ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:29 - 01/05/2021

قاعیدە لە ترسێنەری جیهانەوە بۆ سێبەر؛ لە بن لادنەوە بۆ زەواهیری‌

پەیسەر

١٠ ساڵ بەسەر کوشتنی ئوسامە بن لادن، دامەزرێنەری رێکخراوی قاعیدەدا تێدەپەرێت، بەڵام بە هیچ جۆرێک لەو رێکخراوە بەهێز و دڕە ناچێت کە لە ١١ی ئەیلولی ٢٠٠١ هێرشی کردە سەر بەهێزترین وڵاتی جیهان و جیهانی توشی شۆک کرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسی رێکخراوەکە هێشتا مەترسی و هەڕەشەیە، بەتایبەت لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لاواز دەرکەوت
دوای کوشتنی لەلایەن هێزێکی تایبەتی سوپای ئەمریکاوە لە پاکستان، ئەیمەن زەواهیری میسری جێگای ئوسامە بن لادنی گرتەوە، بەڵام زەواهیری لاواز دەرکەوت و کەمترین سەرنجڕاکێشانی هەبوو، لە کاتێکدا ئوسامە بن لادن بە کورتترین دەرکەوتنی لە میدیاکاندا زۆرترین سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی رادەکێشا.

رێکخراوی قاعیدە ئێستا لە دۆخێکی زۆر جیاواز و گۆڕاودایە، ئەیمەن زەواهیری سەرۆکی بە تەواوی نازانرێت لەکوێی جیهاندایە، بەڵام زۆرترین گومانەکان بۆ ئەوە دەچن کە لە ناوچەکانی سەر سنوری پاکستان و ئەفغانستانە.

دیارنەبوونی زەواهیری و دەرنەکەوتنی لە هیچ میدیایەکدا، وای کردووە گومان بکرێت لەوەی کە رەنگە هەر لە ژیانیشدا نەمابێت، ئەمەش هێندەی دیکە کردوویەتی بە سەرکردەیەکی لاواز و کەم کاریگەر، چونکە یەکێک لە هۆکارەکانی بەهێزی بن لادن و کاریگەرییەکەی دەرکەوتنەکانی بوو، هەرچەند دەگمەنیش بوون.

لە سێبەری رابردووەکەیدایە
باراک مندلسن پسپۆڕ لە کاروباری تیرۆر لە کۆلێژی هارڤارد بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، ئێستا قاعیدە لە سێبەری رابردووەکەیدایە، گەورەترین سەرکەوتنی زەواهیریش هێشتنەوەی رێکخراوەکەیە بەم جۆرەی ئێستا.

مندلسن بۆچوونی وایە قاعیدە ئیتر ئەو رێکخراوە ناوەندییە بڕیار بەدەستەی جاران نییە و دەڵێت، ئێستا رێکخراوی قاعیدە زیاتر لەوەی "ناوەندی دروستکردنی بڕیار" بێت، بووە بە "ئەنجومەنی راوێژکاران" کە ئەرکەکەی کۆکردنەوەی لایەنگر و چەکداران و هاوکاریکردنیانە لە تەواوی جیهاندا.

زەواهیری تەمەن ٦٩ ساڵی دەرنەکەوتوو، پڕۆسە و چالاکییەکانی قاعیدەی لە سۆماڵ، ئەفغانستان، سوریا و عێراقدا بینیوە.

پەیڕەوی لە لامەرکەزییەت
راپۆرتێکی (Think tank) کە بەشێکە لە پڕۆژەی رووبەڕووبووەنەوەی تیرۆر ئاماژە بەوە دەکات، قاعیدە لەژێر سەرپەرشتی ئەیمەن زەواهیریدا پەیڕەوی لە لامەرکەزییەت دەکات و دەسەڵات بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە دەستی سەرکردەکانی ئەم رێکخراوەدایە لە هەموو جیهاندا نەک لە شوێنێکی دیاریکراودا.

