لێکۆڵینەوە

03:50 - 22/02/2021

کوردستان و ناوچەکە لەبەردەم سیاسەتی نوێی ئەمریکادا‌

پەیسەر

سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی دواین رانانی خۆی لەژێر ناونیشانی " سەردەمى بایدن... سیاسەتى ئیدارەى نوێى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستدا؛ لێکەوتەکانى لەسەر عێراق و کوردستان" بڵاوکردەوە. لە رانانەکەدا باس لە (ڕایەڵەکانى سیاسەتى ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست لە سەردەمى بایدن، عێراق حەوشەى پشتەوەى تاران و واشنتۆن! و لێکەوتەکانى سیاسەتى نوێى ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست لە كوردستان) کراوە.

لە سەرەتای توێژینەوەکەدا هاتووە، "لە دواى دەستبەکاربوونى جۆ بایدن-ى سەرۆکى نوێى ئەمریکا و ئیدارەکەى، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کاراکتەرە جیاوازەکانی، بە هەموو قەیران و ململانێکانییەوە، لەبەردەم ئەگەرى دەستپێکردنی قۆناغێکى نوێدایە لەچوارچێوەى زنجیرەى سیاسەتەکانى دەرەوەى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ڕەنگە ئەم قۆناغە نوێیە هێندە جیاواز بێت لە قۆناغى دۆناڵد ترامپ-ى سەرۆکى پێشووى ئەمریکا، کە بشێت بە "سەردەمى بایدن"  ناوزەد بکرێت، بەتایبەت کە هەم خۆیى و هەم زۆربەى فیگەرەکانى ناو ئیدارەکەشى، ئەزموونی پێویستیان لەسەر ناوچەکە و کێشە  و ململانێکانی هەیە."

ئاما ژە بەوەش کراوە،  "ڕەنگە عێراق و کوردستان بە بەشێکى زۆر لە لێکەوتەکانى ئەم قۆناغە نوێیە و ڕایەڵى سیاسەتەکانى لە ناوچەکەدا کاریگەر بن."

سیاسەتى نوێى ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "بە گشتى، دواى دەستبەکاربوونى جۆ بایدن (چل و شەشەمین سەرۆک کۆمارى ئەمریکا)، دەتوانرێت لە چوارچێوەى دوو تێڕوانیندا خوێندنەوە بۆ ئایندەى سیاسەتى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست بکرێت."

یەکەمیان ئەوەیە کە سیاسەتى ئەمریکا بەرامبەر ئەم ناوچەیە، لە سەردەمى بایدندا وەک سەرکردەیەکى دیموکراتخوازەکان هیچ نییە جگە لە درێژەدان بەو ڕوانگەیەی کە بە نزیکەیى لە ماوەى دە ساڵى ڕابردوودا، لە کۆتایى خولی یەکەمی سەرۆکایەتى باراک ئۆباماوە، سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکاى ئاڕاستە کردووە. تێزى سەرەکى ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە کە ناوەڕۆکى بەرژەوەندییە باڵاکانى ئەمریکا لە ئێستادا چۆتە قۆناغێکى نوێوە و زۆر جیاوازە لە قۆناغى ماوەى نێوان کۆتایى هەر دوو جەنگى دووەمى جیهانى و سەردەمی جەنگى سارد، لەم قۆناغە نوێیەدا دەوڵەتی چین یەخانگیریی سەرەکی ئابووری و سیاسییە بەرامبەر ئەمریکا نەک ڕووسیا، بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژهەڵاتە نەک ڕۆژئاوا، بۆیە ئیدى وەرچەرخان بەرەو ڕۆژهەڵاتى ئاسیا لەسەر حسابی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەم قۆناغە نوێیەدا سەردێری سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا دەبێت، بە تایبەت کە بەهۆى زۆربوونى بەرهەمى نەوتى بەردین لە ناوخۆى ئەمریکادا، ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست بایەخى ستراتیژیی جارانى وەک بەرهەمهێنەرێکى سەرەکى نەوت لاى ئەمریکا لەدەست دەدات، هەر لەسایەى ئەم هۆکارەشدا بوو گۆڕانکارى تەواو بەسەر ئەو مێژووە درێژە لە پەیوەندى توندوتۆڵ لە نێوان ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستدا هاتووە، کە دیارترین ئاماژەکانى بریتی بوو لە کشانەوەی سەربازى ئەمریکا لە ناوچەکە و بەدواشیدا کەمبوونەوەی چالاکییە سیاسیەکانى تێیدا.

