دۆسێ

11:08 - 06/04/2021

گفتوگۆی ستراتیژیی واشنتن و بەغداد ؛ ئومێدی دەسەڵات و ترسی نەیارەكان‌

پەیسەر

گەڕی سێیەمی گفتوگۆ:
هەر یەك لە عێراق و ئەمریكا ڕایانگەیاندووە گەڕێكی دیكەی گفتوگۆكانی نێوانیان سبەینێ 7 نیسانی 2021 دەست پێدەكاتەوەو تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانیشیان دانانی پلانی كشانەوەی زیاتری هێزە بیانیەكانە لە عێراق بەجۆرێك ڕێگە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش خۆش نەكات و تەوەرێكی دیكەشیان چۆنیەتی هاوكاریی كردنی ئەمریكایە بۆ عێراق لە بوارەكانی (پێدان و پرچەككردنی سەربازیی و ڕاهێنانی سەربازیی) و هەر لەبواری هاوكارییەكانیشدا، بوارەكانی ئابووری، رۆشنبیریی و تەكنۆلۆژیاش دەگرێتەوە.

كۆتایی ئەفسانەی داعش:
كاتێك لە ساڵی 2014 ڕێكخراوی –داعش- ناوچەیەكی فراوانی عێراق و سوریایان داگیركرد، عێراق ناچاربوو بەفەرمی داوا لە ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی بكات كە بێن بە دەمیەوە و لەو مەترسییە گەورەیە دەربازیان بكات و بەشداریی جدی جەنگی دژبە داعش بن، ئەمریكیەكان وەڵامی داواكارییەكەیان دایەوەو توانییان 60 وڵاتی دیكە بهێننە نێو هاوپەیمانییەكەیان و جەنگێكی بێ وێنە لە دژی ڕێكخراوەكە بەرپا بكەن، سەرەڕای زیانە زۆرەكان و لەدەستدانی گیانی هەزاران خەڵكی بێتاوان و وێران بوونی دەیان شارو شارۆچكەو گوند، بەڵام كۆتایی بەدەسەڵاتی داعش هات و لە ئێستادا جگە لە چەند دەستەو گروپێكی پەرش و بڵاو شتێك نەماوەتەوە بەناوی –دەوڵەتی ئیسلامی – و پارچە زەوییەكی بە فەرمی بەدەستەوە بێت و حوكمی بكات، بەڵام هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی هێشتا مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی نەبووەتە سفر و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت بەردەوام لە ئامادەییدا بن.

كورد لە هاوكێشەكەدا:

كۆتایی هاتنی داعش هەموو بەشداربوونی ئەو جەنگە بە پێی هەبوون و بەشدارییان باجیان دا، ئەگەر پشتیوانی لۆجستی، پێدانی چەك، هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانان نەبوایە بۆ عێراق و كوردو و سوریا بێگومان داعش بەو ئاسانییە لە ڕەگەوە دەرنەدەهات، وەك شرۆڤەكاران باسی دەكەن بەشداریی كردنی كورد لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا لەو جەنگەدا نادیدە ناگیرێت و ژمارەی شەهیدەكانی لە هەردوو بەرەی جەنگی داعش لە عێراق و شام بەهەزاران كەسەو لە ڕووی زیانی مادییشەوە لە ژماردن نایەت، هەرچی بەرەی شیعەكانی عێراقیشە هەبوونی فەتوایەكی عەلی سیستانی –مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق- كاریگەری زۆری هەبوو لەو بەرەنگاربوونەوەیەدا كە بە هۆی بەرگە نەگرتنی سوپای عێراقەوە ناوچەیەكی زۆری سونەكانی عێراقیان كەوتبووە دەست، كەوەك شارەزایان باسی دەكەن ئەو ناوچانەی كە لەسەردەمی سەرۆك وەزیرانی –نوری مالیكی-دا كەوتبووە دەستیان لە وڵاتی بەریتانیا گەورەتر بوو. هەر بۆیە بە بێ پشتیوانی یەكتری (هاوپەیمانان لە ئاسمان و كوردو شیعە لە زەوییەوە) نەدەتوانرا كۆتایی بە ئەفسانەی داعش بهێنرێت.


