05:19 - 31/01/2019
سه‌بره‌كه‌ى كۆمه‌ڵ گاڵ دێنێت یان په‌موو؟
کوردەواری دەڵێت سەبر تاڵەو بەرهەمەکەی شیرینە، كۆمه‌ڵ له ده‌ره‌وه‌ى گۆڕه‌پانه‌كه سه‌برى زۆرى گرت بۆ ئه‌وه‌ى گه‌مارۆكه‌ى سه‌رى هه‌ڵبگیرێت و ده‌ست به یارى بكاته‌وه، له‌ژێر فشار و هه‌ڕه‌شه‌ى كادیره نارازییه‌كانیدا بوو له‌به‌ر چاوه‌ڕوانیه زۆره‌كه‌ى بۆ هاتنى پارتى، به‌ڵام پێده‌چێت ئێستا بایه‌كه به ئاراسته‌ى شه‌نى كۆمه‌ڵ بێت، له یه‌ك كاتدا له چوارلاوه له‌ده‌رگاى دراوه، پارتى به‌په‌له شاندێكى ره‌وانه كرد كاتێك زانى یه‌كێتى ده‌ستپێشخه‌رى رێككه‌وتنى بۆ كردووه‌و گۆڕانیش چاوى له‌وه‌یه له شه‌قام بێت یان له حكومه‌ت، كۆمه‌ڵ هاوڕێكه‌ى جارانى بێت، بەڵام بۆ ئەوەی کۆمەڵ بەرهەمی ئارامگرتنی بخوات هێشتا زووە.
هه‌ڵبژاردنى ٣٠ ئه‌یلولى ساڵى رابردوو بۆ ئۆپۆزسیۆن شۆكێكى گه‌وره بوو، ساڵى نه‌هاتى هێزه مه‌ده‌نییه‌كان بوو، به‌ڵام كۆمه‌ڵ خراپ له‌و گێژاوه نه‌هاته ده‌ره‌وه، كاتێك توانى كورسییه‌كیش بۆخۆى زیاد بكات و ببێته یه‌كه‌مى هێزه ئیسلامییه‌كان، حزبه‌كه‌ى عه‌لى باپیر و كۆنه نه‌هزه‌كان بڕیارى خۆى نه‌دا ١٢٠ رۆژە چاوەڕێی گفتوگۆیه و خواستى هه‌یه به‌شدار بێت له حكومه‌ت، ١١ كۆبوونه‌وه‌ى رابردووى نێوان لایه‌نه‌كان كۆمه‌ڵ له‌ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى گفتوگۆكان بوو، پارتى وا خۆى ده‌رنه‌خست كه منه‌تێكى ئه‌وتۆى هه‌بێت بۆ به‌شدار ئه‌و حزبه به‌ڵام كه‌شوهه‌واى سه‌رمێزى گفتوگۆكان ئاڕاسته‌ى دۆخه‌كه‌ى به‌ره‌و ده‌رگاى كۆمه‌ڵ گۆڕى.
ئه‌و چاوه‌ڕوانییه زۆره كۆمه‌ڵى رووبه‌ڕووى ره‌خنه كرده‌وه واهاته پێش چاو حزبێكى په‌راوێزخراوه، ره‌خنه گران ده‌ڵێن، حزبه‌كه به روونى ده‌یزانێت پارتى به‌شدارى كۆمه‌ڵى پێخۆش نییه به‌ڵام هه‌ر چاوه‌ڕوانى سه‌ردانى پارتییه و بڕیار نادات ببێت به ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام جموجوڵه‌كان ئاماژه‌ى دیكه‌ى هه‌یه، پێناچێت كۆمه‌ڵ ئه‌و حزبه پشتگوێخراوه‌بێت كه باس ده‌كرێت، بۆچوونى دیكه‌ش هه‌ن كه چاوه‌ڕوانییه‌كه‌ى كۆمه‌ڵیان له بڕیارى په‌له‌پروزێ پێ گونجاوتربوو، ئه‌وان ده‌ڵێن پشودرێژى جه‌وهه‌رى سیاسه‌ته، بۆیه كۆمه‌ڵ له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتووبوو كه به‌رگه‌ى فشاره‌كان و ناڕه‌زاییه‌كانى گرت تا دیمه‌نه سیاسییه‌كه‌ى له‌به‌رچاو روونبێته‌وه.
