02:00 - 19/01/2019
حكومه‌ت ده‌یه‌وێت سه‌رئێشه‌ى كاره‌با له كۆڵ خۆى بكاته‌وه
چه‌ند كۆمپانیایه‌كى كه‌رتى تایبه‌ت له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى كاره‌با سه‌رقاڵى دانانى پێوه‌رى زیره‌كن بۆ پێدانى كاره‌باو فرۆشتنى به هاوڵاتیان، بڕیار وایه له‌ماوه‌ى ١٨ مانگدا دابه‌شكردنى كاره‌با به ئه‌لیكترۆنى بكرێت و نرخى نوێش دیاریبكرێت، وه‌زاره‌تى كاره‌با ره‌تیده‌كاته‌وه به ته‌واوى وه‌زاره‌ته بفرۆشرێت به‌ڵام ره‌تیناكاته‌وه ئیتر ئیشوكارى دابه‌شكردنى كاره‌با و كڕین و فرۆشتن و وزه لاى كه‌رتى تایبه‌ت ده‌بێت.
دۆخى كاره‌با ماوه‌ى چوار ساڵه به‌ته‌واوى چه‌قى به‌ستووه‌و دووره له گۆڕانكارى و چاكسازى، حكومه‌ت هیچ پشتیوانییه‌كى ئه‌و وێستگانه ناكات به گازوایل كارده‌كه‌ن و داخراون، كۆمپانیاكانى یه‌كێتى و پارتى له سلێمانى و هه‌ولێره‌وه كاره‌با به موسڵ ده‌فرۆشن و هه‌رێمى كوردستان بێ كاره‌بایه، خواستى خه‌ڵك دوو هێنده‌ى به‌رهه‌مى به‌ده‌ستهاتووه‌و حكومه‌ت به‌پێى به‌رنامه نوێكه‌ى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان نیازى زیادكردنى به‌رهه‌مى نییه، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت به‌رێگه‌ى ئه‌لیكترۆنى كۆنتڕۆڵى دابه‌شكردنى و كۆكردنه‌وه‌ى داهاته‌كه‌ى بكات.
ساڵى رابردوو پارتى و یه‌كێتى له حكومه‌ت پلانى ئه‌وه‌یان هه‌بوو كه وه‌زاره‌تى كاره‌با بفرۆشن به پێنج كۆمپانیاى حزب، به جۆرێك سێ كۆمپانیایان ئه‌ركى دابینكردنى كاره‌باى هه‌ولێر و دهۆك و دوو كۆمپانیاشیان كاره‌باى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه له ئه‌ستۆ بگرن، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانى خه‌ڵكى لێكه‌وته‌وه، چونكه نرخى كاره‌با له سه‌دا ٥٠ وە بۆ سەدا ١٠٠ زیادیدەکرد له‌سه‌ر هاوڵاتیان. نێچیرڤان بارزانى هه‌ر ساڵى رابردوو گوتى، ده‌یانه‌وێت پێدانى كاره‌با بكه‌ن به سیم‌كارت، ئه‌وه‌ش له‌رێگه‌ى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه جێبه‌جێده‌كرێت.
ئێستا چه‌ند كۆمپانیایه‌ك ده‌ستیان داوه‌ته ئیشه‌كه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى كاره‌با، ده‌یانه‌وێت هه‌موو هاوبه‌شه‌كانى كاره‌با به سۆفتوێرێكه‌وه ببه‌ستنه‌وه، له‌رێگه‌ى ئه‌و سۆفتوێره‌وه كۆنتڕۆڵى دابه‌شكردنى كاره‌باو زیاده‌ڕەویى بكرێت، هاوكات كۆمپانیاكان ده‌یانه‌وێت كڕینى كاره‌با یاخود له‌رێگه‌ى كارته‌وه بێت هاوشێوه‌ى كارتى یه‌كه‌ى مۆبایل، یاخود به‌پێوه‌رێكى زیره‌كى دیكه بێت كه به سۆفتوێره‌كه‌وه گرێده‌درێت، یاخود هه‌روه‌ك ئێستا به پۆست په‌ید پاره‌ى كاره‌باكه بۆ هاوڵاتیان بچێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه تا ئێستا روون نه‌بوونه‌ته‌وه.
