ڕاپۆرتی کوردستانی

03:44 - 19/06/2020

ته‌به‌قچه‌لی.. ئه‌و ئه‌فسه‌رەی‌ چاوى كوردى نه‌ده‌بینى‌

ئومێد نه‌جم

بۆ دژایه‌تی كورد هه‌رچی له‌ده‌ستی هات كردى، رقی دنیای له‌ ئه‌ندامانی پارتی و  شیوعیه‌كان بوو.. ده‌ستی هه‌بوو له‌ خۆشكردنی ئاگری شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی له‌نێوان كورد و توركمانی كه‌ركوك، كه‌ سه‌دان ساڵه‌ له‌و شاره‌دا به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ژییان. نازم تەبەقچەلی فەرماندەی فیرقەی دووی دوای شۆرشی ١٩٥٨ لە کۆتاییدا باجی سەرکێشییەکانی خۆی دا.

پاش سه‌ركه‌وتنی شۆرشی ١٤ی ته‌مموزی ١٩٥٨، به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م زه‌عیم روكن نازم ته‌به‌قچه‌لی، كرا به‌ سه‌ركرده‌ی فیرقه‌ی دوو، كه‌ مه‌ڵبه‌ندی له‌ كه‌ركوك بوو. هه‌موو یه‌كه‌كانی سوپا كه‌ له‌ ناوچه‌ی باكوری عێراقدا بوون، هه‌ر له‌ موسڵه‌وه‌ تا سلێمانی، هه‌موو سه‌ر به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌م فیرقه‌یه‌ بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ده‌سه‌ڵاتی نوێ هه‌ندێ  موته‌سه‌ریف (پارێزگار)ی نوێی بۆ به‌رێوه‌بردنی لیواكانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ دانا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ هه‌ر به‌ده‌ست سوپاوه‌ بوو كه‌ سه‌ركرده‌ی فیرقه‌ له‌ كه‌ركوك سه‌رپه‌رشتى ده‌كرد. بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌و كه‌س نه‌یده‌توانی په‌نجه‌ بكا به‌ئاودا.

به‌ئاشكراو به‌سه‌رزاره‌كی پشتیوانی عه‌بدولكه‌ریم قاسم بوو، له‌پشته‌وه‌و به‌نهێنیی خه‌ریكی دارشتنی پیلانبوو دژی حكومه‌ته‌كه‌ی قاسم و دڵی بۆ كوده‌تاكه‌ی شه‌واف لێیده‌دا، به‌ڵام پیلانه‌كه‌یان سه‌ری نه‌گرت و دواجار خۆی كه‌وته‌ داوه‌كه‌وه‌ و عه‌بدولكه‌ریم قاسمیش له‌رێی دادگاوه‌ ئیعدامی كرد... ساڵانێك دوای رووداوه‌كه‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر ته‌رمه‌كه‌ی هێنایه‌وه‌ و له‌گۆڕستانی شه‌هیدان ناشتی.

نازم ته‌به‌قچه‌لی كێیه‌؟

نازم كامل ئه‌فه‌ندی ته‌به‌قچه‌لی ساڵی ١٩١٣ له‌به‌غدا له‌دایك بووه‌، په‌روه‌رده‌ی سه‌ربازی و خوێندنی له‌ به‌ریتانیا ته‌واوكردبوو، ئینگلیزییه‌كی زۆر باشی ده‌زانی. به‌پله‌كانی سه‌ربازیدا سه‌ركه‌وتوه‌و چه‌ندین جار خه‌ڵاتی سه‌ربازی وه‌رگرتووه‌ تا ئه‌و ده‌مه‌ی كرایه‌ قائیدی فرقه‌ی دووی كه‌ركوك. پله‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی"عه‌مید روكن" بوو. یه‌كێك بوو له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی له‌ڕێی كوده‌تای سه‌ربازیییان به‌سه‌ر حوكمی پاشایه‌تی ئه‌نجامدا كه‌ له‌مێژووی سیاسی عێراق-دا به‌ شۆرشی ١٤ی ته‌مموزی ١٩٥٨ناسرا.