تێڕوانینى دووەم، ئەوەیە گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە لە چەند ساڵى ڕابردوودا و کاریگەرییە دوورمەوداکانیان لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانى ئەمریکا بۆ سەردەمى بایدن بەو ئاسانییە نابێت، بەتایبەت دواى ئەو گۆڕانکارییە زۆرانەى کە لە بەرەوپێشچوونى بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێراندا ڕوویداوە و مەترسییەکانیشى وەک هەڕەشەیەکی جیهانی زیادى کردووە، لەپاڵ هەڕەشەى دووبارە سەرهەڵدانەوەى تیرۆر و گرووپە تیرۆریستییەکان لەناوچەکەدا و مەترسییە ڕاستەوخۆکانى بۆسەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا، ئەمە وێڕاى ئاڵنگارییەکانى پەلهاویشتنى چین بەرەو ئاسیا و ئەفریقا، بەپێى پرۆژە زەبەلاحەکەی کە ناسراوە بە "پشتێن و ڕێگا" و کە وەک ئەژدیهایەک زۆرێک لەو وڵاتانەى کە پێشتر لە خولگەی ڕۆژئاوا و ئەمریکادا بوون بخاتە خولگەی هەژموونى ئابورى و سیاسى و ستراتیژى چینییەوە، هەر لە  باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا، ئۆقیانووسیا، ئەفریقا، ئاسیا، ڕۆژهەڵات و باکورى ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەریای باکووری ڕوسیا، کە بە نزیکەیى تا ئێستا ١٣٠ دەوڵەت بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕەزامەندییان لەسەر پرۆژەکە ڕاگەیاندووە، زیاد لە نیوەى ئەم ژمارەیش ڕێککەوتنامەیان لەگەڵ پەکین ئیمزا کردووە. هەڵبەت بەشێک لە تێپەڕگەکانى ئەم پڕۆژەیە بە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستدا دەڕوات کە بۆ چین جێى بایەخە، بەتایبەت وڵاتانی نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە دابینکەری سەرەکى وزەن و هەندێکیان (وەک سعودیە) گەورەترین هەناردەکەری نەوتن بۆ چین. بۆیە بەپێى ئەم تێڕوانینە هەموو ئەم هەڕەشە و مەترسییانە، ئەمریکا ناچار دەکات لە ماوەى سەرۆکایەتى بایدندا پێداچوونەوە بەو چەمکەى بەرژەوەندییە باڵاکانییدا بکاتەوە کە لە دە ساڵى ڕابردوودا گەڵاڵەى کردووە، لەم پێداچوونەوەیەشدا جارێکی دی ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست جێى بایەخى زۆرى ئەمریکا و تەنانەت تەوەرێکى گرنگى کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکانیش دەبێت.

ئیدارەیەکی نوێ و سیاسەتێکی نوێ
توێژەرانی رانانەکە بە ئاماژەدان بە پێکهاتەی تیمەکەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا باسیان لەوە کردووە، هەرچەندە سەختە لە ئێستادا بتوانین لەوە دڵنیابین کە کام لەو دوو تێڕوانینەى سەرەوە دەبنە نەخشەڕێژى ئایندەى سیاسەتى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستدا (لە ماوەى چوار ساڵى داهاتووى حوکمڕانى ئیدارەکەى بایدندا)، بەڵام گەر بەخێراى لە پاشخانى هەندێک لە فیگەرەکانى ئەم ئیدارەیە بڕوانرێت، ڕەنگە بتوانرێت پێشبینى هەندێک لە سیناریۆکانى ئەو ئایندە نزیکە بکەین:

- بریت ماکگورک؛ (ڕێکخەرى سەرۆکی ئەمریکایە بۆ رۆژهەڵاتى نێوەڕاست وباکورى ئەفریقا) نێردەی تایبەتی باراک ئۆباماى سەرۆکى پیشوترى ئەمریکا بووە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش و پێشتریش لە دیزاینەرانى دەستورى عێراقیی بووە.
- ئەنتۆنى بلینکین؛ (وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا) بەوە ناسراوە لە لایەنگرانى بژاردەى دبلۆماسییە لەگەڵ ئێران و پاڵپشتێکی بەهێزی ئیسرائیلیشە، جگە لەوەى کە هەوادارى گەڕانەوەیە بۆ هاوپەیمانى و ڕێکخراوە فرەلایەنەکان.
- لوید ئۆستن؛ (وەزیرى بەرگرى ئەمریکا) لە دوا ژەنەڕاڵەکانی ئەمەریکایە کە سەرکردایەتی داگیرکردنی عێراقیان کردوە، هاوکات یەکەم پیاوی ڕەشپێست بووە بووەتە سەرکردەى فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا کە تایبەتمەندە بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
- وێندی شێرمان؛ (جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا) ساڵى ٢٠١٥ سەرۆکی وتووێژکارانی ئەمریکابووە لە دانوستانەکانی ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەى ئێران و لە ماوەی ئیدارەی ئۆباماشدا جێگری وەزیری دەرەوە بووە.
- ڕۆبێرت مالێی؛ (نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ دۆسێى ئێران) پێشتر ڕاوێژکاری ئیدارەی ئۆباما بووە و ئەندامی تیمی دانوستاندنکارانی ئەمریکا بووە لە دانوستاندنەکانی ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەى ئێران، جگە لەوەى لە شارەزایانى ئەکادیمیی کاروبارى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستیشە،
- لەسەرو هەموشیانەوە کامالا هاریس؛ (جێگرى سەرۆکی ئەمریکا) بەوە ناسراوە کە نوسخەیەکى ژنانەى ئۆبامایە.

رانانەکە لەسەر بنەمای فیگەرەکانى ئیدارەى نوێی ئەمریکا، گرنگترین ڕایەڵەکانى سیاسەتى ئەمریکا بەرامبەر رۆژهەڵاتى نێوەڕاستی لە ماوەى چوار ساڵى داهاتوودا دیاری کردووە کە بریتی دەبن لە:

١- گەڕانەوە بۆ دانوستاندن بەمەبەستى دووبارە پابەندبوونەوەى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران، بەڵام بە ڕاوێژ لەگەڵ هاوپەیمانانى ئەمریکا و بەشدارانی ڕێککەوتننامەکە، بەشێوەیەک کە بەر لە هەڵگرتنى سزاکانى سەر ئێران بتوانرێت لە دانوستاندنەکاندا زامنى سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێران توندتر بکرێت، لەگەڵ چارەسەرکردنى بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران لەهەمان ڕەوشدا.

٢- چاوخشاندنەوە بە پشتیوانییە سەربازیییەکانى ئەمریکا بۆ وڵاتانی کەنداو لە جەنگى یەمەندا، بە تایبەت سعودیە کە بەهۆى ئامادەنەبوونى ئیدارەى نوێى ئەمریکا بۆ چاوپۆشیکردن لە تێوەگلانى سەرانى ئەم وڵاتە لە کوشتنى جەمال خاشقچی-دا، ڕەنگە ئەمەش لەماوەى داهاتوودا گرژییەکى زۆر بخاتە پەیوەندییەکانى نێوانیان، هەرچەندە سعودیە دەخوازێت لەم کاتەدا سوود لە کارتى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا وەربگرێت.

٣- جەختکردنەوە لەسەر جەنگى دژ بە تیرۆر لە ناوچەکەدا، وێڕاى هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان لە ئەفغانستان و عێراق و بەردەوامیدان بە کشاندنەوەى هێزە سەربازییەکانى ئەمریکا لەم دوو وڵاتە بۆ ئاستێکی کەمتر.

٤- پابەندبوونی هەمیشەیی ئەمریکا بە ئاسایشی ئیسرائیل، وێراى ئەو توڕەییەى لە ٢٠١٨ ەوە لە ناوچەکەدا بەرامبەرى دروستبووە بە هۆى گواستنەوەى باڵیۆزخانەکەی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، هەرچەندە پێچەوانەى ترامپ کە زیاتر لایەنگیریی ئیسرائیل بە هەڵوێستەکانییەوە دیاربوو، بایدن (وەک نەریتێکى دیموکراتەکان) پابەندە بەچارەسەری "دوو دەوڵەتی" فەلەستینیی و ئیسرائیلییەکان. 

٥- هەوڵدان بۆ تۆخکردنەوەى ئامادەیى ئەمریکا لە ڕووداوەکانى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستدا، لانى کەم بە ئاستێکى پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئاڵنگارییەکانى هەریەک لە ڕوسیا و چین، کە یەکەمیان  بە سوودوەرگرتن لە تێکچوونى ئارامى ناوچەکە و سەرهەڵدانی ناکۆکیەکان، هەوڵ بۆ گۆڕینی پێکهاتەی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات لەپێناو فراوانکردنی هەژموونى لەناوچەکەدا. هەرچى دووەمیشە (چین) دەخوازێت بە سودوەرگرتن لە لاوازی ئابووریی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێگەى خۆى لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات.