ناكۆكی ناوخۆیی و داعش:
فەتواكەی عەلی سیستانی بووە هۆی دروستبوونی –حەشدی شەعبی- بەشێك لە شرۆڤەكاران هەر لەسەرەتاوە بۆچوونیان وابوو شێوازی كاركردن و بەڕێوەچوونی حەشد هەمان شێوازو سیستەمی سوپای پاسدارانی ئێرانە، بۆیە گومانەكان وابوو كە ئەو گروپەچەكدرانە لەوێوە ئاڕاستە بكرێن، یان لانی كەم خزمەت بە ستراتیژیەتی ئێران دەكات لە عێراقدا كە ئەوەش پێچەوانە دەكەوتەوە لەگەڵ بوون و بەشداریی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی. هەربۆیە بۆ حكومەتی عێراقی كێشەیەكی گەورە بوو، كەوتبووە نێوان دوو بەرداشەوە و بە هەر لایەكیاندا بشكایەتەوە دووچاری كێشەی گەورە دەبوویەوەو دوور نەبوو كاردانەوەی هەڵەی لێبكەوێتەوەو دواجار لەبەرژەوەندی داعش بشكایەتەوە.

خۆپیشاندانەكان:
هیچ سەرۆك وەزیرانێكی عێراقی بەئەندازەی حەیدەر عەبادی گیرۆدەی دەستی بەریەك كەوتنی ئەو دوو هێزە نەیارە (ئەمریكا و ئێران) نەبوو، لە گەڵ ئەوەشدا لە ناوخۆشدا كێشەی دیكەش دروست دەبوو، لە لایەك كێشەی زۆری ئاوارەی ناوخۆیی و لە لایەكی دیكەوە قەیرانی دارایی، ئەوانە بوونە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی جۆراو جۆر تا ئەوەبوو لە مانگی ئۆكتۆبەری 2019 دا خۆپیشاندانی جەماوەریی گەشتە لووتكە و ناوی ڕاپەڕێنی لێنرا، ئەو خۆپیشاندانانە بوونە فشارێكی زۆر بۆ سەر حكومەت و مەرجەعیەت ناچار بوو بەبڕیارێك حەیدەر عەبادی ناچار بكات بە دەست لەكاركێشانەوە و بەدوای ئەودا حكومەتی كاربەڕێكەری عادل عەبدولمەهدی بۆماوەی 5 مانگ كارەكانی بەڕێوە برد. دواجار ئەوەی جێگەی سەرنجی هەمووان بوو مستەفا كازمی لە سەرۆكی دەزگای هەواڵگرییەوە بە ڕەزامەندی هەردوو نەیارەكەی سەر گۆڕەپانی عێراق بووە سەرۆك وەزیران و تا ئێستاش بەردەوامە لە كارەكانی، لە ماوەی دەستبەكاربوونیدا پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا ، ئێران، توركیا و كەنداوی ڕاگرتووە. هەرچەندە بە دەست بەكار بوونی مستەفا كازمی كۆتایی بە داعش هاتووەو تەنها بە پەرش و بڵاوی ماونەتەوەو ڕۆژانەش ڕووبەڕوویان دەبێتەوەو لەناو شارەكاندا ئەندام و سەركردەكانیان دەستگیر دەكرێن، بەڵام هێشتا وەك مەترسییەك لە پاشخانی ئیدارەكەیدا داعش بوونی هەیە، لانی كەم وەك بیانوویەك ماونەتەوە بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بەمانەوەی هێزە بیانیەكان لە عێراقدا شەرعیەت پێ بدرێت.

