ڕاپۆرتی کوردستانی

11:54 - 14/10/2021

فاكتەرە ئاماژە بۆ نەكراوەكانی شكستی یەكێتی لە كەركوك‌

هێمن كامیل

 

لەم شیكارییەدا قسە لە سەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی رۆژی 10-10-2021 بە تایبەتیش هۆكارەكانی كەمبونەوەی دەنگەكانی یەكێتی  لە كەركوك و چۆنێتی مامەڵەكردنی پارتی لە گەڵ ئەم هەڵبژاردنەداو كاریگەری كاندیدە سەربەخۆكان لە سەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكە.


سەرەتایەك

لە دوای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان و لە دەستدانی سلێمانی وەك بەهێزترین شوێن پێگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئیتر یەكێتی بە خودی سكرتێری كۆچكردوی پێشوی حیزبەكەیەوە قورسایی خۆیان خستە سەر كەركوك تاوەكو هیچ نەبێت بتوانن لەو شارە پارێزگاری لە پێگە جەماوەرییەكەیان بكەن و تاڕادەیەكی باشیش لەمەدا سەركەوتوبون ئەمەش تا هەڵبژاردنی 2014 بەردەوام بوو. بەڵام لەو هەڵبژاردنە بە دواوە یەكێتی تاڕادەیەك ژمارەی دەنگەكانی رووی لە لێژی كرد چونكە ژمارەی دەنگەكانی لە ساڵی 2014 گەیشتە  (209,964)  هەزار دەنگدەر.

 بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018  دائەبەزێت بۆ (177,920) بەڵام لە بەر ئەوەی لە هەڵبژاردنی پێشودا توانی پارێزگاری لە ژمارەی كورسییەكانی بكات كە شەش كورسی بوو بۆیە كەمبونەوەی دەنگەكانی كاردانەوەی زۆری لێنەكەوتەوە .

بەڵام بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 یەكێتی هەستیكرد شەقامی كوردی لە شارەكە پشتی لێكردوەو ژمارەی دەنگەكانی دابەزی بۆ نیوە لە زیاترو سێ‌ كورسی لە دەستدا ئەگەرچی هێشتا یەكێتی حیزبی یەكەمە لە كەركوك.

 بەڵام جیاوازییەكەی بە هەڵبژاردنەكەی پێشوو وایكرد هەموان بە خەڵكی ئاسایی و چاودێرانی سیاسیەوە یەكێتی بە زیانمەندی یەكەمی ئەم هەڵبژاردنە بزانین چونكە ژمارەی دەنگەكانی دابەزی بۆ نزمترین ئاست كە (67) هەزار كەس .

 كە دەكرێت لە خوارەوە ئاماژە بە بەشێك لەو فاكتەرانە بكەین كە بە بۆچونی ئێمە بونە هۆی ئەوەی جەماوەرو شەقامی كوردی كەركوك بە ئەندازەیەكی گەورە پشت لەو حیزبە بكەن كە هەندێكجار یەكێتی و كوردی كەركوك بە ئاوو ماسی دەچوێنران.

فاكتەرەكانی كەمبونەوەی دەنگەكانی یەكێتی

یەكەم/ یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا باجی نەبونی ئەستێرەی پاڵێوراویدا چونكە لە هەڵبژاردنی 2010 خالید شوانی و لە ساڵی 2014یش دكتۆر نجم الدین بە هۆی ئەو خزمەتە كەم وێنەیەی بە كەركوكی كرد بوە چوارەم كاریگەرترین و جەماوەرترین كاندید لە عێراقدا كە توانی زیاتر لە 150 هەزار دەنگ بهێنێت و ئیتر كاندیدەكانی تر هەر یەكەی كەمتر لە پێنج هەزار دەنگیان هێناو بونە پەرلەمانتار. لە هەڵبژاردنی 2018 تارادەیەكی باشیش رێبوار تەها كرایە ئەستێرە و رۆڵی زۆری هەبوو لە هێنانی دەنگێكی باش بۆ یەكێتی.

دووەم/ لاوازی و نا لێهاتویی و نا جەماوەری و لاوازی ئاستی سیاسی و رۆشنبیری گشتی و زمان پاراو نەبونی كاندیدەكانی بە جۆرێك جگە لە (شێخ سەباح) كە خاوەنی پێگەی جەماوەری و خۆشەویستی ناو كەرتەكەی خۆی بوو كە بواری پەروەردەیە هیچ كاندیدێكی تر نە ئەتوانرا گرەنتی دەرچونی بكرێت، تەنانەت من بۆ خۆم دەرچونی دكتۆر گەیلان بە موعجیزە ئەزانم. هەر چەندە دەنگی كاندیدەكانی ئەمجارەی یەكێتی بەراود بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو تاڕادەیەك زیاترەو نزیكە لە یەكەوە جگە لەو ئەستێرانەی هەڵبژاردن كە باسمانكردن.

