06:50 - 29/01/2019
یه‌كێتى عه‌وداڵى كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى لایه‌نه‌كانه‌و بۆ سێقۆڵى دردۆنگه
له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى دانوستانى لایه‌نه‌كانه‌وه، یه‌كێتى چه‌ندجارێك له ده‌رگاى گۆڕ‌انى داوه بۆ كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى، هاوكات مه‌رجیشى بۆ كۆبوونه‌وه سێ قۆڵییه‌كان ئه‌وه‌یه پێشتر كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى بكات له‌گه‌ڵ پارتى یاخود گۆڕان، هه‌روه‌ها داواى رێككهوتتنى دووقۆڵیشى له كۆمه‌ڵ كردووه، به‌ڵام بۆ كۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى ئه‌و حزبه ئاماده نییه و ترسى هه‌یه له‌سه‌ر مێزى سێقۆڵى ئه‌وه‌ى ده‌یه‌وێت له‌ده‌ستیبدات و كێشه ناوخۆییهكانیشى قوڵتربێته‌وه.
به‌گوته‌ى رۆژنورى شاوێس ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى هۆكارى ئه‌نجامنه‌دانى كۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى یه‌كێتى بووه‌و ئه‌و حزبه بۆ كۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى ئاماده نه‌بووه، ئه‌وه‌ى مایه‌ى سه‌رنجه له ماوه‌ى رابردوو یه‌كێتى چه‌ندین جار داواى كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى له‌لایه‌نه‌كان كردووه، به‌ڵام بۆ كۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى هه‌ستیاره، پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى بڵاوكردبووه‌وه كه یه‌كێتى داواى له پارتى كردووه، پێش ئه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى بكرێت، كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى نێوان پارتى و یه‌كێتى بكرێت و هه‌ردوولا پێكه‌وه سه‌ردانى گۆڕان بكه‌ن، به‌ڵام پارتى ئه‌و داوایه‌ى قبوڵنه‌كرد راسته‌وخۆ كۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى ده‌ویست.
هاوكات یه‌كێتى چه‌ندین جار و له‌چه‌ند شوێنێكه‌وه هه‌وڵى كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى دابوو له‌گه‌ڵ گۆڕان پێش كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ پارتى، به‌ڵام به‌چه‌ند هۆكارێك گۆڕان ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ى ره‌تكرده‌وه، به‌گوته‌ى عه‌بدوستار مه‌جید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سیاسى كۆمه‌ڵ، یه‌كێتى داواى له‌وانیش كردووه كه رێككه‌وتنى سیاسى دووقۆڵى بكه‌ن و پێیان گوتوون كه یه‌كێتى پێى باشه پێش هه‌ر لایه‌نێك له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ رێككه‌وتنى دووقۆڵى بكات.
له ده‌ستپێكى دانوستانهكهوه یه‌كێتى عه‌وداڵى كۆبوونه‌وه‌ى دوو قۆڵیه ئیتر له‌گه‌ڵ هه‌ركام له‌و لایه‌نانه بێت، ره‌نگه دۆخى ناوخۆى یه‌كێتى و سه‌قفى داواكانى لهپارتى و وه‌ڵامى ئه‌و حزبه فاكته‌رى سه‌ره‌كى بن بۆئه‌وه‌ى یه‌كێتى بیه‌وێت له‌رێگه‌ى كۆبوونه‌وه دووقۆڵییهكانهوه فشار بكات، تا شوێنى خۆى له حكومه‌تى نوێ فراوان بكات و فایلى كه‌ركوك و بهغدادیشى له‌ده‌ست وه‌ربگیرێت.
