ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:43 - 13/09/2020

ئەو کەشتییەی تورکیای تا لێواری سزاکان برد لە دەریاوە گەڕایەوە وڵاتەکەی‌

پەیسەر

ماوەی چەند مانگێکە ئاڵۆزی کەوتووەتە نێوان تورکیا و زۆربەی وڵاتانی سەر رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەتایبەت ئەنقەرە و ئەسینا، دوای ناردنی کەشتی ئۆروچ رەیسیش لەلایەن ئەنقەرەوە بۆ دەریاکە بۆ دۆزینەوەی نەت و غازی سروشتی، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و ئەم وڵاتانە بەتایبەت یۆنان بە تەواوی ئاڵۆز بوو.

ئۆروچ رەیس
ئۆروچ رەیس دەریاوانێکی سەردەمی عوسمانییەکان بووە، ساڵی ١٤٧٠ یان ١٩٧٤ لە دوورگەی (Midilli) لەدایکبووە. ١٥١٨ کۆچی دوایی کردووە. برا گەورەی باربارۆس خەیرەدین پاشا بووە. هەر لە سەرەتای گەنجێتییەوە فێری دەریاوانیی و کەشتیسازیی بووە، لە جەزائیر هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتێکی دا و لە ماوەیەکی کەمدا ناوچەکەی کۆنترۆڵ کرد.

تورکیا لەبەر ئەم هۆکارانە ناوی کەشتییەکەی نا ئۆروچ رەیس کە ناردی بۆ رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ گەڕان بە دوای نەوت و غازی سروشتیدا، کەشتییەکە لە ١٠ی ئابەوە دەستی بەکار کرد، دوای چەند رۆژێک دۆزینەوەی ملیاران مەتر لە غازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست راگەیاند.

دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکان
ناردنی کەشتیی ئۆروچ رەیس بۆ رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، نیگەرانی و کاردانەوەی توندی وڵاتانی دروسێی تورکیای لەسەر ئاوی دەریای ناوەڕاست بەدوای خۆیدا هێنا، ئەم وڵاتانە رایانگەیاند، ئەم کارەی تورکیا پێشێلکردنی ماف و بەزاندنی سنورە دەریاییەکانی ئەوانە و تورکیا مافی ئەوەی نییە بە تەنها سود لەم سنورە دەریاییانە وەربگرێت.

یۆنان کە رابردوویەکی خوێناویی و پڕ لە شەڕ و شۆڕی لەگەڵ تورکیا هەیە، زیاتر لە هەموان دژایەتی ئەم هەنگاوەی تورکیای کرد، یۆنان داوای لە ئەمریکا و بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپا کرد رێگە لە تورکیا بگرن و پێشێلکارییەکانی لە دەریای ناوەڕاست بوەستێنن.

یۆنان بۆ رێگرتنی کرداریی لەم هەنگاوەی ئەنقەرە رێککەوتنێکی ئاویی لەگەڵ میسر واژۆ کرد، ئەمەش بووە هۆی کۆکردنەوەی دوو دوژمنی تورکیا لە یەک بەرەدا، بەڵام ئەم رێککەوتنە تورکیای رانەگرت و لەسەر پلانەکانی مکوڕتری کرد.

هێز کۆکردنەوە
دوای شکستهێنانی هەوڵەکان بۆ گفتوگۆ و رێککەوتن، یۆنان و تورکیا لە ئاستی سەربازییدا هەڕەشەیان لەیەکتر کرد و لە دوورگە و ناوچەکانی نزیکتر لەیەکتر، دەستیان بە هێز کۆکردنەوە و خۆئامادەکردن کرد.

ماوەی چەند رۆژێکە یۆنان هێزی سەربازی هێناوەتە دوورگەکانی (کارائادا و مەیس) کە تەنها دوو کیلۆمەتر لە تورکیاوە دوورن. لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی ئەسینا و ئەنقەرە ئاماژەیان بە ئامادەبوونیان دەکرد بۆ گفتوگۆ، بەڵام ئاڵۆزییەکانی هەردوولا بەردەوامییان هەبوو.

 میدیاکانی یۆنانیش بڵاویان کردەوە، (Sakellaropulu) سەرۆک کۆماری یۆنان لە یادی ٧٧ ساڵەی دەرچوونی ئیتاڵیا لە ناوچەکەدا، سەردانی دوورگەی (Meis)ی دەکات و بەشداری لە چەند چالاکییەکدا دەکات لە دوورگەکەدا.

سەرۆک کۆماری یۆنان لەسەر داواکاری سەرۆکی شارەوانی دوورگەکە سەردانی ناوچەکە دەکات، سەرەتا لە ئەسیناوە بە فڕۆکە دەچێتە (رۆدۆس) و دواتر بە هەلیکۆپتەری سەربازی دەچێتە دوورگەی (Meis)، کە میدیاکانی یۆنان پێیان وایە "گرنگییەکی سیمبولی گەورە"ی هەیە.

