ڕاپۆرتی کوردستانی

12:10 - 14/09/2020

لە شێخ مەحموودەوە تا شەهید ئارام: مەلا بەختیار بۆچی پەلاماری سەركردەكانی كورد دەدات؟‌

پەیسەر

گەرچی هەندێك وەك سەركردە باسی دەكەن و پییان وایە كەسێكی دیاری نێو شۆڕشی كوردە ، بەڵام هەندێكی دیكە بە پێچەوانەوە باسی دەكەن و پێیان وایە ئەو نە مەلایەو نە بەختیاریش، ئەو ڕووی لە هەر حیزب و لایەنێك كردبێت شكستی هێناوەو لەكاتێكیشدا بەگیر هاتبێت هیچ پرەنسیپێكی نەهێشتوەتەوە پێوەی پابەند بێت، گرێی زیندانی كردن و نەبوون بەسەركردەو كەسی یەكەمی حیزبی لە دەرووندا ماوەتەوەو تا ئێستاش پێوەی دەناڵێنێت، كاتێكیش لەبابەتە چارەنووس سازەكاندا بڕیار دەدات بەو باگراوندەوە دەدوێت.

مەلا بەختیار یەكێك لە سەركردە سیاسیەكانی كوردستان كتێبێكی بەناوی (چۆن چەپكێك و كام مێژووی كۆمەڵە؟!) بڵاو كردەوتەوە، هەرچەندە كتێبەكەی ئەو وەڵامدانەوەی كتێبی (چەپكێك لە مێژووی كۆمەڵە)ی برایم جەلالە كە هاوخەبات و هاوسەنگەری خۆی بووە كەچی لە بەرنامەیەكی پلان بۆ داڕێژراوی تەلەفزیۆنی ڕوداودا دەڵێت من قسەم لەسەر برایم جەلال نییە ئەو هەر خەریكی قسە هێنان و بردن بووە.

قسەكردن و تۆمەت هەڵبەستنی مەلا بەختیار كاری ئێستای نەبووە كە دوای مردنی مام جەلال و كاك نەوشیروان دەستی پێكدربێـ، بەڵكو پێشتریش لەو كتێبەدا چەندین روداوی مێژوووی تێدا باسكردوەو پەلاماریی سەركردەكانی داوە، وەك تۆڵەی كەسی و دەربڕینی ڕق و قینی تایبەتی خۆی. وەك ڕەخنەگرانی باسی دەكەن هەر جارەی پەلاماریی كەسێكی داوەو لەو پەلامارانەشدا مەبەستێكی تایبەتی لە پشتەوە بووە.

سپیكردنەوەی ڕوو:
مەلا بەختیار ئەم كتێبەی بەشێوازی وەڵامدانەوە نوسیوە، نەك ئەوەی بەشێوەی چیرۆك و یاداشت روداوەكان بگێڕێتەوەو چێژی زیاتر بە خوێنەر ببەخشێت، چونكە ئەوەی وای لێكردوە ئەم كتێبە بنوسێت وەڵامدانەوەی (برایم جەلال)ە كەیەكێك لە هاوڕێكانی شاخیەتی، مەلا بەختیار ئەم كتێبەی لە ترسی ئەوە نوسیوە، لە ئایندەدا نەبێتە كارەكتەرێكی خراپی شۆرش، یان بەشێوەیەكی دیكە بۆ سپیكردنەوەی ڕووی خۆیو وەك پاكانە ئەو كارانەی كردووە، چونكە وەك خۆی دەڵێت" مێژوو هەموو رووداوێك، بەسەرهات و نوسراوێك تۆمار دەكات، 50 یان 100 ساڵی دیكە بابەتی ئاوا گەر وەڵام نەدرێتەوە، بەشێوەیەك لە شێوەكان  رەنگەببێتە جێگەی باوەڕی بەشێكی نەوەكانی ئایندەو مێژوو نوسان"بەڵام ئەو لێنەگەراوە مێژوونوسان بۆخۆیان راستیەكان بەراورد بكەن و خۆی وەڵامی هاوڕێیەكی دەداتەوە، نەك ئەوەی یاداشتەكانی تۆمار بكات و دواتر بەراورد كردن بۆ كەسانی دیكە بەجێ‌ بهێڵێت، ئیتر لێرەوە بە ئارەزووی خۆی شەن و كەوی كردووە..

