07:34 - 03/02/2019
ئابورى هه‌رێم له‌نێوان داواكارى خه‌ڵك و گرێبه‌ستى كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كاندا
هه‌ر كه پرۆسه‌ى فرۆشتنى سه‌ربه‌خۆى نه‌وت به‌سه‌ر خه‌ڵكدا قڵپ بوویه‌وه، زۆرینه‌ى لایه‌نه‌كان رووى تانه‌یان له پارتى كرد، ئۆباڵى شكسته‌كه رووبه‌ڕووى ئه‌و حزبه كرایه‌وه، چونكه ئه‌وان زیاتر له هه‌ر لایه‌ك عه‌وداڵى جێبه‌جێكردنى ئه‌و سیاسه‌ته بوون، ئێستا دۆسیه‌كه به جۆرێك ئاڵۆزبووه پارتیشى دابه‌شكردووه، نه كشانه‌وه‌و هاتنه ده‌ره‌وه له‌و مه‌له‌فه راده‌گه‌یه‌نێت، نه به ده‌نگى به‌رزو ئاشكرا باس له به‌رده‌وام بوونى ده‌كات.
ئه‌زمونى نوێى هه‌رێمى كوردستان دووچارى قه‌یرانى دارایى نه‌بووبوو، به‌ڵام ساڵى ٢٠١٣ كێشه‌یه‌كى نوێی به‌رپرسانى هه‌ولێر و به‌غدا به‌رووى خه‌ڵكدا ته‌قییه‌وه و شه‌كه‌ت و ماندووى كردن، ناوه‌رۆكى كێشه‌كه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه بوو كه هه‌رێمى كوردستان ئاماده نه‌بوو بڕه نه‌وتێكى كه‌م راده‌ستى به‌غدا بكات، تا پاره‌یه‌كى زه‌به‌لاحى بۆ ره‌وانه بكرێت كه بۆ هه‌ر مانگێك ملیارێك دۆلار بوو، پاره‌یه‌كى زۆر به چاودێرییه‌كى كه‌مه‌وه به ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم ده‌درا.
ساڵى ٢٠١٤ كاتێك وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان به‌رنامه‌ى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى بۆ هه‌نارده‌ى سه‌ربه‌خۆى نه‌وت راگه‌یاند، باسى له‌وه‌كرد كه هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم بۆ ملیۆنێك به‌رمیل مانگانه روو له هه‌ڵكشانه و پاره‌یه‌كى زۆریده‌ستده‌كه‌وێت، دواى پێنج ساڵ له‌و قسه‌یه قه‌یرانى دارایى ئێستا كه گه‌یشتووه‌ته سه‌ر ئێسقان و خه‌ڵكى ده‌رزى ئاژن كردووه خودى پارتى وه‌ك جاران به رووسورییه‌وه داكۆكیکارى بابه‌تى ئابورى سه‌ربه‌خۆ نییه، ئه‌و ئاگره‌ى له‌نێوان لایه‌نه‌كان و پارتى به‌هۆى نه‌وته‌وه دروستبوو گه‌یشتووه‌ته نێوماڵى پارتیش ئاراستەیەک پشتیوان و ئاڕاستەیەکی دیکە دژیەتی.
ره‌نگه هه‌ر ئه‌و ناكۆكییه‌ش وایكردبێت ئێستا كه‌مترین به‌رچاوروونى و قسه‌ى كۆنكرێتى هه‌بێت له‌سه‌ر چاره‌نوسى سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنى نه‌وت، نه به ئاشكرا شكستى ئه‌و هه‌نگاوه جاڕ ده‌درێت و روو له‌به‌غدا ده‌كرێته‌وه، نه وه‌ك پێشوو باس له‌سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامبوون له رێگاى به سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنى نه‌وت ده‌كرێت. هه‌ڵوێستى فه‌رمى حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌یه كه یاساى بودجه‌ى عێراقى به دڵه، به‌ڵام پرۆسه‌یه‌كى وردى دانوستانیشى له‌پێشه، له‌به‌رامبه‌ریشدا خواستى زۆر له‌ناو پارتى هه‌یه بۆ ئاوڕنه‌دانه‌وه به‌ره‌و به‌غدا و به‌رده‌وام بوونى مامه‌ڵه نه‌وتییه‌كه‌ى هه‌رێم.