ئێستا كۆمه‌ڵ بژارده‌ى جیاوازى له به‌رده‌سته‌و وه‌ك پێشوو چوونه‌وه شه‌قام ته‌نها بژارده‌ى نییه، له كۆبوونه‌وه‌كانى رابردووى لایه‌نه‌كانى دانوستان ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆ به‌ده‌ستنه‌هات، ره‌نگه پارتى هه‌ستى به‌وه كردبێت كه هه‌ڵه ده‌كات ئه‌گه‌ر هه‌موو هێلكه‌كانى بخاته سه‌به‌ته‌ى دانوستانه‌كانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى، به‌وجۆره هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه پارتى ده‌رفه‌تى به یه‌كێتى دا كه داوا‌و مه‌رجى زۆرى هه‌بێت، بۆیه هێشتنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵ له ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى دانوستانه‌كان بۆ پارتى بێ زیان نه‌بوو چونكه چه‌نده رووبه‌رى گفتوگۆگان فراوانتر بێت و دانوستانكاره‌كان زۆرتربن، پێگه‌ى پارتى له گفتوگۆكان به‌هێزتر ئه‌بێت.
ره‌نگه هه‌ر ئه‌و هۆكاره‌ش بووبێت كه وایكرد پێش كۆبوونه‌وه‌ى فه‌رمى، نێچیرڤان بارزانى دوور له‌چاوى كامێرا‌كان و له شه‌ودا خۆى گه‌یاندبووه ماڵى عه‌لى باپیر له هه‌ولێر، پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌و كۆبوونه‌وه‌و ناوه‌رۆكه‌كه‌ى بڵاوكرده‌وه، هۆكارێكى دیكه‌ش كه پارتى ناچاركرد له ده‌رگاى كۆمه‌ڵ بدات، هه‌وڵه‌كانى یه‌كێتى بوو بۆ نزیكبوونه‌وه‌ى له كۆمه‌ڵ، یه‌كێتى كه مه‌به‌ستى بوو له‌رێگه‌ى هێزه‌كانى دیكه‌وه پێگه‌ى خۆى به‌رامبه‌ر پارتى قه‌به‌تر پیشان بدات، بۆ ئه‌وه‌ش یه‌كێتى له ده‌رگاى گۆڕان و كۆمه‌ڵیشى دا، ته‌نانه‌ت دواى یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى له هه‌ولێر بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، تیمى یه‌كێتى و كۆمه‌ڵ راسته‌وخۆ له هه‌مان رۆژدا كۆبوونه‌وه، گۆڕان وه‌ڵامێكى ئه‌رێنى بۆ یه‌كێتى نه‌بوو، به‌ڵام كۆمه‌ڵ په‌یامى ئه‌وه‌ى گه‌یاند كه لارى نییه له هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى.
عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سیاسى كۆمه‌ڵ پێش كۆبوونه‌وه‌كه‌ى حزبه‌كه‌ى و پارتى، سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆمه‌ڵ و حزبه‌كه‌ى گوتى، لەگەڵ برادەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان باسێک له رێككه‌وتنێكى دووقۆڵى كراوه"ئەوان پێیان وتین پێمان باشە پێش ھەموو حزبێک لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی رێکبکەوین و رێککەوتنی دوو قۆڵیمان ھەبێت. ئێمەش پێشوازیمان لەو پێشنیارەی ئەوان کردووەو پێمان باشە".
پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى زانیبوو، یەكێتی دەستپێشخەری بۆ رێككەوتنی دووقۆڵی خستووەتە بەردەم كۆمەڵی ئیسلامی و بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو هەردوو حزب بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر ئەو تەوەرە كۆببنەوە، به‌ڵام پێش ئه‌وه كاتى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌بێت پارتى خۆى گه‌یانده باره‌گاى كۆمه‌ڵ. پڕۆژه‌كه‌ى یه‌كێتى كه زۆرتر باڵى ماڵى تاڵه‌بانى پشتیوانى ده‌كه‌ن، بریتییه له‌وه‌ى یەكێتی بەناوی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی دەباشان هەوڵ دەدات لەگەڵ بزوتنەوەی گۆران نزیك بێتەوە و هه‌ردوولاش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ رێككەوتنی سێ قۆڵی واژۆ بكەن.