عێراق لەنێوان تاران و واشنتندا
 توێژەران لە رانانەکەدا بەم جۆرە باسیان لە دۆسییەی عێراق کردووە، هەرچەند جیهان و عێراقی ئێستا و دۆخی پاش کۆرۆنا و بایدنی هەنووکەیی گۆڕاوون و ناتوانرێ هەمان کەسێتی و دەوڵەت و سیاسەتی ٤ساڵی پێشووتر ببینرێنەوە. بەگریمانەکردنی ئەوەش کە هیچ یەک لە واشنتۆن و تاران (بە سەردەمی ترەمپ و قاسم سولەیمانیشەوە) نەیانوویستووە جەنگی دەستەویەخە و گەرم و ڕووبەڕوو هەڵبگیرسێنن، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە هێشتا عێراق، حەوشەی پشتەوەی هەریەک لە واشنتۆن و  تارانە، هەر نزیکبوونەوە و دوورکەوتنەوەیەک کاردەکاتە سەر ئارامی، سەروەریی، گەشەی عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە، هەردوولا، عێراق کارتى نەرم و توند و سێبەری دەستییانە."

لە پرسی عێراقدا سێ فاکتەری "کۆنی نوێ" کاریگەریی تەواویان لەسەر مامەڵەی ئیدارەکەى بایدن لە عێراقدا دەبێت:

١. پرسی میلیشا کۆن و نوێکانی لایەنگری ئێران لە عێراق: هەر لە سەردەمی ئۆبامادا، لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە و خۆڕێکخستنەوەی "میلیشیا ئێرانییەکان"ی عێراق بە بیانووی بەرەنگاری داعشەوە، دوایین ئەو تەگەرانە بوون کە هاتنە پێشی ئیدارەی ئۆباما و تیمەکەی، هەم ئێران و هەم میلیشیاکانی لەوکاتەدا بە سیاسەتی هەڵکشان و داکشانییان بەرامبەر کۆشکی سپی، توانییان هەلێکی نوێی ئابووریی و سیاسیی بدەنەوە خاوەنەکانیان(ئێران)، بە هێنانەسەرخەتی ئەمریکا و ئارەزووی کۆشکی سپی بۆ ڕێککەوتنی ٥+١. ئێستا هەم دیسانەوە هەم ئەو میلیشیایانە (حەشدی وەلائی و یاوەرانیان)و هەم میلیشیای نوێ لە مناڵدانی ئەمانەوە سەریان هەڵداوە (ئەسحابولکەهف، سەرایای عشرین، ئەولیائودەم و ڕەبعەڵلا و...تاد)، کە ئەمانەی دووەمیان هەم کارەکانی جارانی حەشد لە لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدەن و هەم تەکنیکێکی نوێی دەستی قائانی جێنشینی قاسم سولەیمانییە بۆ نمایشی بازووی ئێران بەرامبەر ئەمریکا. بۆیە ئەرکی نوێی بایدن تەنها سنووردارکردنی حشدی وەلائی و ڕازیکردنی پێکهاتەکانی عێراق نییە، بەڵکو مامەڵەشە لەگەڵ نەوەی دووەمی حەشدی وەلائی و نوێ.

٢. پرسی ڕێککەوتنی ٥+١: یەکێک لەو پرسانەی دیکە کە ڕاستەوخۆ کاریگەر دەبێت لەسەر  سیاسەتی هەرێمی و عیراقی کۆشکی سپی، گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەیە بۆ ڕێککەوتنی ٢٠١٧ی ٥+١ی پەیوەست بە ئێرانەوە، لە ئەگەری نزیکبوونەوەدا، ئەوا ئێران لە ڕووەکانی: سپیکردنەوەی پارە و گرفتی بانکی و دراوی، هەناردەکردنی نەوت، کڕینی پیداویستییە پیشەسازی و جەنگییەکانی و ..تاد، فشاری خۆی لەسەر بەغدا و هەولێر کەمتر دەکاتەوە، چونکە ئەوکات ڕاستەوخۆ بەشێک لە سپیکردنەوە و "پێچپێلێدانی سزاکان"ی لەسەر هەڵدەگیرێت و بارگرانی بۆ عێراق کەمتر سازدەکات.
بەڵام لە سیناریۆی نەگەڕانەوە بۆ ٥+١ یان لانیکەم هەمووارکردنەوەی ڕێککەوتنەکەیە، ئەوا فشاری ئێران ڕاستەوخۆ لە عێراقەوە دەبێت و پانتایی ئەم وڵاتە باشترین هەل دەبێت هەم بۆ بازرگانی و کەمکردنەوەی کاریگەریی سزاکانی، هەم نمایشکردنی بازووی توندی خۆی، کە ناچاری دەکەن پەنابەرێتە بەر توندەهێز و نەرمەهێزی خۆی لە عێراق و سەرئێشەسازیی بۆ ئیدارەی کۆشکی سپی لە عێراقدا.