ته‌به‌قچه‌لی ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌كی عه‌ره‌بی سوریا كه‌ له‌ به‌غدا نیشته‌جێبوون. ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ ڕێبازی نه‌ته‌وه‌ په‌رستیی گرتووه‌ته‌به‌ر، ته‌به‌قچه‌لی خۆیشی، وه‌كو عه‌بدولسه‌لام عارف"كه‌ بووه‌ سه‌رۆكی عێراق" به‌وه‌ ناسرابوو ده‌مارێكی نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامی هه‌یه‌ و خێزانه‌كه‌ی توركمان بوو.

هاتنی نازم ته‌به‌قچه‌لی بۆ كه‌ركوك سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی گیروگرفته‌كان و تێكدانی برایه‌تی دانیشتوانی كه‌ركوك بوو. به‌پێی ده‌ستێوه‌ردانی ته‌به‌قچه‌لی له‌كاروباری ئیداری و به‌پێی راپۆرته‌ ژێر به‌ژێره‌كانی، هاتنی ئه‌و دوو رۆژ دوای شۆرشی ١٤ی ته‌مموز هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بۆ گێڕانی ئاژاوه‌یه‌ك بوو.

توركمانه‌ سوننیه‌كانی كه‌ركوك زۆرتر به‌وه‌ ناسراون به‌ درێژایی چه‌رخی پاشایه‌تی پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستادا چاك بووه‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌یان كه‌ له‌سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا كاربه‌ده‌ست بوون، له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تیشدا هه‌روا به‌كاربه‌ده‌ستی مانه‌وه‌. سه‌ركرده‌ی نوێی فیرقه‌ خۆیشی له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕێبازێكی سیاسی راستڕه‌وانه‌ ده‌ڕۆیشت، زوو زوو له‌گه‌ڵ كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌كانی توركمان و پیاو ماقووڵه‌كانیان له‌ كه‌ركوك لێك نزیك بوونه‌وه‌. به‌تایبه‌تی ژنه‌كه‌ی توركمانی ته‌له‌عفه‌ر بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی لایه‌نگری توركمانه‌كانی كه‌ركوكی ده‌كرد، جڵه‌وی بۆیان شل كردو هانی سه‌ركرده‌كانی دان بێنه‌ پێش  ئه‌وه‌بوو ته‌به‌قچه‌لی زۆر جار ده‌چووه‌ سه‌ر ده‌عوه‌تیان و له‌ هه‌ر ئاهه‌نگێكیاندا به‌شداری ده‌كرد و به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكوپێك له‌گه‌ڵیان كۆده‌بووه‌وه‌.

له‌به‌رئه‌وه‌ زۆرتر توركمانه‌كان له‌سه‌ر كار و وه‌زیفه‌ی خۆیان مانه‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كورده‌كان له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا كه‌وتنه‌ به‌ر هه‌ڵمه‌تی ڕاوه‌دوونان و گرتن و گواستنه‌وه‌ و ده‌ركردنیان له‌كار و وه‌زیفه‌تی ده‌وڵه‌ت. ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ زۆر كاری كرد بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی سیاسی و ئیداریی كورد له‌شاره‌كه‌.

دژی ئه‌وه‌بوو كوردێك سه‌رۆك شاره‌وانی بێت

ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌رێوه‌به‌ری شاره‌وانی كه‌ركوك له‌نێوان موكه‌ره‌م تاڵه‌بانی كه‌ كورد و لایه‌نگری شیوعییه‌كان بوو، له‌گه‌ڵ سه‌ڵاحه‌دین خه‌یروڵڵای توركمان، به‌پاڵپشتی فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ توركمانه‌كان له‌ناو خه‌ڵكی شاردا كه‌وتنه‌ ئیمزا كۆكردنه‌وه‌ كه‌ ده‌یانوت "چۆن ده‌بێت كوردێك بكرێته‌ سه‌رۆك شاره‌وانی".

