ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:36 - 03/02/2019

خاڵە هاوبەشەکانی ئەردۆغان و سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم‌

پەیسەر

سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم سی و چوارەمین سوڵتانی عوسمانی کە لە ساڵی ١٨٧٦ بۆ ١٩٠٩ سوڵتانی خەلافەتی عوسمانی بوو لەلایەن نەیارەکانییەوە نازناوی سوڵتانی سوری پێدرابوو وەک ئاماژەیەک بۆ توندوتیژبوونی و ئەوەیکە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی لە هیچ جۆرە خوێنڕشتنێک سڵ ناکاتەوە، بەڵام چ ئەو کات و چ ئێستاش سوڵتان عەبدولحەمید لایەنگرێکی زۆری هەیە و وەک دواین سوڵتانی شایستە و بەهێزی عوسمانی ناوی دەهێنرێت، یەکێک لە لایەنگرانی ئێستای سوڵتان عەبدولحەمید، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیایە.

ئەردۆغان کە نەیارەکانی زۆر جار پێی دەڵێن سوڵتان ئەردۆغان، بەڵام خۆی رێز و خۆشەویستی خۆی بۆ سوڵتانەکانی عوسمانی و بە تایبەتیش سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم ناشارێتەوە و پێی خۆشە کە لایەنگرەکان و نەیارەکانیشی بەراوردی بکەن بە سوڵتان عەبدولحەمید.

لەم ساڵانەی دواییدا لە تورکیا درامایەک بەرهەم هێنرا بە ناوی پایتەختەکەی عەبدولحەمید، لە دراماکەدا کەسایەتی سوڵتان عەبدولحەمید وەک سوڵتانێکی بەهێز و خوداناس و خوداترس نیشان دراوە کە لەلایەکەوە هەوڵدەدات بۆ دروستکردنی یەکێتی لەنێوان وڵاتانی ئیسلامیدا کە تورکیا سەرکردایەتی جیهانی ئیسلام دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە بە هەموو هێزییەوە دژی خواست و بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا وەستاوەتەوە، ئەردوغان تام و چێژێکی تایبەتی لە سەیرکردنی دراماکە بینیوە، لە وتارێکیدا بەبۆنی یادی سەد ساڵەی مردنی سوڵتان عەبدولحەمید، ئەردۆغان داوایکرد بەپەلە ئەم درامایە وەربگێڕدێتە سەر زمانەکانی دیکە و بۆ ئەوەی هەموو جیهان " شکۆ و مێژووی پڕ لە شانازی تورکیا" ببینن، ئەردۆغان لە وتارەکەیدا بە توندی هێرشیکردەسەر ئەو کەسانەی کە بە ئانقەست دەیانەوێت وا نیشان بدەن کە مێژووی تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣وە دەست پێدەکات ( دیارە مەبەستی لە کەمالیستەکانە)، لە کاتێکدا بە وتەی ئەردۆغان تورکیا خاوەنی کەسایەتییەکی مەزنی وەک سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمە و گرنگترین کەسایەتی ستراتژیست و دووربینە لە ١٥٠ ساڵی رابردوودا.

خاڵە هاوبەشەکانی ئەردۆغان و سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم 
یەکەم: سوڵتان عەبدولحەمید لە ساڵی ١٨٧٦دا کاتێک چووەسەر تەختی دەسەڵات وەک کەسێکی ریفۆرمخواز لە دەسەڵاتی عوسمانیدا دەرکەوت، لایەنگری پەسندکردنی دەستور بوو بۆ عوسمانی کە پڕۆژەی نووسینی دەستورکە لەلایەن کۆمەڵێک رۆشنبیری ئەو کاتی تورکەوە نووسرابوو لە ئەوروپا گەڕابوونەوە، لە دەستورەکەدا سنورێک بۆ دەسەڵاتەکانی سوڵتان دانرابوو، ئەردۆغانیش لە ساڵی ٢٠٠٢دا کاتێک بە دەسەڵات گەیشت بە هەمان شێوە وەک کەسێکی ریفۆرمخواز خۆی ناساند، لە ناوخۆی تورکیا و لە ناوچەکە و لە رۆژئاواش وەک کەسایەتییەکی میانڕەوی ئیسلامی پێشوازی لێکرا و هیوای زۆری لەسەر هەڵچنرا، هەوڵیدا پێگەی سوپا لاواز بکات و ڕێگری بکات لە دەستێوەردانە بەردەوامەکانی سوپا لە سیاسەتدا.

