ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:44 - 03/09/2022

ژمارەی ئەو پزیشکە تورکانەی كۆچ ده‌كه‌ن ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار ده‌كات‌

پەیسەر

کۆمەڵەی پزیشکی تورکیا ڕایگەیاند، ژمارەی داواکاری مانگانە بۆ "بڕوانامەی ڕەفتاری باش" کە پێویستە بۆ پیشەییەکانی بواری تەندروستی بۆ کارکردن لە دەرەوەی وڵات، گەیشتووەتە ٢٨١ کەس، کە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیه‌ لە مانگی ئابدا.


ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئەڵمانیا و ئەمریکا و بەریتانیا بەڵگەنامەی ڕەفتاری باش پێویستە، بەڵام بۆ هەندێک وڵات مەرج نییە، بۆیە بەدڵنیاییەوە ژمارەی ئەو پزیشکانەی تورکیایان بەجێهێشتووە زۆرترە. هه‌روه‌ها باسله‌وه‌كراوه‌ پزیشکە گەنجەکان ئایندەیەک لە تورکیا نابینن، بۆیە هەر کە دەرفەتیان بۆ ڕەخسا کۆچ دەکەن.


ژمارەی داواکارییەکان تەنها لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە هەزار و ٦٨٣ داواکاری، هەروەها کۆی ژمارەی ئەو بەڵگەنامانەی لە ساڵی ٢٠٢١دا پەسەند کراون ١٤٠٥ بەڵگەنامەی تێپەڕاندووە.
كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌ تویتێكدا نووسیویه‌تی "به‌هۆی بارودۆخی سه‌خت و نائارامی كاركردن بۆ پزیشكان، كۆچكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌رده‌وام‌ له‌ زیادبووندایه‌‌!"


لە کاتێکدا زۆرێک لە پزیشکان لەم دواییانەدا بەهۆی سەختی بارودۆخی کارکردنەوە دەستیان لە خزمەتی گشتی کێشاوەتەوە، زۆرێک لە پزیشکە گەنجەکان بەڵگەنامە کۆدەکەنەوە بۆ دۆزینەوەی کارێک لە دەرەوەی وڵات.


کۆمەڵەی پزیشکی تورکیا بڵاویکردەوە، تا کۆتایی ئەمساڵ لە نێوان دوو هەزار و ٥٠٠ بۆ سێ هەزار پزیشک ئامادەکاری بۆ جێهێشتنی تورکیا دەکەن.


زیادبوونی کرێی خانوو بە تایبەت لە شارە گەورەکان یه‌كێكه‌ له‌و پرسانەی کە پزیشکانی ناچار کردووە وڵاته‌كه‌یان بەجێبهێڵن.


لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان سەرۆك كۆماری توركیا لەبارەی هۆشدارییە فەرمی و جەماوەرییەكانی ئەم دواییە سەبارەت بە بەكۆچی هەزاران پزیشكی توركیا، لێدوانێكیدا و جددیەتی بۆ دیارده‌كه‌ نه‌بوو.


کاتێک له‌و باره‌یه‌وه‌ پرسیاری  لێكرا له‌ وەڵامدا وتی "ئەگەر دەیانەوێت بڕۆن، با بڕۆن. ئێمە پزیشکە تازە دەرچووەکانمان لێرە دامەزرێنین".


وتیشی: "ئەگەر پێویست بکات هەرکەسێک بیەوێت لە دەرەوە بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەمان بەخێرایی بانگهێشتی دەکەین، نیگەران مەبن، ئەم شوێنانە چۆڵ نابن". "سەیرکە، کێ ئەم نەخۆشخانە زەبەلاحانەی لە شار دروست کردووە؟ ئایا ئەوە دەوڵەت نییە کە ئەم پزیشکانە فێر كردووه‌".


مانگی شوباتی رابردوو، پزیشکان لە سەرانسەری تورکیا بۆ ماوەی چەند رۆژێک مانیان گرت، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە کەمی مووچە و خراپی بارودۆخی کارکردن.


زۆربەی خێزانه‌كانی تورکیا لە دۆخێكی سەختی داراییدان و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان تێده‌كۆشن، ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بە بەرزترین ڕێژەی لە ماوەی 24 ساڵی رابردوودا له‌گه‌ڵ بەرزبوونەوەی ئەم دواییەی نرخی وزە و خۆراک و کەلوپەلی سەرەتایی دیکە.