ئامانجى یه‌كێتى له كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ گۆڕان پێناچێت نێتێكى ته‌واو بێت بۆ ساغكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه لهجێچووهكهیان، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى ئه‌و حزبه مه‌به‌ستى بوو له‌رێگه‌ى گۆڕانهوهى فشارى زیاتر دروستبێت له‌سه‌ر پارتى بۆ ئه‌وه‌ى له‌پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌ست شل بكات، هاوكات وێنه‌یه‌كى واش پیشانى پارتى بدات كه په‌یوه‌ندى یه‌كێتى و گۆڕان به‌ره‌و ئاسایبوونه‌وه ده‌چێت و بژارده‌ى زیندوكردنه‌وه‌ى رێككه‌وتننامه‌ى ده‌باشان له‌سه‌ر مێزه، له‌و هاوكێشه سێ سه‌ره‌ش یه‌كێتى براوه ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌م پلانه‌ى به‌هۆى جیڕى گۆڕانه‌وه سه‌رینه‌گرت و له‌سه‌ر مێزێك دانه‌نیشتن.
گۆڕان هه‌م له یارییه‌كه ئاگادار بوو، هه‌م دوایین ئه‌زمونى پێكه‌وه‌یى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى تاڵ بوو، كاتێك چه‌ند رۆژێك پێش هه‌ڵبژاردنى ٣٠ ئه‌یلول له‌ئاستى باڵا پێشوازى له شاندى یه‌كێتى كردوو هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر دواخستنى هه‌ڵبژاردن، چونكه گۆڕان پێى وابوو زه‌مینه له‌بارنییه بۆ هه‌ڵبژاردن و دواى رووداوه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ١٢ی ئایارى ساڵى رابردوو خه‌ڵكى ناڕازى ئاماده‌نین بچنه سه‌ر سندوقه‌كانى ده‌نگدانن، به‌ڵام یه‌كێتى چه‌ند رۆژێك دواتر پشتى له گۆڕان كرد.
هه‌روه‌ها یه‌كێتى ده‌یویست له كۆبوونه‌وه‌ى تایبه‌تى له‌گه‌ڵ پارتى پێش كۆبوونه‌وه‌ى سێ قۆڵى، گۆڕان وه‌ك پێكهێنه‌رى لاوه‌كى حكومه‌ت ده‌ربخات و پێشوه‌خت له‌گه‌ڵ پارتى كارته‌كانى خۆى جێگیربكات و ئه‌وه‌ى به پشكى خۆى ده‌یزانێت نه‌یخاته سه‌ر مێزى كۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى، چونكه ده‌زانێت له كۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى شت به‌ده‌ستناهێنێت ئه‌گه‌ر پێشوه‌خت ئاماده‌كارى بۆ نه‌كردبێت لاى جه‌مسه‌رى نیلى یان زه‌رده‌وه.
هه‌روه‌ها ئامانجى نزیكبوونهوهشى له‌كۆمه‌ڵ، گه‌وره پیشاندانى قه‌باره‌و سه‌نگى خۆیه‌تى له دانوستانه‌كان، بۆ كۆمه‌ڵیش ئه‌مه بژارده‌یه‌كى خراپ نییه بۆ لابردنى ئه‌و گه‌مارۆیه‌ى پارتى له‌سه‌رى داناوه، تا ئێستا هیچ كام له‌و هه‌وڵانه‌ى یه‌كێتى نه‌بوونه‌ته جووڵه‌ى سیاسى، بۆیه هه‌ر به شێوازى خۆى له‌گه‌ڵ پارتى سه‌رقاڵى دانوستانه به‌ڵام به‌زمانى سیاسى جیاواز كه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له هه‌ڕه‌شه‌و حه‌زى زۆرى ئه‌و حزبه بۆ قایمكردنى پێگه‌ى خۆى له كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت و قۆناغى نوێى سیاسى.
كێشه ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتى دیسان رێگرن له‌وه‌ى حزبه‌كه بێته سه‌رمێزى كۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى، ئه‌و كێشانه زیاتر حزبهکەى ههستیاركردووه له هه‌نگاوه‌كانى، چونكه ده‌زانێت له كۆبوونه‌وه سێ قۆڵییه‌كان ئه‌گه‌ر زۆره بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى تێدابدرێت، كه‌شوهه‌واى ناوكۆبوونهوهكهش ئه‌گه‌رى لاوازه به‌دڵى هه‌ردوو باڵه سه‌ره‌كییه‌كه‌ى یه‌كێتى بێت، به‌ڵكو ره‌نگه ته‌رازووه‌كه بهلایهكهدا بشكێته‌وه‌و لاكه‌ى دیكه به ده‌ستى به‌تاڵ لێى ده‌ربچێت.