تاقه‌ هه‌نگاوێ كه‌ سه‌ركرده‌ی نوێی (فیرقه‌) نای ئه‌وه‌بوو داوای له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق كرد سه‌رۆكه‌ كورده‌كه‌ی شاره‌وانی له‌سه‌ر كار لابه‌رێ و سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كی توركمان له‌جێی دانێ.  ئامانجی له‌مه‌ تێكدانی نێوان كورد و توركمان و دروستكردنی رق و كینه‌ له‌دڵی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ و نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ بوو.
كه‌ حاكم نوره‌دین واعیز بوو یه‌كێك بوو له‌ سیما ناسراوه‌كانی ئیخوان موسلیمین له‌ شاره‌كه‌دا، هه‌رچه‌نده‌ به‌ ره‌چه‌ڵه‌كیش كورده‌. به‌م كاره‌ی دڵی كوردی هێشان و درزێكی خسته‌ نێو په‌یوه‌ندی كوردو توركمانه‌وه‌.

ته‌به‌قچه‌لی هه‌ر به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستا، له‌سه‌ر داوای مامۆستایانی توركمان رۆژی ٩-٩-١٩٥٨ هه‌ستا له‌دژی داوای"مه‌عاریفی كوردستان" كه‌ داواكرابوو ناوه‌نده‌كه‌ی له‌ كه‌ركوك بێت ئه‌و له‌راپۆرتێكدا بۆ هەواڵگری سه‌ربازی داوا ده‌كات، كه‌ نابێ مه‌عاریفی كوردستان له ‌كه‌ركوك بێت و نابێت مودیری مه‌عاریفی كه‌ركوك كورد بێت، بەبیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌ركوك ته‌نها شاری كوردان نییه‌.  له‌راپۆرتێكی دیكه‌ بۆ سه‌رووی خۆی ده‌نوسێ: "چاكترین چاره‌سه‌رێك له‌ لیوای كه‌ركوكدا خوێندنه‌ به‌زمانی عه‌ره‌بی"، به‌بیانوی  ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كوردی بێت توركمانیش داوا ده‌كه‌ن.

هه‌موو ده‌م نازم ته‌به‌قچه‌لی له‌راپۆرته‌كانیدا كه‌ به‌نهێنی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌نارد كه‌ گوایه‌ كورد له‌كه‌ركوك ئاژاوه‌گێڕن. دژایه‌تیكردنی فه‌رمانده‌ كورده‌كانی نێو فیرقه‌ی و گۆڕینی فه‌رمانده‌ كورده‌كان به‌ عه‌ره‌ب، هه‌م بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی كورد له‌ناو سوپادا و هه‌میش ئاسانكاری و ڕێگه‌خۆشكردن بۆ ئه‌نجامدانی پلانه‌كه‌ی.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ش كه‌وته‌ ده‌ركردنی فه‌رمانبه‌ری كوردو گواستنه‌وه‌یان بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌، له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌و سەربازییەو ئیشی ئه‌و نه‌بوو ده‌ست وه‌ربدات له‌كاروباری به‌ڕێوه‌به‌ری و كارگێڕی. هه‌ر له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا ده‌ستدرێژی كرایه‌ سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌ك كه‌ سه‌ر به‌ شیوعییه‌كان بوو، ئه‌مكاره‌ش ده‌ستی ته‌به‌قچه‌لی تیابوو، له‌دادگایی كردنه‌كه‌شیدا چه‌ند جارێك ئاماژه‌ بۆئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ كراوه‌.

یه‌كێ بوو له‌و كه‌سانه‌ی دژایه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی مسته‌فا بارزانی له‌یه‌كێتی سۆڤیه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق کردووە، داوای له‌سه‌رووی خۆی کردووە بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌درێت. هه‌رچه‌نده‌ له‌ساڵی ١٩٥٨ كاتێ شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان- برا گه‌وره‌ی مه‌لا مسته‌فا و ژماره‌یه‌ك له‌بارزانییه‌كانیشی له‌گه‌ڵبوو گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ وڵات، له‌رێی گه‌ڕانه‌وه‌یدا سه‌ردانی شاری كه‌ركوكی كرد و له‌خانه‌قای سه‌ید ئه‌حمه‌د لایدا و نازم ته‌به‌قچه‌لی قائید قرقه‌ش به‌جلی سه‌ربازییه‌وه‌  له‌ پێشوازی شێخ ئه‌حمه‌د و بارزانییه‌كاندا بوو.

هه‌روه‌ها له ‌كاتی هاتنی مسته‌فا بارزانی بۆ شاری كه‌ركوك، بووه‌ هۆی دروستكردنی ئاژاوه‌ و پێكدادان له‌نێوان كورد و توركمانه‌كان كه‌ سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ ده‌كه‌ن بۆ پیلانی ته‌به‌قچه‌لی له‌و كێشه‌یه‌دا، یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی كه‌ زانیاری ته‌واوی هه‌بوو بۆ هه‌وڵی كوشتنی بارزانی له‌كاتی هاتنی بۆ كه‌ركوك، به‌ڵام پیلانه‌كه‌ی سه‌ری نه‌گرت. له‌كاتی خۆیدا مه‌لا مه‌سته‌فا هه‌وڵێكی زۆریدا له‌لای ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا له‌پێناو دوورخستنه‌وه‌ی ته‌به‌قچه‌لی له‌ كه‌ركوك.  به‌ڵام ته‌به‌قچه‌لی كاتێ زانیاری پێگه‌یشت له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ی ناڕازی بوو. به‌مجۆره‌ ده‌ركه‌وت كه‌ ته‌به‌قچه‌لی بۆ گێڕانی چه‌ند رۆڵێك نێردرابوو بۆ كه‌ركوك و به‌چ شێوه‌یه‌ك كاری خۆی كرد. 

رۆڵی ته‌به‌قچه‌لی له كاره‌ساته‌كه‌ی ١٩٥٩ 

نازم ته‌به‌قچه‌لی یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی كه‌ ده‌ورێكی سه‌ره‌كی بینیوه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ی ساڵی ١٩٥٩ له‌كه‌ركوك، هه‌رچه‌نده‌ له‌كاتی رووداوه‌كه‌ له‌جێگه‌ی فیرقه‌ی دوو نه‌مابوو، به‌ڵام ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌ كه‌ركوك بووه‌ جێ په‌نجه‌ی دیاربووه‌ بۆ تێكدانی بارودۆخه‌كه‌ و شڵه‌ژاندنی، ئه‌و له‌ یه‌كه‌م مانگی سه‌ركه‌وتنی كوده‌تاكه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسم، عه‌مید روكن نازم ته‌به‌قچه‌لی كرایه‌ فەرماندەی فیرقه‌ی دوو خۆیشی له‌ ئه‌فسه‌ره‌ ئازادیخوازه‌كان بوو، نزیكه‌ی نۆ مانگ له‌و پۆسته‌ی له‌ كه‌ركوك مایه‌وه‌. به‌رده‌وام بوو تا نیسانی ١٩٥٩ كه‌ دوای خۆی عه‌مید روكن داود جه‌نابی هاته‌ جێگه‌ی.

ته‌به‌قچه‌لی ئه‌م ئاژاوه‌یه‌ی گێڕای ته‌نیا له‌پێناوی ئه‌وه‌دا گێڕا كه‌ رۆڵی كورد كه‌م بكاته‌وه‌ له‌و شاره‌دا چونكه‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی حیزبی شیوعی له‌كه‌ركوكدا كورد بوون، هه‌روه‌ها ئیجازه‌ی باره‌گای پارتیش درابوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زۆربه‌ی به‌رپرسه‌كان چ له‌بواری ئیداری و چ له‌بواری سه‌ربازی كورد بوون. هه‌موو ئه‌مانه‌ هۆكاربوون بۆئه‌وه‌ی ته‌به‌قچه‌لی هه‌ڵسێ به‌و كاره‌ كه‌ ئامانجه‌كه‌ی تێكدانی په‌یوه‌ندی كوردو توركمان بوو. 

