01:41 - 05/01/2019
وه‌زاره‌تى دادى عێراق گێژاوى گه‌وره‌تر رووبه‌ڕووى كورد ده‌كاته‌وه
كورد بۆ بردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى دادى عێراق له‌چه‌ند قۆڵێكى جیاوه، ماوه‌ى سێ مانگه هه‌وڵى زۆرى خستووه‌ته كار، ئه‌و هه‌وڵانه بۆ بردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌كه گوریسى كێشمه‌كێشى نه‌یاره‌كانى ئێجگار باریك كرده‌وه، ته‌نگه‌ژه‌ى كورسى وه‌زیرى داد، هه‌م په‌یوه‌ندى لایه‌نه كوردییه‌كانى له به‌غداو هه‌م پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى هه‌رێم و دانانى پارێزگارى كه‌ركوكیشى خسته گێژاوه‌وه.
یه‌كێتى و پارتى تا ئێستاش نه‌گه‌یشتوون به ئه‌نجام بۆ به‌ده‌ستهێنانى پۆستى وه‌زیرى داد، كه هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ڕێگه‌ى چه‌ند سیناریۆیه‌كه‌وه هه‌وڵیاندا پشتیوانى لایه‌نه عێراقییه‌كان مسۆگه‌ر بكه‌ن، پێداگرى زۆرى ئه‌و دوولایه‌نه له‌سه‌ر وه‌زاره‌ته كێشه‌له‌سه‌ره‌كه له حكومه‌ته ساواكه‌ى عه‌بدولمه‌هدیدا له به‌شكرنى پشكه‌كانه‌وه بۆ ده‌ستشكانه‌وه‌و كه‌له‌ره‌قى سیاسى گۆڕا و هه‌رزوو ته‌شه‌نه‌ى كرد بۆ ناوخۆى هه‌رێم و جموجوڵه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى ئیفیلیج كرد.
هه‌رچه‌نده گرێكوێره‌كه له شه‌وى ٣ی ١٠ی ساڵی رابردوو، له هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆماره‌وه دروستبوو له‌نێوان تیمى حزبه‌كه‌ى بارزانى و گروپى نه‌وه‌كانى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، به‌ڵام له پرسى وه‌زاره‌تى داد و پۆسته‌كانى دیكه گرێكه له‌برى ئه‌وه‌ى بكرێته‌وه كوێرتر بوو گرێى دیكه‌شى به‌دوادا هات، سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، سه‌رۆكایه‌تى په‌ڕله‌مانى كوردستان، پارێزگارى كه‌ركوك، به‌دواى ئه‌و كێشه‌دا ریزبوون و پۆستى سه‌رۆكایه‌تى كۆماریش هه‌ر له‌ناو چه‌قى كێشه‌كاندا ماوه‌ته‌وه.
پارتی نایه‌وێت دوای هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار یه‌كێتى یارى دووه‌میش بباته‌وه
پێناچێت به ئاسانى ئه‌و كێشه‌یه به‌لایه‌كدا بكه‌وێت، به‌وپێیه‌ى وه‌زاره‌تى داد دوا ده‌رگایه كه یه‌كێتى له رێگه‌یه‌وه بتوانێت بگاته ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و كۆبوونه‌وه‌كانى و ئاگاداربێت له ئیشوكارى حكومه‌ت، پارتیش نایه‌وێت شكسته‌كه‌ى خۆى له هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار هه‌رواتێپه‌ڕێت و یه‌كێتى یارى دووه‌میش بباته‌وه، لایه‌نه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتیش نایانه‌وێت ته‌نها ئه‌و دوو حزبه نوێنه‌رایه‌تى كورد بكه‌ن له ئه‌نجومه‌ى وه‌زیران.
وه‌زاره‌تى دادى عێراق، ساڵى ٢٠٠٥ بناغه نوێیه‌كه‌ى دانرا ته‌مه‌نى وه‌زاره‌ته‌كه ٩٩ ساڵەو له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراق دامه‌زراو گرنگى زۆى هه‌بووه له‌سه‌ره‌تادا، یه‌كه‌م وه‌زیرى وه‌زاره‌ته‌كه مسته‌فا ئالوسى بووه كه له ته‌مه‌نى ٧٠ ساڵیدا پۆسته‌كه‌ى وه‌رگرت و ته‌نها ساڵێك وه‌زیر بوو، هه‌رچه‌نده به‌پێى دۆخى ناله‌بارى سیاسى عێراق له قۆناغه جیاوازه‌كان ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى پرسیارى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر بووه و ده‌سه‌ڵاته یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كان بۆ پاكتاوكردنى نه‌یاره‌كان به‌كاریان هێناوه، به‌ڵام ئه‌و وه‌زاره‌ته تا ساڵى ٢٠٠٥ و په‌سه‌ندكردنى ده‌ستوورى عێراق ده‌سه‌ڵاتى گه‌وره‌ى لابوو.