سێیەم/  بەرتەسكردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندیدەكانی یەكێتی هەر یەكەو لە چەند گەڕەكێك بە تایبەتی لە بازنەی یەك كە ئەمەش یەكێك بوو لە هەڵەكانی یەكێتی. چونكە بۆ نمونە یەكێتی كاتێك بۆی دەركەوت دكتور سدیق عومەر خاوەنی پێگەی جەماوەری نیە لە گەڕەكەكانی سێكانیان و شۆراو شوان و پردێ‌ و رحیم ئاواو تەپە ئەیتوانی لە پاڵ دكتۆر سدیق كاری بۆ پەرلەمانتارەكانی دیكەش بكردایە.

چوارەم/  یەكێتی هەڵەیەكی گەورەی كرد تەنها لە كەرتی تەندروستی دوو دكتۆری كاندیدكردبوو راستە ئەم دوو كەسە یەكێكیان لە رابردودا ئەوی تریان لە ئێستادا پۆستیان هەبوەو هەیە لە كەرتی تەندروستیدا، بەڵام ئەم دوو كەسە خۆشەویستی ناو كەرتەكەی خۆیان نین و لای جەماوەریش رەتكراوە بون ئەو دەنگانەشی هێنایان جەماوەری یەكێتی لە دڵسۆزیان بۆ حیزبەكەیان پێیاندان ئەگینا ئەگەر ئەم دوو كەسە سەربەخۆ خۆیان هەڵبژاردایە لەوانە بوو كەمتر لە سەد دەنگ بهێنن.

پێنجەم/ هەڵبژاردنەكانی پێشو ئەوەی سەلماند ئەو كەسانەی پێشتر زۆرترین دەركەوتنیان هەبووە لە راگەیاندن چانسی سەركەوتنیان زیاتر بو كەچی یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا ئەو تایبەتمەندییەی لە بەرچاو نەگرتبوو.

شەشەم/ نا كارایی و ناكارامەییو  مەیدانی نەبونی ئەو شەش پەرلەمانتارەی خولی پێشوو كە جگە لە رێبوار تەها ئیتر ئەوانی تر بە هیچ شێوەیەك خەڵك لێیان رازی نەبوو كە ئەوەش یەكێك بوو لە هۆكارەكانی كەمبونەوەی جەماوەری یەكێتی.

هەشتەم/ زۆر نەرم بونی یەكێتی لە ئاست بەشێك لە جوڵەو بڕیارەكانی ئیدارەی ئێستای كەركوك دژ بە كورد كە ئەگەر بەرژەوەندی هەندێك لە بەرپرسەكانی یەكێتی نەبوایە دەكرا چەندین جار پێشەوایەتی جەماوەر بكرێت بۆ دروستكردنی فشار تاوەكو ئیدارەی ئیستای كەركوك بە ئارەزوی خۆی و بێ‌ حیسابكردن بۆ كورد مامەڵە نەكات.

هەشتەم/ دەست تێكەڵكردنی چەند بەرپرسێكی یەكێتی لە گەڵ خەڵكانی هەلپەرست و چاوچنۆك بۆ نمونە ئەو رۆژەی قوباد تاڵەبانی هاتە كەركوك بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێك لە هاوڵاتیانی رحیم ئاوە خۆنیشاندانێكێان رێكخستبو دژ بە نەرووخاندنی باخچەیەكی گەرەكەكەیان لە لایەن چەند كەسێكەوە كە بە پشتیوانی سێ‌ بەرپرسی یەكێتی .كە رۆژی هەڵبژاردن بە دواداچونم كرد بەشێك لەو خەڵكە لە توڕەیدا نەرۆیشتن بۆ هەڵبژاردن.

نۆیەم/ سەرۆكی شارەوانی یەكێكی ترە لە هۆكارەكانی كەمبونەوەی پێگەی جەماوەری یەكێتی لە كەركوك بۆ نمونە كەركوك خەریك بوو نغرۆ ئەبوو لە خۆڵ و خاشاكدا كەچی ئەم سەرۆك شارەوانیە هیچ فشارێكی نە ئەكرد تاوەكو حكومەتی ناوەندی پارە تەرخان بكات بۆ پاككردنەوەی شارەكە یان هیچ نەبێت یەكێتی ئەیتوانی لە رێگەی سەرۆك كۆمار یان وەزیرەكانیەوە ئەم كێشەیە یەكلایبكاتەوە.

