ڕاپۆرتی کوردستانی

04:27 - 05/02/2019

رۆژهەڵاتی کوردستان ٤٠ ساڵ دوای شۆڕشی ئێران‌

پەیسەر

چل ساڵ لەمەوبەر ڕێک لەم رۆژانەدا لە هەموو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک بە ژن و پیاوەوە، بە پیر و گەنجەوە، گوندی و شارییەوە زەماوەندی سەرکەوتنیان دەگێڕا، سەرمەست بوون لەوەی چیتر ژەندرمە و هێزی سوپای داگیرکەر لە کوردستان نابینن، ئەوەی زیاتر خەڵکی گەشبین کردبوو بە داهاتوویان ئەو بەڵێنانەبوون کە هەموو ڕۆژێک لە تارانەوە دەهاتن، بەڵێنەکان ئاماژەبوون بۆ تێگەیشتنی خومەینی و مەلاکانی تاران لە پرسی کورد.

 
حیزبە کوردییەکانی وەک کۆمەڵە و دیموکرات بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵات، لە شار و گوندەکان ئەنجومەنەکانی بەڕێوەبردنی شار و گوندیان دروستکرد کە ئەندامانی ئەنجومەنەکان لە کەسانی خۆشناو و متمانەپێکراوی خەڵک بوون.

بەڵێنەکانی خومەینی چی بوون؟
ئایەتوڵڵا خومەینی کە وەک ڕێبەری شۆڕش ناسرابوو، چل ساڵ بەر لە ئێستا لەم رۆژانەدا هەموو رۆژێک پەیامێکی بە گوێی خەڵکدا دەدا، بەشێک لەو پەیامانە بریتی بوون لە:
" هەموو خەڵکی ئێران بەبێ جیاوازی سودمەند دەبن لە داهاتی نەوت، پارەی نەوت راستەوخۆ دەدرێتە خەڵک، ئاو و کارەبا و سووتەمەنی بە خۆڕایی بۆ خەڵک دابین دەکرێت".
" ئێمە رژێمێک دروست دەکەین کە سەرجەم ئازادییەکانی تێدا دەستەبەر بکرێت، ڕژێمی داهاتووی ئێران وەک هەموو وڵاتانی دیموکراسی پشت بە ئیرادە و ویستی خەڵک دەبەستێت".
" رژێمی پاشایەتی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی سەرکوت کردووە، بەڵام ئێمە لە دوای ڕووخانی ئەم رژیمە زیاترین ڕێز لەو کەمینانە دەگرین و داهاتوویەکی باشیان بۆ مسۆگەر دەکەین".

" ئیسلام هەموو جۆرەکانی ستەم و چەوسانەوە ڕەت دەکاتەوە و هیچ کەسێک لە کەسێکیتر بە سەرتر دانانێت، لە سێبەری ئیسلام و کۆماری ئیسلامیدا مافی خۆبەڕێوەبەری بۆ هەمووان دابین دەکرێت و هیچ جۆرە ستەمێکی کلتووری و ئابووری نامێنێت، بە تایبەت بۆ برایانی کورد دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بەڵێنیان پێ دەدات بە زووترین کات هەموو مافەکانیان بۆ دابین بکات و ئینشائەڵڵا هەرچی زووتر یاسای تایبەت بەم بوارە ئامادە دەکرێت".
" دڵنیاتان دەکەینەوە کە داخوازییەکانتان بە تایبەتیش داخوازییە نەتەوەییەکانتان وەک هەموو چینەکانی دیکەی کۆمەڵگا دابین دەکرێت و ئینشائەڵڵا هەموو لایەک دڵنیا و ئاسوودە دەبن".