بۆچوونێك كه پشتیوانى مانه‌وه‌ى ئابورى سه‌ربه‌خۆ ده‌كات باس له‌وه ده‌كات كه گرنگه وڵات بناغه‌یه‌كى ئابورى هه‌بێت بۆ خۆى و نابێت ته‌نها پاره وه‌ربگیرێت و دابه‌شبكرێت، محه‌مه‌د ره‌ئوف ئابوریناس ده‌ڵێت، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه له‌سه‌ره‌تاوه ئابورى سه‌ربه‌خۆ به خراپى هات و گرێبه‌ستى خراپ كران، بۆیه بناغه‌كه باش نه‌بوو تا به‌رده‌وامى پێبدرێت.
محه‌مه‌د ره‌ئوف بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد به‌رپرسانى ئابورى سه‌ربه‌خۆ تیوه‌گلاون و ده‌ستیان چووه‌ته ناو بابه‌ته‌كه‌و ناتوانن به ئاسانى بێنه ده‌ره‌وه ئه‌گینا"به سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنى نه‌وت شكستى هێناوه، له‌به‌رده‌م هه‌موو جیهاندا شكستى ئه‌و ئابورییه ده‌ركه‌وت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى پابه‌ندییان په‌یداكردووه به‌رامبه‌ر كۆمپانیاكان ناتوانن بكشێنه‌وه، چونكه قه‌رزارن".
پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى بڵاوكردبووه‌وه ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان كه له ده‌ره‌وه‌ى وڵاته، به ئیمه‌یلێك داواى له نێچیرڤان بارزانى كردووه، كه نه‌چێته ژێربارى گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا و فشار له مه‌سرور بارزانى بكات بۆ ئه‌وه‌ى نه‌وت راده‌ستى به‌غدا نه‌كرێته‌وه و فرۆشتنى نه‌وت به سه‌ربه‌خۆ به‌رده‌وامبێت، هه‌رچه‌نده هه‌ورامى خواستى تایبه‌تى خۆى هه‌یه بۆ مانه‌وه‌ى له پۆسته‌كه‌ى به‌ڵام ئه‌و پابه‌ندییانه‌ى له‌سه‌ر هه‌رێم دروستیكردوون پاڵنه‌رن بۆ ئه‌وه‌ى فشار بكات تا نه‌وت نه‌درێته‌وه به به‌غدا، كێشه‌ى گه‌وره ئه‌وه‌یه به‌شێك له‌نه‌وتى هه‌رێم له‌ژێر زه‌ویدا پێش ده‌رهێنانى فرۆشراوه و گرێبه‌ست واژۆكراوه، هاتنه ده‌ره‌وه له زۆنگاوى گرێبه‌سته‌كان دوورنییه هه‌رێمى كوردستان رووبه‌ڕووى به‌ڵاى گه‌وره بكاته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا به‌رده‌وامى ئه‌وشێوه ئابورییه‌ى كه حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ستیداوه‌تێ، گورزى كه‌مه‌رشكێنى له ژیانى خه‌ڵك وه‌شاندووه، له‌واده‌ى ده‌ستپێكردنیه‌وه تا ئێستا، هه‌رێمى كوردستان نزیكه‌ى ٥٠ ملیار دۆلاری لەدەستداوە، به‌وپێیه‌ى ئه‌گه‌ر مانگانه وه‌ك پێشتر ملیارێك دۆلار بهاتایه‌ته هه‌رێم ئه‌و پاره‌یه تا ئێستا زیاتر له ٥٠ ملیاربوو، باس له‌وه‌ش ده‌كرێت ٢٠ ملیار دۆلار قه‌رز هێنراوه‌ته سه‌ر هه‌رێم، سێ هەزار و ٥٠٠ كارگه داخران، فه‌رمانبه‌رانیش رێژه‌یه‌ك له مووچه‌كانیان پاشه‌كه‌وت ده‌كرێت، كه‌رته خزمه‌تگوزارییه‌كانى دیكه به‌ته‌واوى پشتگوێخران.