به‌و هه‌نگاوانه‌ى حكومه‌ت ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌زاره‌تى كاره‌با به‌رنامه‌ى زیادكردنى به‌رهه‌مى نییه، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت به‌وبڕه كاره‌بایه‌ى كه‌هه‌یه له‌رێگه‌ى رێكخستنیه‌وه كاره‌با چاك بكه‌ن، ژماره‌ى هاوبه‌شانى كاره‌با له هه‌رێمى كوردستان ملیۆنێك و ٥٠٧ هه‌زار هاوبه‌شه كه ٥٧٠ هه‌زاریان له سلێمانین و ئه‌وانى دیكه له هه‌ولێر و دهۆكن، به‌رهه‌مى كاره‌با ئێستا سێ هەزار مێگاواتەو خواستى خه‌ڵكیش بۆ كاره‌با شه‌ش هه‌زار مێگاواتى تێپه‌ڕاندووه، به‌و حاڵه‌شه‌وه حكومه‌ت ناتوانێت ١٢ كاتژمێر كاره‌با بدات.
ئومێد محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى كۆنتڕۆڵى كاره‌باى هه‌رێمى كوردستان، بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد، ئێستا پرۆژه‌ى دانانى پێوه‌رى زیره‌ك ده‌ستیپێكردووه، كۆمپانیاكان هه‌رێمى كوردستانیان كردووه به چه‌ند زۆنێكه‌وه، ئه‌م زۆنانه به سۆفتوێرێكه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه و كۆمپانیاكان ورده‌كارییه‌كه‌ى جێبه‌جێده‌كه‌ن و پلانى ته‌واوبوونى ماوه‌ى ١٨ مانگی بۆ دانراوه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى كاره‌با گوتیشى"ئێمه ئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌مان بۆ كردووه له وه‌زاره‌ت، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ى كاره‌با كه هه‌مانه به‌رهه‌مێكى گه‌وره‌یه‌و گرفت له جۆرى دابه‌شكردنه‌كه و زیاده‌ڕه‌وییه‌كه‌یه، جگه له كۆنتڕۆڵكردنى خواست رێگه چاره‌ى دیكه نییه، ئێمه كه‌رتى تایبه‌ت هاوبه‌ش ده‌كه‌ین له ته‌واوكردنى پڕۆژه‌ى پێوه‌رى زیره‌ك و سه‌رپه‌رشتى ئیش و كارى كڕین و فرۆشتنى وزه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به دیاریكردنى نرخ جارێ زووه بۆ ئه‌وه".
حكومه‌ت ماوه‌ى چوار ساڵه گازوایل بۆ یه‌كه‌كانى كاره‌با دابین ناكات و ئه‌و گازه سروشتییه‌ى كه هه‌یه به یه‌كه‌كانى ده‌دات، نرخى هه‌ر كیلۆواتێك كاره‌با به به‌كارهێنانى گاز وایل ٣٠ سه‌نت ده‌كات، به‌ڵام به گازى سروشتى ئه‌و بڕه كاره‌بایه به چوار سه‌نت به‌رهه‌م دێت، بۆیه حكومه‌ت قوفڵى له‌و وێستگانه‌ى داوه كه به گازوایل ئیش ده‌كه‌ن، ته‌نها دوو وێستگه‌ى دهۆك نه‌بێت كه پێویستیان بەیەک ملیۆن و ٧٠٠ھەزار لیتر گازوایل ھەیەو حكومه‌ت گازوایلیان بۆ دابینده‌كات، به‌ڵام به نرخێكى گرانتر له نرخى ئاسایى گازوایل كه به گوته‌ى چه‌ند په‌رله‌مانتارێك حكومه‌ت به نرخى دوو هێنده ئه‌و گازوایله له چه‌ند كۆمپانیایه‌كى حزبى ده‌كڕێت.
