ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:53 - 14/01/2021

ئاوابوونی ئەسەد و هەڵهاتنی ئەسما؛ لە خانمی یەکەمییەوە بۆ سەرۆکایەتی سوریا‌

پەیسەر

ئەسما ئەسەد لە ژنە دیارەکانی رۆهەڵاتی ناوەڕاستە، چوار زمانی زیندوو دەزانێت و خاوەن پێگەیەکی باشی نێودەوڵەتییە، سونییە و تۆمەتی خوێنڕشتنی لەسەر نییە. نزیکبوونەوەی کۆتایی ئەسەد ئەستێرەی بەختی رووناک دەکاتەوە و لە ئێستاشدا ئامادەکاری بۆ ئەم ئەرکە دەکرێت. گوڵەکەی بیابان دەتوانێت لە خانمی یەکەمەوە ببێت بە سەرۆک کۆمار؟

ئەسما ئەسەد کێیە؟
ئەسما فەواز ئەلئەسەد خانمی یەکەمی سوریایە. لە ١١ی ئابی ١٩٧٥ لە خێزانێکی سوری لە شاری لەندەن لەدایکبووە و گەورە بووە. باڵای مەتر و ٧٠ سانتیمەترە، باوکی ناوی فەوزی ئەخرەسە و دایکیشی ناوی سەحەر ئەخرەسە.

ساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ بەشار ئەسەد هاوسەرگیری کردووە و دایکی سێ منداڵە بە ناوەکانی (زەین، کەریم و حافز).

فەوازی باوکی ئەسما دکتۆری دڵ بووە لە لەندەن، ساڵی ١٩٤٦ لە حومس لەدایکبووە و دواتر لەگەڵ سەحەر عەتری کە لە باڵیۆزخانەی سوریا لە بەریتانیا کاری کردووە هاوسەرگیری کردووە.

ئەسما ساڵی ١٩٩٦ کۆلێژی پاشایەتی سەر بە زانکۆی لەندەنی لە بواری زانستی کۆمپیتەردا تەواو کردووە. لە شاری نیویۆرک راهێنانی لەسەر کاری بانکیی کردووە و لەگەڵ (Deutsche Bank) کاری کردووە.

ئەسما زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی، فەڕەنسی و ئیسپانی دەزانێت و ئەدەبیاتی فەڕەنسیشی لە لەندەن خوێندووە.

ساڵی ٢٠١٨ بەهۆی شێرپەنجەی مەمکەوە دەستی بە وەرگرتنی چارەسەر کرد، دوای یەک ساڵی تەواو راگەیەندرا کە بە تەواوی شێرپەنجەکەی تێپەڕاندووە و چاکبووەتەوە.

وێنەکانی ئەسما
سوریا لە هەڵبژاردنێکی دیکەی سەرۆکایەتی نزیکدەبێتەوە کە بڕیارە ئەمساڵ ئەنجامبدرێت. لەگەڵ هەموو ئەگەر و پێشهاتەکاندا، لە ئێستادا سەرنج لە رووداوێکی دەگمەن و بێوێنە دەدرێت، ئەویش دانانی وێنەکانی ئەسما ئەسەدە لە شوێنە فەرمییەکاندا.

ئەیمەن عەبدولنور رۆژنامەنووسی سوری لە هەژماری خۆی لە تویتەر چەند وێنەیەکی دارم تەباخ وەزیری پەروەردەی سوریای بڵاوکردووەتەوە کە لە پشتییەوە و لە تەنیشت وێنەی بەشار ئەسەد، وێنەی ئەسما ئەسەدیشی داناوە.

رووداوێکی دەگمەن
ئەیمەن لە لێدوانێکیدا بە پێگەی حورەی وتووە، "ئێمە لە سوریا هەرگیز لەگەڵ ئەوە رانەهاتووین و نەماندیوە وێنەی خانمی یەکەمی وڵات هەڵبواسرێت، تەنانەت لەسەردەمی پێش فەرمانڕەوایەتی بەعسیشەوە، وەک سەرۆکانی پێشوو شوکری قوەتلی و خالد عەزم. "

ئەیمەن باس لەوە دەکات، تەنانەت لە سەردەمی حافز ئەسەددا، خانمی یەکەمی وڵات کە ئەنیسە مەخلوف بوو هەرگیز دەرنەدەکەوت، تەنانەت بەشێک لە سورییەکان هەر وێنەشیان نەدیبوو.

وەزارەتی پەروەردە و ئەسما
بەپێی وێنە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی پەروەردەی سوریا دەردەکەوێت کە ئەم دیاردەیە نوێیە، چونکە وێنەی نووسینگەی وەزیری پەروەردە هەیە لە ٣ی مانگی ئەیولی ساڵی رابردوو، لە پشتەوەی وەزیر تەنها وێنەی ئەسەد و دۆڵابێک بەچەند کتێبێکی کەمەوە دەبینرێت.

