ڕاپۆرتی کوردستانی

07:58 - 30/01/2019

تا هاتەوە ژنەكەی شووی كردبوو‌

عومەر عەبدول

لە سەرو بەندی جەنگی کاولکاری نێوان (عێراق و ئێران 1980-1988) کە جەنگ تەواوی بنەما مرۆیی و یاسایی و کلتوریەکانی تێک شکاندبو، لەو جەنگەدا هەزاران خەڵكی سڤیل بوونە قوربانی هەریەكێك لەوانەش چیرۆك و حەكایەتی تایبەت بە خۆیان هەیە. 
یەکێک لەو قوربانیانە (فەرید عزیز) کە دانیشتوی گوندی (ئەحمەد ئاوا) ی نزیک شارۆچکەی خورماڵە، چەند ڕۆژێک پێش کارەساتی كیمیایی بارانی هەڵەبجە لە (16/3/1988) کارگوزار دەبێ لە پەروەردەی هەڵەبجە و لەلایەن چەند فەرمانبەرێکی هاوڕێی تەکلیف دەکرێت کە لە بازاڕ (لەفە) یان بۆ بهێنێت . ئەو سەردەمەش بۆردومانی شارەکان یەکێک بو لەو کارت و فشارانەی هەردو وڵات بەکاریان دەهێنا بۆ پیشاندانی توانا سەربازیەکانی خۆیان و چاندنی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاونیشتیمانیانی سڤیل . 

بەهەر حاڵ ئەم هاوڵاتییە لەو کاتەدا دەڕواتە دەرەوەو بەهۆی ئەو تۆپبارانە وە بریندار دەبێت و دوو ڕۆژ پێش کارەساتی شانزەی سێ داخڵی نەخۆشخانە دەکرێت و چارەسەر وەردەگرێت ، کاتێ کە هێرشی سەر هەڵەبجە ڕوو دەدات و جۆرێک لە جۆرەکان هیچ شتێک لە شوێنی خۆی نامێنێت و (فەرید) لەناو ئەو بێسەرو بەریەدا لە مەرزێکی لاوەکی سەر سنوورەوە و لە ڕێگای نزیکەکانیەوە دەبرێتە شاری (سنە) و لە یەکێک لە بیماریستانەکان دەخوێنرێت و دواتر لە ڕێگای کەسێکەوە ڕاپۆرتێکی لە دژ دەدرێت کە گوایە (فەرید) سەربازی ڕژێمی بەعسەو دواتر لە ڕێگای هێزە ئەمنیەکانەوە قوڕەکەی بۆ خەست دەبێتەوە و وەک دیلی جەنگ ناوی دەچێتە ناو ڕەچەتەی نەخۆشخانەکە و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی سەربازی دەکرێت و دەبێتە یەکێک لە دیلەکانی جەنگی نێوان (ئێراق و ئێران) 
 ئیتر چیرۆکەکە دەست پێ دەکات فەرید هەرچی هەوڵدەدات و ڕتی ئەکاتەوە کە ئەو سەرباز نیە، بەڵام چونکە هیچ بەڵگەیەکی نابێ بۆ پشتڕاستکردنەوەی و پاشان کارەساتی هەڵەبجەش خەڵکی تەواو شپرز و سەرگەردان کردوە، بۆیە کەس و کارەکەیشی لەو كاتانەدا ناتوانن بەدوای کە ئیشەکەیەوە بن و دوای ماوەیەک پۆشاکی دیلی جەنگی لەبەر دەکەن و هیچ هیوایەک نامێنێت بۆ ڕزگار بونی و ئاشکرا کردنی ڕاستیەکان.

(فەرید) ئیتر دەست و پەنجە نەرم دەکات لە گەڵ ڕوداوەکە دا و ئەمڕۆ دەداتە دەست سبەی سا بەڵکو دەرگایەک بە ڕویدا بکرێتەوە و ڕزگاری ببێت، بەڵام ئەو چاوەڕوانیە سیانزە ساڵی ڕەبەق درێژە ئەکێشێ....! 
لەو ماوەی سیانزە ساڵیەی چاوەڕوانی یەدا دەیان چیرۆكی سەیرو سەمەرە هەن تەنا سێ چیرۆکی کاریگەری (فەرید) لەناو زیندانەوە  دەگوازینەوە ئەو کاتانەی (فەرید) لەناو زیندان بەسەری برد و ئەو ڕوداوانەی بەسەری هات بەسن بۆ ئەوەی کەسێک موەکانی سپی ببن و ئیتر بۆ هەرگیز نەتوانێ وەک خۆی بژی و بیربکاتەوە.

