ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:25 - 05/02/2022

ڕێکخراوێک: واستە و خزم‌خزمێنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاردەی گەندەڵیـیان قوڵترکردووەتەوە‌

پەیسەر

بەرپرسێکی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕیزبەندی پێشەوەن لە جیهاندا بۆ گەندەڵی، وە هەروەها دیاردە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو ئەوانەی پێیان دەگوترێت "واستە" و 'خزم‌خزمێنە' بوونەتە هۆی قوڵبوونەوەی ئەو کێشەیە.

کیندە حەتەر، ڕاوێژکاری ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "نەبوونی ویستی سیاسی و دەستەڵاتی یاسا لەمپەری سەرەکین لەبەردەم بەدەستهێنانی پێشکەوتن لە ستراتیژی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە تەواوی ناوچەکەدا."

ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە کۆتایـیەکانی مانگی یەک ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە سەبارەت بە ڕیزبەندی جیهانی بۆ گەندەڵی دامودەزگاکانی حکومەت لە 180 وڵات. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، وڵاتانی دانیمارک و فینلەندا و نیوزلەندا سێ لە باشترین وڵاتن دژ بە گەندەڵی . لە بەرامبەردا، وڵاتانی باشوری سودان و سوریا و سۆماڵ زۆرترین ڕێژەی گەندەڵیان تێدایە. ڕاپۆرتەکە تورکیای لە ڕیزبەندی 96 داناوە، ئێران لە پلەی 150 و عێراق لە 157.

کیندە حەتەر ڕایگەیاند، "واستە و خزم خزمێنە و مەحسوبیەت دیاردەی کۆمەڵایەتین کە بە هۆی سیستەمی سیاسی و لاوازی یاسا بەهێزتر بوون و ڕێگرن لە بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی دەستەڵات بۆ مەبەستی تایبەتی."

ڕێکخراوەکە دەڵێت هیچ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەست نەهێناوە لە دژایەتیکردنی گەندەڵی و پەرەپیدانی دەوڵەت. ئاماژە دەکات کە خراپ بەکارهێنانی سیستەمی سیاسی و پێشێلکردنی بەرژەوەندی گشتی بوونەتە هۆی زیاترکردنی ڕێژەی گەندەڵی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە سەردەمی پەتای کۆڕۆنادا.

سەبارەت بە عێراق، ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند کە سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر بنەمای هاوبەشی دەستەڵات لە نێوان پێکهاتەکان بەهۆی ناکۆکی مەزهەبی لاواز بووە و گەندەڵی فراوانتر کردووە. "ئەمە وایکردووە کە دامودەزگاکان پڕبکرێنەوە بە ئەو بەرپرسانەی کە دیاریکراون لەسەر بنەمای لایەنگیری مەزهەبی و پەیوەندی تایبەتی و دور لە توانای کارکردن. ئەو دامودەزگایانە بەم شێوەیە کەمترین بەرپرسیاری گشتی هەڵدەگرن، بەڵکو لە بری ئەوە دەبنە ڕەنگدانەوەی ویستی سیاسی و دەستەڵاتی گروپەکان."

ڕێکخراوەکە دیاردەی واستە بە یەکێک لە خراپترین هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی نایەکسانی لەناو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێت.

بە گوێرەی کیندە حەتار، لە ناو هەر 3 کەس لە وڵاتانی عەرەبی، بەلانی کەمەوە 1 کەس خزمایەتی و پەیوەندی تایبەتی بەکارهێناوە بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزاری گشتی بە تایبەت لە کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی. لە هەمان کاتدا، لە هەر 5 کەس لەو ناوچەیە بەلانی کەمەوە کەسێک بەرتیلی داوە بۆ بەدەستهێنانی ئەو خزمەتگوزاریانە.

کیندە حەتار ڕایگەیاند، "عێراق پێویستی بە چاکسازی سیاسی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی لاوازی لە سیستەمی حکومەت و یاسادانان. پێناسەکردنەوەیەکی گشتی بۆ 'هاوڵاتی بوون" دوور لە بنەمای مەزهەبی وسیستەمی کۆتا و خزم خزمێنە دەبێتە هۆی چەسپاندنی جیاکردنەوەی دەستەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری و کاراکردنی لێپرسینەوە."

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بە گرنگی ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادی ڕۆژنامەوانی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ناوچەکە. ڕایگەیاند، "بەبێ پارێزبەندی شیاو بۆ ئەو کەسانەی کە لە دامودەزگاکاندا گەندەڵی ئاشکرا دەکەن و چالاکوانان و ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنی، مەحاڵە چاکسازی گشتی نیشتیمانی ئەنجامی هەبێت."