دیارە هەر لە کۆتاییەکانی ئیدارەی ئۆبامادا، گرفتە تەکنیکی و سیاسییەکانی ٥+١ دەرکەوت و خودی کۆشکی سپی و ئسوڵییەکانی نێو ئێرانیش کەوتنە ڕەخنەکاریی ڕێککەوتنەکە، هەرچی ڕەخنەگرانی ئەمریکایە، پێیانوابوو کە ڕێککەوتنەکە کەمووکوڕی هەیە، لەسەر ئەو بنەمایەی کە دەبوو تێیدا موشەکی کیشوەربڕ و دوورهاوێژی ئێرانیش سنووردار بکرێت بەوپێیەی لەواقێعدا ئەوە مووشەکەکانن هەڕەشەی ڕاستەقینەن بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بەر لە ئەتۆم، ئەوەتا ئێران بەو مووشەکانە توانیوویەتی بەرژەوەندی واشنتۆن و هاوپەیمانانی لە یەمەن، لوبنان، سوریا و عێراق و هەرێمی خستووەتە مەترسییەوە.

ئێستا ئێران ئەوە هیچ کە دەستی لە موشەکناردن و پشتیوانی پرۆکانی لەو وڵاتانە هەڵنەگرتووە، بەڵکو بە پرۆژە یاسایەک ٢٠٪ کورە و پیشەسازییە ئەتۆمییەکانی خستووەتەوەکار کە پێچەوانەی بەندەکانی ڕێککەوتنەکەیە.

هەردوو کۆشکی سپی و پاستۆریش، یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلی ڕێککەوتنەکە و هیچکامیان نایانەوێت دەسپێشخەربێت بۆ نەرمی نواندن، لە کاردانەوەیەکیشیدا، بایدن بە وەڵامی "نەخێر"ی قاتیع، دووپاتی کردەوە گەر ئێران نەگەڕێتەوە بۆ ٥+١، هیچ جۆرە مەیلێکی بۆ دووبارەکردنەوەی سەردەمی ٥+١ نییە، گەرچی لە کۆنگرەی میونیخی ئاسایشیی ڕۆژی هەینیدا دەرگایەکی نوێی بۆ ئێران ئاوەڵا کرد، بەڵام بە تێبینی و تەحەفوزاتەکانی پێشترییەوە. جیا لەمانەش ئاکامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆکایەتی ئێرانیش کاریگەر دەبێت لە کەمکردنەوە و زیاترکردنەوەی ئەو مەودایەی تاران و واشنتۆن.

٣. پرسی کورد لە ئێران و عێراق: دیسانەوە ئەم گۆڕاوەش کارتێکەر و کارتێکراوی نێوسیاسەتی بایدن دەبێت لەناوچەکەدا، گەرچی مێژووی سیاسیی بایدن زیاتر لەگەڵ کوردانی عێراقدا سازوکاری هەبووە، پرسی کوردی ئێران کەمتر لەئەجێندا سیاسییەکەیدا جێکردووەتەوە، بەڵام لە گریمانەی دوورکەتنەوەی زیاتری تاران و واشنتۆن، بێگومان پرسی کورد هەم لە ئێران وەک کارتی فشار لەسەر تاران و هەم لە عێراقیش کوردەکان دوایەمین پەناگەی ئارامی سەرباز و سیاسەتی واشنتۆن دەبن لە بەکارهێنانی خاکەکەیەوە بیگرە تا نینۆککردنی تاران و باڵانسڕاگرتنی هێزی ئەمریکا بەرامبەر پرۆئێرانیەکان لە عێراقدا.

