ڕاپۆرتی کوردستانی

03:22 - 07/02/2019

دێرسیم بووه‌ته‌ گۆڕه‌پانى ركابه‌رییه‌كى سه‌خت و جیاواز‌

پەیسەر

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا، كە بڕیارە لە كۆتایی مانگی ئازاری داهاتوودا ئەنجامبدرێت، لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی باكووری كوردستان ململانێ لە نێوان هەدەپە و ئاكەپە دایە. تەنیا لە دێرسیم نەبێت كه‌ ركابه‌رییه‌كه‌ ته‌واو جیاوازه‌، ركابەری هەدەپە لەم شارە پارتی كۆمۆنیستی توركیایە كە تا ئێستاش هاوپەیمانی هەدەپەیە.

شاری دێرسیم كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی توركیا و 276 كم لە شاری ئامەد دوورە، لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە لە ریزبەندی 80 دێت لەناو 81 شاری توركیادا. تەنیا شاری بایبورت لە رووی دانیشتووانەوە لە دێرسیم بچووكترە. بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی سەرژمێری توركیا ژمارەی دانیشتووانی دێرسیم دەگاتە، 88 هەزار و 198 كەس. لەم ژمارەیەدا زیاتر لە 38 هەزار كەس لەناوەندی شارەكە دەژین، ئەوەی دیكەشیان لە حەوت شارۆچكەی سەر بەم شارە نیشتەجێن، به‌ڵام شاره‌كه‌ گرنگى و بایه‌خى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌.

زۆرینەی دانیشتووانی دێرسیم كوردی عەلەوین، لە رابردووشدا ئەرمەنییەكان لەم ناوچەیە ژیاون. بەهۆی چەوسانەوەی عەلەوییەكان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی و دواتریش لەسەر دەستی كۆماری توركیا، هەروەها بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافی شارەكە كە هەڵكەوتەیەكی تەواو شاخاوییە، دێرسیم به‌ شارێكى یاخى ناوى رۆشتووه‌، هه‌میشه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات كۆنتڕۆڵكردنى سه‌خت بووه‌.

لەبەرئەوەی پارتی گەلی كۆمار (جەهەپە) خۆی بە نوێنەری عەلەوییەكان ناساندووە، زۆربەی عەلەوییەكانی توركیا بە كورد و تورك پشتگیری لە جەهەپە دەكەن، ئەم پارتە ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت لەناو دێرسیم پێگەیەكی جەماوەری هەیە، كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆكی (جەهەپە) خەڵكی دێرسیمە. بەڵام لەدوای دامەزراندنی پەكەكە لە ساڵی 1978 و دەستپێكردنی خەباتی چەكداری لە ساڵی 1984 گۆڕانكاری گەورە بەسەر نەخشەی سیاسی ئەم شارەدا هاتووە. 

ئەم گۆڕانكارییانەش رەنگدانەوەی لەسەر هەڵبژاردنی شارەوانی دێرسیم هەبووە. لە هەرسێ هەڵبژاردنی شارەوانی دێرسیم (2004 – 2009 – 2014)، هەدەپە (پارتی دیموكراتی گەلان) توانیوویەتی بەرێژەیەكی زۆری جیاوازی دەنگ لە جەهەپە بباتەوە. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا لە 2014، پارتی ئاشتی و دیموكراتی (بەدەپە) توانی 42 هەزار دەنگ بەدەستبێنێت، لە بەرامبەریشدا جەهەپە 30 هەزار دەنگ و ئاكەپەش 9 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، كە وه‌ك ده‌وترێت ئەویش دەنگی سەرباز، پۆلیس و كارمەندانی دەزگاكانی دەوڵەت بووە. 

بەڵام پێناچێت، لە هەڵبژاردنی داهاتووی شارەوانییەكانی توركیادا سەركەوتنی هەدەپە وەكو جارانی پێشوو ئاسان بێت. چونكە فیدراسیۆنی ئەنجوومەنی سۆسیالیستەكان كە پارتی كۆمۆنیستی توركیا (TKP) و چەند گروپێكی دیكەی چەپ لە دێرسیم لەخۆ دەگرێت و یەكێك بووە لە هاوپەیمانانی هەدەپە لەم چەند ساڵەی دواییدا، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی شارەوانییەكانی توركیا لە دێرسیم كاندیدی هەیە و ركابەری لەگەڵ كاندیدی هەدەپە دەكات.

فاتیح محەمەد ماچئۆغڵو، كە چوار ساڵە سەرۆكی شارەوانی شارۆچكەی ئۆڤاجیكە لە دێرسیم، لە توركیا بە "سەرۆكە كۆمۆنیستەكە" ناسراوە، كاندیدی فیدراسیۆنی ناوبراوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، لە 18 تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بە فەرمی كاندیدبوونی خۆی راگەیاند.  

