ڕاپۆرتی کوردستانی

02:20 - 21/02/2021

هەدەپە تۆمەتەکانی وەزیری ناوخۆی تورکیای ئاشکرا کرد‌

پەیسەر

ماوەی چەند رۆژێکە سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا باس لەوە دەکات، دیلان دیرایەت تاشدەمیر پەرلەمانتاری شاری ئاگری پارتی دیموکراتی گەلان لە گارە بینراوە و وێنەکەشی خستەڕوو، تاشدەمیر وتی، "ئەمە درۆیەکی گەورەیە" و پەروین بوڵدانیش راستییەکانی ئاشکرا کرد.

تۆمەتەکانی وەزیری ناوخۆ
دوای ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەر گارە، خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا و سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆ سەردانی پەرلەمانی تورکیایان کرد، ئامانجی سەردانەکە بۆ روونکردنەوەی ئۆپراسیۆنەکە بوو کە پەرلەمانتاران گومانیان لە کوشتنی ١٢ دیلەکەی ژێر دەستی پەکەکە هەبوو.

سولەیمان سۆیلو بە دۆسییەکەوە کە وێنە و راپۆرتی پزیشکی تایبەت بە کوژراوەکانی تێدا بوو، هاتە ناو هۆڵی ئەنجومەنی پەرلەمانی تورکیاوە.

وەزیری ناوخۆ لە قسەکانیدا رەخنەی توندی ئاڕاستەی هەدەپە و رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ گرت و وتی، "جوگرافیای گارە سەختە"، رەخنەی لەو کەسانەش گرت کە باس لەوە دەکەن ئامادەکاری پێویست بۆ ئۆپراسیۆنەکە نەکراوە.

سۆیلو لە قسەکانیدا وتی، "پەرلەمانتارێک پێشتر چووەتە گارە، ئەگەریش دەتانەوێت ناوەکەی دەڵێم."

دوای قسەکانی وا راگەیەندرا کە ئەو پەرلەمانتارە سەر بە هەدەپەیە، بەڵام هەدەپە ئەوەی رەتکردەوە.

سولەیمان خۆی نەگرت
دوای چەند رۆژێک سولەیمان سۆیلو خۆی پێنەگیرا و لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی (ئا هەبەر)، ناوی پەرلەمانتارەکەی ئاشکرا کرد.

سۆیلو وتی، بەپێی گێڕانەوەکانی گەریلایەکی پەکەکە کە ساڵی ٢٠١٧ خۆی رادەستکردووەتەوە، ئەو پەرلەمانتارە دیلان دیرایەت تاشدەمیر پەرلەمانتاری شاری ئاگری پارتی دیموکراتی گەلانە.

وەزیری ناوخۆ بۆ سەلماندنی قسەکانی چەند وێنەیەکی پەرلەمانتارەکەی پیشان دا و وتی ئەمانەش بەڵگە.

سۆیلو بەوەوە نەوەستا و وتی، لە راستیدا پەرلەمانتاری دیکەش رۆیشتوون. ساڵی ٢٠١٧ گەریلایەکی پەکەکە خۆی رادەستی دەوڵەت کردەوە، ئەو کەسە دواتر ژمارەی پەرلەمانتاری شاری سیرت خەدیجە کۆجامانی پێدراوە. تەلەفۆنی بۆ خەدیجە کردووە و وتویەتی "دەمەوێ پەیوەندی بە پەکەکەوە بکەم." ئەویش وتویەتی، "سەرم دەکەیت بە قوڕا؟ لە تەلەفۆندا باسی شتی وا مەکە." دواتر دەچێتە ماڵی پەرلەمانتارەکە، ئەویش رێگەی قەندیلی پیشان دەدات و دەچێتە قەندیل."

لێکۆڵینەوە لەگەڵ تاشدەمیر
سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئەنقەرە بە تۆمەتی "ئەندام بوون لە گروپی تیرۆریستی چەکدار" کە مەبەست پەکەکەیە، دۆسیەیەکی لەسەر تاشدەمیر کردووەتەوە.

کردنەوەی دۆسیەکەی سەر تاشدەمیر، پشتی بە زانیارییەکانی سولەیمان سۆیلو بەستووە کە وتبووی ئەم کەسە سەردانی گارەی کردووە.

تاشدەمیر: ئەم درۆ گەورەیە ئاشکرا دەکەین
دیلان تاشدەمیر وەڵامی تۆمەتەکانی وەزیری ناوخۆی تورکیای دایەوە و وتی، "وەزیری ناوخۆی ئەم وڵاتە وتویەتی گوایە بەپێی گێڕانەوەکانی کەسێک من چوومەتە گارە، پیشانی دەدەین ئەمە بوختان و درۆیەکی گەورەیە."

ئەوەی تاشدەمیری هێنایە قسە وردەکاری تۆمەتەکەی سۆیلو بوو کە وتبووی، ئەو کەسەی خۆی رادەستکردووەتەوە وتویەتی، "لە گارەوە سەر ئۆتۆمبێلێک کەوتین بەرەو مەخمور بچین، کە لە گارە دەرچووین، کەسەکەی تەنیشتم وتی، ئەوەی لە گارە بینیت نەتناسی؟ منیش وتم، نەخێر، وتی، ئەوە دیلان تاشدەمیر بوو."

بوڵدان: بە فەرمانی ئەردۆغان بووە
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان تۆمەتەکانی وەزیری ناوخۆی لەسەر پەرلەمانتارەکەیان رەتکردەوە و راستییەکانی ئاشکرا کرد.

بوڵدان لە تویتەری خۆیەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، "شەوی رابردوو وەزیری ناوخۆ لە چاوپێکەوتنێکدا، چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە، سەرجەمی ئەو وێنانە قەندیلە و هەموو پەرلەمانتارەکانیش لەسەر زانیاری و پەسەندکردنی ئەردۆغان و لە کاتی پڕۆسەی ئاشتیدا رۆیشتوون."

هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەی گروپی پەرلەمانتارانی هەدەپە لە رۆژی سێشەممە، وردەکارییەکان باس دەکات.

فشارەکانی سەر هەدەپە
ماوەی چەند رۆژێکە حکومەتی تورکیا فشارێکی گەورەی خستووەتە سەر هەدەپە، بەتایبەت دوای تەواوبوونی ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە لە چیای گارە و کوژرانی ١٣ دیلەکەی تورکیا.

بەپێی زانیارییەکانی بی بی سی، حکومەتی تورکیا ئەمجارە نایەوێت دەست بۆ داخستنی هەدەپە ببات، بەڵکو لەبری ئەوە هەوڵ دەدەن پارێزبەندی لە زۆربەی پەرلەمانتارانی تاکە پارتەکەی کورد لە تورکیا وەربگرنەوە.

هەر لە چەند رۆژی رابردوودا و لە ئۆپراسیۆنەکانی پۆلیسدا، سەدان ئەندام، لایەنگر و بەرپرسی پارتی دیموکراتی گەلان دەستگیرکران.