ڕاپۆرتی کوردستانی

04:35 - 03/02/2019

کورد خەڵاتە نێودەوڵەتییەکان دەچنێتەوە‌

پەیسەر

لەماوەی سێ ساڵی رابردوو کەسایەتییەکانی کورد لە بوارە جیاوازەکانی زانست و هونەر و ئەدەب و وەرزشدا چەندین خەڵاتی گەورەی نێودەوڵەتیان بە دەستهێناوە، بە جۆرێک بەراورد بە گەلانی ناوچەکە پشکی کورد لە خەڵاتە نێودەوڵەتییەکاندا لە هەموویان زیاترە.

 
هەر کەسێک بۆ گەیشتن بە گەورەترین پلەکانی زانست و ئەدەب و هونەر و وەرزش پێویستی بە پلان و پەروەردەیەکی دروست و مەزن هەیە، ئەم سەرکەوتنانەی کەسایەتییە کوردەکان لەکاتێکدایە، لە هەر چوار بەشی کوردستان کورد بە دەست پەرەوردەی سەقەتەوە دەناڵێنێت، بۆ نمونە لە هەرێمی کوردستان گەورەترین رەخنە کە رووبەڕووی حکومەتی هەرێم دەبێتەوە ئەوەیە هیچ پلانێکی نییە بۆ بواری پەروەردە، لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بەهۆی کلتوری دواکەوتوو و ستەمی چەند قاتی حکومەتەکانەوە، تاکی کورد بە دەست پەروەردەی خراپەوە دەناڵێنێت، هەژاری و کەم داهاتیش دەردی سەرباری هەموو دەردەکانە کە بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگای کوردی بە دەستییەوە دەناڵێنێت، بە جۆرێک زۆرکەس کە خەون و خولیای مەزنیشیان هەیە بەهۆی بێ پارەیی و هەژارییەوە ناچار بوون واز لە خەون و خولیاکانیان بهێنن.

ئەگەر لە وڵاتێکی وەک ئیسرائیل منداڵان لە یەکەم رۆژی چوونە قوتابخانەوە خەون و خەیاڵی ئەوەیان لا دروست دەکەن کە دەبێت ببنە کەسێک کە لە داهاتوودا براوەی خەڵاتی نۆبڵ بن و چ دەسەڵات و چ کۆمەڵگا گرنگییەکی تایبەت بە پەروەردەی منداڵان دەدەن، هەربۆیەش جولەکەکان زیاتر لە هەر گەلێکی دیکە لەبواری زانستدا سەرکەوتوون و زۆرترین خەڵاتەکانی نۆبڵیان بردووەتەوە، ئەوا هیچ کام لەم شتانە لە کوردستان نییە، کەواتە سەرکەوتنی تاکەکانی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا نە بەرهەمی پەروەردی دروست و نە بەرهەمی پلانی دەسەڵات و تەنانەت خێزانەکانیشە، بەڵکو تەنیا و تەنیا بەرهەمی هەوڵی تاکەکەسی و ئیرادەی کەسەکانە.
تەنیا لە سێ ساڵی رابردوودا کەسایەتییەکانی کورد ئەم خەڵاتە گرنگانەیان بە دەستهێناوە:

عەزیز سنجار
 ساڵی ١٩٤٦ لە ماردینی باکوری کوردستان لەدایکبووە، ساڵی ١٩٧٧ لە تەکساس دکتۆرای لە بواری کیمیادا وەرگرتووە، ساڵی ٢٠١٥دا خەڵاتی نۆبڵی کیمیای پێدرا بەهۆی دۆزینەوەی ئەوەی خانە زیندووەکانی لەش چۆن کار دەکەن، دۆزینەوەکەی بووەتە بنەمایەکی گرنگ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نوێ بۆ نەخۆشی شێرپەنجە.
عەزیز سەنجار هەرچەندە بە رەگەز کوردە و خەڵکی باکوری کوردستانە بەڵام لە دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا خۆی وەک کەسێکی کەمالیست و نەتەوەپەرستی تورک ناساند بەمەش لەناو کورددا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە.