دووەم: سوڵتان عەبدولحەمید خۆی وەک کەسێکی خوداناس و خوداترس دەناساند و لەژێر کاریگەری بیرمەندی ئەو کاتی جیهانی ئیسلامدا سەید جەماڵەدین ئەسەد ئابادی هەوڵی دەدا لەژێر سەرکردایەتی خۆیدا وڵاتانی ئیسلامی یەکگرتوو بکات لە دژی ئەوروپا، دژە جولەکە و دژە مەسیحی بوو، هەوڵی دەدا رێگری بکات لە کڕینی زەوی لە فەلەستین لەلایەن جولەکەکانەوە، جینۆسایدی ئەرمەنەکانی کرد کە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە پشتگیریان لێ دەکرا.
ئەردۆغانیش بە هەمان شێوە سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە، لەژێر کاریگەری بیری ئیخواندا خەون بە سەرکردایەتی جیهانی ئیسلامەوە دەبینێت، کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە داڤۆس لە دژی شیمۆن پرێز کۆنفڕانسەکەی بەجێهێشت بۆ راکێشانی سەرنجی موسڵمانان بوو بۆ لای خۆی، لەمەشدا سەرکەوتووبوو کە خۆی لای ئەو موسڵمانانە خۆشەویست بکات کە دژە ئیسرائیلین، بە سەدان منداڵ لە فەلەستین و غەزە و میسر و وڵاتانی دیکە بە ناوی ئەردۆغانەوە ناونران، لە تاران شەقامێک بە ناوی ئەوەوە ناونرا، لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا خۆی وەک کەسێکی خوداترس دەناسێنێت و نەیارەکانیشی بە بێ دین و بێ باوەڕ دەناسێنێت.

سێیەم: سوڵتان عەبدولحەمید لە قۆناغی یەکەمدا لەڕووی ئیدارییەوە هەندێک چاکسازی کرد، هێڵی شەمەندەفەری حیجازی لەنێوان ئەستەنبوڵ و مەدینەدا دروستکرد هەرچەند تا کۆتایی دەسەڵاتەکەی هێڵەکە تەواونەبوو، ژمارەیەکی زۆری قوتابخانە دروستکرد، تا رادەیەک ئابوری عوسمانی لەو کاتەدا بوژاندەوە، ئەردۆغانیش بە هەمان شێوە لە قۆناغی یەکەمدا هەندێک چاکسازی کرد، ئابوری تورکیای بوژاندەوە، هەندێک پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ کرد، کاتێک لە ساڵی ٢٠١٣دا تونێلی مەرمەرەی کردەوە ئەردۆغان وەک ئاماژەدان بە خەونی سوڵتان عەبدولحەمید وتی ئەم تونێلە خەونێکی سەد سەد ساڵەی تورکیابوو، هەندێک کەس پێیانوایە یەکەمجار عەبدولحەمید بیرۆکەی دروستکردنی ئەو تونێلەی هەبووە کە لەژێر ئاوەوە هەر دوو بەشی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئەستەنبوڵ پێکەوە ببەستێتەوە.

چوارەم: سوڵتان عەبدولحەمید لە قۆناغی یەکەمی دەسەڵاتەکەیدا پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ هۆز و عەشیرەتە کوردییەکان دروستکرد، لەسەر داوای شێخ عوبەیدوڵای نەهری دەسەڵاتێکی زیاتری خۆبەڕێوەبەریدا بە ناوچە کوردییەکان بەڵام دواتر دەسەڵاتەکەی لێ سەندنەوە و کوردی گوێڕایەڵی دەویست، هەست و بیروباوەڕی ئایینی کوردی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنا و لە چوارچێوەی سوارەی حەمیدییەدا کوردی هاندا بۆ کوشتنی ئەرمەنەکان، لەکاتێکدا لەو سەردمەدا وڵاتانی ئەوروپا هەوڵیان دەدا بۆ دژایەتیکردنی عوسمانی لە کورد نزیک ببەنەوە، بەڵام هۆزە کوردییەکان بەهۆی هەستی ئایینییەوە نەک لە ئەوروپییەکان نزیک نەبوونەوە بەڵکو بە پێچەوانەوە لە عەبدولحەمید نزیک بوونەوە و ئەویان وەک خەلیفەی موسڵمانان سەیر دەکرد، تەنانەت زۆربەی کوردەکان لەوکاتەدا پێیانوابوو ئەو ستەم و زوڵمەی عوسمانی لە کوردی دەکات هیچ تاوانی عەبدولحەمیدی تێدانییە، بەڵکو دەوروبەرەکانی عەبدولحەمیدن کە پێچەوانەی خواستەکانی سوڵتان ستەم لە کورد دەکەن.
ئەردۆغانیش لە سەرەتادا هەوڵیدا لە کورد نزیک بێتەوە، وتی پرسی کورد پرسی منە، پرۆسەی ئاشتی راگەیاند، بەڵام دواتر پەشیمان بووەوە و ئیستا دەڵێت با کەس لای من باسی ئاشتی نەکات، ئەردۆغانیش وەک عەبدولحەمید بۆ هەڵخەڵەتاندنی کورد پەنای بردوەتە بەر قورئان و هەستی ئایینی کوردەکان، لە بانگەشەکاندا لە دژی هەدەپە و هێزە کوردییەکان ئەوانە وەک بێ باوەڕ ناودەهێنێت، لەمەشدا توانیویەتی سەرنجی ژمارەیەکی بەرچاوی کورد بۆ لای خۆی رابکێشێت.