لە ئاماژەکانی ئەم دواییەی نمایشی ئێران و پرۆکانی، چ لە هەرێمی کوردستان بە بۆردوومانکردنی بنکە و بەرژەوەندییە ئەمریکییەکان و هاوپەیمانانی، چ لە نێوەڕاست و باشووری عێراق لە بەئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی واشنتۆن، کاروانە سەربازییەکانی هاوپەیمانان، لێدانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئەمریکا و تیرۆرکردنی چالاکوانان، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە سیاسەتی هەنووکەیی تاران و واشنتۆن هەواڵی خۆشی بۆ عێراقییەکان پێنابێت و ڕێگایەکی خوارووخێچ چاوەڕوانی عێراقە لە سێبەری گرژییەکانی ئەو دوو وڵاتەدا.

بایدن و هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە ئاستى سێيه‌م: کە هه‌رێمى كوردستان و ئاسايشى هه‌رێمى كوردستانه‌، رانانەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشه‌ موشه‌كيه‌كه‌ى شه‌وى (١٤ى شوبات) و كاردانه‌وه‌ خێراكانى ئه‌مريكا به‌رامبه‌ر به‌و هێرشانه‌ و په‌نجه‌ ڕاكێشان بۆ گروپه‌ چه‌كدارييه‌كانى شيعه‌ كه‌ ناويان له‌خۆيان ناوه‌ هێزه‌كانى به‌رگرى، ده‌رفه‌تێكى تازه‌ و سه‌ره‌تاى ده‌ركه‌وتنى پاڵپشتيیه‌كى رانه‌گه‌يەنراوى ئه‌مريكا بوو، له‌دواى چوار ساڵ له ‌سياسه‌تى ته‌ماشاكه‌رێكى لايه‌نگرى عێراق له‌سه‌ر حسێبى كوردستان.

ئه‌م ده‌روازەیە‌ دوو ئامانجى سه‌ره‌كى تيا ده‌ستنيشانكراوه‌، ئامانجێكى فشاریى به‌رجه‌سته‌ كه‌ ئاشكراى كرد ده‌توانرێت هه‌ولێر بكرێته‌ ئامانج و پێگه‌يه‌كى پارێزراو نييه‌ بۆ ئه‌مريكا. ئامانجى دووه‌ميش ئه‌وه‌بوو ئه‌مريكا له‌ڕێگه‌ى ئه‌م فشاره‌وه‌ توانى خۆى مانيفێست بكات و دووریش نيه‌، له‌ ده‌رفه‌تى نزيكدا، گروپه‌ چه‌كدارييه‌كان بكاتەوە به‌ ئامانج.

لێکەوتەکانى سیاسەتى نوێى ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست لە كوردستان
لەبارەی کاریگەرییەکانى سیاسه‌تی بایدن به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوا راناناکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم کاریگەرییە په‌یوه‌سته‌ به‌ چه‌ندین بابه‌ت و پێودانگ(محددات)ى تر كه‌ گرنگترینیان: 

یه‌كه‌م: خه‌سڵه‌تی گشتی دیموكراته‌كان له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كی و ئاسایشی نیشتمانی، فره‌یی هاوپه‌یمان و ڕێكخراوه به‌شداریپێكراوه‌كان، خه‌سڵه‌تێكی دیاری سیاسه‌تی دیموكراته‌كان بووه‌ له‌ زۆربه‌ی ئیداره‌ جیاوازه‌كاندا، هه‌روه‌ها گرنگیدانی زیاتر به‌پێوه‌ری دیموكراسییه‌ت و به‌كارهێنانی وه‌ك پێگه‌یه‌ك له‌ پێگه‌كانی داڕشتنی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی. به‌م شێوه‌یه‌ جیاوازی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی "تاكڕه‌و"ی ئیداره‌ی پێشووی ئه‌مریكا چ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌ ئه‌وروپییه‌كان یان هی تر، له‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوادا به‌دیده‌كرێت، به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌رێم وه‌ك لایه‌نێكی سه‌ره‌كی داڕشتنی سیاسه‌ت له‌ عێراق له‌ ئیداره‌ی ئێستای بایدندا زیاتر بره‌وی پێده‌درێت، دو‌ریش نیه‌ مه‌یلی نێوه‌ندگیریی نێوان پێكهاته‌ جیاجیاكانی عێراق له‌كێشه‌ جیاجیاكاندا له‌سه‌رده‌می بایدندا زیاتر په‌ره‌ی پێبدرێت.