مام جەلال عێراقچییە:

لەم كتێبەدا مەلا بەختیار پەلاماری گەورەی سەركردە سیاسیەكانی داوە، لەناو ئەوانەشدا مام جەلال كە بە عێراقچێتی ناوی دەبات و گومان دەخاتە سەر ئەو شۆڕشەی كە بۆ كوردی كردووە، بە پێی زانیاریەكانی نێو ئەم كتێبە هەر لەسەرەتای هەڵگیرساندنی شۆرش و دروستبونی كۆمەڵەوە لە ساڵی 1970 دانانی سەربەخۆیی كوردستان وەك ئامانجێك، شتێك نەبوە لە بەرنامەی مێژوی كۆمەڵەدا، تەنانەت شۆڕشەكەیان بە ناوی (شۆرشی عێراقی لە چیاكانی كوردستانەوە هەڵگیرساو) ناوبردەوە، ئەوكاتەش بە هەمان شێوەی ئێستا بەبیانوی نەگونجاندنی قۆناغەكە باس لە سەربەخۆی كوردستان نەكراوە، تەنانەت مام جەلال چەند پێداگر بووە لەسەر كوردایەتی و كوردستانیبون، ئەوەندەش پێداگر بووە لەسەر خەباتی نیشتمانی و هاوبەش لەسەرانسەری عێراقدا، ئەمە رەخنەیەكە كە هەتا ئێستاش لە مام جەلال دەگیرێت و بەوە تاوەنبار دەكرێت كە عێراقچێتی دەكات.

مەلا بەختیار دەڵێت، كە لە شاخدا بوین پەكەكەو ئاڵای رزگاری باسی سەربەخۆی كوردستانیان دەكرد، ئێمە وەك كۆمەڵە بەرپەرچمان دەدانەوەو دەمانوت" ئێستا ستراتیژیەكی واقعی نیە بۆ سەربەخۆی كوردستان"

لەم كتێبەدا مەلا بەختیار بەشێكی زۆری سەركردە كورەكانی كورد دەداتەوە بەر رەخنەو ئاماژە بەوەشدەكات كە ئەو رەخنانە هەڵسەنگاندنێكی بابەتییە.

شێخ مەحموود: پەیوەندی ژێربەژێری بە توركەكانەوە كردووە:

مەلا بەختیار نەك هەربە سەركردە نوێیەكانی كوردستانەوە نەوەستاوە بەڵكو پەلاماریی شێخ مەحموودی نەمریشی داوە و پێی وایە هەڵەی كردووەو هۆكاری سەرەكی سەرنەگرتنی شۆڕشەكان خۆی بووە، نوسییەتی هەڵەی  شێخ مەحمودی حەفید لە شۆڕشەكەیدا ئەوەبووە كە شەڕی پارتیزانی نەكردووەو لە ژێرەوە پەیوەندی بە (ئۆزدەمیری توركیا) كردووە، بەوەش دەیەوێت خوێنەری بڕوا پێبهێنێت كە شێخ مەحموود سیخوڕی بۆ توركەكان كردووەو پەیوەندی ژێربەژێری هەبووە.

قازی محەمەد نەدەبوو خۆی بەدەستەوە بدات:
هەروەها بەدوای ئەویشدا پەلاماری سەرۆك كۆماری كوردستان قازی محەمەدی ڕەحمەتی داوە گوایە پێشەوا قازی محەمەد لەپاش روخانی كۆماری كوردستان هەڵەیەكی سیاسی كردوەو خۆی داوە بەدەستەوە، لەكاتێكدا دەبوو سیاسەتێكی گونجاوتری بگرتایەتە بەر. ئەوە لە كاتێكدا هەمووان دەزانن كە خۆبەدەستەوە دانی قازی محەمەد بۆئەوە بوو كە میللەتەكەی لە كوشتاری بە كۆمەڵ بپارێزێت، چوون دەیزانی ڕژێمی شاهەنشاهی چ پلانێكیان بەدەستەوەیە.

دەبوو مەلا مستەفا ئاشبەتاڵی نەكردایە:
پەلامارەكانی مەلا بەختیار بەوانەشەوە ناوەستێت و دەچێتە سەر مەلا مستەفای بەرزانی . مەلا بەختیار ئاماژە بە هەڵەیەكی سیاسی مەلا مستەفای  بارزانی دەدات، كە پاش رێكەوتننامەی جەزائیر بەرنگاری نەكرد و ئاشبەتاڵی راگەیاندووە، تاوانی ئەو شكستە دەخاتە ئەستۆی ئەو وپێی وایە دەبوو بەردەوام بوایە لە شۆڕش و بە ئاشبەتاڵ ڕازیی نەبوایە رۆژگار بەشێوەیەكی دیكە دەهاتە پێشەوە.

برایم ئەحمەد سەرچاوەی كێشەكان بوون:
هەروەها لەو كتێبەدا مەلا بەختیار بەرۆكی برایم ئەحمەدیش دەگرێت و لە كێشەو ناكۆكیەكانی نێوان مەلا مستەفا و مەكتەبی سیاسی پارتی، لە شۆڕشی ئەیلودا رەخنە لە  مام جەلال و برایم ئەحمەد دەگرێت، بەو پێیەی سەرچاوەی دروستبونی كێشەكان بون لەو شۆڕشەدا.