ئه‌م رووداوه‌ دڵته‌زێنانه‌ بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ درزێكی گه‌وره‌ بكه‌وێته‌ پێوه‌ندی نێوان كوردو توركمانی كه‌ركوك كه‌ نیشانه‌ی تا ئێستاش هه‌ر ماوه‌. كاربه‌ده‌ستانی تیپی دووه‌می سوپای عێراق و له‌سه‌رووی هه‌مووانه‌وه‌ فه‌رمانده‌كه‌یان نازم ته‌به‌قچه‌لی رۆڵێکی ئاشكرایان له‌خۆشكردنی ئاگری جه‌نگی نێوان لایه‌نه‌كانی ئه‌م هه‌رایه‌ و فراوانكردنی درزی ناته‌باییه‌كاندا گێڕا.

بۆچی عه‌بدولكه‌ریم قاسم لە سێدارەیدا؟

ته‌به‌قچه‌لی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ربه‌ره‌كانێی حكومه‌ته‌كه‌ی قاسمی ده‌ركرد، له‌گه‌ڵ عه‌بدولوه‌هاب شه‌واف ڕێكه‌وت له‌ موسڵ بۆ رووخاندنی حكومه‌ته‌كه‌ی قاسم. ته‌به‌قچه‌لی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌تینی هه‌بوو له‌گه‌ڵ كوده‌تاكه‌ی شه‌واف له‌ ئاداری ١٩٥٩، له‌ملاشه‌وه‌ به‌رقیه‌ی پشتگیری بۆ كه‌ریم قاسم لێده‌دا، ئه‌مه‌ بوه‌ هۆی تاوانباركردنی و بانگ كرایه‌ به‌غدا و درایه‌ دادگای مه‌هداوی. 

پاش سه‌رنه‌كه‌وتنی هه‌وڵی كوده‌تاكه‌ی شه‌واف، زه‌عیم روكن نازم ته‌به‌قچه‌لی و ئه‌فسه‌ره‌كانی تیپی دوو هه‌موو خانه‌نشین كران و دواتر  به‌تۆمه‌تی به‌شداریكردن له‌ بزووتنه‌وه‌ی "شه‌واف" له‌دژی عه‌بدولكه‌ریم قاسم-ی سه‌رۆك كۆماری عێراق، ته‌به‌قچه‌لی و چه‌ندین ئه‌فسه‌ری پله‌باڵا له‌لایه‌ن قاسمه‌وه‌ ده‌ستگیركران و پێشئه‌وه‌ی كوده‌تاكه‌یان سه‌ربگرێت، سه‌ری خۆیانی خواردو كه‌وتنه‌ داوه‌كه‌وه‌، گیران و لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌تایبه‌تی بۆ كۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان پێكهێنرا.

بانگكرانه‌ دادگای سه‌ربازی و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كرا. پاش چه‌ند دانیشتنێكی دادگا، فه‌رمانی ده‌ركرد بۆ لەسێدارەدانیان. وه‌ك سزایه‌كی سه‌ربازی ته‌به‌قچه‌لی و هاورێكانی سه‌ریان سفركرا و جلوبه‌رگی ئیعدام كرایه‌ به‌ریان، وێنه‌شیان گیرا و رۆژی ١٩ی ئه‌یلولی ١٩٥٩به‌ به‌رچاوی چه‌ندین كه‌سه‌وه‌ خۆی و چه‌ندین ئه‌فسه‌ری پله‌باڵا گولە‌ بارانكران.

سه‌رچاوه‌:
1-ناوچه‌ی كه‌ركووك و هه‌وڵی گۆڕینی باری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م ناچه‌یه‌، دكتۆر نوری تاڵه‌بانی: وه‌رگێرانی بۆ كوردی: محمدی مه‌لا كه‌ریم
2- ده‌روازه‌یه‌كی مێژووییانه‌ بۆ رووداوه‌كه‌ی ساڵی 1959
3- گۆڤاری كه‌ركوك، ژماره‌ (5)، ساڵی 2000