دەیەم/ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی و ساردبونەوەی بەشێك لە جەماوەری یەكێتی لە شارەكە.

یانزەیەم/ لاوازی راگەیاندنی بینراوی یەكێتی بەراود بە راگەیاندنی پارتی، چونكە ئەگەر لە ساڵی 2010  و 2014 تەلەفزیۆنی كەركوك بە یەكێك لە هۆكارەكانی سەركەوتنی یەكێتی دانرابێت لە كەركوك، ئەوە لە ئێستادا ئەو كەناڵە بەو توانا مادی و مەعنەوییەی ئیستاوە ئەو ڕۆڵ و كاریگەرییەی نەماوە.

دوانزەیەم/  سەرەرای ئەوەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو شەقامی كوردی لە هەڵبژاردندا متمانەیان دا بە كێتی بەڵام یەكێتی هیچ بەرنامەو پلانێكی نەبوو بۆ چۆنێتی گەشەپێدانی شارەكە و رەخساندنی دەرفەتی كارو بەرەو پێشبردنی شارەكە لە بوارە جۆراو جۆرەكاندا. لە كاتێكدا خەڵكی ئەنبار لە بەرانبەر متمانەدانیان بە حەلبوسی وایكرد ئەنبار گەورەترین پرۆسەی گەشەپێدان بە خۆوە ببینێت.

سیانزەیەم/ نەوەیەك پێگەیشتوە لە كەركوك ئیتر ئەم نەوەیە ناتوانرێت تەنها بە هۆی سەروەرییەكانی رابردوی ئەم حیزبەوە چاو پۆشی بكات لە كەموركورتیەكانی و هەر یەكێتی هەڵبژێردرێت.

چواردەهەم/ لاوازی بانگەشەی یەكێتی لە سۆشیال میدیا بە پێچەوانەوە پارتی بانگەشەكەی بەهێزتر بوو لە سۆشیال میدیا و سەركەوتوانە ئەیتوانی جەنگی دەرونی  بە بڵاوكردنەوەی پروپاگەندە دژ بە دەنگدەرانی یەكیتی بكات.

پانزەیەم/  كاتی ئەوە هاتوە یەكێتی دەموچاوی نوێ‌ بهێنێتە كایەوە بۆ سەرپەرشتیكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن ناكرێت كەسانێك خۆشەویستی شەقامیان لە دەستداوە تۆ بیهێنیت دوبارە رۆڵی پێبدەیتەوەو شەوانیش بگەڕێتەوە بۆ ئەو شارەی لێوەی هاتوە.

شانزەیەم/ پارتی لە سۆشیال میدیا رۆڵێكی نێگەتیڤی گێڕا لە ساردكردنەوەی خەڵكی بۆ چونە سەر سندوقەكانی دەنگدان بە تایبەتی دەنگی خۆڵەمێشی كە دەنگدەری یەكێتین لە بەرانبەریشدا ئەندام  و لایەنگرانی خۆی  راسپاردبوو بڕۆن بۆ دەنگدان بەم تاكتیكەش هەم توانی دوو كاندیدەكەی خۆی سەربخات هەم توانی زەبرێكی كوشندەش لە یەكێتی بدات بۆ نمونە لە كاتژمێرەكانی كۆتاییدا كاتێك یەكێتی زانی رێژەی بەشداری خەڵك كەمە بۆیە  زیاتر كەوتنە خۆ بۆ زیادكردنی ریژەی بەشداری دەنگدەران. بەڵام پارتی لە سۆشیال میدیا زیاتر كاری كرد تاوەكو هەوڵەكەی یەكێتی لە هاندانی خەڵك بۆ چونە سەر سندوقەكانی دەنگدان شكست بهێنێت.

حەڤدەیەم/ رووداوی شانزەی ئۆكتۆبەرو دڵشكانی بەشێك لە شەقام و بەردەوام كاركردنی پارتی لە سەر ئەو رووداوە لە كاتێكدا یەكێتی لە چوار ساڵی رابردودا نەیتوانیوە بە هەر رێگەیەك بێت كۆتایی بە روداوی 16ی ئۆكتۆبەر بهێنێت كە چۆن بوە بۆ روویدا ئەكرا روونەدا یان بە شێوازیكی تر رووی بدایە یان هەر روونكردنەوەیەكی تر كە ئیتر ئەو رووداوە بەو شاراوەییە نەمێنێتەوە.

