ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:03 - 05/04/2022

چەند سەرنجێک لە بارەی مایەپوچبوونی لوبنان‌

پەیسەر

شیکاری: رەنج نەوزاد

لوبنان وڵاتێکی بچوک و لاواز و دابەشبووە بەسەر چەندين تايفە و ميليشادا، بە گشتی سێ پێکهاتەی سەرەکين؛ مەسيحی و شيعە و سوونە. ئەو پێکهاتانەش لە ناوخۆياندا دابەش دەبنەوە بەسەر وردە گروپی تر.

 هەر پێکهاتەیەک ناوچەی هەژموونی خۆی هەیە، بە ڕادەیەک لوبنان کە ڕووبەرەکەی لە پارێزگای سلێمانی بچووکترە، بە شێوەیەکی گشتی دابەش بووە بەسەر سێ ناوچەدا، وەک ئەوەیە سێ دەوڵەت لەو وڵاتە بچوکەدا بوونی هەبێت. هەر یەک لەو گرووپانە لە حکومەت و پەرلەمانی لوبنان، نوێنەری بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەکەن نەک بەرژەوەندی گشتی لوبنان، ساڵانێکە حيزبوڵای نزيک لە ئێران، زۆرترين دەسەڵاتی هەیە لە لوبنان. هەر یەک لەو گرووپانە نوێنەری وڵاتانی هەرێمی ونێودەوڵەتی ترن.

ئابووری لوبنان بە گشتی پشت بە کەرتی گەشتياری (لوبنان یەکێکە لە جوانترين وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە) و وەبەرهێنەری بيانی و کڕينی خانوبەرە لە لایەن بيانيەکان وخزمەتگوزاری تر وەک بانکەکان... دەبەستێت. ئابووری لوبنان پشت بە دەرەوە دەبەستێت نەک ناوخۆ. لە ئابوورييەکی لەم شێوەیەدا، ئەوا لوبنان پێويستە هەميشە لە ڕووی سەقامگيری سياسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنيەوە باش بێت، تا گەشتيار و وەبەرهێنەری بيانی بێنە لوبنان بێ ترس و بە متمانەیەکی زۆرەوە.

بۆ وەبەرهێنەرە بيانييەکان، ئەوا لوبنان ساڵانێکە متمانەی نەماوە، چونکە قەرزارترين وڵاتی عەرەبييە. بە پێی داتای ٢٠٢١ قەبارەی قەرزەکانی سەر لوبنان نزيک بووەتەوە لە ١٠٠ مليار دۆلار، لە کاتێکدا جی دی پی لوبنان لە ٢٠٢١ لە خوار ٤٠ مليار دۆلار بووە. واتە قەرزەکانی بەرامبەر قەبارەی ئابوورييەکەی سەروو ١٤٠٪ە. بە پێی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، بۆ وڵاتێکی وەک لوبنان  درووست نييە ئەو ڕێژەیە ٦٠٪ تێپەربکات. لە لایەکی ترەوە، بە هۆی نا سەقامگيری سياسیەوە، ئەو وڵاتە ساڵانێکە دەناڵێنێت و وەبەرهێن متمانەی پێ ناکات، چونکە خەڵک زۆربەی هەژارە وخۆپێشاندان وناڕەزایەتی بەردەوام هەیە، ئەمەش دۆخێکی گونجاو نييە بۆ وەبەرهێنان.

کەواتە لوبنان بۆ ئەوەی بيەوێت سەرنجی وەبەرهێنەرە بيانيەکان ڕاکێشیت، ئەوا پێويستە لە ناوخۆ هەندێ هەنگاو بنێت، وەک کاراکردنەوەی ئابووری وجوڵاندنی بازار، بۆ ئەمەش پێويستی بە پارەیە، وەک باسکرا داهاتی سەرەکی لوبنان پشت بە دەرەوە دەبەستێت، ساڵانێکشە گەشتيار و وەبەرهێنەر کەمتر دێنە لوبنان. بۆیە لەو ڕووەوە ناتوانێت داهات پەيدا بکات تا گەشە بە ناوخۆ بدات. ڕێگەی دووەم بريتييە لە قەرز وهاوکاری دەوڵەتانی تر، بە هۆی کەڵەکە بوونی ئەو هەموو قەرزەی سەر لوبنان وسستی ئابووريەکەی، بانک وسندوقی دراوی نێودەوڵەتی و دەوڵەتان و وەبەرهێنەرەکان متمانەیان نييە قەرزی تر بدەنە لوبنان، چونکە توانای دانەوەی قەرزەکانی نييە. دەوڵەتانی کەنداو وفەرەنسا وئەمريکاش نايانەوێت هاوکاری لوبنان بکەن، چونکە لە لایەن حيزبوڵا وئێرانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە. جاران زۆر کات سعودييە وفەرەنسا هاوکارييان دەکرد، ئێستا ئەو هاوکارييانە کەمترە یا نەماوە، بە هۆی هەژموونی ئێرانەوە.

کەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە بريتييە لەوەی حکومەتی لوبنان لە ناوخۆ داهات بەدەست بهێنێت. ئەمەش بە کەمکردنەوەی خەرجی وزیادکردنی داهات بەدی دێت، واتە پێويستە باج بخاتە سەر کۆمپانيا گەورەکان وسەرمایەدارە دەوڵەمەندەکان، هەر وەها هانی سەرمایەدارە لوبنانيەکان بدات وەبەرهێنان لە ناوخۆ بکەن، لە پاڵ ئەوانەشدا خەرجی کەمبکرێتەوە. ئەمەش ديسانەوە بەربەستی زۆری لە پێشە، کێشەی سەرەکی لوبنان ئەوەیە، ئەوانەی لە حکومەت وپەرلەمانن، هەر خۆیانن خاوەن کۆمپانيا گەورەکان وبازار، واتە پێويستە ئەندامانی حکومەت وپەرلەمانی لوبنان، سەرەتا باج بخەنە سەر خۆیان وپارەی خۆیان بگەڕێننەوە بۆ دەوڵەت وسنورێک بۆ گەندەڵی ودزييەکانی خۆیان دانێن.

سەبارەت بە کەرتی گەشتياری، ئەوا ديسانەوە بە هۆی نا سەقامگيری سياسيەوە، گەشتياران کەمتر دەچن بۆ لوبنان. جاران کەرتی گەشتياری لوبنان پشتی بە هاووڵاتيانی کەنداو دەبەست، بەڵام لە ئیستادا سعوديە ودەوڵەتانی کەنداو کە نيگەرانن لە لوبنان بە هۆی هەژموونی ئێرانەوە، ڕێ بە هاوڵاتيانيان نادەن بچن بۆ لوبنان بۆ گەشتوگوزار تا لوبنان زیاتر ڕۆبچێت لە قەيرانا و لەگەڵشيدا حيزبوڵا بەرەو پوکانەوە بچێت یا بێزراو بێت لای کۆمەڵگە. لە دۆخێکی وادا کە لوبنان باجی ئەوە دەدات لە ئێرانەوە نزيکە، دەبوو ئێران هاوکاری بکردایە، بەڵام ئێرانيش چەند سالێکە ئەگەر دۆخی ئابووری و گوزەرانی لە لوبنان خەراپتر نەبێت ئەوا باشتر نييە.