سه‌ره‌ڕاى زیانه گه‌وره‌كان ئاراسته‌كان رووه‌و پاشه‌كشه نین له سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنى نه‌وت، گرفتى گه‌وره‌ى ئه‌م شێوازه ئابورییه دیارنه‌بوونى حساب و نوسراو و ژماره‌كانه، ئه‌گه‌ر پاره له به‌غداوه ره‌وانه بكرێت هه‌موو خه‌ڵك ده‌زانن چه‌ند هاتووه‌و كه‌ى گه‌یشتووه، به‌پێچه‌وانه‌وه هیچ كه‌س نازانێت حكومه‌تى هه‌رێم له فرۆشتنى نه‌وت چه‌ندى ده‌ستده‌كه‌وێت. به‌ڵام حكومه‌ت له‌نێوان دوو بژارده‌یه هه‌ردووكى بێ‌گرفت نییه، له لایه‌ك له‌ژێر فشارى خه‌ڵك و له‌لایه‌كى دیكه له‌ژێر فشارى كۆمپانیا زەبەلاحەكانه كه گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردوون، بۆیه‌ش نایه‌وێت هه‌روازوو بابه‌ته‌كه ساغ بكاته‌وه.
پێشتر حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ داناگاز ده‌ستى سوتاوه، ئێستا له ئه‌گه‌رى كشانه‌وه‌ى له‌هه‌ر گرێبه‌ستێك سیناریۆیه‌كى له‌وجۆره‌ى له‌پێش چاوه، به‌رده‌كه به جۆرێك كه‌وتووه‌ته گۆمه‌وه ده‌رهێنانه‌وه‌ى وا ئاسان نابێت، به‌ڵام یاساى بودجه‌ى عێراق ده‌روازه‌یه‌كى بۆ هه‌رێم كردووه‌ته‌وه كه به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ى، هه‌م شتێك پاره‌ى له به‌غداوه بۆ بێت هه‌م نه‌وته‌كه‌شى بفرۆشێت، ئه‌م سیناریۆیه ئه‌گه‌ر له‌ناوخۆى هه‌رێم ئاماده‌کارى بۆ نه‌كرێت و ده‌رهێنان و پاڵاوتن و فرۆشتنى نه‌وت به‌یاسایى نه‌كرێت دوورنییه باره‌گرانه‌كه له‌سه‌ر سنگى خه‌ڵك بهێڵێته‌وه.
ده‌ستبردن بۆ هه‌ركام له بژارده‌كان سه‌رئێشه‌ى خۆى هه‌یه، به‌ڵام به‌بڕواى محه‌مه‌د ره‌ئوف ئابوریناس گونجاوترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه هه‌موو شتێك بخه‌ینه ده‌ستى به‌غداوه، سه‌رئێشه‌كه له كۆڵه بكه‌ینه‌وه،"ئه‌مه بۆ خه‌ڵك و ئیداره‌ى هه‌رێمیش باشتره، چونكه بابه‌ته‌كه له‌برسا مردن و ژیانه". ئێستا خواستى زۆرینه پێكهاتن له‌گه‌ڵ به‌غداو ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى ئابورى هه‌رێمه، بۆچوونى زۆر هه‌ن پێیان وایه گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا به‌تێرى، له شوێنکەوتنی توركیا به برسێتى گونجاوتره.