کەیهان کەلهوڕ
ساڵی ١٩٦٣ لە کرماشان لە دایکبووە، لە شەڕی عێراق و ئێراندا بەهۆی موشەکێکەوە هەموو ئەندامانی خێزانەکەی لەدەستداوە،  لەسەر ئاستی جیهانیدا وەک هونەرمەندێکی گەورە ناسراوە، گەورەترین مامۆستای ئامێری کەمانچە ( جۆزە)یە، لەگەڵ هونەرمەندانی گەورەی کورد و ئێران و جیهان کاری هاوبەشی کردووە.
ساڵی ٢٠١٧ خەڵاتی گرامی پێدرا کە بە ئۆسکاری میوزیک دادەنرێت، لە ساڵی ٢٠١٨شدا خەڵاتی ئایزاک سترنی پێبەخشرا، هەر لە ساڵی ٢٠١٧دا رێکخراوی یۆنسکۆ کەمانچەکەی کەیهان کەلهوڕی وەک بەشێک لە کەلەپوری جیهانی تۆمارکرد، بەر لە ماوەیەکیش لەلایەن گۆڤاری سۆنگ لاینزی بەریتانییەوە لە ریزی ٢٠ هونەرمەندی گەورەی جیهاندا دەستنیشان کرا.

بەهرۆز بوچانی
 ساڵی ١٩٨٣ لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی تەربیەت مودەڕیسی تاران تەواو کردووە، لەگەڵ چەند گۆڤار و رۆژنامەیەک لە ناوخۆی ئێران کاری کردووە، بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی و هەروەها بەهۆی نووسینەکانی کە پێداگیری لەسەر مافە سیاسییەکانی کورد و خوێندن بە زمانی کوردی دەکرد، لەئێران تووشی کێشە بوو و بە ناچاری بە قاچاخ رووی لە ئوسترالیا کرد، بەڵام دەستبەسەر دەکرێت و دەگوازێتەوە بۆ دورگەی مانوس لەوێ لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری پەنابەر زیندانی دەکرێت، ئێستا ماوەی شەش ساڵە لەو زیندانەی دورگەی مانۆس دەستبەسەرە، لە زینداندا بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری لەسەر نووسینی رۆمانێک کردووە بە ناوی " جگە لە شاخەکان دۆستێکی ترمان نییە"، رۆمانەکەی لەسەر کاغەز نەنووسی لە ترسی ئەوەی بەرپرسانی زیندان کاغەزەکانی لێ نەدڕێنن، هەربۆیە لەڕێی واتس ئاپەوە رۆمانەکەی نووسی و ئەینارد بۆ هاوڕێیەکی لە ئوسترالیا.
رۆمانەکەی بەر لە چەند رۆژ گەورەترین خەڵاتی ئەدەبی ئوسترالیای بە دەستهێنا کە خەڵاتی ڤیکتۆریایە، لە رۆمانەکەیدا باس لە داگیرکاری ئێران دەکات، خۆی دەڵێت پێم سەیرە لە میدیاکاندا ئەم لایەنەی رۆمانەکەی زەق نەکراوەتەوە.
هەرچەندە ئەم خەڵاتە مەزنەی پێدراوە کە بەهاکەی ١٠٠ هەزار دۆلارە، بەڵام هێشتا لە زیندانی دورگەی مانۆسدا دەستبەسەرە و کەس نازانێت تا کەی لەو زیندانە رادەگێریت.

کۆچەر بیرکار
ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی ( نێ)ی سەر بە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، ساڵی ٢٠٠٠ بەکەلۆریۆسی لە بواری ماتماتیک لە زانکۆی تاران تەواو کردووە، هەر ئەو ساڵە چووەتە بریتانیا و لە زانکۆی کەمبریج درێژەی بە خوێندن دا، لە ساڵی ٢٠٠٤وە مامۆستایە لە زانکۆی کەمبریج و هاوکات سەرقاڵی توێژینەوەیە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ توێژینەوەی لە بواری ماتماتیکدا کردووە و چەندین خەلاتی نێودەوڵەتیشی وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی بنکەی بیرکاری پاریس، خەڵاتی لێڤێرهۆڵم و خەڵاتی مۆر.
لە ساڵی ٢٠١٨دا توانی گەورەترین سەرکەوتن لە بواری بیرکاریدا بە دەست بهێنێت، ئەویش وەرگرتنی خەڵاتی فیڵدز بوو کە نۆبڵی بیرکارییە و هەر چوار ساڵ جارێک دابەش دەکرێت، خەڵاتەکەی بەهۆی پۆلێنبەندی جۆرە جیاجیاکانی هاوکێشە رادەدارەکان پێبەخشرا، کۆچەر سەلماندوویەتی لە جۆرە ناکۆتاکانی ئەم هاوکێشانە دەکرێت دابەش بکرێنە سەر کۆمەڵێک پۆل کە ژمارەی پۆلەکان ناکۆتا نییە و ئەمەش لە جەبردا پێشکەوتنێکی گەورەیە.
کۆچەر بیرکار لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە، خەڵاتەکەی پێشکەش بە ٤٠ ملیۆن کورد کرد و وتی هیوادارم بەم خەڵاتە توانبێتم ٤٠ ملیۆن کورد دڵخۆش بکەم.