 ٣١ى كانوونى دووەمى ٢٠١٨ (یەكێتى هێزە شۆڕشگێڕەكانى دێرسیم) كە پارتى دیموكراتى گەلان (هەدەپە) و چەند پارت و گرووپێكى چەپی دیكە لە دێرسیم دروستیان كردووە، لە مەراسیمێكدا ناوى كاندیدانیان بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى شارەوانییەكانى توركیا ئاشكرا كرد. 

"یەكێتی هێزە شۆرشگێڕەكانی دێرسیم" كە هەریەك لە كۆمەڵەی عەلەوی، پارتی رەنج (EMEP)، پارتی سۆسیالیستی چەوساوەكان (ESP)، پارتی كرێكارانی توركیا (TİP) و رێكخراوی پارتیزان لەخۆ دەگرێت و لەژێر سێبه‌رى هەدەپە یەكیان گرتووە، بۆ هاوسەرۆكایەتی شارەوانی دێرسیم (نورشاد یەشیل) و (خدر دەمیر)ی كاندید كردووە. 

لەوانەیە بەشداریكردنى هەدەپە و سۆسیالیستەكان بە دوو لیستى جیاواز، گەورەترین سوود بە كاندیدى جەهەپە یوسف كەنعان بگەینێت، چونكە سۆسیالیستەكان و هەدەپە لە هەڵبژاردنى رابردووى پەرلەمانى توركیا بەیەك لیست بەشدارییان كرد، بەم شێوەیە توانییان هەردوو نوێنەری شاری دێرسیم بنێرنە پەرلەمانى توركیا. رۆژنامەنووس و چاودێرى سیاسى ئەرجان تۆپاچ لە دێرسیم لەمبارەیەوە وەڵامى پرسیارەكانى (پەیسەر پرێس) دەداتەوە و پێیوایە، بەشداریكردنى هەدەپە و سۆسیالیستەكان بە دوو لیست ناكەوێتە خزمەت كاندیدى جەهەپە"هەرچەندە كاندیدى جەهەپە خەڵكى دێرسیمە، بەڵام ناسراو نیە، پێگەیەكى جەماوەرى نیە. هەروەها لەناوخۆدا جەهەپە گیرۆدەی چەندین كێشە بووە. پێموایە سەرۆكایەتى شارەوانى یان بۆ هەدەپە، یان بۆ سۆسیالیستەكان دەبێت". 

لەبارەى كەشوهەواى هەڵبژاردن لە شارەكەش دەڵێت"كەشوهەواى هەڵبژاردن وەكو جارانى پێشوو لە ئارادانیە. لەوانەیە هۆكارەكەى بۆ ئەوەى بێت كە هەدەپە درەنگ كاندیدەكانى خۆى ئاشكرا كرد". 

سەبارەت بە پێشبینییەكانیشى بۆ ئەنجامى هەڵبژاردن، ئەرجان تۆپاچ گوتى"خەڵكى دێرسیم لە سیاسەت تێدەگات، دەزانێت بارودۆخى توركیا چۆنە و بەرەوكوێ دەڕوات. لەگەڵ ئەوە پێموایە خزمەتگوزارى پێوەرى سەرەكى دەبێت بۆ دەنگدەری دێرسیمی. مەبەستم لە خزمەتگوزارى پەیداكردنى هەلى كارە بۆ خەڵك. ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بەدڵنیایى كاندیدى سۆسیالیستەكان فاتیح محەمەد ماچئۆغڵو دەیباتەوە. چونكە لە چوار ساڵى رابردوو لە شارۆچكەى ئۆڤاجیك خزمەتى باشى كردووە و سەركەوتوو بووە. بەڵام هەدەپە جەماوەرى خۆى هەیە، زەمینەى بردنەوەى ئەوانیش لە ئارادایە". 

ئەوەى چانسى بردنەوەى ماچئۆغڵو بەهێز دەكات وەكو تۆپاچ ئاماژەى پێدەكات، شێوازى كاركردنى ئەو پیاوە بووە لە پێنج ساڵى رابردوو. ماچئۆغڵو لە شارۆچكەى ئۆڤاجیك سیستەمى هەرەوەزى پێشخست، توانى بەرووبوومى نۆك و فاسوڵیا كە ناوچەكەى پێى بەناوبانگە لە شارەكانى رۆژئاواى توركیا ساغبكاتەوە. هەروەها لەو بڕە پارەیەى دەهاتە خەزێنەى شارەوانى، بەشێكی خەرجی ئەو خوێندكارانەى دابیندەكرد كە لە دەرەوەى ئۆڤاجیك دەخوێنن. 