دووه‌م: مامه‌ڵه‌كردن و سیاسه‌تی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌ ئێران و توركیا، ره‌نگه‌ ته‌واوكاری سیاسه‌تی به‌رامبه‌ر هه‌رێم و رۆژئاوا بێت.
هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی پێشبینییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌ڕۆن كه‌ واشنتۆن به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا سیاسه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ ئێران داده‌رێژێته‌وه،‌ كه‌ هه‌نگاوی سه‌ره‌كی ئه‌م سیاسه‌ته‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران و كه‌مكردنەوە یان نه‌هێشتنی سزاكانی سه‌ر ئه‌م وڵاته‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئاسان نیه‌ به‌هۆی جیاوازی دۆخی ئێستا(٢٠٢١) له‌گه‌ڵ كاتی مۆركردنی رێككه‌وتننامه‌كه‌، هه‌روه‌ها داواكاری نوێی ئه‌مریكا له‌ داخڵكردنی مه‌سه‌له‌ی موشه‌ك و چالاكییه‌كانی ئێران له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوری وڵاته‌كه‌ی بۆ رێككه‌وتننامه‌كه‌. هەرێمی كوردستان و رۆژئاوا به‌هۆی پێگه‌ی جوگرافییان به‌شێك ده‌بن له‌ هه‌ر پێكدادان یان ئاشتبونه‌وه‌یه‌ك نێوان ئه‌مریكا و ئێران. دور نیه‌ هه‌ردوولا كورد وه‌ك كارتێك دژ به‌ ئه‌وی دیکە له‌ ململانێ و گفتوگۆكان به‌كار بهێنێت.

 سه‌باره‌ت به‌ توركیا‌، هه‌رچه‌نده‌ ململانێی ئێران-ئه‌مریكا سه‌ردێڕی هه‌واڵه‌كانی داگیركردوه‌، به‌ڵام ململانێی ئه‌نقه‌ره‌-واشنتۆن سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوا توندترە به‌ڵام شاراوه‌تر‌. سه‌باره‌ت به‌ رۆژئاوا بڕیاری هاوكاریكردنی شه‌ڕڤانان له‌ سه‌رده‌می ئۆباما-بایدن درا و پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م سیاسه‌ته‌ له‌ سه‌رده‌می بایدندا به‌رده‌وام بێت، ڕه‌نگه‌ گۆڕانكارییەکیش ڕوبدات كه‌ ئیداره‌ی بایدن زیاتر له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری ناوخۆییانه ‌و دیموكراتییانه‌ی كێشه‌ی كورد بن له‌ سوریا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی سوریا و دژ به‌ ده‌ستێوه‌ردانی توركیا دژی هەوڵی نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی كوردی رۆژئاوا بوه‌ستێته‌وه‌. به‌كورتی ڕه‌نگه‌ كاركردن بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئۆتۆنۆمی بۆ كورد به‌شێوه‌یه‌كی ده‌ستوری و به‌رده‌وام له‌ چوارچێوه‌ی سوریادا ئامانجی سه‌ره‌كی ئیداره‌ی بایدن بێت بۆ كوردانی‌ سوریا.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان، پێناچێت ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا به‌هه‌مان شێوه‌ی ئیداره‌ی پێشوو ده‌ستی توركیا بۆ ده‌ستێوه‌دان له‌ هه‌رێم بكاته‌وه‌، خودی هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی توركیا بۆ سه‌ر چیای گاره‌ ئاماژه‌ی جیاوازی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌. هاندانی هاوپه‌یما‌نان، چ له‌چوارچێوه‌ی ناتۆ یان یه‌كێتی ئه‌ورو‌پا یان له‌ده‌ره‌وه‌‌یدا، بۆهه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی له‌ عێراق و سوریا یه‌كێك ده‌بێت له‌ سیاسه‌ته‌ په‌سه‌ندكراوه‌كانی ئیداره‌ی نوێ.

سێیه‌م: شه‌ڕی داعش و تیرۆریستان کارتێکەرێکی تری داڕشتنی سیاسه‌تی بایدنه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێم و رۆژئاوا، ئیداره‌ی كوردستان چ له‌ باشور و چ له‌ رۆژئاوا، له‌ماوه‌ی شه‌ڕ‌ی قاعیده ‌و داعشدا، توانییان رۆڵی سه‌ره‌كی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یماناندا بگێڕن بۆ له‌ناوبردنی تیرۆریستان، بۆیه‌ له‌ به‌رده‌وامی مه‌ترسی ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی به‌هێزی داعش و تیرۆریستان له‌ناوچه‌كه‌دا كوردانی عێراق و سوریا تا ئێستا هاوپه‌یمانێكی متمانه‌پێكراوی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆرن.

