ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:16 - 15/09/2020

دەریای ئیجە ئەردوغان بەرەو کوێ دەبات ؟‌

پەیسەر

تورکیا خواستیەتی هەژمونی خۆی لەناوچەکەدا هەبێت، بۆیە پەل بۆدەوڵەتانی دراوسێی دوور و نزیكی دەهاوێژێت. ئایا ئەم پەلهاویشتنانە تورکیا دەگەیەنێت بە کوێ؟ ئایا ئەردوغان خەونی گەڕانەوەی هەژمون و دەسەڵاتی عوسمانیەکانی هەیە؟ ئایا ئەنقەرە دەیەوێت چی لە پەیوەندیەکانی بکات لەگەڵ مۆسکۆ و واشنتۆندا؟

قەیرانەکانی تورکیا
کاتێک دەوڵەتێک توشی قەیرانێک دەبێتەوە، پسپۆران و شارەزایان بانگهێشت  دەکرێن تا  پلانێکی ستراتیژی دانێن بۆ روبەروبونەوەی ئەو قەیرانە! چارەسەرەکانیش  بەڕێگەی  جیاواز دەکرێت، تا بتوانن بەرژەوەندی و پەیوەندیەکان بەدروستی بهێڵرێنەوە، هەموو لایەنەکانی قەیرانەکە شرۆڤە دەکەن.

تورکیا شوێنی ستراییژەکانی خۆی کەوت، سەرەتا ئەردوغان هەوڵی ئەوەیدا کە خەونی بەشار ئەسەد لەبار بەرێت، بەڵام لەوەدا شکستی هێنا، ئەردوغان یەکێکە لەو سەرۆکانەی دوای خەونەکانی خۆی دەکەوێت و بەردەوام پلانەکانی دەگۆڕێت تا نزیکبێتەوە لە خەونەکانی. هێزە نەیارەکانی تورکیا هاوپەیمانیان لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانیان لەگەڵ روسیا کرد،  ئەم کارەی نەیار و دوژمنەکانی ئەردوغان وایکرد کە زۆر دور کەوێتەوە لە خەونەکانی، بۆیە تورکیا و ئەردوغان بەردەوام لەهێرشدا بوون.

مێژووی پەیوەندیەکانی نێوان روسیا و تورکیا
گەر بەخیرای پەیوەندیەکانی  نێوان تورکیا و ڕوسیادا بڕۆین، ئەوا دەتوانین ئەوە بڵێین لەسەردەمی عوسمانیەکانەوە تورکیا هەوڵی ئەوەیداوە کە هەژمونی دەسەڵاتی روسیا لە باشوری رۆژژهەڵاتی دەریای ناوەراست کەم بکاتەوە، لەکاتێکدا یەکێتی سۆڤیەت یەکێک بووە لەو هیزانەی کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیان لەناو برد، چونکە هەوڵیدا بوو سنورەکانی روسیا ببەزێنێت.

دوای نەمانی یەکێتی سۆڤیەت و دروستبوونی روسیای نوێ، پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو لا گۆران و جارێک هاوپەیمان و جارێک دژ، لەسەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠دا ناکۆکیەکان گەرمبوونەوە، بەهۆی ئەوەی ئەنقەرە پشتگیری لە چیچان کرد لە دژی مۆسکۆ، پاشان مۆسکۆ پاڵپشتی خۆی دەربڕی بۆ پەکەکە، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٤ کێشەکان چارەسەر بوونەوە.

سەرەتای قەیرانەکە
سەرەتا ئەردوغان هەوڵی ئەوەیدا بە پشت بەستن بە روسیا قەیرانەکە لەگەڵ یۆنان زیاد بکات. هەفتەیەک پاش ئەمە رۆژنامەی دی فیلتی ئەڵمانی ئەوەی بڵاوکردەوە کە بە فەرمانی ئەردوغانبووە کە کەشتیە سەربازیە یۆنانیەکەیان غەرق کردوە.

خواستی جەنراڵە تورکەکان بوو لە دزەکردنی ئەم هەواڵەدا، تا ڕێگری بکەن لە داواکاریەکانی ئەردوغان و خواستی ڕوسیا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەرم لەنێوان تورکیا و یۆناندا بلۆک بکەن.

ناتۆ و ناوەنگیری
ستوڵتەنبێرگ سەرۆکی گشتی ناتۆ دەڵێت تورکیا و یۆنان ئامادەییان هەیە بۆ دانوسان و گفتوگۆ لەسەر کۆگاکانی گازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. هەروەها دەڵێت هەردوو وڵات ئامادەن کە میکانیزمێکی گونجاو دانێن بۆ کەمکردنەوەی پێکدادانی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
ئەم گفتوگۆیانە لە ئاستێکی زۆر نزمدایە و کارێکی زۆر قورسە جونکە ئەردوغان پۆتینی بێهیوا کرد ئەوەش دوای ئەو لێدوانە دێت کە ئەردوغان خواستی هەیە کە ئەوروپا داگیربکات.

بڕیارەکەی ئەمریکا
لەلایەکی ترەوە ئەمریکا بریاریدا بەشێک لە ئابڵوقە سەربازیەکەی سەر قوبروسی یۆنانی لادا کە بریارەکە ٣٣ ساڵە جێ بەجێدەکرێت، ئەم بڕیارەش مایک پۆمبیۆ تاک لایەنە داویەتی. لەکاتێکدا ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دراوە کە کێشە لەنێوان ئەنقەرە و ئەسینادا هەیە لەسەر ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست و دەریای ئیجە.