هەژدەیەم/ زۆری كاندیدە سەربەخۆكان بە تایبەتی لە بازنەی یەك و جۆری سیستمی هەڵبژاردنەكەش، چونكە پێشتر خەڵك بە ناچاری دەنگی ئەدا بە حیزبێك یان لیستێكی گەورەی كوردی بۆ ئەوەی دەنگەكەی نەفەوتێت لە ترسی ئەوەی دەنگەكەی نەڕوات بۆ توركمان و عەرەب بەڵام ئەمجارە ئەم ترسە كەمتر بوو بە هۆی پەیڕەوكردنی سیستمی بازنەوە ئەگەرچی ئەمجارەش دابەشبونی دەنگەكان لەوانەیە كاندیدێكی عەرەب لە ناوجەرگەی ناوچە كوردییەكان سەربكەوێت.

نۆزدەیەم/ بێ‌ هیوابونی كوردی كەركوك لەوەی هەڵبژاردن هیچ كاریگەرییەكی هەبێت لە سەر چاككردنی ژیانیان.

بیست: دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر نزیكەی 80 هەزار كورد شارەكەی جێهیشتو نەگەڕانەوە، ئەمەش كاریگەری خۆی هەیە لە سەر دەنگدەری كوردی كەركوك. ئەمە  جگە لەوەی نزیكەی زیاتر لەو ژمارەیە تەنها فۆرمیان كەركوكەو لە شارەكانی هەرێم ئەژین.

بیست ویەك/ بەهێزی بانگەشەی كاندیدەكەی نەوەی نوێ‌ لە سۆشیال میدیاو پاڵپشتكردنی راگەیاندنێكی كاریگەری بەهێزی وەك (ئێن ئارتی)  كە ئەمەش وایكرد كورسییەك ببات لەو بەشەی یەكێتی كە بۆ خۆی مسۆگەری كردبوو.

بیست و دوو/ كەم مۆڵ و كۆمپانیاو كارگەو سەرمایەدار هەیە بەر لە 16ی ئۆكتۆبەر سەرانەی لێوەرنەگیرابێت ئەمەش وایكرد ئیتر خەڵكی كەركوك دڵیان بشكێ‌ و برەنجێ‌.

بیست و سێ‌/ یەكێتی نهێنی نەماوە لە زۆربەی ئەو كۆبونەوانەی لە كەركوك دەیكرد دوای نیو كاتژمێر لە تەواوبونی بڕیارو قسەكان دەگەیشتە دەست سۆشیال میدیای پارتی.

بیست و چوار/ پیربونی یەكێتی لە كەركوك ئەتوانم بڵێم لە 95% ئەو كەسانەی لە مەڵبەندی كەركوك پلەو پۆستیان هەیە ئەو كەسانەن كە لە رووی تەمەنەوە لە سەروی پەنجا ساڵەوەن و ئەمەش وایكردوە یەكێتی لە ئاست خواست و داواكاری توێژی گەنجدا نەبێت و زۆربەی ئەو كەسانە بۆ 30 ساڵ ئەچێت لە پلەو پۆستی حیزبیدان و شوێن بۆ خوێنی نوێ‌ خۆش ناكەن.


*پارتی و كەركوك

پارتی سەرەرای ئەوەی هێزی سەربازی هەیە بە ناوی كەركوكەو لقی سێیەمی حیزبەكەی بە ناوی كەركوكەوەیە، بەڵام بەرواد بە یەكێتی ئەم حیزبە خاوەنی پێگەیەكی بەهێز نیە لە كەركوك.

بۆیە لەو هەڵبژاردنانەی لە ساڵانی رابردودا كراون رێژەی دەنگەكانی هەمیشە زۆر كەمتر بوە لە یەكێتی بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی 2014 تەنها 63 هەزار دەنگی هەبوو. لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 كە خۆی بە سەركەوتو ئەزانێت كەچی ژمارەی دەنگەكانی لە 63 هەزارەوە دابەزیوە بۆ 41 هەزار كەس بەڵام توانی پارێزگاری لە ژمارەی كورسییەكانی بكات لە كاتێكدا پارتی لە كەركوك خاوەنی 65 هەزار ئەندامە كەچی ژمارەی دەنگەكانی 24 هەزار كەس كەمترە لە ژمارەی ئەندامەكانی.

 بەڵام ئەوەی وایكرد پارتی بە ئەنجامەكانی كەركوك خۆشحاڵ بێت ئەوەیە كە هەم جیاوازی ژمارەی دەنگەكانی خۆیی و یەكێتی لە  (147) كەمكردەوە بۆ (22) كەس هەروەها تەنها بە یەك كورسی لە پێش پارتیەوەیە. سەرەڕای ئەوەی لە حەوت ساڵی رابردودا 22 هەزار دەنگی لە دەستداوەو نەیتوانیوە سود لە دەنگی شەش نەوەی دەنگدەری نوێ‌ ببینێت.