له‌لایه‌كى دیكه له ئه‌گه‌رى گۆڕانكارى له پۆسته‌كان له كۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى ئه‌وكات رێككه‌وتنى ناو باڵه‌كانى یه‌كێتى زۆر قورس‌تر ده‌بێت، چونكه ئێستا كێشه‌كانى ئه‌و حزبه‌و بابه‌تى كۆنگره و پۆستى سكرتێرى به ته‌واوى له پۆسته‌كانى حكومه‌تى نوى ئاڵاوه، پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى بڵاوكردبووه‌وه كه ئاماده‌یه ده‌ستبه‌ردارى پۆستى سكرتێرى یه‌كێتى بێت به‌و مه‌رجه‌ى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ ده‌ربازى كوڕى بێت واته لاى یه‌كێتى پۆسته‌كانى حكومه‌ت و ناوخۆى حزبه‌كه یه‌ك پاكێجه.
ئێستا گۆڕان پێداگره له‌وه‌ى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى پێبدرێت، له‌به‌رامبه‌ردا جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم به یه‌كێتى بدرێت، گۆڕان بیانووى ئه‌وه‌یه له خولى پێشوو كاتێك گۆڕان دووه‌م بوو، ئه‌وا پۆسته‌كانى سه‌رۆكى حكومه‌ت سه‌رۆكى په‌رله‌مان، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ سێ لایه‌نى جیاواز بوو، دوولهو پۆستانه لاى لایه‌نێك نه‌بوون، یه‌كێتى ده‌زانێت ئه‌گه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت بخرێته‌وه سه‌ر مێزى گفتوگۆ و له‌ده‌ستى بدات له‌به‌رامبه‌ر بژارده‌ى دیكه‌دا ئه‌وا ریسى چاره‌ى كێشه ناوخۆییه‌كانى ده‌بێته‌وه خورى بۆیه ده‌یه‌وێت پێش كۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى ئه‌و پۆستانه بۆخۆى ساغ بكاته‌وه.
هۆكارێكى دیكه كه‌وایكردووه كه یه‌كێتى له‌هه‌مبه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى دردۆنگ بێت، ئه‌وه‌یه كه پارتى ده‌یه‌وێت پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت له كۆبوونه‌وه‌ى سێ قۆڵى راسته‌وخۆ له‌نێوان گۆڕان و یه‌كێتى یه‌كلابكرێته‌وه، ئه‌وش چاره‌نوسى پۆسته‌كه بۆ یه‌كێتى زیاتر لێڵ ده‌كات، چونكه ئه‌گه‌ر پۆسته‌كه‌ش به‌رێته‌وه ده‌بێته له‌به‌رامبه‌ردا شتى دیكه له‌ده‌ستبدات به‌ده‌ستى پڕه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه.
هۆكارێكى دیكه كه‌وایكردووه یه‌كێتى زیاتر به شوێن كۆبوونه‌وه دووقۆڵییهكانهوه بێت، واقعى ئێستاى حزبه‌كه‌یه قۆناغى ئێستاى ئه‌و حزبه پڕه له رووداوى خێرا‌و گۆڕاو كۆبوونه‌وه‌كانى وه‌ك تاكتیكى كورتخایه‌ن ده‌وێت، بڕیارى جێگیرى كه‌مه و چه‌ند كه‌سێك به ئاراسته‌ى جیاواز سه‌وڵ له به‌له‌مى یه‌كێتى ده‌ده‌ن متمانه‌ش كه‌مه له‌نێوان جه‌مسه‌ره‌كانى حزبه‌كه، پارتى و گۆڕان زیاتر به‌رچاویان روونه‌و دۆخى ناوخۆیان به‌راورد به یه‌كێتى گونجاوتره، بۆیه بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ یه‌كێتى هه‌روا ئاسان نییه به‌تایبه‌ت بڕیارێك له‌كۆبوونه‌وه‌ى سێ قۆڵییه‌وه له‌دایك بێت، بۆیه‌ش پێش وه‌خت پێویستى بهمانۆڕى تۆكمه‌و دڵنیایى زۆر هه‌یه.