"ئیسلام هەم ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرێت و هەم جێبەجێی دەکات، هیچ مافێک لە هیچ کەسێک زەوت ناکات، مافی ئازادی لە هیچ کەسێک زەوت ناکرێت، ناهێڵێت کەسانێک لە کۆمەڵگادا باڵادەست ببن و بە ناوی ئازادییەوە ئازادییەکانی خەڵکیتر زەوت بکەن".
ئەمانە بەشێک بوون لەو بەڵێنانەی خومەینی چل ساڵ پێش ئێستا بە خەڵکی کورد و خەڵکی دیکەی ئێرانی دا، لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش نوێنەرانی کورد کە زیاتر لە دوو حیزبی کۆمەڵە و دیموکراتدا خۆیان دەبینییەوە بۆ دابینکردنی بەڵێنەکان ڕێگەی تارانیان گرتەبەر و دەستیانکرد بە دانووستان لەگەڵ رژێمی تازە، بەڵام هەر لە یەکەم دانووستانەکاندا سەریان بەر دیوارێکی بەرزی حاشاکردن لە مافەکانی کورد کەوت.

یەکەم مەرجی خومەینی و رژێمی نوێ بۆ کورد ئەوەبوو دەبێت پێشمەرگە چەکەکانیان فڕێ بدەن و هەموو ئەو چەکانە رادەستی حکومەت بکەنەوە کە لە کاتی شۆڕشدا دەست خەڵک و پێشمەرگە کەوتووە، بۆ نانەوەی دووبەرەکی لەناو کورددا دووەم مەرجیشیان ئەوەبوو کە نابێت لەناو وەفدی نوێنەرایەتی کورددا ئەندامانی کۆمەڵەی تێدابێت، چونکە حکومەت لەگەڵ کۆمەڵە دانووستان ناکات بەو بیانووەی گروپێکی چەپ و مارکسین.
لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا دەستور نووسرا بەبێ ئەوەی هیچ نوێنەرێکی کورد بەشدار بکەن لە نووسینەوەی دەستوردا، لە دەستوردا هیچ مافێکی بنەڕەتی کورد ئاماژەی پێنەدرابوو، تەنیا ئەوە نەبێت کە لە مادەیەکی دەستوردا باسی ئەوەکرابوو لە قوتابخانەکاندا رێگە دەدرێت لەپاڵ زمانی فارسی زمانی کەمە نەتەوەکانیش بخوێنرێت، کە دوای تێپەڕبوونی چل ساڵ هێشتا ئەو مادەیەی دەستور جێبەجێ نەکراوە.

هەربۆیە دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە دوو مانگ بەسەر شۆڕشدا ناکۆکی کەوتە نێوان کورد و رژێمی نوێوە، کورد بایکۆتی ریفراندۆمی یەکی نیسانی ١٩٧٩ی کرد و دەنگیان بە دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی نەدا، لەو کاتەدا سەرکردەکانی کورد هۆکاری بایکۆتکردنەکە و دەنگنەدانیان بە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کۆماری ئیسلامی خۆی نەناساندووە چ جۆرە رژێمێکە و تا چ رادەیەک مافەکانی کورد دابین دەکات، شێخ عیزەدین حسێنی کە یەکێک بوو لە سەرکردە دیارەکانی کورد لەو کاتەدا رایگەیاند کۆماری ئیسلامی وەک قتویەکی داخراو وایە کەس نازانێت ناو قتوەکە چی تێدایە بۆیە ئێمە دەنگی پێنادەین.


ناکۆکییەکان بەردەوام بوون کار گەیشتە ئەوە شەش مانگ دوای سەرکەوتنی شۆڕش خومەینی لە رۆژی ١٩ی ئابی ١٩٧٩دا فەرمانی جیهادی لە دژی کورددا، هەر لە رۆژی دەرکردنی فەرمانەکەوە سوپای ئێران هێرشێکی هەمە لایەنەی بۆسەر کوردستان دەست پێکرد، بەم جۆرە شەڕی کوردستان دەستی پێکرد و نزیکەی ١٥ ساڵی خایاند.
لە قۆناغی یەکەمی شەڕەکە کە بە شەڕی سێ مانگە ناسراوە، پێشمەرگە و خەڵک خۆڕاگرییەکەی گەورەیان کرد بە جۆرێک کە خومەینی دوای سێ مانگ ناچاربوو ئاگربەست رابگەیەنێت و لە پەیامێکدا لە ژێر ناوی نیازپاکی بۆ برایانی کورد رایگەیاند ئامادەن بە دانووستان لەگەڵ کورد کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام ئەمجارەشیان دانووستان هیچ ئەنجامێکی نەبوو و حکومەت دانی بە خۆبەڕێوەبەری و ئۆتۆنۆمی بۆ کورد نەنا و شەڕی دەست پێکردەوە.