پێنجەم: سوڵتان عەبدولحەمید بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆی زۆر بێ بەزەیی بوو و لە هیچ خوێنڕشتنێک سڵی نەدەکردەوە، نەیارەکانی خۆی دەکوشت، ئەرمەنەکانی جینوساید کرد، ژمارەیەکی زۆری سیخوڕی دروست کردبوو کە کەس نەیدەوێرا رەخنەی لێ بگرێت، دەوترێت تەنیا لەناو شاری ئەستەنبوڵ ٢٠ هەزار سیخوڕی هەبووە، ڕەخنەگرانی بە توندترین شێوە سزا دەدا، زیندانەکان پڕببوون لە چالاکە سیاسییەکان، رۆژنامە و گۆڤارەکان بە توندی سانسۆر دەکران و رۆژنامەنووسە رەخنەگرەکان دەخرانە زیندانەوە.
ئەردۆغانیش بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی هەموو کارێک دەکات، کاتێک لە هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی ٢٠١٥دا بەهۆی کوردەوە پێگەی حیزبەکەی کەوتە مەترسییەوە، پرۆسەی ئاشتی تێکدا و شەڕی لە دژی کورد دەست پێکردەوە، شارەکانی جزیرە و نسێبین و ناوچەی سوری ئامەد وێرانبوون و نیو ملیۆن کوردی ئاوارەکرد، ساڵی ٢٠١٨ دوو مانگ پێش هەڵبژاردن بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ناسیۆنالیستە تورکەکان هێرشی کردە سەر عەفرین، ئێستاش هەڕەشەی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات.
زیندانەکانی تورکیا جێگەی زیندانی دیکەی تێدانابێتەوە، زیاتر لە دە هەزار کورد بە تاوانی سیاسیی لە زینداندان، لە دوای کودەتاکەی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦ بە دەیان هەزار کەس دەستگیرکراون، بە هەزاران مامۆستا و فەرمانبەر دەرکراون، تورکیا بووەتە زیندانێکی گەورە بۆ ڕۆژنامەنووسان، بە دەیان دۆسیە لە دژی ئەو رۆژنامەنووسانە کراوەتەوە کە رەخنەیان لە ئەردوغان گرتووە.

شەشەم: سوڵتان عەبدولحەمید تەنیا بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لایەنگری ئەوەبوو هەندێک چاکسازی بکرێت، بە لاسایی کردنەوە لە ئەوروپا دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان مۆدێرن بکات، چەکی مۆدێرنی دەست بکەوێت، بەڵام بە توندی دژی بەها و بایەخەکانی مۆدێرن بوو، ئەردۆغانیش بە هەمان شێوە دەیەوێت باشترین چەکی سەربازی دەست بکەوێت، سیستمی بەرگری پاتریۆت و ئێس ٤٠٠ وەردەگرێت بەڵام پەرلەمان بێ دەسەڵات دەکات، پاشەکشێی بە دیموکراسی کردووە، گۆڕانکاری لە سستمی پەروەردەدا کردووە و بە وتەی رەخنەگرانی دەیەوێت تاکی گوێرایەڵ پەروەردە بکات.
دوای ئەم هەموو وێکچوونە سەیر نییە تێبگەین بۆچی ئەردۆغان سەرسامە بە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، بە جۆرێک کە دەتوانێت بوترێت ئەردۆغان سوڵتانی سوری سەدەی بیست و یەکی تورکیایە.