ڕاپۆرتی کوردستانی

04:09 - 19/07/2022

ئایا ئێران و ڕوسیا ئۆكه‌ی بۆ توركیا ده‌كه‌ن؟‌

ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی لوتكه‌ی تاران پرسی له‌شكركێشی توركیایه‌ بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، به‌ڵام ئاماژه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ده‌ن تاران و مۆسكۆ ئۆكه‌ی بۆ خواسته‌كه‌ی توركیا نه‌كه‌ن. له‌ یه‌كه‌م دیداردا خامنه‌یی شتێكی له‌و شێوه‌یه‌ی دا به‌ گوێی ئه‌ردۆغاندا.

رۆژنامەی جومهورییەتی توركی بابەتێکی لەبارەی لوتکەی تاران بەم ناونیشانە بڵاوکردووەتەوە؛ "تورکیا پەلەیەتی، گفتوگۆی سوریا لە تاران"، لە بابەتەکەدا هاتووە، یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی لوتکەی تاران پاککردنەوەی منبج و تلڕەفعەتە لە یەپەگە. تورکیا هەوڵی قایلکردنی روسیا دەدات بۆ ئۆپراسیۆنەکەی، پەیامە هاتووەکان لە تارانیشەوە لەم بارەیەوە زۆر رەق نین و تورکیاش سورە لەسەر ئۆپراسیۆنەکەی.

هه‌روه‌ها پێگەی بی بی سی تورکی باسی لە لوتکەی تاران کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، روسیا و ئێران لەگەڵ ئۆپراسیۆنە سەربازییە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا نین بۆ سەر باکوری سوریا و پێیان وایە ئەم هەنگاوە ئارامیی و سەقامگیریی ناوچەکە تێک دەدات.

به‌پێی ماڵپه‌ره‌كه‌بێت، سەرەڕای ئەوەی روسیا هەموو هێزی خۆی بۆ ملشکاندنی ئۆکراین تەرخان کردووە، بەڵام تا ئێستا لە ئەکتەرە هەرە گرنگەکانی سوریایە. روسیا بۆ ئەوەی لاواز دەرنەکەوێت لە سوریا، دژی ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا دەوەستێتەوە، بەڵام نازانرێت رەتکردنەوەکەی مۆسکۆ دژی ئەنقەرە چۆن دەبێت. ئێران بەهۆی سەرقاڵی روسیا بە ئۆکراین هەلی دۆزیوەتەوە بۆ بەهێزکردنی زیاتری خۆی لە سوریا و لە چەند هەفتەی رابردووشدا ژمارەی هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە باکوری سوریا زیادیان کردووە.

د. عەلی سەمین، مامۆستای زانکۆی نیشانتاشی توركیا، لەبارەی ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا به‌ پێگەی دی دەبڵیووی تورکی، راگه‌یاندووه‌ تورکیا لە جەنگی ئۆکراین سیاسەتێکی هاوسەنگی پەیڕەوکرد و لە بەرامبەر ئەو هاوسەنگییەشدا ئێستا چاوەڕێی ئەوەیە روسیا بەبێ شەڕ منبج و تلڕەفعەت لە هێزە کوردییەکان پاک بکاتەوە یان گڵۆپی سەوز بۆ ئۆپراسیۆنەکەی لەم ناوچانە هەڵبکات.

رێبەری باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران لە کاتی کۆبونەوەی لەگەڵ ئەردۆغاندا چەند پرسێکی تاوتوێ کردوە و هۆشداریشی داوەتە تورکیا لە ئەگەر هێرشکردنەسەر سوریا.

پێش ده‌ستپێكی لوتكه‌ی تاران، عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران له‌تاران له‌گه‌ڵ ئەردۆغان كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند: هەر کردەیەکی سەربازی لە سوریا زیان بە ناوچەکە دەگەیەنێت. به‌پێی میدیای ئێران خامەنەیی وتویه‌تی: هەر کردەوەیەکی سەربازی زیان بە سوریا و تورکیا دەگەیەنێت و بە زیان بۆ ناوچەکە تەواو دەبێت و لە بەرژەوەندنی گروپە تیرۆرستییەکانە.


خامەنەیی رایگەیاندوە: ئێران و تورکیا و سوریا کیشەی باکوری سوریا بە گفتوگۆ چارەسەر دەکەن.

رۆژی ٢١ مانگ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیاش کۆدەبێتەوە و لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی لوتکەی تاران بە وردی باس لە ئۆپراسیۆنەکە دەکات.