هەر لە ساڵی یەکەم بەبێ دادگا سەدان کەس لەسێدارەدران، بەدرێژایی ١٥ ساڵ شەڕ بە دەیان هەزار کەس کوژران و بە سەدان کەسیش بە تاوانی ئەندامێتی لە حیزبە کوردییەکان لەسێدارەدران، دانیشتوانی چەندین گوند کۆمەڵکوژکران لەوانە گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان و سەرچنار لە ناوچەی موکریان، لە شەڕی ٢٤ رۆژەی نەورۆزی ١٩٨٠ی سنەدا بە سەدان هاوڵاتی مەدەنی شاری سنە بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای ئێرانەوە کوژران و خەڵک تەرمی کوژراوەکانیان لەناو حەوشەی ماڵەکانیان بە خاک دەسپارد و چەندین سەرکردەی کورد لە دەرەوەی وڵات تیرۆرکران لەوانە عەبدولرەحمانی قاسملو، سادقی شەرەفکەندی و سدیق کەمانگەر.

١٥ ساڵی سەرەتای دوای شۆڕش، کۆماری ئیسلامی لە ڕووی ئابورییەوە بە بیانووی ناسەقامگیری و نەبوونی ئاسایشەوە کەمترین پڕۆژەی ئابوری و خزمەتگوزاری لە کوردستان جێبەجێ کرد، لە قۆناغی دووەمیشدا هەرچەندە هەندێک خزمەتگوزاری وەک کارەبا و گاز لە کوردستانیش جێبەجێ کران، بەڵام پارێزگا کوردییەکان دوای ٤٠ ساڵ هێشتا لە ریزی دواکەتووترین پارێزگاکانی ئێراندان، پارێزگاکانی سنە و کرماشان بەرزترین رێژەی بیکارییان لە ئاستی ئێراندا هەیە و زیاتر لەسەدا ٤٠ دانیشتوانی ناوچە کوردییەکان بێکارن و رێژەی بێکاری لە کوردستان دوو ئەوەندەی ناوچەکانی دیکەی ئێرانە.

 نوێنەرێکی کورد لە ئەنجومەنی باڵای پارێزگاکانی ئێراندا پێیوایە دوای چل ساڵ لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران بێکاری و هەژاری لە کوردستاندا کەلێنێکی چینایەتی وەهای دروستکردووە کە شتێک بە ناوی چینی مامناوەند بوونی نییە، بەهۆی هەژارییەوە خێزانەکان لەبەریەکهەڵدەوەشێن و ڕێژەی جیابوونەوە لە کوردستان رێژەیەکی مەترسیدارە، هاوکات گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر و خۆکوشتن گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز، ئەم نوێنەرە پێیوایە کوردستان لەڕووی سامانە سروشتییەکانەوە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە و ئەگەر بێتو بە باشی ئەم سامانە بەکاربهێنرێت ئەوا دەتوانرێت کوردستان بگەیەنرێتە ئاستێکی باڵای خوشگوزەرانی.

بەرپرسی فەرمانگەی پیشەسازی و کانزاکانی پارێزگای سنەش لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت ئەو کانزایانەی لە پارێزگاکەوە دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران، ساڵانە بە بڕی زیاتر لە چوار میلیار دۆلار مەزندە دەکرێت، کە ئەگەر بێتو ئەو داهاتە بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان تەرخان بکرێت ئەوا ئابوری ناوچەکە دەبوژێنێتەوە و هەلی کار بۆ ڕێژەیەکی زۆری دانیشتوانی ناوچەکە دابین دەکات.

