عیراق

10:35 - 27/05/2022

ئەمریکا به‌توندی رەخنەی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گرت‌

پەیسەر

ئەمریکا سه‌باره‌ت به‌ پەسەند کردنی یاسای قەدەغەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە. ده‌ڵێ؛ بە قوڵی نیگەرانین.

  دەشڵێت، "ئەم یاسایە دژی ئازادی رادەربڕینە و هۆکارە بۆ دروستکردنی هەستی دوژمنکارانە بەرامبەر سامییەکان".
نوسینگەی نێد برایس وتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمریکا بەنیگەرانییەکی قوڵەوە دەڕوانێتە پەسەندکردنی یاسای قەدەغەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا.

ئاماژەی بەوەشداوە، پەسەندکردنی یاساکە بە توندی پێچەوانەی ئەو کەش و دۆخەیە کە بەشێک لە دراوسێکانی عێراق بەرامبەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل دا دروستییان کردووە و هەلێکی نوێی بۆ گەلانی ناوچەکە بەردەستکردووە.

لە ئێستادا هەریەک لە ئوردون و میسر و ئیمارات و بەحرەین و مەغریب پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل دا ئاسایی کردووەتەوە.
تاوەکو ئێستا عێراق دانی بە دەوڵەتی ئیسڕائیلدا نەناوە کە لە ساڵی 1948 ەوە دامەزراوە، هەروەها هاوڵاتیانی عێراق و کۆمپانیاکانی ناتوانن سەردانی ئیسڕائیل بکەن، بەپێی یاسا نوێیەکە، هەر هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا بە تاوان هەژماردەکرێت.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەمریکا بەردەوامدەبێت لە هاوبەشی کردنی لەگەڵ ئیسرائیل دا و ئەو وڵاتە هاوبەشێکی نەگۆڕ و بەهێزی ئەمریکایە، لەگەڵ بەردوام فراوانکردنی پەیوەدنییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ دراوسێکانیدا بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئاشتی زیاتر و گەشەسەندنی هەموو لایەک.
دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 26ی 5ی 2022، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بە کۆی دەنگ یاسای قەدەغەکردنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەدنییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پەسەند کرد و ناوه‌رۆكی یاساکە هەموو جۆرە ئاساییکردنەوەیەکی پەیوەندییەکان و دروستکردنی هەر جۆرە پەیوەندییەک بە ئامانجی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دا قەدەغەکرد و سزای ئەو کەس و لایەنانەی ئەم کارە دەکەن تا ئاستی لە سێدارەدانی بۆ دانراوە.