لەمپەرەكانی بەردەم كازمی:
كاتێك مستەفا كازمی سوێندی یاسایی خوارد، هەموو لایەنەكان (یارو نەیار)ەكانی ئامادەی مەراسیمەكە بوون، زۆرینەشیان باوەڕیان وابوو بە هاتنی مستەفا كازمە (فاتیحە)ی كۆتایی بۆ كێشەكانی عێراق ناخوێنرێت، بەڵكو هەندێك برینی كۆنی قەتماغە بەستوو هەڵدەدرێنەوە، هەربۆیە لەمپەرەكانی بەردەمی كەم و سوك و سانا نین، بەجۆرێك هەندێك پێشبینی ئەوەیان دەكرد یەكێك لەو كێشە ستراتیژییانە بەسە بۆ ئەوەی سەری بخوات و لەسەر كورسی سەرۆك وەزیرانی بیخاتە خوارەوەو ئەویش ببێتە ناوێك لە نێو لاپەڕەكانی مێژووی ئەو وڵاتەدا، بەجۆرێك لە سەری بنوسرێت كە نەیتوانی لەنێوان دوو بەرداشی ئێران و ئەمریكا بە هاوپەیمانەكانیانەوە بەرگە بگرێت و بووە ئەو قوربانییەی كەس بەهانایەوە نەهات، بەڵام ئەوەتا دەرگای گفتوگۆكانی نێوان عێراق و ئەمریكا كراوەتەوەو دوور نیە ئەو دەرگایە بەشێوازێك بكرێتەوە كە بەدڵی خۆی بێت.

ترس لە بڕیاری هەڵە:
ئەم گەڕەی گفتوگۆكانی نێوان بەغدادو واشنتن –كە بڕیارە لە ڕێگەی ئەلیكترۆنییەوەو بەشێوەی ڤیدیۆ كۆنفراس ئەنجام بدرێت- بە چوارەم گەڕی گفتوگۆ ستراتیژییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا دێتە ئەژمار، چەند مانگێك پێش لەوەی كۆتایی بە دەسەڵاتی عادل عەبدولمەهدی بێت ئەمریكا بە فەرمی داوای لێكرد كە دەبێت لەنێوانیاندا گفتوگۆی ستراتیژیی هەبێت، ئەو سەرەڕای ئەوەی لە بنەمادا بیرۆكەكەی پەسەند بوو، بەڵام بەهۆی كەمی ماوەی بەردەستی نەیتوانی بڕیاری جدی لەبارەوە بدات، ئەوە بووە یەكەم گەڕی گفتوگۆكانی نێوان هەردوو وڵات، كاتێكیش كازمی بووە سەرۆك وەزیران كەمتر لە دوو مانگی تێپەڕاند بە سەردانی فەرمی لە مانگی حوزەیرانی 2020 دا چووە واشنتن ، گفتوگۆكانی نێوان كازمی و ترامپ –سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا- بۆ یەكەمجار بووە گەڕی دووەم ، هەرچەندە پێشینەكانی كازمی ئەم كارەیان بە ئەستەم دەهاتە بەرچاو لەبەر ئەوەی لە ژێر كاریگەریی – دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی و گروپ و میلشیا چەكدارەكان بەسەرۆكایەتی هادی العامری-  و لە ترسی تیۆری موئامەرەی ئەمەریكیدا بوو، بەڵام مستەفا كازمی ڕیسكی خۆی كردو دووەم گفتوگۆی لەگەڵ ترامپ خستە بواری جێبەجێكردنەوە.

كوژرانی سولەیمانی قوڕێكی گیراوە بۆ كازمی:
لە كۆتاییەكانی سەرۆكایەتی ترامپیش دا گەڕی سێیەم دەستی پێكردو بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە هێزە كانی لە بكشێنێتەوە كە ئەوەش دەرئەنجامی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو لە دوای كوژرانی قاسمی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە 3/1/2020 لەنێو فرۆكەخانەی بەغداد، ئەوە لە كاتێكدا كە مستەفا كازمی بەرپرسی دەزگای هەواڵگری عێراق بوو، ئێستاشی لەسەر بێت گومان و بەرپرسیارێتی بەشێك لەو كارەی لەسەرە و نەیارەكانی وەك دۆسیەیەكی سەرەكی بۆیان هەڵگرتووە و لە ڕۆژی خۆیدا لەدژی بەكاری دەهێننەوە، بەو پێیەی لەبەردەم دوو ئەگەردایە، یان ئەوەیە بەو چالاكییەی هێزەكانی ئەمەریكای نەزانیوە، كە ئەوە هەڵەو كەمتەرخەمییەكی گەورەیە، یان ئەوەیە زانیویەتی و ئەگەر بە هەلبژاردنی بێدەنگیش بووبێت ڕەزامەندی لەسەر پرۆسەكە هەبووە، هەركامیان بێت ئەو قوڕە خەست دەكاتەوە كە نەیارەكانی بۆیان گرتوەتەوەو كەسیش نازانێت لێی دەردەچێت یان نە.

سەركەوتنی بایدن و ئەگەری گۆڕانكارییەكان:
دوای ئەوەی لە 3/11/2020 بایدن هەلبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكای لە دۆناڵد ترامپ بردەوە، ئێران و هاوپەیمانەكانی ئومێدی زۆریان بەو گۆڕانكارییانەدا هەڵواسیبوو –ئێستەشی لەسەر بێت- هەربۆیە بەشێك لە چالاكیی هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق بەرەو كەم بوونەوە ڕۆشت، ئەوەش كە ئەنجام درا، ئێرانیەكان بە پێچەوانەی پێشوەوە ئیدانەو لۆمەیان كرد، هەموو ئەوانە ئاماژە بوون بۆ ئەوەی كە بگوترێت گەڕێكی دیكەی گفتوگۆكان دەست پێدەكاتەوە، بە پێی سەرچاوە  رۆژنامەوانییەكان جۆبایدن كاتێك سیناتۆر بووەو جێگری باراك ئۆباما بووە، 26 جار سەردانی عێراقی كردووە و هەڵوێستی نەرمتر بووە بەرامبەر بە ئێران لە ترامپی ڕكابەری. وەك سەرچاوەكانیش باسی دەكەن ئەو یەكێكە لە ئەندازیارانی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمەریكا.

دەیانەوێت چی بكەن؟
بە پێی سەرچاوەكان حكومەتی عێراق دەیەوێت بۆ بەرەنگاری داعش و لە ترسی سەرهەڵدانەوەی داعش داوا لە ناتۆ –هاوپەیمانی ئەتڵەسی- بكات كە 5000 سەرباز بە چەند قۆناغێك بێنێتە ناوعێراق بۆ ئەوەی ئەو مەترسییە بە تەواوی بڕەوێنێتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە نەیارەكانی كازمی داوای دەرچوونی هێزە بیانیەكان دەكەن بە بێ هیچ مەرج و ئەگەر و پێشبینیەك.
شارەزیانیش باس لەوە دەكەن كە هەڵبژاردنی داهاتوو كە خۆی داوای كردووە بەیەكێك لە كێشەو لەمپەرە گەورەكان دادەنێن و پێیان وایە هەركەس و لایەنێك هەنگاوی هەڵە هەڵبگرێت لەنێو سندوقەكانی دەنگدانی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا باجی دەدات، لە لایەكی تریشەوە گەڕان و نمایشی میلشیاكانی دژ بە كازمی و هەڕەشەی گوێ بڕین لە كازمی بەیەكێك لە مەترسییەكانی تر دادەنرێت و نیشاندانی چەكی سوك و قورس بە مانای ئەوە دێت كە ڕێگەی مستەفا كازمی بە گوڵ نەچێنراوەو ئەگەر بەدڵی ئەو هێزانە نەبێت كە چەكداران لە دەرەوەی دەوڵەت ئەوا دوور نیە بە خراپ بەسەریدا بیشكێننەوە..