ڕاپۆرتی کوردستانی

03:49 - 17/11/2021

کۆچی بەکۆمەڵ لە نێوان "برسیەتیەکەی" ئەوروپا و "تێرییەکەی" کوردستان‌

محەمەد حسێن

کەیسی کۆچبەرە کوردەکانی سەرسنوری پۆلەندا ژمارەیەک نوسەرو ئەکادیمیست و قەڵەم بەدەستی پارتی و یەکێتی هێناوەتە سەرخەت. هەندێکیان نەزانانە، یان بۆ مەبەستی چەواشەکارانە، خەریکی وێنەسازین بە دوو ئاراستەی جیاوازدا؛ لە لایەکەوە دەیانەوێت وا نیشان بدەن کە ئەوکۆچبەرانە لە خۆشیا دەڕۆن و لە بنەڕەتدا کوردستان هی ئەوە نیە کەسی لێ هەڵبێت. بە دیوەکەی تریشدا خەریکی نیشاندانی وێنەیەکی ئەوروپان وەک ئەوەی کە بەشێکی دانیشتوانەکەی برسییانەو بێ ماڵ و حاڵن لەو سەرجادانە لەسەرما ڕەق دەبنەوە. هەردوو وێنەکە راست نیە.

 ئەمە هێندەی لەهەڵمەتێکی رێکخراوی پڕوپاگەندە دەچێت، لە تێگەیشتن و سەرنجی کەسێک ناچێت کە پشەییانەو بەرپرسیارانە بەدوای راستیەکاندا بگەڕێت.

 جارێ هەر لە سەرەتاوە دەبێت ئەو راستیە بوترێت کە ئەوروپای خۆرئاوا شوێنی برسێتی و هەژاری و کەوتنە سەرجادە نیە. ئەو رێژە کەمەی کە لەسەر جادەکان دەخەون خەڵکانێکن بەهۆی ئالودەبوون و گرفتی رفتاری دیکەوە خۆیانیان خستۆتە ئەو دۆخەوە، نەک ئەوەی لەو کۆمەڵگایانەدا هەلی کارو ژیانیان دەست نەکەوێت. بۆ نمونە لە فەرەنسا (کە دانیشتوانەکەی زیاتر لە ٦٧.٣ ملیۆن کەسە) ساڵی رابردوو لە دوای قەیرانەکانی پەتای کۆرۆناش تەنها ٣٠٠ هەزار کەسیان بێلانە بوون. ئەم ژمارەیە بە واتای ٠.٠٠٤%ی دانیشتوانەکەیانە، کە هیچ گرنگیەکی ئاماری نیە (١).

بە گشتی بێلانەو هەژارەکانی فەرەنسا و ئەورپا ئەوانەن کە خۆیان نایانەوێت کار بکەن، یان گیرۆدەی مادەهۆشبەرەکان و هەندێک گرفتی تری رفتاری و پیسخۆرین، ئەگینا ئەوانیش هەمان دەرفەتی کەسە خواپێداوو سەرکەوتووەکانی ئەو وڵاتانەیان هەیە.

کێشەکە لە بازاڕی کاردایە

کۆچکردن بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر ئەمڕۆ دیاردەیەکی جیهانیە. تا مانگی ٦ی ئەمساڵ ژمارەی ئەو کەسانەی بە دوای هەلی کاردا کۆچیان کردووە گەیشتە ١٦٩ ملیۆن کەس بە پێی ئامارەکانی رێکخراوی جیهانی کرێکاران (٢). بەڵام ئەمەی کوردستان زیاتر لە هەڵهاتنی دەستەجەمی دەچێت تا کۆچکردن.

بە پێچەوانەی ئەورپاوە، لە کوردستان ئەوانەی کە ناتوانن ماڵ و حاڵ و ژیان بۆ خۆیان دروست بکەن ئالودەو تەمبەڵەکان نین، بەڵکو گەنجە زیرەک و ئاسایی و خاوەن بەهرەکانن، ئەوانەن کە خوێندنیان تەواو کردووە و دوای گەڕانێکی زۆر بە دوای کارو بژێویدا بە نائومێدی ماونەتەوە. ئەمانە ئەو گروپە کۆمەڵایەتیەن کە بەزۆری مەیلی کۆچیان هەیە.

ئەوانەی لێرە دەیانەوێت بە رەنجی خۆیان بژین، یان کارێک دەکەن لە خوار تواناو بەهرەو لێوەشاوەییەکانیانەوەیە (Underemployment)، یان لە دۆخی بێکاری تەواودان.

بەتەنیشت ئەم بێکاری و نائومێدیەوە، لە کوردستان بەشی هەرە زۆری پیسخۆر و تەمەڵ و مشەخۆرەکان بەهۆی کۆبونەوەیان لە دەوری بنەماڵەو حیزبە فەرمانڕەواکان موچەیان هەیە؛ وەک بندیوار یان کارمەندو چەکداری بێ بەرهەم دەستبەکارن. رژێمە سیاسیەکە لە بەرژەوەندی ئەمانە دەگەڕێت. بازاڕی کاری کوردستان بە جۆرێک ڕێکخراوە کە هێندەی پاڵنەری بە مشەخۆر بوون و بندیواربوونی تیایە، کار لەسەر ئەوە ناکات تاکەکان بکاتە کەسی بەرهەمدارو ئیشکەر.

هەربۆیە لە ئێستادا بەشێکی زۆری کچ و کوڕە چالاک و دەسترەنگین و خوێنەوارەکان لە نائومێدیدا کۆچ دەکەن. بێگومان ئەمەش دەرەنجامێکی ئاسایی دۆخی بازاڕو ئابوری کوردستانە. ئەوان مافی خۆیانە بچن بۆ ئەو شوێنەی کە تیایدا دەتوانن سەربەرزانە بە بەهرەو تواناکانی خۆیان بژین .

بەڵام بەداخەوە رێگاکانی کۆچ مەترسی دارن. لەبەر نەبونی دەرفەتی کۆچ بە رێکارو شێوازە یاسایی و قبوڵکراوەکان، ئەم کۆچە لە ئێستادا بۆتە رێگای هات و نەهات بۆ ئەو هەزاران کەسەی لەسەر سنورەکانی پۆڵەندان، یان لە ڕێگای ئاوە نێودەوڵەتیەکانەوە دەیانەوێت بگەنە ئەورپا. ئەم گەنجانە، ئەگەر بە سەلامەتی بگەنە ئەوروپا بەشی هەرە زۆریان دەتوانن کارو بژێوی خۆیان زۆر بە باشی دابین بکەن و تەنانەت یارمەتی خێزانەکانیشیان بدەن لە کوردستان. بەڵام ئەگەر ئەم کۆچە نەکەن ئەوا لێرە دەرفەتێکیان بۆ نەماوەتەوە.

١- بڕوانە ئەم راپۆرتە بۆ زانینی ژامرەی بێلانەکانی فەرەنسا https://www.rfi.fr/en/france/20201116-french-homeless-population-doubled-since-2012-set-for-new-spike-under-covid-crisis-poverty-economy-migrant-camps 

٢-  بۆ بینینی راپۆرتەکەی رێکخراوی جیهانی کرێکاران کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە https://www.ilo.org/moscow/news/WCMS_808884/lang--en/index.htm