عیراق

12:47 - 09/11/2021

چوارچێوەی ھەماھەنگیی داوای هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ ده‌كات‌

پەیسەر

چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە پێنج لایەنی شیعەی لەخۆگرتووە داوای کرد، گرژیییەکان کەم بکرێنەوە، شەڕی راگەیاندن رابگرێت و ھەنگاو بەرەو ھێورکردنەوەی رەوشەکە بنرێت.


چوارچێوەی ھەماھەنگیی راگەیەندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیەی کە شەوی رابردوو بە بەشداری ھەریەک لە سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق، فایەق زێدان سازکرا بڵاوکردەوە.

چوارچێوەی ھەماھەنگیی ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە گرژیییەکان کەم بکرێنەوە، شەڕی راگەیاندن رابگرێت و ھەنگاو بە ئاراستەی ھێورکردنەوەی رەوشەکە بنرێت.

باس لەوەشکراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بەئامانجکردنی خۆپیشاندەران ئیدانەکراوە و داوایش کراوە کە پێویستە لێکۆڵینەوەکان پەیوەست بە سزادانی ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون لە بەئامانجکردنی خۆپیشاندەران تەواو بکرێن.

ئەوەیش خراوەتەڕوو کە بەئامانجکردنی ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئیدانەکراوە، داوایش کراوە لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ھێرشەکەوە تەواو بکرێن و ئەنجامدەرانی ھێرشەکەیش دەستگیر بکرێن و بدرێن بە دادگا.

داوایشکراوە کە کۆبوونەوەیەکی نیشتمانیی بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی یاسایی بۆ قەیرانی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان ساز بکرێت.

رۆژی حەوتی ئەم مانگە لە رێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، ھێرش کرایە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا.

ماوەیەکە بەھۆی رەتکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی شیعەوە، عێراق بەرەوڕووی گرژیی سیاسیی بووەتەوە و ئەو گرووپانە ئاماژە بەوە دەکەن کە ساختەکاری لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان کراوە و داوا دەکەن کە کۆمیسیۆن پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست بۆ سەرجەم وێستگەکان ئەنجام بدرێتەوە.

لە رۆژی ١٩ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە، خۆپیشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی ئەو لایەنانەی کە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی کەمیان ھێناوە لە نزیک ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، ئەنجام دەدرێت.