له‌ئێستادا له كۆى سێ هەزار مێگاواتى كاره‌باى به‌رهه‌مهێندراو له هه‌رێمى كوردستان دووهه‌زار مێگاواتى پشت به گازى سروشتى كۆرمۆر ده‌به‌ستێت، له‌كاتێكدا به‌رنامه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى گازى سروشتى هه‌رێمى كوردستان هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه بكرێت، به‌وه‌ش دوورنییه هه‌وڵه‌كانى چاككردنى دۆخى كاره‌با سفر بكاته‌وه، چونكه حكومه‌ت گازوایل دابین ناكات، به‌ڕێوه‌به‌رى كۆنتڕۆڵى كاره‌باى هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌م پرسه، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، ئه‌وان ئاگادارى ئه‌وه‌نین گازى سروشتى ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه بكرێت، ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه گازى سروشتییان له كۆرمۆره‌وه بۆ دابینده‌كرێت، تا ئێستا باسى نه‌مانى نه‌كراوه تا پلانى جێگره‌وه‌یان هه‌بێت.
كێشه‌یه‌كى دیكه‌ى كاره‌با له هه‌رێم به‌هۆى بازرگانى كاره‌باى نێوان هه‌رێم و شاره‌كانى خوارووى عێراقه‌وه‌یه، ساڵى رابردوو لێدوانێكى به‌یان سامى عه‌بدولره‌حمان نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له ئه‌مریكا كاردانه‌وه‌ى زۆرى لێكه‌وته‌وه كاتێك گوتى، حكومه‌تی هه‌رێم كاره‌باى بۆ هه‌موو ناوچه‌كان دابینكردووه و بیر له هه‌نارده‌كردنى كاره‌با ده‌كاته‌وه بۆ شاره‌كانى خواروى عێراق، بۆ خه‌ڵك ئه‌وه روون نه‌بوو هه‌رێم خۆى كاره‌باى نییه چۆن ده‌یبه‌خشێت، به‌ڵام له راستیدا داهاتى زۆرى ئه‌و كاره‌بایه بۆ حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هه‌نارده‌كردنى ئه‌و كاره‌بایه‌ى كردووه به راستى.
ئه‌وه‌ى كه روونه ئێستا كۆمپانیاكانى یه‌كێتى و پارتى له‌نێوان ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ مێگاوات كاره‌با به موسڵ ده‌فرۆشن، ئه‌وه‌ى بۆ هاوڵاتیان ناروونه ئایا ده‌ستى حكومه‌ت له‌م بازرگانییه هه‌یه یاخود نا؟ بۆچى ئه‌و كاره‌بایه به هه‌رێمى كوردستان خۆى نادرێت؟ به‌ڵام ئه‌و كاره‌بایه داهاتێكى باشى بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه هه‌یه و حكومه‌تیش بیانوى ئه‌وه‌ى هه‌یه كه ناتوانێت كاره‌با بكڕێت، بۆیه ئه‌و كۆمپانیایانه به ناچارى ده‌بێت كاره‌باكه به ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم بفرۆشن.
ساڵى رابردوو نێچیرڤان بارزانى له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌وان وه‌ك و حكومه‌ت پاڵپشتى كه‌رتى كاره‌بایان راگرتووه، به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى كاره‌باش چه‌ند جارێك باسیان له‌وه‌كردووه، ژێرخانى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له هه‌رێمى كوردستان كێشه‌ى نییه، به‌ڵام حكومه‌ت ناتوانێت كاره‌با بكڕێت و گازوایل بۆ یه‌كه‌كان دابین بكات.
ره‌نگه حكومه‌ت له رێگه‌ى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه سه‌رئێشه‌ى كاره‌با له كۆڵ بكاته‌وه‌و داهاتێكى باشیش له هاوڵاتیان كۆبكرێته‌وه، بۆیه بێ ئه‌وه‌ى به‌رنامه‌یه‌كى ئه‌وتۆ بۆ زیادكردنى كاره‌با و چاكسازى تۆڕه‌كان رابگه‌یه‌ندرێت، فرۆشتنى كاره‌باو كۆنتڕۆڵكردنى خواستى خه‌ڵك به‌كه‌رتى تایبه‌ت سپێردراوه، ورده‌كارى و زانیارییه‌كانیش له‌سه‌ر نرخه‌كه‌ى و كاتژمێره‌كانى زیادكردنى كاره‌با و چۆنێتى كڕینه‌كه‌ى و لایه‌نى فرۆشیار و كۆكه‌ره‌وه‌ى پاره‌كه بۆ خه‌ڵكى ناروونه و زانیارى و به‌رچاو روونى به هاوڵاتیان نه‌دراوه.