عەلی عەسكەری هۆكاری سەرەكی هەركارییە:
مەلا بەختیار شەهید عەلی عەسكەری و هاوڕێكانی بە هۆكاری رودانی كارەساتی هەكاری ناودەبات و لەوبارەیەوە رەخنەیان لێدەگرێت. جگە لەوەی هەر لەم كتێبەدا مەلا بەختیار چەندین رەخنەی دیكەی مێژووی لە مام جەلال و مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەگرێت، بەو پێیەی لە كارەسایەتی هەكاریدا نەیانزانیوە سیاسەتێكی گونجاو بگرنە بەر بەوپێیەی وەك پێویست بەرنامەی عەسكەری و ستراتیژی بەرنگاریان دانەنابوو.

شەهید ئارامیشی دەرنەكردووە:
مەلا بەختیار لەبارەی شەهید بوونی ئارامەوە گەرچی بەڕوونی قسە ناكات بەڵام رەخنەی ئەوەش لە شەهید ئارام دەگرێت كە لە كاتی توشبونەكەیدا لە قەراغ مایەوەو مەفرەزەشی لەگەڵ خۆیدا نەبردبوو، بەپێشمەرگە پارێزەرەكەی دەڵێت كە لەلایی بمێنێتەوە بەڵام بە قسەی ناكات، هەر بۆیە شەهیدكراوە، گەرچی مەلا لەو چاوپێكەوتنەی ڕووداودا دەیەوێت قسەی دیكە لەو بارەیەوە بكات و پێی وایە شتی دیكەش هەیە، بەڵام لە ئێستادا شتێكی ئەوتۆی نەدركاندووە. وەك سەرچاوەكان باسی دەكەن ژنێك هەواڵی پێداوە كە وا ژمارەیەك چەكدار لە خواری تەنگی سەرەوەن و بەرەو ئێرە دێن و دواتر كە شەهیدی دەكەن ئەوان بەرووداوەكە دەزانن.

قاسملۆ هەڵەی كوشندەی كرد:
 وەنەبێت پەلامارەكانی مەلا هەر بەوانەشەوە وەستابێت ، بەڵكو رەخنە لە د. قاسملۆش دەگرێت و ئەوەی كە بە بی پاسەوان خۆی خستۆتە داوای شەهیدكردنیەوە بە هەڵەیەكی "كوشندەی ئەو سەركردەیە ناودەبات".


دیسانەوە مام جەلال:
مەلا بەختیارباس لەوە دەكات كە مام جەلال پێش لە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول زیانی لە ڕەوتی ئاسایی شۆڕشەكە داوەو دەڵێت"مام جەلال یەكێك بووە لە كاریگەرەكانی بەرپاكردنی شۆڕشی ئەیلوول، كە من پێموایە سەرەتای شەستەكان باری بابەتی عێراق بۆ شۆڕشی ئەیلوول نەخەمڵیبوو، بەڵام مام جەلال یەكێك بوو لەو كەسانەی پەلەی لە قبوڵكردنی بڕیاری بەرپاكردنی شۆڕش كردبوو"بەوتەی مەلا بەختیار پەلەكردنی شۆرشی ئەیلول زەرەری زۆری گەیاند، بەتایبەتی زیانی بۆ ژیانی حزبایەتی و بیری چەپ و خەباتی دیموكراسی سەرانسەری عێراق هەبوو؟

هەربۆیە دەبێت ئەوانەی كە خۆیان بە پارێزەری مام جەلال و مێژووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەزانن وەڵامی ئەو جۆرە گومانانە بدەنەوە كە لەسەر مێژووەكەی قسە دەكەن، بەتایبەتی كە گومان لەسەر مێژووی كەسی مام جەلال درووست بكرێت.

كەواتە كاتێك بە مێژووی بەشداریی كردنی ئەم مەلایەدا دەگەڕێینەوە ئەو ڕاستییەمان بەرچاو دەكەوێت كە لەبەر ئەوەی خۆی هیچ نەبووە، یان كاریگەرییەكانی جێگەی بایەخ نەبوون، بەخەڵكانی بەتوانادا هەلشاخاوە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەوانەوە بناسرێت و بەهۆی ئەوانیشەوە ناووناوبانگێك پەیدا بكات، ئێستاش لە پاشی مەرگی هەردوو كەسایەتی دیاری شۆڕش مام جەلال و كاك نەوشیروان و شكستی یەكجاریی خۆی لە بواری سیاسیدا دەیهێننەوە سەر شاشەو قسەی پێدەكەن، ئەوە لە كاتێكدا كە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان و كوردساتیش –وەك خۆی دەڵێت- ئامادە نەبوون بانگهێشتی بكەن و قسەی لەگەل بكەن، مانای ئەوەیە ئیتر شتێك نەماوەتەوە بەناوی مەلا بەختیارو ئەم قسانەشی بۆ ئەوەیە كە مێژووی خۆی سپی بكاتەوەو هیچی تر.

بەشێك لە زانیاریەكانی نێو ئەو ڕاپۆرتە لە سایتی لڤین وەرگیراوە ، راپۆرتی رۆژنامەنووس راوێژ كامەران، كە چەند ساڵێك پێش ئێستا بڵاوكراوەتەوە.