هەر بۆیە توێژەرێک بە ناوی جێمس ريکارد لە توێژينەوەیەکيدا بە ناونيشانی (crisis in Lebanon anatomy of a financial collapse) لە ساڵی ٢٠٢٠ لە بارەی قەيڕانی ئابووری لە لوبنان گريمانەی ئەوە دەکات کە لوبنان لە دۆخێکدایە کە ئيتر ناتوانرێت هاوکاری بکرێت و لەسەر ڕێگایەکە  گەڕانەوەی نييە و هەر دەبێت بەرەو ئيفلاسی و کارەسات بڕوات. هەر ئەوەش ڕوويدا. ئەو توێژەرە پێيوایە کە لوبنان بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لەم دۆخەدا پێويستی بە ٩٣ مليار دۆلار هەیە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە مێژووی خۆيدا نەک ٩٣ مليار، بەڵکو ٦٠ مليار دۆلار قەرزی نەداوە بە هيچ دەوڵەتێک، جگە لەوەی ئامادە نييە چەند مليار دۆلارێکی کەم بداتە لوبنان لەم دۆخەدا، چونکە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی قەرز بداتە دەوڵەتێک چەند مەرجێکی هەیە؛ دياريکردنی هۆکار و سروشتی قەيرانە ئابوورييەکە، پەيرەو کردنی پلانێکی ئابووری ڕوون لە لایەن دەوڵەتەکەوە، هەر وەها دەبێت بزانێت ئەو دەولەتە دەتوانێت قەرزەکە بداتەوە... هيچ کام لەم مەرجانە لە لوبناندا نييە. تەنانەت حکومەتی لوبنان توانای نييە هۆکارەکانی ئەم قەيرانە بە ڕوونی دەستنيشان بکات، چونکە ئەندامانی حکومەت و حيزبەکان دزە گەورەکانن. ئەو توێژەرە پێی وایە دەوڵەتانيش کاتێک قەرز دەدەنە دەوڵەتێکی تر، کە ئەو مەرجانەی سەرەوەی تێدا بێت. ئەوەی کە دەمێنێتەوە بريتييە لە هاوکاریکردنی بێ مەرج، لە لایەن دەوڵەتانی دۆستەوە، بە پێی توێژەر ئەوەش بڕەکەی ئەستەمە بگاتە یەک مليار دۆلار. چونکە ئەو دەوڵەتانەی کە توانای هاوکاريکردنی لوبنانيان هەیە، ڕازی نين هاوکاری پێشکەش لوبنان بکەن لە کاتێکدا حيزبوڵا هەژموونی گەورەی هەیە لەوێ.

 هەر بۆیە توێژەر پێی وایە ئەو مەرجانەی کە بۆ هاوکاريکردنی دەوڵەتێک هەیە، هيچ کام لەو مەرجانە لە لوبناندا بەدی ناکرێت.

ئەوەی بەسەر لوبناندا هات هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حيزب و سياسيەکانی لوبنان لە باڵاترين ئاستی گەندەڵی و نا بەرپرسيارێتين، ساڵانێکە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و چەندين دەوڵەت لوبنان ئاگادار دەکەنەوە لەو مەترسيانەی کە تووشی دەبێت. بەڵام حيزب و سياسيەکان تەنيا خەريکی مل شکاندنی یەکتر و گەندەڵی بوون.

هۆکارێکی تر بريتييە لەو ڤايرۆسەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و تووشی دەوڵەت دەبێت. ئەويش (ڤايرۆسی ئێران یان ئێران ڤايرۆس)ە، ترسناکترين و کووشندەترين ڤايرۆسە کە بچێتە لەشی هەر دەوڵەتێکەوە لەم ناوچەیەدا. ئەو ڤايرۆسە چووەتە لەشی عيراق و لوبنان و سووريا و یەمەنەوە. ڤايرۆسێکە دەوڵەت بەرەو دارووخانی ئابووری، سياسی، دەزگای، یاسای، ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی... دەبات. ڤايرۆسێکە هيچ بەها و سوودێکی نييە نە بۆ خۆی نە بۆ بەرامبەر، جگە لە وێرانی و هەژاری و نا سەقامگيری و تيرۆر وتلياک هيچی تر پێشکەش ناکات. بە مليۆنان مرۆڤی برسی  و موعتاد و لەش فرۆش کردوە لە ناوخۆی وڵاتەکەی خۆی، گوایە دژی ئەمريکا و ئيسرائيلە، لە کاتێکدا، خەونی ئێرانيەکان ئەوەیە بگەنە ئەمريکا بژێن، خەونی کەسوکاری ئاخوندەکان ئەوەیە گرين کارتی ئەمريکا بەدەست بهێنن. وڵاتێکە خۆی برسی و ڕسوا کردوە، بگاتە هەر وڵاتێکی تر، ئەويش برسی و ڕسوا دەکات. یەکێک لە هۆکارەکانی وێرانبوونی لوبنان، ئەوەیە کە تووشی ئەو ڤايرۆسە بووە و تا ئێستاش ڤاکسينێکی نييە بۆ لە ناوبردنی.
دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو و ئەوروپييەکان و ئەمريکاش زيان ناکەن بە وێران بوونی لوبنان لە دوورەوە تەماشای دەکەن و با ناڕاستەوخۆ پێی دەڵێن با ئێران فريات بکەوێت.