هه‌رێمی كوردستان، سه‌رباری به‌رده‌وامی هاوكارییه‌كانی وڵاتانی رۆژئاوا، به‌هۆی یه‌كنه‌خستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ و به‌مۆدێرن‌نه‌كردنی دامو‌ده‌زگا و عه‌قیده‌ سه‌ربازییه‌كه ‌و نه‌بوونی ستراتیجێكی ئه‌منی و سه‌ربازیی یه‌كگرتوو له‌ئێستادا نیگه‌رانی قۆڵی لای هاوپه‌یمانان سه‌باره‌ت به‌ كارایی و چالاكی ئه‌م هێزه‌ وه‌ك هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كی ئاینده‌یی هاوپه‌یمانان له‌ ناوچه‌كەدا‌ دروستكردوه. به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ دۆسێی ئاسایش و ئارامی و دژایه‌تی تیرۆر خاڵی به‌هێزی پێگه‌ی كورد بووه‌ له‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی رۆژئاوادا، لاوازبونی دامه‌زراوه‌یی هێزه‌ ئه‌منییه‌ كوردییه‌كان(پێشمه‌رگه‌، ئاسایش، دژه‌ تیرۆر) مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ و پێگه‌ی ناوچه‌یی كورد دروستده‌كات‌، مه‌ترسییه‌كه‌ پێویسته‌ سیاسه‌تمه‌دارانی هه‌رێمی كوردستان به‌زووترین كات  له‌سه‌ر ئاستی باڵا چاره‌سه‌ری بكەن.

پێده‌چێت عێراق له‌سه‌رده‌می بایدنیشدا هێشتا وه‌ك گۆڕه‌پانی ململانێی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمیی توند دژ به‌ ئه‌مریكا بمێنێته‌وه‌‌‌، ته‌نانه‌ت گه‌ر رێككه‌وتنێكی ئه‌مریكا-ئێرانیش ئه‌نجام بدرێتەوە، ئه‌سته‌مه‌ نه‌ ئه‌مریكا و نه‌ ئێرانیش گۆڕه‌پانی عێراق بۆ یه‌كتر چۆڵ بكه‌ن. دروستكردنه‌وه‌ی عێراقێكی فره‌ڕه‌نگ و هاوسه‌نگ و به‌شداریپێكردنی زیاتری كورد و سوننه‌ له‌ پرۆسه‌ی بڕیاری فێدڕاڵی و فراوانكردنی ڕۆڵی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و ناتۆ و یه‌كێتی ئه‌وروپا چه‌ند بژارده‌یه‌كی خواستراوی ئیداره‌ی‌ نوێی ئه‌مریكان بۆ عێراق، به‌ڵام ئه‌م پڕۆژانه‌ دو‌ر له‌ رۆڵ و سیاسه‌تی ئێران له‌ هه‌رێم وعێراق و ئاینده‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و ئه‌مریكا و ئاماده‌یی یه‌كێتی ئه‌وروپا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ناوچه‌كەدا هه‌روه‌ها ئاماده‌یی و یه‌كده‌نگی هه‌رێمی كوردستان‌، ده‌رئه‌نجامی جیاوازیان ده‌بێت.

سەنتەری لێکۆڵینەوەى ئایندەیی، سەنتەرێكی توێژینەوەی زانستی ناحكومییە دامەزراوە بۆ سوودی گشتی، مۆڵەتى کارکردنى پێدراوە لە لایەن وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان – عێراق و بارەگاكەی لە سلێمانییە، جگە لە گۆڤاری زانستی "الدراسات الأمنیة" و ڕانانی مانگانە، دوو مانگ جارێك گۆڤارێك بەناوی "ئایندەناسی" دەردەكات. 

لە دوا ڕانانی سەنتەرەكەشدا ژمارەیەك توێژەر بەشدارییان كردووە كە بریتین لە: د.یوسف گۆران، د.ئومێد رفیق فتاح، د.عابد خالد رسول، د.هەردى مهدى میکە.

 

بۆ خوێندنەوەی تەواوی رانانەکە کلیک لێرە بکە