چیرۆکی یەکەم : لەماوەی ئەو سیانزە ساڵە کوڕێکی خەڵکی سلێمانی کە تازە هاوسەرگیری کردوە و ئەڵقەی دەزگیرانی لەدەست دەبێت و بەهۆی فشاری زۆرەوە توشی نەخۆشی دەرونی دەبێت و تەواوی ئەو ساڵانە (فەرید) ئاگای لێی دەبێت و چونکە دەستی وەشاندوە و خەڵکی تری بریندار کردوە، کەلەپچە لەدەستی دەبێت و لەبەر ئەوەی تەنها (فەرید) توانیویەتی ئارامی بکاتەوە لایەکی کەلەپچەکەش کراوەتە دەستی (فەرید) و واتە (فەرید) دوو جار دەبێتە دیل لەناو یەک زیندان.. کاتێكیش پێكەوە ئازاد دەبن (فەرید) تا ئەم هاوڕێیەی رادەستی ماڵەوەیان نەکاتەوە ناگاڕێتەوە بۆ ماڵی خۆی.. پاشان چونکە خانەوادەی ناوبراو هەواڵی کوڕەکەیان نەزانیوە و بێئاگابوون كە حاڵی وای لێهاتوە، بۆیە کاتێک (فەرید) دەیباتەوە کوڕەکەیان ناناسنەوە و تا ئەو حاڵەتە ئاسایی دەبێتەوە دیمەنەکە جەرگ دەبڕێ و گریان و شینی ناسینەوە و دێوانەیی کوڕەکە دەبێتە شایی و شینێکی بێ وێنە.

چیرۆکی دووەم : لە کۆتایی تەواو کردنی ماوەی زیندانییەکەی و هەواڵی ئازاد بونیان لە چوار چێوەی پرۆسەی ئاڵ و گۆڕی دیلیەکانی نێوانیان ، ئەو هەرچەندە ماوەی سیانزە ساڵی تەواو چاوەڕێی رۆژێكی لەو شێوەیە بوو بەڵام دڵ و دەروون و هەستی مرۆڤانەی بڕیارێكی تری پێدەدەن. لەنێو ئەو كەسانەی كە لە قاوشێكی زیندانەكەدا دەبن ئەفسەرێک توشی نەخۆشی شێرپەنجە بوە و پزیشک تەنها چەند مانگێکی بۆ داناوە کە گیان لەدەست بدات، لەو سەرو بەندەدا ناوی (فەرید) لە وەجبەی یەکەمی پرۆسەی دیل بەدیل دەر ئەچێت، بەڵام ئەوەی کە کەس بە خەیاڵیدا نایەت ڕوو دەدات ،( فەرید) دەچێتە لای بەرپرسانی زیندانەکە و داوایان لێدەکات ناوی ئەم بسڕنەوە و لە شوێنیدا ناوی ئەو ئەفسەرە دابنێن بۆ ئەوەی ئەو چەند مانگە لەگەڵ مناڵ و کەس و کارەکەیدا بژی ، هەرچەندە لەسەرتاوە ئەم داوایە رەت دەكرێتەوە بەڵام لەبەر سوور بوونی لەسەر داواكەی و تێگەیاندنی بەرپرسانی زیندان لە حاڵەتەكە وە بەرپرسی زیندان بە داواکەی رازی دەکات و ئەو نەخۆشە لەبری خۆی دەنێرێتە دەرەوە.

 

چیرۆکی سێیەم : دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند مانگێکی دیکە دەمێنێتەوە (فەرید) لئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە لەناو ئاپۆرای پێشوازی کردن لە (فەرید) لە لایەن کەس وکاریەوە مێرمنداڵێک زیاتر لە ئەوانی دیکە هەوڵی هاتنە پێشەوە دەدات بۆ ئەوەی چاوی بەم پیاوە بکەوێت، بەڵام (فەرید) لەو قەرەباڵغی و هیلاکیەدا پاڵێک بەم مێرمنداڵە چاوگەشەوە دەنێت و دەڵێت ڕۆڵە گیان بڕۆنە دواوە... بەڵام لە پڕ دەنگی ئەم مێرمنداڵە وەک بۆمبێک تەواوی یادەوەریەکانی (فەرید) دەتەقێنێتەوە و بە هەناسەیەک پڕ لە چاوەڕوانیەوە ڕوو بە (فەرید) دەڵێت : باوکە من سیانزە ساڵە چاوەڕوانی تۆ دەکەم کەچی تۆ پاڵم پێوە دەنێیت...

 ئیتر دەنگی گریان و شین جارێکی دیکە ئەو ناوە دەکاتە دیمەنێکی جەرگبڕ و فرمێسک بە چاوی هەموانەوە ڕێچکە دەبەستێت 
فەرید ئەو کاتەی لە ساڵی 1988 بەبرینداری ئاگای لە كەس و كاری نامێنێت وبە حسابی سەربازی عێراقی دیل دەکرێت خێزانی هەبوەو خاوەنی دوو منداڵ بوو ، بەڵام بە داخەوە دواتر بەهۆی نەمانی هەواڵی مان و مردنی . بەناچاری خێزانەکەی شوو دەکاتەوە دواتریش جیادەبنەوە . ئێستا (فەرید) خێزانی نوێی پێک هێناوەو لە گوندی(ئەحمەد ئاوا)ی سەربەناحیەی خوماڵی پارێزگای هەڵەبجەو لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە پاسەوانی قوتابخانەیە.