عیراق

04:02 - 15/10/2021

سەدر: سەرۆك وەزیرانی هی خۆمانە‌

پەیسەر

هەرچەندە هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان دەرنەچوون، لەگەڵئەوەشدا رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: بەدڵنیاییەوە سەرۆك وەزیران لەوان دەبێت و دیاریدەكەن.
 

نسار روبەیعی، سەرۆكی دەستەی سیاسی رەوتی سەدر و ئەندامی لیژنەی دانوستان رایگەیاند: رەوتی سەدر بە ئاشكرا و راشكاوانە رایگەیاندووە كە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو لە رەوتی سەدر دەبێت.

میدیا عێراقیەكان باسیان لەوەكردووە، حكومەتی داهاتوو بەرپرسیاریەتی راستەوخۆی رەوتی سەدر دەبێت و سەرجەم شكستەكانی لە ئەستۆ دەگرێت.


ئاماژەبەوەشكراوە، حكومەتی داهاتوو تەوافوقی نابێت، بەڵام لایەنی سیاسی جیاوازبەشداردەبن تێیدا و رەچاوی تەوافوقاتی سیاسی ناكرێت وەك حكومەتەكانی پێشوو. بەپێی میدیای عێراقی بێت، لەسەرجەم پێكهاتەكان بەشدار دەبن لە حكومەت، بە هەمانشێوەش ئۆپۆزسیۆن لەسەرجەم پێكهاتەكان دەبێت.


سەدر بۆ پێكهێنانی حكومەت كارتی فشاری هەیە كە زۆرترین كورسی پەرلەمانیە، بەڵام هەر پێویستی بەوەیە لەگەڵ هەندێك لایەن رێكبكەوێت. زیاتر لە 70 كورسی بەدەستهێناوە لەكۆی 329 كورسی پەرلەمان.


ریناد مەنسور، توێژەر لە سەنتەری توێژینەوەی چابام هاوسی بەریتانی، دەڵێت "ئەنجامی هەڵبژاردن سەدری بەسەر گۆڕەپانی سیاسی و دانوستانەكانەوە باڵادەست كردووە، بەڵام پێویستی بەوەیە لەگەڵ كوتلە گەورەكان دانوستان بكات".