ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:09 - 12/04/2021

چارەنووسی شازادەکانی ئیمارات و ئوردن؛ لەنێوان هەڵهاتن و کودەتادا‌

پەیسەر

لە ساڵی ٢٠١٨وە تاکو ئێستا شازادە لەتیفەی کچی محەممەد بن راشد ئالمەکتوم حاکمی دوبەی لە چارەنووسێکی نادیاردایە و دواین جار مانگی شوباتی ئەمساڵ دەرکەوت، چەند رۆژێکیشە چارەنووسی حەمزە بن حسێن شازادەی ئوردن نادیارە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای روونکردنەوە لە ئیمارات و ئوردن دەکات.

شازادە لەتیفە

شازادە لەتیفە کچی محەممەد بن راشد ئالمەکتوم حاکمی دوبەیە کە لە هەمان کاتدا سەرۆک وەزیرانی ئیماراتە.

لەتیفە لە ساڵی ١٩٨٥ لەدایک بووە، یەکیک لە منداڵەکانی حاکمی دوبەیە لە هاوسەرە جەزائیرییەکەی بە ناوی حوریە ئەحمەد مەعاش.

لەتیفە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧وە ئامادەکاری کرد تاکو لە ئیمارات هەڵبێت. لە سەرەتای ٢٠١٨ توانی بە هاوکاری هاوڕێیەکی فەڕەنسی هە پێشتر سیخوڕێکی فەڕەنسی بووە بگاتە عومان، چەند رۆژێک دواتر ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و باسی لە هۆکاری هەڵهاتنی کرد.

لە چواری ئازاری ٢٠١٨ لەتیفە ون دەبێت و دەکەوێتە چارەنووسێکی نادیارەوە، لەو رۆژەوە شازادەکەی ئیمارات هیچ هەواڵێکی نەما.

چەند رۆژێک دواتر رۆژنامەی دەیڵی مەیڵی بەریتانی راپۆرتێکی لەبارەی دیارنەمانی لەتیفە و هاوڕێکانی بڵاوکردەوە.

هەفتەیەک دواتر ڤیدیۆیەکی ٣٩ خولەکی لەتیفە بڵاوکرایەوە کە پێش هەڵهاتنی تۆماری کردووە و داوای کردووە لە حاڵەتی دیارنەمان و کوژرانیدا بڵاوبکرێتەوە.

لە ڤیدیۆکەدا لەتیفە باس لە دۆخی خێزانەکەی و هۆکاری هەڵهاتنەکەی دەکات، باوکیشی بەوە تۆمەتبار دەکات کە خراپ مامەڵەی لەگەڵ خۆی و شەمسەی خوشکیدا کردووە، ئەمە جگە لەوەی باوکی پشتیوانی لە بکوژەکان دەکات و ئەندامانی خێزانەکی دەکوژێت.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵ لەتیفە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا باس لەوە دەکات کە لە ڤێلایەکی باوکی لە دوبەی دەستبەسەر کراوە و ناتوانێت تەنانەت پەنجەرەکانی ڤێلاکەش بکاتەوە تاکو دەرەوە ببینێت.

لەتیفە ئاماژە بەوە دەکات کە لەلایەن پیاوەکانی باوکییەوە ئازار و ئەشکەنجە دەدرێت و لە دۆخێکی خراپ و نالەباردایە.

نەتەوە یەکگرتووەکان هاتە دەنگ

نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیەندراوێکی لەبارەی لەتیفەوە بڵاوکردەوە و نیگەرانی رێکخراوەکەی لەبارەی چارەنووسی شازادە ونبووەکەی ئیمارات دەربڕی کە بەپێی هەواڵێكی دەنگی ئەمریکا تاکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.

مارتا هورتادو وتەبێژی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، تاکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکیان لە بەردەستدا نییە بیسەلمێنێت لەتیف لە ژیاندا مابێت.

هورتادو ئاماژە بەوە دەکات، کۆمسیۆنەکەیان پەیوەندی بە نوێنەری ئیمارات لە جنێف کردووە و هەوڵ دەدەن کۆبوونەوەیەک لەنێوان نوێنەری ئیمارات و بەرپرسانی گەورەی کۆمسیۆنەکە رێکبخەن تاکو لە بارودۆخی شازادە ئاگادار بن، نوێنەری ئیمارات داواکەی پەسەند کردووە، بەڵام کاتی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە.

وتەبێژەکە باس لەوەش دەکات، تاکو ئێستا لەوە دڵنیا نین لەتیفە لە ژیاندا مابێت و خەمی یەکەمیشیان ئەوەیە لەوە دڵنیا بن ماوە.

هورتادو دەڵێت، بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیانەوێت چاویان بە لەتیفە بکەوێت و باسی دۆخی ژیانی لەگەڵ بکەن، تاکو لە وردەکارییەکانی ژیانی دڵنیا بن.

شازادە شەمسە

شازادە شەمسە خوشکی گەورەی لەتیفەیە، وەک لەتیفە ئاماژەی پێدەدات، شەمسە ساڵی ٢٠٠٠ هەوڵی داوە بە ئۆتۆمبێلە رەینج رۆڤەرەکەیەوە لە باخی خێزانەکەی لە شاری (Surrey)ی بەریتانیاوە هەڵهاتووە، بەڵام لە شاری کامبریج لەلایەن ئەو کەسانەی کار بۆ هەواڵگری ئیمارات دەکەن دەستگیرکراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ دوبەی.

ساڵی رابردووش دادگای بەریتانی رایگەیاندبوو، کە حاکمی دوبەی دوو کچەکەی دەستبەسەر کردووە.

ئێستا و بۆ دوو دەیە دەچێت هیچ کەسێک هیچ شتێکی روون و یەکلا کەرەوە لەبارەی شەمسەوە نازانێت.

حەمزە بن حسێن

حەمزە بن حسێنی تەمەن ٤٠ ساڵ و زڕبرای شا عەبدوڵای شای ئوردن، کە لەنێوان ساڵانی ١٩٩٩ تاکو ٢٠٠٤ شازادەی جێنشینی ئوردن بووە و دواتر لەلایەن شا عەبدوڵاوە ئەم پۆستەی لێوەرگیرایەوە و بە کوڕە گەورەکەی دا، لە ٣ی نیسانی ئەمساڵەوە و بە تۆمەتی "تێکدانی سەقامگیری ئوردن" دەستبەسەرە.

حەمزە کە لەگەڵ نزیکەی ٢٠ کەسی دیکە دەستگیرکران و دەستبەسەر کراون، تۆمەتبارن بەوەی هەوڵی "ئاژاوە نانەوەیان داوە و ویستویانە ئاسایش و سەقامگیری ئوردن تێکبدەن"، هەندێک بەرپرسی ئوردنیش بە ئاشکرا دەڵێن، شازادە و هاودەستەکانی لەگەڵ لایەنی دەرەکیدا هەوڵی کودەتایان داوە.

مارتا هورتادو وتەبێژی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی حەمزە بن حسێنەوە دەڵێت، نیگەرانن لە بارودۆخی شازادە و تاکو ئێستا روون نییە ئایا شازدە هێشتا لەژێر هێشتنەوەی بەزۆردایە یان نا.

هورتادو ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای تۆمەتە زۆرەکان کە باس دەکرێن، تاکو ئێستا تۆمەتێکی دیاریکراوی ئاڕاستە نەکراوە، ئەوانیش وەک نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ناڕوونی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنەکان نیگەرانن.

لەبارەی تۆمەتەکانەوە هورتادو دەڵێت، ئەو تۆمەتانەشی کە پەیوەندییان بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە، دەبێت لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ هاوتا بن.