موجتەبا نەجەفی نووسەر و لێکۆلەر سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی نەتەوە و کەمینەکانی ئێران پێی وایە کە " دەسەڵات لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ لە چوارچێوەی ویلایەتی فەقیهدا، شوناسی نەتەوەیی و ئایینی گەلانی ئێرانی لاواز کرد"، نەجەفی پێیوایە کۆماری ئیسلامی هیچ تێگەیشتنێکی بۆ فرەچەشنیی کلتووری، زمانی و ئەتنیکیی ئێران نییە و لە جیاتی ئەوەی ئەم فرەچەشنییە وەک دەوڵەمەندیی کلتووریی ئێران ببینێت، هەر لە سەرەتاوە دەستی بە سەرکوتکردنی گەلان و سڕینەوەی کلتوری ئەو گەلانە کرد.
 کورد جگە لەڕووی نەتەوەییەوە لەڕووی ئایینیشەوە ستەمی لەسەرە، بۆ نمونە تا ئێستاش هیچ سونە مەزهەبێک بۆی نییە ببێتە بەربژێری سەرۆک کۆماریی ئێران، بڕگەی ١١٥ی دەستور جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەربژێری سەرۆک کۆمار دەبێت پێڕەوی مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی بێت و بڕگەی ١٢ش دەڵێت مەزهەبی شیعە مەزهەبی فەرمی کۆماری ئیسلامییە و تاهەتایە ناگۆڕدرێت، زۆربەی چالاکانی مەدەنی و سیاسیی سوننە مەزهەبی ئێران هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بە دیموکراتیک نازانن و پرسیاری سەرەکییان ئەوەیە بۆچی سونە مەزهەبێک ناتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندیدی بکات.

جەلال جەلالیزادە، نوێنەری پێشووی سنە لە پەرلەمانی ئێران پێیوایە یاسای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بنەمایەکە بۆ سڕینەوە و سنووردارکردنی یەک لەسەر چواری دانیشتوانی ئێران، جەلالی زادە دەڵێت ئەگەر منیش ئەم پرسیارە نەکەم ئەوا منداڵەکانی من و نەوەی داهاتوو دەپرسن کە بۆچی لە وڵاتێکدا کە زێدی منە، مافی گەشەسەندنم نییە؟ مەگەر منیش موسڵمان نیم؟ مەگەر ئەم وڵاتە زێدی من نییە؟ مەگەر من ئینسان نیم؟ بە پێی کام ئایەت و حەدیس  سونە مەزهەبێک ناتوانێت ببێتە سەرۆک کۆمار؟
 جگە لە سەرۆک کۆمار، تا ئێستا هیچ  سونەیەک یان کوردێکی سونە نەبووەتە وەزیرم تەنانەت پۆستی پارێزگاریشیان پێ نادرێت، لە ماوەی ٤٠ ساڵدا تەنیا کوردێکی سونە وەک باڵیۆزی ئێران دیاریکرداوە ئەویش وەک باڵیۆزی ئێران لە وڵاتی تایلەند دیاریکراوە، کاتێک ئەم پرسیارە لە بەرپرسانی ئێران دەکرێت کە بۆچی تەنانەت ئامادەنین کوردێکی سونە بکەنە پارێزگار، وەڵامیان ئەوەیە زۆر گەڕاین بەڵام کەسێکی شیاومان دەست نەکەوت.
ئەگەر بەر لە ٤٠ ساڵ لەم ڕۆژانەدا خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە گەشبینییەکی زۆرەوە بۆ داهاتوویان دەڕوانی، ئەوا ئێستا و دوای ٤٠ ساڵ بەهۆی فشاری ئابوری و سیاسییەوە و هەروەها بەهۆی ستەمی نەتەوایەتی و ئایینییەوە ڕەشبینترن لە هەر کاتێکی دیکە.