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش خواستى زۆرى بۆ به‌شدارى كۆمه‌ڵ هه‌یه له كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت و بۆ ئه‌وه‌ش به‌فه‌رمى داواى ئاڕاسته‌ى پارتى كردبوو، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، گۆڕان چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا په‌یامێكى ئاڕاسته‌ى كۆمه‌ڵ كردووه‌و داوایكردووه، كۆمه‌ڵ به‌شداربێت له حكومه‌ت و بەیەكەوە بەتیمێكی بەهێزی حكومی و بەپشتیوانی یەكتر دەست بۆ چاكسازی لەجومگە هەستیارەكانی حوكمڕانی دەبەن و هەوڵدەدەن پاكێجەكانی پێشوو جێبەجێبكەن.
كۆمه‌ڵ ده‌ڵێت، چاوه‌ڕێیه به‌رنامه‌ى حكومه‌تى بۆ روونبێته‌وه‌و پشكى خۆى بزانێت، ئه‌وجا بڕیار له‌باره‌ى چوونه حكومه‌ت یاخود ئۆپۆزسیۆن بوون بدات، عه‌لى باپیر له‌دوایین قسه‌ى پێش كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى گوتى"مه‌رج نییه كه پارتی سه‌ردانیكردین بچینه نێو حكومه‌ته‌وه، به‌ڵكو ده‌كرێت نه‌گه‌ینه ئه‌نجام و ئۆپۆزسیۆن بین".
جگه له گۆڕان و پارتى و یه‌كێتى، پێشتر نه‌وه‌ى نوێش له ده‌رگاى كۆمه‌ڵى دابوو، شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌كه نامه‌یه‌كى فه‌رمى ئاراسته‌ى ئه‌میرى كۆمه‌ڵ كردوو داواى كارى پێكه‌وه‌یى لێ‌كرد، په‌یسه‌ر زانیارى ئه‌وه‌ى ده‌ستكه‌وتبوو كه جگه له‌و نامه‌یه سه‌رۆكى نه‌وه‌ى نوێ ده‌ستپێشخه‌رى بۆ كۆمه‌ڵ كردبوو داوایكردبوو عه‌لى باپیر سه‌رپه‌رشتى ئه‌و به‌ره بكات، ئه‌وكات عه‌لى باپیر به‌نامه‌یه‌ك وه‌ڵامى ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ى دایه‌وه‌و گوتى سه‌ره‌تا پێویسته متمانه دروستبكرێت.
قسه‌كانى دواى كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى نه‌رم بوون، ئاماژه‌ى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى خراپ نه‌بوون، ئێستا كۆمه‌ڵ كه‌وتووه‌ته سه‌ر سكه‌ى دانوستانه‌كان و زیاتر له ده‌رگایه‌كى به روودا كراوه‌ته‌وه، چاوه‌ڕوانییه‌كه‌ى بێئه‌نجام نه‌بوو، به‌ڵام هێشتا به‌رهه‌مى سه‌بره‌كه‌ى نه‌خواردووه نازانرێت گاڵ دێنێت یان پەموو، ئه‌وه‌یان ده‌كه‌وێته سه‌ر كارامه‌یى حزبه‌كه كه كام كارت رابكێشێت و كام ده‌رگایان بكاته‌وه و چۆن جه‌مسه‌ره‌كان پێكه‌وه گرێبدات له دیوه‌خانه‌كه‌یدا، دوورنییه ترافیكه سه‌وزه‌كه‌ى سه‌ر كۆمه‌ڵ سه‌ره‌تاى له‌دایكبوونى حكومه‌ت بێت و كۆمه‌ڵیش به ده‌ستى پڕه‌وه له یارییه‌كه ده‌ربچێت، به‌پێچه‌وانه‌وه مه‌ترسى ئه‌وه‌ش هه‌یه هێلكه‌كه له‌سه‌رى كۆمه‌ڵدا بشكێت، ئه‌گه‌ر په‌تى نێوان پارتى و یه‌كێتى و توندتربێته‌و كۆمه‌ڵیش خۆى به‌لایه‌كدا بخات.