دەرنەکەوتنی ئەیمەن زەواهیری هەر رێکخراوەکەی لاواز نەکردووە، بەڵکو گومانەکانیشی لەسەر مان و نەمانی لە ژیاندا گەورەتر کردووە، کۆتایی ساڵی رابردوو زانیاری بڵاوبووەوە کە زەواهیری بە نەخۆشی دڵ مردووە، ئەمەش یەکێکە لەو دەیان پڕوپاگەندەیەی لەبارەی ژیان و مردنی زەواهیرییەوە بڵاودەکرێنەوە.

دواین دەرکەوتنی زەواهیری ڤیدیۆیەک بوو کە تێیدا باسی لە نەهامەتی و ئازارەکانی مسوڵمانەکانی رۆهینگای دەکرد لەسەر دەستی حکومەتی میانمار، بەڵام دەرنەکەوتنی هیچ بەروارێک لەسەر ڤیدیۆکە، گومانەکانی گەورەتر کرد لەوەی کە رەنگە زەواهیری لە ژیاندا نەمابێت.

پیاوێکی نەخۆشە بە کاریزمایەکی لاوازەوە
زەواهیری کە ئێستا دیار نییە لە ژیاندایە یان نا، ٤٠ ساڵ بەر لە ئێستا پەیوەندی بە گروپە جیهادییەکانی میسرەوە کرد.

قاعیدە لە مانگی ئابی ساڵی پارەوە هێندەی دیکە لاواز کرا، ئەوەش دوای کوشتنی ئەبو محەمەدی میسری، کەسی دووەمی ریکخراوەکە لەسەر دەستی سیخوڕانی مۆساد لە تارانی پایتەختی ئێران.

زەواهیری لە ژیانیشدا مابێت، ئەو سەرکردە بەهێزە نییە کە یەکێک بوو لە پلانداڕێژەرانی هێرشەکەی ١١ی ئەیلول، بەڵکو پیاوێکی نەخۆشە بە کاریزمایەکی لاوازەوە.

لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا خەڵاتێکی ٢٥ ملیۆن دۆلاری بۆ هەرکەسێک داناوە زانیاری لەبارەی زەواهیرییەوە پێشکەش بکات، بەڵام شیکەرەوانی تیرۆر پێیان وایە ئەمریکا زۆر گرنگی بە زەواهیری نادات و تەنانەت هەوڵی راوەدونان و دەستگیرکردنیشی نادات.

سەرهەڵدانی داعش
کەمبوونەوەی گرنگیدانی ئەمریکا بە قاعیدە، هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش کە بە رکابەری قاعیدە دەبینرا، کاتێکیش داعش رووبەرێکی گەورەی لە خاکی سوریا و عێراق خستە ژێر دەستی خۆی، ئیتر میدیاکانیش گرنگیپێدانیان بە قاعیدە کەمکردەوە.

قاعیدە داعشی لە خۆی نەگرت و لە چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بەرەنگارییان بوونەوە، چونکە قاعیدە لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندا بوو.

عەدل
زەواهیری نەشمردبێت، بە نزیکەیی کۆتایی بە رۆڵەکەی هاتووە، نزیکترین پاڵێوراویش بۆ شوێنگرتنەوەی وەک سەرۆکی رێکخراوەکە، هاوڕێ میسرییەکەیەتی کە ناوی سەیفلعەدلە.

عەدل ئەفسەر بووە لە هێزی تایبەتی میسر، لە ساڵی هەشتاکانی سەدەی رابردوو پەیوەندی بە کۆمەڵەی جیهادی ئیسلامیی میسریەوە کردم دوای ماوەیەک لە دەستگیرکردنی ئازاد کراوە، دواتریش رووی لە ئەفغانستان کرد و بوو بە یەکێک لە کەسە دیارەکانی رێکخراوی قاعیدە.

بەپێی راپۆرتی (Think tank) عەدل رۆڵێکی گرنگی لە دروستکردنی توانای چالاکییەکانی قاعیدەدا هەبووە و بە خێرایش بۆ سەرکردایەتی بەرزبووەتەوە، رۆڵێکی دیاریشی لە راهێنان کردن بە هێرشبەرانی هێرشەکەی ١١ی ئەیلول هەبووە.

بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کە لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاوبووەوە، عەدل لە ئێران دەژی، بەڵام ئێران ئەم زانیارییە رەتدەکاتەوە.