كاندیدى سەرۆكایەتى شارەوانى دێرسیم فاتیح محەمەد ماچئۆغڵو لە وەڵامى پرسیارەكانى (پەیسەر پرێس)دا دەڵێت" پێنج ساڵە لە ئۆڤاجیك سیستەمى شارەوانى هاوبەشى خەڵك تاقیدەكەمەوە. لە ئاستى توركیادا لە رووى شەفافیەت و هەرەوەزیدا بووینەتە نموونەیەكی دیار. بەشداریمان بە خەڵك كرد لە پڕۆسەى بەرهەمهێناندا. بەو سیستەمە هەرەوەزیەى دروستمان كرد بەرهەمى خەڵكمان گەیاندە بازاڕەكانى توركیا. ئاستى بەرهەممان بەرز كردەوە. ئامانجمانە ئەو مۆدێلە بكەینە موڵكى هەموو دێرسیم. هیچ گومانمان نیە كە لە هەڵبژاردنى داهاتوودا دەیبەینەوە، بۆ هەموو توركیا دەبینە نموونەى شارەوانى خەڵك. جارێكى دیكە دووپاتى دەكەینەوە كە مۆدێلى شارەوانى هەرەوەزى باشترینە مۆدێلە لە هەموو روویەكەوە". 

پارتى دیموكراتى گەلان (هەدەپە) بە گشتى جارێكی دیكە دروشمى بردنەوەی ئەو شارەوانیانەى بەرزكردۆتەوە كە لە رێگاى دانانى قه‌یوم دەستیان بەسەردا گیراوە. ئەمەش وایكردووە خستەڕووى بەرنامە و پلانى ئەم پارتە بۆ چوار ساڵى ئایندە نادیاربێت. نورشاد یەشیل، كاندیدى هاوسەرۆكایەتى شارەوانى دێرسیم لە وەڵامى پرسیارەكانى (پەیسەر پرێس)دا جیاوازى هەڵبژاردنى داهاتوو لەگەڵ هەڵبژاردنەكانى پێشوو بەم شێوەیە خسته‌ڕوو"بۆ ئێمە گرنگى هەڵبژاردنی ئادار لە بەدەستهێنانەوەی ئەم شارەوانیانە دایە كە پێشتر بەدەستمان هێنابوون و قایوم زەفتى كردوون. بۆیە هەڵبژاردنی داهاتوو بایەخێكی تایبەتی هەیە و لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی رابردوودا جیاوازە. هەروەها وەكو وەفایەك لەبەرامبەر ئەو سەرۆك شارەوانیانەی بە ناحەق دەستگیركراون و خراونەتە ناو زیندان بەدەستهێنانەوەی ئەم شارەوانیانەیە قەرزێكە لە ئەستۆى ئێمە دایە".

لەبارەى ركابەرى ئەوان كە سەر بە پارتى كۆمۆنیستى توركیایە دەڵێت:" ئێمە بە چاوی ركابەر سەیری كاندیدی پارتی كۆمۆنیستی توركیا ناكەین. ئێمە پارتی هەموو  ئەو كەمایەتی و توێژانەین كە فەرامۆش كراون لە توركیادا. لە هەڵبژاردندا ئەمە بە بنەما دەگرین و ستراتیژی هەڵبژاردن لەسەر ئەمە داڕێژراوە".

لە درێژەى قسەكانیشدا نورشاد باسى هەوڵەكانیان دەكات بۆ ئەوەى بەیەك كاندید و یەك لیست لەگەڵ سۆسیالیستەكان بەشدارى لە هەڵبژاردندا بكەن"بەداخەوە، ئەو هەڤاڵانە ئەمەیان بە گونجاو نەزانی، ویستیان بە هێزی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن. بەڵام هێشتا هاوپەیمانیەتیمان لەگەڵ ئەو هەڤاڵانە درێژەی هەیە، هێشتا پەرلەمانتارێكی ئەو هەڤاڵانە كە لە هەڵبژاردنی 24 حوزەیراندا لەسەر لیستی هەدەپە بووە پەرلەمانتار لەگەڵ ئێمەدا درێژە بەكارى هاوپەیمانى دەدات".

نورشاد یەشیل لە درێژەى قسەكانیدا دەڵێت"ململانێی ئێمه‌ لەگەڵ قه‌یووم و دەسەڵاتی فاشیستی ئاكەپە – مەهەپەیە، لەگەڵ هەڵبژاردنی 31ى ئازاری داهاتوودا كە دەكاتە چوار هەڵبژاردن لەسەر یەكتر، هیچ كاتێك لەگەڵ ئەنجوومەنی فیدڕالی سۆسیالیست رێككەوتنمان نەبووە. لەهەموو هەڵبژاردنەكان ئەو ئەنجوومەنە لە بەرامبەر ئێمە كاندیدی هەبووە. ئێمە متمانە بە جەماوەری خۆمان دەكەین. باوەڕمان بە ویژدانی میللەتەكەمان هەیە. سۆسیالیستەكان جەماوەریان هەیە دەنگ دێنن، بەڵام ئێمە لە هەڵبژاردن دەیبەینەوە. چونكە ئێمە رێككەوتنێكی بەرفراوانمان كردووە، جگە لەو ئەنجوومەنە لەگەڵ هەموو رێكخراوە شۆڕشگێڕیەكانی دیكە رێككەوتنمان هەیە".