كه نا ئومێدبوون و بایكۆتى هه‌ڵبژاردنیان كرد.
ناوخۆى حزبه‌كه چه‌قبه‌ستوو نییه‌و ناو به‌ناو گۆڕانكارى تێدا رووده‌دات له ٢٤ ساڵى ته‌مه‌نى خۆیدا حه‌وت كۆنگره‌ى به‌ستووه
خاڵێكى دیكه كه هێز ده‌داته‌وه به یه‌كگرتوو، دۆخى جوڵاوى ناوخۆى حزبه‌كه‌یه كه چه‌ق به‌ستوو نییه‌و ناو به‌ناو گۆڕانكارى تێدا رووده‌دات، یه‌كگرتوو له ٢٤ ساڵى ته‌مه‌نى خۆیدا حه‌وت كۆنگره‌ى به‌ستووه جارێكیش ئه‌میندارى گۆڕیوه، هه‌رچه‌نده گۆڕانكارییه‌كانى یه‌كگرتوو و گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌لاحه‌دین به‌هادین له ساڵى ٢٠١٦ ره‌خنه‌ى زۆرى به‌دواى خۆى هێنا، حزبه‌كه تاراده‌یه‌كى زۆر تواناى چاره‌كردنى كێشه ناوخۆییه‌كانى هه‌یه، وه‌ك به‌شێك له حزبه‌كان ناكۆكییه‌كانى گه‌وره‌نین و له گێژنه ده‌رنه‌چوون، هه‌روه‌ها یه‌كگرتوو سیماى دوو ئیداره‌یی پێوه دیار نییه جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى له هه‌ردوو زۆنن.
ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى گوتى"یه‌كگرتوو به‌و پرۆژه دورومه‌ودایه‌ى كه هه‌یه‌تى هێزێكى میانڕه‌وه‌و واقیع بینه، مرۆڤ ده‌كات به سه‌نته‌ر وه به‌دواى ده‌سه‌ڵاتى هاوڵاتى ده‌گه‌ڕێت، مه‌رج نییه ته‌نها ئه‌م خوله ئۆپۆزسیۆن بین، له ئه‌نجامیشدا له‌نێوان ململانێكانى خه‌ڵك و ئۆپۆزسیۆن ئه‌وه‌ى قازانج ده‌كات خه‌ڵكه".
به‌بڕواى ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كگرتوو، حزبه‌كه‌ى كه‌ره‌سته‌كانى ئۆپۆزسیۆنێكى پیشه‌یى و كاریگه‌رى پێیه "كه خاوه‌نى هه‌زاران كادیرى به‌توانایه ئه‌وه‌ش پاڵپشتێكى گه‌روه ده‌بن بۆ فراكسیۆنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ى یه‌كگرتوو" جه‌ختیله‌وه‌شكردوه ستراتیژى یه‌كگرتوو هێنانه‌وه‌ى ئه‌و ده‌نگانه‌یه كه له‌ده‌ستیدان ده‌یانه‌وێت خولى داهاتوو كورسییه‌كان بۆ ١٠و ١٥ به‌رز بكه‌نه‌وه"گوتارى سیاسیشمان نه‌رم ده‌بێت به‌ڵام نه‌رمێكى كاریگه‌ر، ره‌خنه ده‌گرین و چاودێرى ده‌كه‌ین، به‌ڵام ته‌نها به‌وه‌ش رازى نابین و پرۆژه‌شمان ده‌بێت".
كه‌ره‌سته‌كانى ئۆپۆزسیۆنێكى پیشه‌یى و كاریگه‌رى پێیه
سه‌ره‌تا به بوونى رێكخستنى دێرن كه له حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه خه‌ریكى كاربوون بۆ ئیخوان، هه‌روه‌ها بوونى چه‌ند رێكخراوێكى خێرخوازى ئه‌نجامدانى كارى خێرخوازى له هه‌رێمى كوردستان، یه‌كگرتوو سه‌رنجى خه‌ڵكى راكێشا، هاوكات خه‌ڵكانێكیش هه‌بوون له‌نێوان شه‌ڕ و ناكۆكى یه‌كێتى و پارتى هێڵى سێیه‌میان پێ خۆش بوو، ئێستا ئه‌و هۆكارانه له‌به‌رده‌ست حزبه‌كه نه‌ماون بۆچوار ساڵى دیكه ره‌نگه یه‌كگرتوو به‌دواى هۆكارو شێوازى دیكه بگه‌ڕێت.