دۆسێ

12:34 - 08/04/2021

ڕێككەوتن لەسەر دۆسێ گرنگەكان.. عێراق و ئەمریكادا لەسەر چی ڕێككەوتوون؟‌

پەیسەر

 

نوێنەرانی عێراق و ئەمریكا قۆناغی سێیەمی ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان كۆتایی پێهێنا، لەدوای تەواو بوونی كۆنفراسەكە بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، لەو بەیاننامەیەدا وشەگەلی نەرم و هاوبەشی وەك (پێكەوبوون، هاوكاریی یەكتریی، ڕاستگۆیانە، هاوبەشی یەكتریی)هاتووە ، ئەوەش سەرنجی هەمووانی بۆخۆی ڕاكێشاوە.

بە پێی سەرچاوە میدیاییەكان هەردوولا ڕاشكاوانە پەیوەندییەكانی نێوان خۆیان تاووتێ كردووەو بەتایبەتی لە بابەتەكانی هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا، دۆسیەكانی ئاسایش، ئابووری، وەزەو ژینگەی عێراق.
لە بەیاننامە هاوبەشەكەدا هاتووە: ڕۆڵی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەگۆڕێت بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنان و ڕاوێژكاریی، بەجۆرێك ئەوانەی تر كە كاری جەنگ دەكەن بچنە دەرەوەی عێراق. بەو مانایەی ئەوانەی دەمێننەوە لە عێراق كاری ڕاهێنان و ڕاوێژكاریی دەكەن، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت هێزی ئەمریكی و هاوپەیمانەكانی دەمێننەوە بەڵام بە شێوازێكی دیكە.

بەشداربووانی وتووێژەكە بریتی بوون لە نوێنەرانی حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی فوئاد حوسەین وەزیریی دەرەوەی عیراق و ئەنتونی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش.

دوای تەواوبوونی وتوووێژەكان وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە توێتیكدا ڕایگەیاندبوو كە گەشبینە لەشێوازی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
هەردوولاش جەختیان لە سەر بنەماكانی ڕێككەوتنی ستراتیژیی كردووەتەوە، لەو میانەیەدا ئەمریكا زۆر جەخت لەسەر سەروەرییەكانی عێراق دەكاتەوەو دەیەوێت خاكەكەی پارێزراو بێت و هەر بڕیارێك لەو بارەیەوە بدرێت لە لایەن دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردنەوە ڕێزی لێدەگرێت.

ئابووری:
بە پێی بەیاننامە هاوبەشەكە دۆسیەی ئابووری عێراق لە گرنگترین دۆسیەكان بووە كە گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە، هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە كۆڤید19 بووەتە هۆی پاشەكشەی ئابووری جیهانی و لەوبوارەدا ئەمریكا پێداگیریی كردووەتەوە كە لە بواری ئابووریدا هاوبەشی سەرەكی عێراق دەبێت.

هەردوولا جەختیان كردووتەوە كە : كاركردنی جدیی  پێكەوەو پابەندی تەواوی عێراق كە عێراق ئابوورییەكەی لە تاك سەرچاوەییەوە بكاتە فرە سەرچاوەی ئابووری ، دۆخی كاركردن لەو بوارەدا بەدی بهێنێت و هاوكاریی بكرێت بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت زیاتر چالاك بكرێت.
نوێنەری ئەمریكا جەختی كردوەتەوە كە: كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەتوانن لەبواری فرە سەرچاوەیی ئابووری عێراقدا هاوكارییەكانیان پێشكەش بكەن ئەوەش لە ڕێگەی وەبەرهێنان و دروستكردنی پرۆژەوە كە هەلی كارێكی زۆر دەڕەخسێنێت و لەگەڵ ئەوەشدا خزمەتگوزراریی گشتی زۆر دەكات و سەرچاوەكانی وزەش لەسەرانسەری وڵاتدا پەرەپێدەدات.

پەتای كۆرۆنا:
نوێنەرانی هەردوو وڵات گفتوگۆیان لەبارەی هاوكاریی هاوبەش كردەوە بۆ ئەوەی پێكەوە ڕووبەڕووی پەتای كۆرۆنا ببنەوە، لەو میانەیەدا حكومەتی ئەمریكی هاوكاری خۆی لە بواری ئامێری پزیشكی و تاقیگەكاندا پێشكەشی عێراق دەكات، هەروەها دەزگای پشكنین و تاقیگەیی تایبەت بە پشكنینی كۆرۆنا دەداتە عێراق،  هەروەها ڕاهێنان بە پسپۆڕان و شارەزایانی عێراقی دەكات بۆ ئەوەی شێوازی دەستنیشانكردنی هەر پەتاو نەخۆشییەك بزانن كە لەئێستا و داهاتوودا ڕوو لە عێراق بكات.

وزە:
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوكاری هەوڵەكانی عێراق دەكات بۆئەوەی چاكسازیی لە بواری وزەدا بكات، بۆ ئەوەی كارەبا باشتر ببێت و بەنرخێكی هەرزانتریش بگات بە هاوڵاتیان.
هەردوولاش جەختیان كردەوە كە فرەیی سەرچاوەكانی وزە پەرە پێبدرێت لە ڕێگە بونیاد نانی نوێ و بەهێزكردن و نوژەنكردنەوەوە، هەروەها جەختیان لەسەر پەپوەندییەكانی عێراق كردووەتەوە لەگەڵ دراوسێكانی بە تایبەتی ئودرن و ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو، بۆ ئەو مەبەستەش لە بواری كارەباشدا سوودیان لێوەربگیرێت و كارەبای عێراق پەیوەست بكرێت پێیانەوە.

كەش و هەواو ژینگە:
لە بەیاننامە هاوبەشەكەدا هاتووە كە هەردوولا جەختیان كردووەتەوە كە چارەسەركردنی خێرا و كاركردن بۆ وەبەرهێنانی وزەی ژینگە دۆستی پەرەپێبدەن بۆ ئەوەی ژینگەی عێراق خاوێن ڕابگیرێت و لەوبوارەشدا كەرتی تایبەتی ئەمەریكیەكان هاوكاردەبێت لەڕێگەی جێبەجێكردنی پرۆژەكانیەوە لە بواری دابینكردنی وزەی خاوێن و دۆستی ژینگە، چاكسازیی لە بواری كارەبادا بە تایبەتی بەرهەم هێنانی لەڕێگەی وزەی خۆر –طاقة الشمسی-ەوە، هەروەها كاری جدی بكەن بۆ چارەسەركردنی ئەو گازەی كە لە كاتی دەرهێنانی نەوتدا بەفیڕۆ دەڕوات و سوودی لێوەرناگیرێت.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە: ئەم جۆرە پرۆژانە پابەندی عێراق زیاتر نیشان دەدات بە ڕێككەوتنی پاریس بۆ گۆڕانی كەش و هەوا زیاد دەكات و ئەو گۆڕانكارییانەش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشوازیی لێدەكات.
هەرەوها هەر دوو وڵات باسیان لەوەش كردووە كە دامەزراوە و ناوەندە زانستیەكانی ئەمریكاییەكان دەتوانن هاوكاریی عێراق بكەن بۆ چاككردن و پاراستنی سەرچاوە ژینگەیی و سروشتیەكانی عێراق بەتایبەتی سەرچاوە ئاوییەكانی.

ناوخۆی عێراق:
هەروەها لە بەیاننامەكەدا هاتووە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خۆشحاڵی دەربریوە لە بارەی گفتوگۆكانی نێوان بەغدادوهەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە چۆنیەتی تێپەڕاندنی بوودجە و بابەتە ستراتیژییەكانی دیكەی نێوانیان.
جەخت كراوەتەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕێزدەگرێت لەسەوەریی و یەكپارچەیی و سەلامەتی خاكەكەی و ئازادی ڕادەربڕین بەشێوەیەك كە لە دەستووری عێراقدا هاتووە.
لەو میانەیەدا هەردوولا گفتوگۆیان كردووە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەتوانن پشتیوانی عێراق بكەن لە چۆنیەتی پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران و چالاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، هەروەها لە بواری لێپێچینەوەی یاساییدا.

لە هەمان كاتدا عێراق پێشوازیی لەوە كردووە كە ئەمریكا پشتیوانی و هاوكاریی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات لە ڕێگەی ناردنی شاندی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە تا هاوكاری عێراق بكەن لە بواری هەڵبژاردندا.
هەروەها هەردولا جەختیان كردووەتەوە كە ماوەی ڤیزای دبلۆماتكاران و شاندەكان درێژ بكەنەوە تا دوو ساڵ و رۆتینی كارگێڕیش لەو بوارەدا كەم بكەنەوە بۆ ئەوەی كارئاسانی بكرێت بۆ گەشتی دبلۆماسی و دروستكردنی پەیوەندی خێرا لەنێوان هەردوولادا.

ئاوارەكان و گەندەڵی ئیداریی:
ویلایەتە یەكگرتووەكان بەردەوام سووربووە كە هاوكاریی عێراق بكات بۆ ئەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئاوارە ناوخۆییەكانی بكات، بەشێوەیەك چارەسەرەكان خۆیان بیكەن و ئارامی و ئاسایش بەرقەرار بكات و گونجاو بێت لەگەڵ مافەكانی مرۆڤ، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەیی هەبووە هاوكاریی ئەو چین و توێژانەش بكات كە لە لایەن داعشەوە جینۆساید كراون.
هەروەها هەردوو وڵات گفتوگۆیان كردووە بۆ پێشخستنی بواری داوەریی و گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵی حكومی و ڕووبەروبوونەوەی گەندەڵی.

ئاسایش و تیرۆر:
لە گفتوگۆكانی پەیوەست بە ئاسایش و قەڵاچۆكردنی تیرۆر، هەردوولا جەختیان كردەوە كە دەیانەوێت لەو بوارەدا كاری هاوبەش و هەماهەنگی بكەن .هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە كردووتەوە كە هاتن و مانەوەی هێزی سەربازیی ئەمریكا لە عێراق لەسەر خواست و داواكاریی عیراق بووە، بۆ ئەوە هاتوون كە پشتیوانی هێزی عیراق بكەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێكخراوی داعش دا.

كشانەوە لە عێراق:
لەژێر ڕۆشنایی پێشكەوتنی هێزە ئەمنیەكانی عێراقدا هەردوولا گەشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە هێزی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ كاری ڕاهێنان و ڕاوێژكایی دەمێننەوە و هەرچی هێزی دیكەیان هەیە بیبەنە دەرەوەی عێراق، بەڵام ئەوەی گرنگە كاتێكی گونجاو پێكەوە بدۆزنەوە و لە دانیشتەكانی تردا بچنەوە سەر ئەو بابەتەو پێكەوە بڕیاری دروستی لەبارەوە بدەن.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە: گۆڕانكاریی لە ئەركی هێزە ئەمریكی و نێودەوڵەتیەكاندا ڕوویداوە، لە كاری جەنگ و ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆوە بووەتە كاری ڕاهێنان و پڕچەككردن و ڕاوێژكاریی، ئەوەش هاوكاریی و پێكەوە كاركردنی هاوبەشی هەردوو وڵاتی سەركەوتوو دەكات و شەراكەتی ستراتیژیی دەپارێزێت و گرەنتی سەرهەڵنەدانەوەی داعش دەكات لە عێراق و ناتوانێت جارێكی دی هەڕەشەو مەترسی لەسەر عیراق دروست بكاتەوە.

عێراقیش پابەندی خۆی نیشانداوە لە پاراستنی كەس و پێداویستی و كاروانی ئۆتۆمبێل و شوێنی مانەوەی هێزە نێودەوڵەتی  و نوێنەر و دبلۆماتكارەكان ، هەردوو وڵات جەختیان كردووەتەوە كە هەر پێگەو سەربازگەیەك كە بوون و مانەوەی هێزی هاوپەیمانان تێدابێت خاكی عێراقە و بوونی ئەوان تەنها بۆپشتیوانی كردنی هێزەكانی عێراقە لە بەرامبەرو لە دژی داعش.
هەردوو وڵات خوازیاری ئەوەن كە درێژە بە گفتوگۆكان بدەن لە ڕێگەی لیژەنەیەكی سەربازیی هاوبەشەوە كە گرەنتی ئەوە بكات كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان زیان لە هێزی ئاسایشی عێراق نادات و سەرجەم پێداویستیەكانیان جێبەجێ بووبێت لەناو ئەوەشدا هێزی پێشمەرگەش.

خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی:
لەبواری خوێندنی باڵاو هاوكاریی كردنی زانستی و رۆشنبیریشدا هەردوو حكومەت گفتوگۆیان كردووە، هەردوولا كۆك بوون لەسەر ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتیوانی لە هەوڵەكانی عێراق بكات بە دروستكردنی هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆ ئەمریكیەكان لە ڕێگەی بەرنامەی فولبرایت(Fulbright)و هەماهەنگی لەڕێگەی بەشی خوێندنی باڵای باڵیۆزخانەی ئەمریكا و پشتیوانی ئەمریکا بۆ دەستپێشخەری زانکۆکان لە ناوچە ئازادکراوەکان فراوانتر بکرێت.

هەروەها هەردوولا جەخت دەكەنەوە لەسەر دۆزینەوە ڕیگەی دیكەش بۆ ئەوەی لە بواری خوێندنی باڵادا چاكسازیی ڕیشەیی ئەنجام بدرێت و هاوكاریی و هەماهەنگی لە نێوان زانكۆكانی عێراق و ئەمریكادا بێتە دی.

كەلتوور:
هەردوولا باسیان لەو پێشكەوتنە لەبەرچاوانە كرد كە پێكەوە ئەنجامیان داوە لە بواری پاراستنی كەلتووری دەوڵەمەندی عێراقدا، بەتایبەتی لە بواری فرە ئاینی و پێكەوەژیانی ئاینییدا، هەردوولا جەختیان كردەوە هەموو ئەو شتانەی كە پەیوەندییان بە شوێنەوارەكانی عێراقەوە هەیەو بەشێوەی نایاسایی براوەتە ئەمریكا بگەڕێنرێنەوە بۆ عیراق.

لەو میانەیدا باسیان لەو ئەرشیفەی حیزبی بەعس كرد كە مانگی پێشوو گەڕینرایەوە بۆ عیراق و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش كار ئاسانی زۆری كردووە بۆ گەڕاندنەوەی هەروەها وەزارەتی بەرگریی ئەمریكاش ڕایگەیاندووە كە تا ئێستا شەش ملیۆن و نیو بەڵگەنامەیان ڕادەستی عێراق كردووەتەوە.

هەردوو وڵات كارە تاوانكاریی و خراپەكارییەكانی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوەیان ئیدانەكرد كە دەرهەق بە گەلانی عێراق ئەنجامی داون، هەروەها باسیان لەوەش كرد كە ئەو مینحەیەی دامەزراوەی (Smithsonian Institute)بەكاریان هێناوە بۆ پاراستنی شوێنەواری دێرینەی نمرود(Nimrud Rescue project) جێگەی دەستخۆشی و بایەخە و ئامانجیش پاراستنی شوێنەوارە دێرینەكانی عیراقە.
هەردوولا لەبارەی بەكارهێنانی پێشانگای ئینتەرنێتیەوە بۆ بڵاوكردنەوەی بابەتە رۆشنبیریی و مێژووییەكانی عێراقەوە گفتوگۆیان كرد.

بەردەوامی دانیشتنەكان:
هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و هەڵگرتنی هەنگاوی پێویست لەو بارەیەوە كردەوە، هەروەها ویلایەتە یەكگرتووەكان جەختی لەسەر هەماهەنگی و هاوبەشی و شەراكەت كردووەتەوە لەگەڵ عیراق، هەردوولاباسیان لەوەش كردووە كە لەبارەی ئەو تەوەرانەوە كە باسكراون لیژنەی باڵای هاوبەش گفتوگۆی زیاتر دەكەن و هەنگاوی باشتر و گونجاوتر لەوبارەیەوە دەنێن لە داهاتوودا.