وه‌ك وه‌زاره‌تێكى داماڵراوه‌و به‌شه گرنگه‌كانى له‌دواى ٢٠٠٥ ەوە بۆ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى رۆشتن
وه‌زاره‌تى داد ئێستا په‌یوه‌ندى و به‌ركه‌وته‌ى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى كارگێڕى هه‌رێمى كوردستان و فه‌رمانگه‌كانى هه‌رێم نییه، ئه‌وه‌ش ره‌نگه كاریگه‌رى ئیشوكارى وه‌زاره‌ته‌كه بۆ كورد بكاته سفر، به‌وپێیه‌ى وه‌ك وه‌زاره‌تێكى داماڵراوه‌و به‌شه گرنگه‌كانى له‌دواى ٢٠٠٥ ەوە بۆ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى رۆشتن، هه‌رچه‌ند ئێستا چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كى گه‌وره له‌پێكهاته‌كه‌یدا ماوه، به‌ڵام به‌ده‌ستهێنانى بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كان گرنگه، به‌وپێیه‌ى له‌رێگه‌ى وه‌زارەته‌كه‌وه ده‌چنه ناو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ئاگادارى یارییه‌كانى سه‌ر مێزه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى ده‌بن.
وه‌زاره‌تى دادى عێراق به‌پێى یاساى ژماره ١٠١ی ساڵى ١٩٧٧ كه ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى شۆڕش ده‌ریكرد، پێكهاته‌یه‌كى گه‌وره‌ى هه‌بوو تا ساڵى ٢٠٠٥ یاساكه كاریپێكرا، ئه‌نجومه‌نى وه‌زاره‌تى داد كه وه‌زیرى داد سه‌رۆكى بوو، كلیلیى ده‌سه‌ڵاتى دادیى عێراق لاى خۆى بوو، ئه‌نجومه‌نى وه‌زاره‌ته‌كه، سه‌رۆكى دادگاى پێداچوونه‌وه(ته‌میز) و سه‌رۆكى دادگاكانى تێهه‌ڵچونه‌وه(ئیستئناف) و سه‌رۆكى داواكارى گشتى تێیدا ئه‌ندامبوون، هاوشانى چه‌ندین به‌رپرسى دیكه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له‌ناو پێكهاته‌ى وه‌زاره‌ت بوون كه وه‌زیرى داد له هه‌ره‌مه‌كه‌یدا بوو، ئه‌وه جگه له‌وه‌ى دادگاى به‌راییه‌كان له پێكهاته‌ى وه‌زاره‌ته‌كه بوون هه‌موو كاروبارى تۆماركردنى خانوبه‌ره‌و زه‌وى لاى وه‌زاره‌تى داد بوو، پێگه‌یاندنى دادوه‌ران ئه‌ندامانى داواكارى گشتى ئه‌ركى وه‌زاره‌ته‌كه‌بوو.
وه‌زاره‌تى داد له عێراقى نوێ‌دا چیتر ئه‌و ده‌زگا گه‌وره‌یه نه‌مایه‌وه‌و به‌شێكى گه‌وره‌ى لێكرایه‌وه، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ی ده‌ستوورى عێراق به ته‌واوى هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، یاسادانان، جێبه‌جێكردنى جیاكرده‌وه، و نه‌خشه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى كێشرا كه به‌پێى ده‌ستورى عێراق سه‌ربه‌خۆیه‌وه به ته‌واوى جیاوازه له ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن، به‌وه‌ش هه‌موو دادگاكان و سه‌رۆكى دادگاكان و ده‌زگاى داواكارى گشتى سه‌رۆك و ئه‌ندامه‌كانى چوونه ناو پێكهاته‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى.
یاساى ژماره ١٨ی ساڵی ٢٠٠٥ ده‌سه‌ڵاتى تایبه‌تى بۆ وه‌زیرى داد دیارینه‌كردووه، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زاره‌تى دیاریكردووه، كه وه‌زیر سه‌رۆكیه‌تى و بریكارى وه‌زیرو ١٢ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى شورا تێیدا ئه‌ندامن، ئه‌م ئه‌نجومه‌نه بابه‌ته چاره‌نوسسازه‌كانى وه‌زاره‌ت یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه ئه‌وه‌ش رۆڵى وه‌زیر كه‌مده‌كاته‌وه له بڕیاره‌كان، به‌ڵام وه‌زیرى داد خۆى ستافى قه‌به‌ى له‌به‌رده‌سته‌و سكرتاریه‌ته‌كه‌ى له نۆ هۆبه پێكدێت، كه هه‌ریه‌ك له‌و هۆبانه ستافى خۆیان هه‌یه‌و ئه‌ركى دیاریكراویان هه‌یه.