بەختیار عەلی
ساڵی ١٩٦٠ لە سلێمانی لە دایکبووە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا نووسەرێکی ناسراوە و رۆمانەکانی بۆ سەر چەندین زمان وەرگێڕدراون، لە ساڵی ١٩٩٤ بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆوە کوردستانی جێهێشت و چووە ئەڵمانیا، دواهەمین هەناری دونیا و ئێوارەی پەروانە و شاری مۆسیقارە سپییەکان لە رۆمانە بەناوبانگەکانین.
ساڵی ٢٠١٧ لە ئەڵمانیا خەڵاتی نیلی زاکسی پێبەخشرا کە خەڵاتێکی گەورەی نێودەوڵەتی بواری ئەدەبە و هەر دوو ساڵ جارێک دەبەخشرێتە ئەو نووسەرە داهێنەرانەی کە رۆڵیان هەبووە لە لێکتێگەیشتنی گەلان، بەشێک لەو نووسەرانەی پێشتر ئەو خەڵاتەیان پێدراوە بریتین لە ئەریک فرۆم، میلان کۆندێرا، نادین گۆردمیر، ئەلیاس کانیتی، کریستا وۆلف، دەیڤید گرۆسمان و...

نادیە موراد
ساڵی ١٩٩٣ لە گوندی کۆجۆی سەر بە شنگال لەدایکبووە، ساڵی ٢٠١٤ دوای ئەوەی داعش هێرشی کردەسەر شنگال، شەش برای لەلایەن داعشەوە کوژران و خۆشی وەک کۆیلەی سێکسی دەستگیرکرا، لە دوای رزگاربوونی توانی بڕواتە ئەڵمانیا و لەوێ چیرۆکەکانی خۆی گێڕایەوە، ئەمەش دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە.
نادیە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان دەنگی ئازاری ئێزدییەکان بوو، ئەمەش وایکرد کە لە ساڵی ٢٠١٨دا خەڵاتی ئاشتی نۆبڵێ پێ ببەخشرێت.

کیانوش ئاسا
 پاڵەوانی بەرزکردنەوەی قورسایی، لەدایکبووی کرماشانە و لەسەر ئایینی یارسانە، تا ئێستا چەندین مەدالیای ئاڵتون و زیوی لەسەر ئاستی ئاسیا و جیهاندا بەدەست هێناوە، ساڵی ٢٠١٢ لە ئۆلەمپیکی لەندەن مەدالیای زیوی بە دەستهێنا و ساڵی ٢٠١٦ش لە ئۆلەمپیکی ریۆدوجانیرۆ مەدالیای ئاڵتونی بە دەستهێنا، لە دوای بومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠١٧ی کرماشان مەدالیایەکی بەخشییە بەرکەوتووانی بومەلەرزەکە، خۆی دەڵێت هەموو ئەو سەرکەوتنانەی بەبێ راهێنەر بەدەستهێناوە و راهێنەری نەبووە.

سیامەند رەحمان
لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٨ی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کەم ئەندامە و پاڵەوانی بەرزکردنەوەی قورسایی جیهانە.
سیامەند رەحمان لەسەر ئاستی ئاسیا و جیهاندا چەندین مەدالیای ئاڵتونی بەدەستهێناوە، لە پارائۆڵەمپی ساڵی ٢٠١٢ی لەندەن مەدالیای ئاڵتونی بە دەستهێنا، لە پارائۆلەمپی ساڵی ٢٠١٦ی ریودوجانیرۆش بە هەمان شێوە مەدالیای ئاڵتونی بە دەستهێنا، ساڵی ٢٠١٧ وەک باشترین وەرزشوانی ساڵی جیهان دەست نیشانکرا، مەدالیاکەشی پێشکەش بە شەڕڤانانی کۆبانێ کرد.