ئەمڕۆش خوڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا سەردانی شارۆچکەەی (کاش)ی سەر بە پارێزگای ئەنتاڵیای کرد کە تەنها دوو کیلۆمەتر لە دوورگەی (Meis)ەوە دوورە و دیار نییە تاکو کەی لەو ناوچەیە دەمێنێتەوە.

پێشتر میدیاکانی یۆنان باسیان لەوە دەکرد، ئەگەر هەیە فڕۆکە سەربازییەکانی تورکیا هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆک کۆماری یۆنان تووشی کێشە بکەن، وەک ئەوەی ساڵی ٢٠١٨ لە سەردانی ئەلێکس چپراسی سەرۆک وەزیرانی یۆنان بۆ دوورگەکە فڕۆکە تورکییەکان گرفتیان بۆ فڕۆکەکەی چپراس دروستکرد.

کشانەوە لەپێناو گفتوگۆ
دوای زیاتر لە مانگێک گەڕان و پشکنین بە دوای نەوت و غازی سروشتیدا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کەشتی ئۆروچ رەیس دەریای ناوەڕاستی بەجێهێشت و گەڕایەوە سنورە ئاوییەکانی شاری ئەنتاڵیا.

ئوروچ رەیس لەگەڵ کەشتییە جەنگییەکانی هاوڕێی کە ئەرکیان پاراستنی بوو لە هەر هێرشێک، بە وتەی حکومەتی تورکیا لەپێناو دەستپیکردنی گفتوگۆ و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان دەریای ناوەڕاستی بەجێهێشتووە، ئەمەش دوای تەواوبوونی سێیەم ماوەی کەشتییەکە لە ئەرکەکەیدا کە لە یەکی ئەلولەوە دەستیپێکرد و ١٢ی ئەیلول کۆتایی هات.

کیریاکۆس میچۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یۆنان پێشوازی لە بڕیاری کشاندنەوەی ئۆروچ رەیس کرد و بە هەنگاوێکی ئەرێنیی ناوی برد و لە لێدوانەکەیدا بە سەلانیکی راگەیاندووە، لەگەڵ تورکیا گفتوگۆیان دەوێت، بەڵام لە دۆخی هاندان و ئاڵۆزییدا نا.

بەپێی هەواڵێکی گۆڤاری یەنی شەفەقیش، کەشتییەکە لەپێناو هەل رەخساندن بۆ گفتوگۆکانی ناتۆ کشاوەتەوە، تاکو گفتوگۆکان سەرکەوتوو بن.

تورکیا: چاوەڕێی هەنگاوی هاوشێوەین لە یۆنان
خوڵوسی ئاکار دوای سەردانکردنی شارۆچکەی کاش داوای لە یۆنان کرد هەنگاوی هاوشێوەی وڵاتەکەی بنێت بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخەکە.

خوڵوسی ئاکار بە رۆژنامەنووسانی وت، ئەوان لەگەڵ گفتوگۆ و چارەسەری سیاسییدان، لە لایەنی بەرامبەریشەوە چاوەڕێی هەمان شت دەکەن، بۆیە ئەگەر هەنگاوی هاوشێوە بنرێت ئەوان لەگەڵ ئاشتیدان.

ناتۆ: گفتوگۆ دەستیپێکردووە
رێکخراوی ناتۆ ماوەی چەند هەفتەیەکە هەوڵی نزیکردنەوەی ئەنقەرە و ئەسینا دەدات، لە سەرەتای ئەم مانگەشدا رێکخراوەکە رایگەیاند، لەپێناو ئەوەی جەنگ لەنێوان کەشتییە جەنگییەکانیاندا روونەدات، یۆنان و تورکیا گەیشتوون بە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی تەکنیکی.

پێشتریش وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاندبوو، لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسل، گفتوگۆی تەکنیکی لەنێوان ئەنقەرە و ئەسینا ئەنجامدراوە.

تورکیا بۆ گفتوگۆکردن مەرجی نییە، بەڵام یۆنان بەو مەرجە دێتە ناو گفتوگۆوە کە "تورکیا کۆتایی بە هەڕەشەکانی بهێنێت."

 

کشانەوە؛ ئاشتی یان فشار
لەگەڵ ئەوەی تورکیا ئەم هەنگاوە وەک رەخساندنی هەل بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و بەدیهێنانی ئاشتی ناو دەبات و ئەسیناش پێشوازی لێکردووە، بەڵام گومان دەکرێت کشانەوەی ئۆروچ رەیس لەژێر ئەو فشارە هەرێمیی و نێودەوڵەتییانەدا بووبێت کە لەسەر تورکیا دروستبوون.

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا فشارەکان لەسەر ئەنقەرە زیاتربوون، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا بەردەوام هێرشی دەکردە سەر تورکیا و داوای سزادانی دەکرد، بەرپرسانی ئەورووپاش ئاماژەیان بە ئامادەکارییەکان دەکرد بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا.