ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:00 - 09/04/2021

ئەمریکا دەرگا لە فەڵەستینییەکان دەکاتەوە؛ ئیسرائیل نیگەرانە‌

پەیسەر

ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەنگاوێکی گرنگ بەڕووی فەڵەستینییەکان دەنێت، هەنگاوێک کە ئیسرائیلییەکان توڕە دەکات و توشی نائومێدیان دەکات لە ئیدارەکەی بایدن، بەڵام وەک وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە سورن لەسەر هەنگاوەکەیان و دەستپێدەکەن.

لە ترەمپەوە بۆ بایدن
وەک لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵینی دابوو، جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بە بڕیار و گۆڕانکارییەکانی کردووە، ئەو گۆڕانکارییانەی وەک گۆڕینی تەواوی کۆشکی سپی سەیر دەکرێن.

بایدن لە ١٠٠ رۆژی سەرەتای سەرۆکایەتییەکەیدا بەشی هەرە زۆری گۆڕانکارییەکانی ئەنجامدا کە بەڵینی دابوو، زۆربەی بڕیارەکان پێچەوانەی سیاسەتی ئیدارەکەی ترەمپە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەو ئیدارەیە.


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردنەوەی دەرگای وڵاتەکەی بەڕووی فەڵيستینییەکاندا راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، دەست بە ناردنەوەی ئەو هاوکارییە داراییانە دەکەنەوە کە لە سەردەمی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ راگیرابوون.

٢٣٥ ملیۆن دۆلار
بلینکن ئاماژە بەوە کردووە، پاکێجی هاوکاریی ٢٣٥ ملیۆن دۆلارییەکەی وڵاتەکەی بۆ گەلی فەڵستین و ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دەستپێدەکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەربارەی وردەکاری هاوکارییەکان وتی، ئەمریکا لە چوارچێوەی ئاژانسی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوارە فەڵەستینییەکان ١٥٠ ملیۆن دۆلار پێشکەش دەکات. ٧٥ ملیۆن دۆلاریش بۆ هاوکاری ئابووری و گەشەپێدانەوەی کەرتی رۆژئاوا و غەزە پێشکەش دەکات و ١٠ ملیۆن دۆلاریش لە رێگەی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا بۆ فەڵەستینییەکان دەنێرێت.

پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە، لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوکاری زیاتر رەوانەی ناوچەکانی فەڵەستین دەکەن، بەسێکی ئەم هاوکارییانەش رەوانەی نەخۆشخانەی رۆژهەڵاتی قودس دەکرێن.

بلینکن دەڵێت، ئەم هاوکارییانە بەردەوامیی ئەو ١٥ ملیۆن دۆلارەیە کە مانگی رابردوو رەوانەی فەڵەستینیان کردووە.

یارمەتیدانی ٥٠٠ هەزار کوڕ و کچ
بلینکن لە درێژەی قسەکانیدا وتی، دیسانەوە هەڵمەتی یارمەتیدانی ٥٠٠ هەزار کوڕ و کچ لە لوبنان، ئوردن، سوریا، کەرتی رۆژئاوا و غەزە دەستپێدەکاتەوە و بەشی گەورەی هاوکارییەکەش لە بواری خوێندندایە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هاوکارییەکە خزمەتگوزاری تەندروستی، دەرمان و رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناش لەخۆدەگرێت، ئەوە جگە لەوەی بەشێک لە پارەکان بە کاش بە خێزانی ئەم منداڵانە دەدرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە، هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ خيڵکی فەڵەستین، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا یەکدەگرێتەوە. یارمەتی گەشەکردنەوەی فەڵەستین دەدات، ئەمە جگە لەوەی سەقامگیری و ئاسایشی رێڕەوی ناردنی هاوکارییە مرۆییەکانیش مسۆگەر دەکات.

چارەسەرکردنی دوو دەوڵەت
بلینکن دەڵێت، لەپێناو چارەسەرکردنی دوو دەوڵەت بۆ هەردوولا، ئامادەی هاوکارییەکانی فەڵيستین و ئیسرائیلیشە. هانی وڵاتانی دیکەش دەدەن تاکو هاوکارییەکانیان بەردەوامی پێبدەن کە لە بەرژەوەندی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری هەردوو گەلەکەیە.

لای خۆیەوە فیلیپ لازارینی کۆمیسیاری گشتی (UNRWA) دەڵێت، دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئاوارە فەڵەستینییەکان "بەرەپێشچوونێکی گرنگە."

دۆناڵد ترەمپ لە سەردەمی ئیدارەکەیدا یارمەتییەکانی وڵاتەکەی بۆ هاوكاریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ یارمه‌تیدانی په‌نابه‌ره‌ فه‌ڵه‌ستیینیه‌كان راگرت، ئەمەش ئەم رێکخراوەی تووشی کێشە و گرفتی دارایی کردەوە، چونکە ئەمریکا گەورەترین هاوکار و پشتیوانی ئەم رێکخراوە بوو.

رێکخراوی هاوكاریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ یارمه‌تیدانی په‌نابه‌ره‌ فه‌ڵه‌ستیینیه‌كان (UNRWA) هاوکاری بە زیاتر لە پێنج ملیۆن ئاوارەی ناو کەرتی رۆژئاوا، غەزە، قودس، ئوردن، سوریا و لوبنان دەگەیەنێت.

ئیسرائیل نیگەرانە
دوای لێدوانەکانی ئەنتۆنی بلینکن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ فەڵسەتینییەکان، باڵیۆزی ئیسرائیل لە جین نیگەرانی وڵاتەکەی لەم بارەیەوە پیشندا.

گیلاد ئەردان باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا وتی، نیگەرانی خۆم دەردەبڕم لەبارەی دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ فەڵەستینییەکان، لە کاتێکدا هێشتا ئەو وانانەی لە فەڵەستین دەخوینرین دژایەتیی جولەکەی تێدایە و دژ بە جولەکەن."