هه‌روه‌ها ئێستا چه‌ند داموده‌زگاو فه‌رمانگه‌یه‌كى گرنگ له‌ناو پێكهاته‌ى وه‌زیرى دادن، له‌وانه تۆماركردنى خانوبه‌ره، ئه‌نجومه‌نى شورا، فه‌رمانگه‌كانى جێبه‌جێكردن، دادنوس، په‌یمانگه‌ى دادوه‌رى كه كارى پێگه‌یاندنى دادوه‌رانه، فه‌رمانگه‌ى سه‌رپه‌رشتى ناكامان، كاروبارى زیندانه‌كان، چه‌ند فه‌رمانگه‌و ده‌زگایه‌كى دیكه‌ش له په‌یكه‌رى وه‌زاره‌ته‌كه‌دان.
وه‌زاره‌تى داد هیچى پێ ناكرێت
ئێستا بۆچوونێك هه‌یه كه وه‌زاره‌تى داد بۆ كورد گرنگى تایبه‌تى هه‌یه و ده‌توانێت رۆڵى گرنگ ببینێت له یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌كانى زه‌وى و زار‌و خانوبه‌ره له كه‌ركوك، به‌ڵام په‌رله‌مانتارێك له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه بۆچوونى پێچه‌وانه‌ى هه‌یه‌و پێى وایه ئه‌گه‌ر یه‌كێتى و پارتى بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشانه داواى وه‌زاره‌تیان بكردایه، ده‌بوو داواى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ بكه‌ن، نه‌ك داد چونكه وه‌زاره‌تى داد هیچى پێ ناكرێت.
غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به په‌یسه‌رپرێسى راگه‌یاند، یه‌كێتى سووره له‌سه‌ر وه‌رگرتنى وه‌زاره‌ته‌كه چونكه وه‌زیرى نییه، ده‌یه‌وێت وه‌زیرێكى هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ئاگاى له دۆخه‌كه هه‌بێت، پارتیش له‌به‌ر هه‌ڵبژاردنى پۆستى سه‌رۆك كۆمار به‌بێ رێككه‌وتن، ده‌یه‌وێت یه‌كێتى وه‌زیر وه‌رنه‌گرێت، نه‌ك بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان بێت، چونكه وه‌زاره‌ته‌كه سیادى نییه"وه‌زاره‌تى داد سه‌رپه‌رشتى گرێبه‌ستى پێداویستى زیندانییه‌كانیش ده‌كات، كه ئه‌و پاره‌ى زۆرى تێدایه‌و مه‌جالى گه‌نده‌ڵى هه‌یه".
گوتیشی"ئه‌گه‌ر بیانویستایە كێشه‌ى ئه‌و ناوچانه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ده‌چوون شه‌ڕیان بۆ وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ دەكرد، چونكه زه‌وییه‌كى زۆرى كشتو‌كاڵى له‌ناوچه‌كانى مادده‌ى ١٤٠ له كورد وه‌رگیراون، كراون به‌ناوى عه‌ره‌به‌وه وه‌زاره‌تى داد ناتوانێت كێشه‌ى ئه‌و زه‌وییانه چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵكو وه‌زیرى كشتوكاڵ ده‌توانێت هه‌نگاو بۆ ئه‌وه بنێت".
جگه له‌یه‌كێتى و پارتى لایه‌نه‌كانى دیكه‌ش لایان گرنگه، ته‌نها یه‌كێتى و پارتى له‌نێو شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى نه‌بن، بۆیه ده‌یانه‌وێت وه‌زیرێك هه‌بێت له ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى، بۆیه گۆڕان له‌ناو یارى وه‌زیرى داده‌و ده‌یه‌وێت ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت، ئه‌وه‌ش به‌شێكى له‌ترسى چۆڵكردنى گۆڕه‌پانى به‌غدایه بۆ یه‌كێتى و پارتى و به‌شێكى هه‌وڵدانه بۆ خۆگرتن و قاییمكردنى جێپێى بزوتنه‌وه‌كه له‌به‌غدا، چونكه نایه‌وێت له‌ناو كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ته‌نها وه‌زیرى یه‌كێتى و پارتى هه‌بن و هه‌ر ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تى كورد بكه‌ن.
كێشه‌ى وه‌زاره‌تى داد كه درێژكراوه‌ى كێشه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار بوو، به جۆرێك ئاڵۆز بووه، هه‌رێمى كوردستانى برده لێوارى دۆخێكى ته‌واو هه‌ستیاره‌وه، یه‌كێتى و پارتى له‌دۆخى هۆشدارى و هه‌ڕه‌شه‌دان و دانوستانه‌كانى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى په‌ڕله‌مان و حكومه‌ت و كاراكردنه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم وه‌ستاون، پارێزگارى كه‌ركوكیش له ده‌ستى عه‌ره‌به‌كانه، سه‌رى كێشه‌كه له هه‌ر كونێكه‌وه ده‌ربچێت لێكه‌وته‌خراپه‌كانى بۆ خه‌ڵكن.