چەند رۆژی رابردوو وێنەی هەمان نووسینگە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ئەمجارە هەموو شت جیاوازە، لە ناو دۆڵابەکەدا وێنەیەکی گەورەی بەشار ئەسەد دانراوە و لە تەنیشتیشیدا وێنەی ئەسما ئەسەد دانراوە.

ئاوابوون و هەڵهاتن
ئەیمەن دانانی وێنەکەی ئەسما ئەسەد بە رووداوێکی ئاسایی نازانێت و دەڵێت، زۆر جار پلانی جیاواز بۆ رووداوەکانی داهاتوو هەیە، راستە فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا بە رووسەکانی وتووە پلانی سوریا مانەوەی بەشار ئەسەدە لەسەر کورسی دەسەڵات، بەڵام لە کاتی رەتکردنەوەی بەشار ئەسەد و کۆتایی ئاوابوونی ئەستێرەی ئەسەددا، سەرەتای ئەسما ئەسەد و هەڵهاتنی ئەستێرەی بەختی دوور نییە و پلانی دووەم دەبێت.

ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئەگەری زیادبوونی سزاکان لەژێر بەندی حەوت، زیادبوونی سزا سەپێنراوەکان و رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتیکردنی ئەسەد، کۆتایی ئەسەد نزیک دەبێتەوە و دەروازەی بەردەم ئەسما ئەسەد دەکرێتەوە.

خاڵە بەهێزەکانی ئەسما
ئەسما کەسێکی سونییە، دەستی بە خوێنی سورییەکان سور نییە، چاکبوونەوەی لە شێرپەنجەی مەمک کردوویەتی بە خاوەن چیرۆکێکی مرۆیی و سەرکەوتوو، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا خاوەن پێگەیەکی بەهێزە و لە بواری کۆمەڵگەی مەدەنیشدا ناسراوە.

سەرەڕای هەموو خاڵە باشەکان کە لە ئەسمادا هەیە و وای لێدەکات لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا پەسەندکراو بێت، دوو خاڵی دیکەی بەهێزی تێدایە، ئەوانیش بریتین لەوەی کە سەرۆکی سندوقی گەشەپێدان و بریکاری نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە سوریا.

پەیوەندی نێودەوڵەتی
لەدایکبوونی ئەسما لە شاری لەندەن و گەورەبوونی لەو شارە گرنگەی جیهاندا، ناوبانگی ماڵە باوکی، کارکردنی دایکی لە باڵیۆزخانەدا و زانینی چوار زمانی زیندوو وەهایان کردووە بە ئاسانی بە رووی جیهانی دەرەوەدا بکرێتەوە.

یەکێکی دیکە لە دەروازەکانی ئەسما بە رووی جیهانی دەرەوەدا ئەوەیە، ئەندامانی سندوقی گەشەپێدان بە ئاسانی دەتوانن گەشتی دەرەوە بکەن، سەردانیان بۆ فەراهەم کراوە و بە وڵاتانی ئەورووپادا دەگەڕێن، ئەمەش واتای ئەوەیە کە تیمێکی بەهێز کار بۆ دروستکردنی پەیوەندی و بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییەی ئەسما دەکەن لەگەڵ ناوەندە گرنگەکانی جیهاندا.

رێگرییەکانی بەردەم ئەسما ئەسەد
لەگەڵ هەموو خاڵە بەهێزەکاندا، ئەسما ئەسەد چەند رێگرییەکی لەبەردەمدایە و وەها دەکەن بە ئاسانی نەتوانێت بگات بە کۆشکی کۆماریی.

نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکە و نائامادەیی ئەسما ئەسەد بۆ ئەم ئەرکە، خێرا هاتنەپێشەوەی بۆ جیهانی سیاسەت لە وڵاتەکەیدا و سەپاندنی سزا بەسەر ئەسما ئەسەد لەلایەن ئەمریکاوە، وەها دەکەن رێگای ئەسما ئەسەد بۆ گەیشتنە بەرزترین پێگەی دەسەڵات لە وڵاتەکەیدا ئاسان نەبێت.

وەک پەیامێک بۆ دژایەتیکردنی هاتنەپێشەوەی ئەسما ئەسەد، جویل رایبۆرن نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی حوڕە رایگەیاند، پێویستە گەلی سوریا بڕیار لەسەر چارەنووسی خێزانی ئەسەد بدەن، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت گەلی سوریا بەردەوامیی ئەم خێزانە لەسەر دەسەڵات پەسەند نەکەن.

ئەوەی ماوەتەوە چاوەڕوانکردنی داهاتووی یەکێک لە خاتوونە بەهێز و دیارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە بە گوڵی بیابان ناسراوە.